بۆجارێكیدیكە پرسەنەتەوەیەكان دەكرێنە قوربانى بەرژەوەندی حیزب.
Thursday, 15/04/2010, 12:00
ڕاپۆرتى شیكارى
كورد لەڕابردوودا چی پچڕی لەبەغدا؟! ئەگەر لەسەرەتاوە بەشێوەیەكى گشتى باس لەڕۆڵى سەركردایەتى سیاسی كوردبكەین لەبەغدا لەبەرامبەر دەستكەوتو كێشە هەڵپەسێردراوەكانى نێوان هەرێموناوەندا, ئاشكرایە كەلەخولى پێشوى پەڕلەمان وكابینەى حكومەتەكانى (جەعفەرى ومالیكی)دا ,بەحكومەتە كاتیە یەك لەدواى یەكەكانیشەوە سەركردایەتى كورد لەبەغدا وێڕاى ئەوەى سەركردایەتیەكى شكستخواردوبوو, هاوكات نەیتوانی نەك هیچكام لەبەرژەوەندیە سەرەكیەكان ,بەڵكوسادەترین داواكاریەكانى ئەم هەرێمە بپچڕێت كەلەدەستورێكدا هاتون زۆرینەى گەلانى عێراق بەگشت پێكهاتەو ئەتنیە جیاوازەكانەوە دەنگیان بەودەستورەداوە, بەڵكو بەپێچەوانەوە سەركردایەتى سیاسی كورد نەیتوانى تەنانەت دۆستێكى ڕاستەقینەش بپچڕێت!. وەك ئەوەى كەچەندین بەرپرسی شیعەوسونە نەما بەویستى خۆیان ولەپێناوبەرژەوەندیە شەخسیەكاندا نەیانكەن بەبراگەورەو هاوكات هەربەزۆریش نەیانكەن بەدۆستى كورد, وەك نموونەى (هاشمی و جەعفەرى و مالكى ومەشهەدانى و....تاد), كەدواجار هەریەك لەم بەرپرسانەو چەندین نموونەى دیكەى لەم بەرپرسانەش جگەلە گەمەكردن بەعەقڵى بەرپرسانى كوردلەبەغدا هاوكات هەموو ئەو بەڵێنانەى كەلەبەرژەوەندى ئەم هەرێمە دابویان پاشگەزبونەوە لێیانو ,تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت دژى گشت بەرژەوەندیەكانى ئەم هەرێمەن.
خەمى سیاسیەكانى كورد چیبوە لەبەغدا؟ لەلایەكى دیكەوە ئەگەر بەگشتى ئاوڕێك لەحەوت ساڵى ڕابردووى سیاسەتى سەركردایەتى كورد بدەینەوە لەبەغدا ئەوەندەى خەمى سیاسیەكان بۆنموونە خەمی بودجەو گرێبەستە نەوتیەكان بوە نیوبەرامبەر خەمى مەسەلە نەتەوایەتیەكان نەبوە بەتایبەتیش كێشەى كەركوك وناوچەدابڕاوەكان ,بەدیوێكى دیكە بڵێین هەردەم مەسەلە نەتەوایەتیەكان خاڵى چوارەم وپێنجەمى داواكاریەكانى كوردبوە لەبەغدا ,ئەگەر جاروباریش لەچوارچێوەى هەڕەشەیەك, یاخود خیتابێكى سیاسی سەقەتدا باس لەیەكێك لەپرسە نەتەوایەتیەكان كرابێت گومان لەوەدانیە كەبەرپرسان فشارى خەڵكو مێدیاى كوردیان لەسەربوە.ئەمە جگەلەوەى ئەگەر ئاوڕێك لەودەسكەوتو ئیمتیازە زۆروزەوەندانەى بەرپرسانى كورد لەبەغدا بدەینەوە بەقەد ئەوەى چیان بۆخۆیان كردوە وچیش بۆكوردستانیانى ئەم هەرێمە؟,جارێكى دیكە دەگەینە ئەو ڕاستیەى كەخەونى بەرپرسانى كورد ئیمتیازاتو مەرامى سیاسی شەخسی بون نەك پرسە نەتەوایەتیەكان.
كوردپێویستى بەچارەسەرى پرسەنەتەوەیەكانە,یان شەڕى سەرۆك كۆمار؟ ئەگەرلەئێستادا یەكێك لەپرسە نەتەوایەتیەكان وەك نموونەیەك بێنینەوە كەلەهەڵمەتى هەڵبژاردنەكاندا سیناریۆى گشت لیستە كوردیەكانى هەرێمى كوردستان بوو ,ئەویش مەسەلەى گەڕانەوەى كەركوك وناوچەدابڕاوەكان بوو بۆسەر هەرێمى كوردستان ,كە چۆن وبەچى شێوەیەك هەر لیستەو بەئەجێندایەكى سیاسی ولەچوارچێوەى كۆمەڵێك خیتاب و سرودوو مارشی پڕلەفانتازی بەسەر بەژنوباڵاى كەركوكیاندا هەڵدەدا,بەڵام دواى كۆتاى هەڵبژاردنەكان دەبینین هەرلەئێستاوە گشت بەڵێنەكان ئاوەژوو دەبنەوە ویەكەمین داواكارى و خاڵى هاوبەشى گشت لیستەكان لەبرى ئەوهەموو كێشە هەڵپەسێردراوانەى نێوان هەرێموناوەند,(هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانیە بەسەرۆك كۆمار!).
ئەگەر وەك نموونەیەك بڵێین لەئێستادا لەسەرئاستى هەرێمى كوردستاندا ڕاپرسییەك ئەنجام بدرێت ئایا داواكارى كورد چیە لەپەڕلەمانى ئایندەى عێراقدا؟,هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى یان هەركەسێكى دیكەیە بۆ پۆستى سەرۆك كۆمار كەچەندینجار هەرخودى بەرپرسانى یەكێتى وپارتى لەڕاگەیاندنە حیزبیەكانیانەوە باسیان لەوەكردوە كەپۆستى سەرۆك كۆمار جگە لەپۆستێكى تەشریفاتى زیاتر چیدیكە نیە, یاخود داواكارى خەڵكى ئەم هەرێمە لەنوێنەرانى كورد ئەوەیە كەیەكێك لەپرسە نەتەوەییە چارەنوسسازەكانى ئەم هەرێمە بەدەست بێنن لەبەغدا؟؟, كەگومان لەوەدانیە داواكاریەكانى كورد خاڵى دووەمە.وەلێ لەكۆبونەوەكانى نێوان سەرۆكى هەرێمو لیستەبراوەكان,خاڵى گرنگ وهاوبەشى نێوان گشت لیستەكان لەبرى ئەوهەموو كێشمەكێشە سیاسیانەى نێوان هەرێموناوەند,لەچەند خاڵێكى بچوكدا خۆى بینیەوە.كەدەكرێت بڵێین زۆربەیان پەیوەستبون بەكێشە ناوخۆیەكانى هەرێمەوە نەك بەغدا.
دەرهێنانى كارتى گۆڕان بۆتاڵەبانی لەبەرژەوەندى كێیە؟ ئەگەرچى لیستى گۆڕان تائێستا هەڵوێستى خۆیان بەڕوونى یەكلانەكردۆتەوە كەئایا دەنگ بەتاڵەبانى دەدەنەوە بۆپۆستى سەرۆك كۆمار یاخود نا, بەڵام ئەم هەڵوێستەى گۆڕانیش وەك خۆیان دەڵێن (تاسزاى سیاسی كۆتاى پێ نەیاتو نانبڕاوەكانمان موچەیان بۆ نەگەڕێندرێتەوە دەنگ نادەین بەتاڵەبانى), واتە بەكارهێنانى ئەم كارتەى فشاریش لەلایەن گۆڕانەوە لەبەرامبە تاڵەبانیدا بۆمەبەستى سیاسیە نەك بۆپرسە نەتەوەیەكان.
هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بەسەرۆك كۆمار نایاساییە جارێ ئەگەر قسەلەسەر هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بكەین بۆپۆستى سەرۆك كۆمار,جگەلەوەى كەتاڵەبانى دەبوایە هەرخۆى ڕەفسی ئەوپۆستەى بكردایەتەوە چونكە لەلایەك وەك ئاشكرایە ناوبراو تەندروستی ناجێگیرەو پێویستى بەپشوە, لەلایەكى دیكەشەوە تاڵەبانى بەوپێیەى خۆى كەسێكى یاساییە ,دەبوایە بەرلەهەموو كەسێك دركى بەو ڕاستیە بكردایە كە جارێكى دیكە هەڵبژاردنەوەیان بۆپۆستى سەرۆك كۆمار پێچەوانەى یاسای هەمیشەى دەستورى عێراقیە, چونكە لەماددەى 69ى دەستوردا هاتوە (سەرۆكى كۆمار تەنها دووجار مافی ئەوەى هەیە ئەو پۆستەى پێبدرێت), بەڵام لێرەدا بۆ جارێكى دیكە دەگەینەوە ئەو ڕاستیەى كەناوبراو هەمیشە عاشقى كورسی دەسەڵات بوە و ئەمەش زۆرجاری دیكە لەلایەن زۆرێك لەمێدیاكانەوە باسی لێوە كراوە.
گرەنتی لیستەكان چیە بۆدووبارە نەبونەوەى فەزیحەكانى تاڵەبانى؟! جارێ باواز لەوپرسیارە گرنگە بێنین كەئایا تاڵەبانى لەماوەى دوو خولى پێشوى سەرۆكایەتى كۆماردا چی مافو داواكاریەكى بۆكوردستانیانى ئەم هەرێمە بەدەست هێناوە, یان بەدیوێكى دیكە بڵێین ئایا بونى تاڵەبانى بەسەرۆك كۆمار, چ كام لەپرسە نەتەوەی وستراتیژیەكانى ئەم هەرێمە گۆڕانكاری پۆزەتیفیان بەسەردا هاتوە؟, وەلێ بالەوپرسیارەوە دەست پێبكەین چى فەزیحەیەكە لەكۆبونەوەیەكدا بێ حزورى تاڵەبانى گشت لیستەكان یەك دەنگ كۆكن لەسەر دەنگدانەوە بەناوبراو بۆپۆستى سەرۆك كۆمار؟! ,ئایا داواكارى وپێشنیارى لیستەكان چیبوو لەهەمبەر پرسە نەتەوایەتى وستراتیژیەكانى ئەم هەرێمە بۆتاڵەبانى؟! ,ئایا گرەنتی چیە كەتاڵەبانى لەخولى پێشوى سەرۆكایەتى كۆماردا ئەو سازشانەى كەلەپێناو سونەو شیعەو توركماندا كردى دووبارە نابنەوە؟!, ئایا گرەنتى لیستەكان چیە لەخولى نوێى سەرۆكایەتى كۆماردا تاڵەبانى جارێكى دیكە تەوازنى ماڵى عێراقێكى تابینەقاقا گەندەڵو ئاوێتەبوى شەڕى مەزهەبى وتائیفى لەسەر حیسابى ماڵى كورد ڕێك ناخاتەوە؟!,(وەك ئەوەى كەلەڕابردوودا لێدوانو وتەكانى خۆى باشترین گەواهن بۆسەلماندنى ئەو ڕاستیە), ئایا گشت لیستەكان چ گرەنتیەكیان لەناوبراو وەرگرتوە كە ئەوسازشانەى لەبەرامبەر تاوانبارانى كەیسى هەڵبجەو ئەنفالدا كردى (بەتایبەتیش فەزیحەى ئازادكردنى تارق رەمەزانى فڕۆكەوان كەبە بڕیارى خودى خۆیبوو) نموونەى ئەم سازشانە جارێكى دیكە دووبارە نابنەوە؟!.
دەبوایە نوێنەرى گشت لیستەبراوەكان لەگەڵ سەرۆكى هەرێمدا بەر لەوەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە هەریەك خاوەن ئەجێندایەكى تایبەتى خۆیانبونایە لەبەرامبەر دەنگدانیان بەتاڵەبانى بۆ پۆستى سەرۆك كۆمار نەك ئەودیزە بەدەرخۆنەیەى كەبینیمان,ئەم هەڵوێستەى گشت لیستەكان بێجیاوازى (تەنانەت ئەرزشێك بۆ ئۆپۆزسیۆنیش ناهێڵێتەوە لەم هەرێمەدا).
دواجار ئەگەرخاڵى گرنگوهاوبەشى گشت لیستەكان بەتەنها شەڕى سەرۆك كۆماربێت وەك ئەوەى كە لەكۆبونەوەكەى سەرۆكى هەرێمدا بینیمان ,ئەوا بۆ جارێكى دیكەش لەخولى نوێى پەڕلەمان وكابینەى حكومەتى عێراقدا گشت خواستو بەرژەوەندى وپرسە نەتەوەیو ستراتیژیەكانى ئەم هەرێمە دەكرێنە قوربانى بەرژەوەندى حیزبی وشەخسی.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست