کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەڵەیەکی تری بەرنامەی 3steep

Friday, 17/08/2012, 12:00


کەناڵی کوردسات بۆتە کەناڵی درۆ و چەواشەکاری و جگە لە بەرنامەی بێ سەروبەرو بێ کەڵك ، هیچ قازانجێکی لێ ناکرێ. ئەم کەناڵە لەتەك کەناڵەکانی تری پارتی ، کە بەڕەشکە پارەو سامانی ئەم ووڵاتەیان ئەکرێ بەقوڕگا، کەچی ناتوانن هیچ خزمەتێ بە بینەرانیان بکەن و وەك چۆن ڕاگەیاندنەکانی ئەم دوو حزبە جگە لەخۆیان کەسی تر گویان لێناگرن، ئاوهاش کەناڵەکانیان بۆتە جێی سەرچاوەی هەڵە و پێشکەشکارەکانیان ئەوەندە نەزانن بێ ئەوەی گوێبدەنە کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، هەرچی بەزاریاندا بێ ئەیڵێن و باکیان بەهیچ جۆرە ئەتەکێت و ڕەخنەیەکی دروست کەرانە نیە . ئەم کەناڵە لەباتی ئەوەی کاتێ ڕەخنەیەکیان لێ ئەگیرێ، هەستن بەچاکردنی و دەستخۆشی کردن لەو کەسەی هەڵەیەکیان لێ ئەگرێ و لەجیاتی ئەوان بۆیان چاك ئەکەنەوە . کەچی وەك نابایان دیبێ ونەباران، دێن و دیسان و دیسان هەڵە لەدوای هەڵە دووبارە و دەبارە ئەکەنەوە.

بەڕێزێك بەناوی(نۆژەن) هەڵەیەکی ئەم بەرنامەی خستە ڕوو کە هاتن گۆرانی (خاڵۆ هۆ خاڵۆی) گۆرانی بێژ(عەلی مەردان)یان کرد بە گۆرانیبێژ(ناسری ڕەزای)، کەئەبوو ئەم کەناڵە و پێشکەشکارەکەی بەدڵێکی سافەوە دەست خۆشی لەم نووسەرەی کوردستان پۆست بکردایە ، لەکاتێکدا هیچ جۆرە ناوزڕاندێك،سووکایەتیەك، وەیان شێوازێکی زبروتووندی بەکار نەهێناوە لەدەست نیشانکردن ودەڕبڕێنی ئەو هەڵەیەدا. کەچی هاتن ئەم جارەش هەڵەیەکی تریان کرد و دڵنیام بۆ ئەمەش نایەنە دەنگ و خۆیان نەکەن بە خاوەنی وەك بەرزەکی بانان لێی دەرئەچن و هەڵەی تریشی بەدوادا دێت.

پێش ئەوەی ناوی هەڵە نوێکە بێنم، حەز ئەکەم هەروا بەسەر پێیەوە چەند سەرنجێكی بەپەلە لەسەر ئەم بەرنامەیە بدەم کە سەراپا بۆ بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکی قوربەسەری کوردستانە بۆ ئەوەی هەرچی هەیانە بیکەنە گیرفانی باندە مافیاکانی جەلالیەکان و بەتایبەتی خێزانی تاڵەبانی و فاروقی مەلا مەستەفا لەڕێگای کڕینی کارتی تەلفون. ئەم بەرنامەیەو پێشکەش کارەکەی کەهەروەك مێگەل لێ بخوڕێ ، ئاوا مامەڵە لەگەڵ میوانەکانی ئەکاو جار جارێ لێشیان توڕە ئەبێ و بەچاوی سووك تەماشایان ئەکا.. ئەم کیژە گەنجە هەروەك ئەوەی لەگەڵ خوێندکارانی سەرەتایی و باخچەی ساوایان مامەڵە بکاو خێرا خێرا داوای (چەپڵەی قایم،خێرا،توندترو گەرمتر)لەمیوانەکانی ئەکا وهەندێ جاریش هەندێ ئافەرین ئەبەخشێتەوە . ئەم کەسە بەزۆری زۆرداری گۆرانیە خۆشە کوردەواریەکان سەقەت ئەکا و وامان لێ ئەکا بێز لەو گۆرانیانەش بکەینەوە کە ناشێ هەریەکە لەخۆوە لەبەرچاوی ئەو هەموو خەڵکە گۆرانیە ڕەسەنە کوردەوەریەکان ئاوا بەو شێوەیە بووترێنەوە.. ئەشێ هەر یەکەمان لەبەر خۆیەوە ئەو گۆرانیانە بڵێن، لێ بۆ تەلفیزێۆن و بۆ بینەرانی گشت دونیا ناکرێ هەروا ڕێگە بدرێ بەو جۆرە دەست کاری ئەو خەرمانە گەورەیەی کەلتوورو فەرهەنگی کوردی بکرێ.

لەیەکێ لەپرسیارەکانی ئەم بەرنامەیەدا ئەوەبوو کە ئایا(Bruce Lee) لەکوێ لەدایك بوەو خەڵکی کام لەم ووڵاتانەیە(کۆریای باشوور،چین، ژاپۆن)، لەوەڵامدا یەکێ لەوانە ووتی(چین) و جگە لەئافەرین و دەست خۆشی و یەك کیلۆ چەپڵەش کەبۆی لێدرا لەلایەن دانیشتوان و میوانەکانەوە . کەچی ئەمەش هەڵەیەکی ترەو لەڕاستیدا هیچ لەوانە ڕاست نین و (Bruce Lee) ئەمریکیەو گۆرەکەشی لە ئەمریکایە و لەشاری (سیاتڵ) نێژراوە. بۆ ڕاستی ئەم زانیارەش تکایە کلیك لەسەر ئەم لینکە بکە.

http://en.wikipedia.org/wiki/Bruce_Lee#Early_life

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە