کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەسلیم بە گەل بن!

Wednesday, 16/02/2011, 12:00




پاش سەرکەوتنی گەلی میسر و کۆتایی هێنانی سی ساڵی دەسەڵاتی دیکتاتۆری موبارەک هەریەک لە وڵاتانی ئەوروپا بڕیاریاندا هەموو حسابە بانکیەکانی خۆی وبنەماڵەکەی بلۆک بکەن، لە ناویاندا، بەریتانیا کە دۆستی هەرە نزیکی ڕژێمە سی ساڵییەکەی بوو.، بڕیاریدا سەرجەم حساب و سەروەت و سامانەکەی بلۆک بکات. جێی باسە بە پێی وتەی ڕۆژنامە نێودەوڵەتیەکان سامانی موبارەک و بنەماڵەکەی بە ٧٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە وهەموو ئەو سەروەت سامانەیان لە گەلەکەی خۆیان دزی بوو، کە بە زمانی هاوچەخ ناویان ناوە گەندەڵی!
ئەمڕۆ یا سبەی ،نۆرەی دەسەڵاتە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستانیش دێ و دەبێ تەسلیمی ئەمری واقیع بێت و ئەوی بردوویانە و دزویانە تەسلیمی ئەو گەلەی بکەنەوە، کە بەدرێژایی ١٩ ساڵ پشتیوانی و بەرگری و لێ کردن. دەسەڵاتیش بە پێچەوانەوە، لە باتی ئەوەی لە ڕێگەی دەزگای دامەزراوەیی و بەرنامەی تۆکمەو هاوچەرخانەوە خزمەتی هاوڵاتیان بکەن.، کەوتنە ڕووتاندنەوەی دانیشتیوان و مل نەدان بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییە هەرە سەرەتاییەکانی چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگە.
پارتی،)ناوچەی زەرد)لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی و لە ١٩ ساڵی ڕابردوودا ئەوی لە بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی و دارودەستەکەیان و بێ سڵەمیەوە کردوویانە.، برایم خەلیل و باقی داهاتی گومرگەکان، پەلکێش کردنی سەدان کۆمپانیا بە مەبەستی وەبەرهێنان و گرەنتی قۆڕغکردنی بەشەقازانجی خەیاڵی بۆ پارتی و سەرانی بنەماڵە و ئەندامە لە پێشەکانی سەرکردایەتی، داگیر کردنی سەدان هەکتار زەوی تاپۆ کردن لەسەر خۆیان. پاوان کردنی کارگەو و شوێنە گشتیە کان، تا کێشانەوەی زۆرینەی بەشە بودجەکەی هەرێمی کوردستان کە لە سەدا ١٧ یە و خستنە گەڕی لە بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە.
یەکێتی، (ناوچەیی سەوز) بەهەمان شێوەی شەریکە هاوبەشەکەی ،گەر زیاتری نە کردبێ کەمتری نەکردووە، لە سنورەکەی خۆی . جگە لە داهاتی باجی کۆکراوە و داهاتی گومرگەکان. هەر زوو کەوتە دەرهێنان و ئاودیوکردنی نەوتی شیواشۆک، وەک سەرچاوەیەک بەرابەر هاوتاکەی کە دەستی گرتبوو بەسەر گومرگی برایم خەلیلدا. هاوکات ئەمانیش دەستیان گرت بەسەر کاروکاسپی وجموجۆڵی بازرگانیدا و خاوەنی زۆرینەی کۆمپانیا و دامودەگاکانی وەبەرهێنانن یا ئەوەتا ژێر بەژێر کارئاسانیان بۆ ووردە بازرگانی تر کردووە و بەمەرجی پێشوەخت کە پشکی شێر بۆ خۆیان و کەسە دیارەکانی بنەماڵی تالەبانی و مەکتەب و سیاسی وسەرکردایەتیەکیان زامن بکەن.
پاشانیش(یەک-پارتی) پێکەوە. وەک دوو شەریک و دوو دەستەبازرگانی لێهاتوو. کەوتنە زیاتر ڕووتاندنەوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان لە پەلوپۆخست و سەرتاپاکردیانە دوو دەزگاو دامەزراوەی حزبی و پاشانیش بنەماڵەیی. لەباتی ئەوەی قۆڵی مەردانەی لێ هەڵماڵن و قەرەبووی ئەو زەرەو زیانە(مادی ومەعنەوی) انەی هاوڵاتیان بدەنەوە، کە لەسەر مل نەدانی ئەوان بۆ یەکتری و هەرچی زووتری چەسپاندنی ئاشتی. گیرۆدەی ببوون.
دەرکەوتەکانی ئەم چەند ساڵی دوایی تر سەلماندی ڕێکەوتن و هەماهەنگی (یەک-پارتی) بۆ چەسپاننی ئاشتی وبەرقەرارکردنی یاسا و خزمەتی دانیشتیوان نەبووە.، ئەوەندەی بۆ ماشینەوەی داهات و دزینی سەروەت و سامانی وڵات بووە. لە خزمەت دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرزانی. ئەوان بە فەرمانی مادلین ئۆلبرایت دەستیان بۆ یەکدی درێژ کرد. لە کاتێکا سەدان هەوڵی ئاشتیانەی هاونیشتمانیەکانی خۆیانیان نەخوێندەوە.
(یەک،پارتی) بە ناوی پاراستنی (ئەزمونەکەمانەوە) دەستیان درێژکرد و هەموو جوانیەکانی نیشتمانیان کردە قوربانی خواستی تەسکی حزب و بنەماڵەکانیان. سەرۆکی هەرێم هەموو کورد بە قەرزاری حزبەکەی ئەزانێ! لە کاتێکا خۆی و پارتەکەشی لەبن باخەڵی لەشی لەڕوو لاوازی خەڵکی هەژارو ستەمدیدەی کوردا دەوڵەمەند بوون و پێڕەوکە بوون.
ئەزمونەکەشیان! (پەرلەمان و حکومەتی هەرێم) ئەزموونی هەموومانە.، تاپۆی دوو بنەماڵەو دوو حزب نیە، تا بە ئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنوسیەوە بکەن. تا ئێستا ئەم ئەزموونەی (یەک- پارتی) میراتگرێتی وەک مریشک هێلکەکەی بۆ دوو بنەماڵەو دوو حزب بوەو ڕیقنەکەشی بۆ کۆمەڵانی خەڵک! کە خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن. بە ئەندامانی خوارەوەی حزبەکانی خۆشیانەوە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی، ئەو پرسیارەی سەدان جار دوو بارەو چەند بارە بۆتە بکەین. کێن ئەوانەی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەرە هەلدێرو چارەنوسی نادیار کێش ئەکەن ئەوانیش خودی هەردوو دەستە بازرگانەکەی(یەک-پارتی)ە.
ئەوان گەر پەرۆشی داهاتووی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بوونایە. سەروەت و سامان خێر و بەرەکەتی ووڵاتەکیان لە ئاوەدان کردنەوە و خۆشگوزەرانی هاڵاتیاندا خەرج دەکرد، خۆ گەر پەنجەش بۆ چەندین باڵەخانە و دوو فڕۆکەخانەو تونێلک درێژ بکەن، ئەوا نەبونیان زۆر چاکتر بوو. ئەوانەشیان بۆ خۆیان و دارودەستەکەیان بنیان ناوە. بەبەراورد لەگەڵ ئەو بودجەیەی لەبەر دەستدا بووە بەشێکی زۆریشی هێشتا کەس نازانێ چەندە و لە کۆێیە.، ئەوا دەکرا دەیان شارو شارۆچکەو کۆمەڵگەی گوندی هاوچەرخانەی پێ بنیات بنرێ.
(یەک-پارتی) لە کاتی هەڵبژراردن و قەیرانیشدا. کەسوکاری شەهیدو پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و ئەنفالەکان و هەڵەبجەکان دێتەوە بیرو خۆیان بەداکۆکیکەر و پارێزەری مافەکانیان دەزانن. لەکاتێکا خۆدی خۆیان و لە ١٩ ساڵێ ڕابردوودا ئەم توێژانەو سەرجەم توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردیان زەلیل و برسی و نەبوو کردووە. تا بۆ مشتێ پارە ویارمەتی وبچنە بەر دەرگایان و لە بەردەم بارەگاو پرسگەکانیاندا، ڕۆژو هەفتەو مانگ بەڕێ کەن. لە کاتێکا سەرۆک کۆماری عێراق. میهرەبان و دەست کراوەیە تا یارمەتی و کۆمەکی کۆنە بەعسیەکان بکات و لە سەیرانگاو شوێنە گشتی گەشتیارییەکان خانوو زەویان بداتێ و پارێزگاریان لێ بکات.
لە ڕابردوو، ناڕەزایەتی خوپیشاندانی هێمنانە، پێشکەش کردنی سەدان پرۆژە وهەزارەها ووتار و ئاشکراکردنی هەزارە بەڵگەی دیوانی چاودێری دارایی کە بێ چەندو چوون گەندەڵی(یەک-پارتی) دەسەلمێنێ. نەی جوڵاندن و نەی هێنانە سەر ئەو بڕوایەی کە دەبێ لە خۆیانەوە سەرەتای چاک سازی و پاکسازی دەست پێبکەن ،کە خۆیان چەندین چار ئاماژەیان پێ داوە.
مەسعود بەرزانی، لە میانی کۆنفرانسی(ڕۆڵی دامەزراوە ئایینی و ڕۆشنبیرییەکان لە پتەکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا)ڕایگەیاند(گوایە حکومەت و پەرلامان ناچارن چاکسازی بکەن!)
لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشەکاران و کاسبکارانی شاری هەولێروتویەتی(بەڕاستی دەبوایە حکومەت چاوی لە میللەت بوایە، ئێمە خەباتمان بۆ میللەت کردووە نەک بۆ خۆمان).
ئەم دانپانانەی بەرزانی مانای وایە. حکومەت تا ئێستا چاویلکەی ڕەشی لە چاودا بووە و پەرلەمانیش تەنها بۆ ئەو ئەندامانە دامەزراوە کە لەناو حزبدا بێ کار بوون و لە ژێر سیفەتی ئەندامێتی پەرلاماندا موچەی مۆڵ وەردەگرن و لە کۆڵ حزبیش دەبنەوە. لە دیدگایەکی ترەوە سەرۆکی هەرێم پێی ووتین: تا ئێستا ئێوە هەر ئاسنی ساردتان کوتیوەو ئێمە هیچ گوێبیستی ئێوە نەبووین. بەڵکو ئەوە باهۆزی هەرەسی ڕژێمە دکتاتۆرەکان لە میسرەوە هەڵی کردو، بە ئاگای هێناینەوە.
بەداخەوە لە دوو کۆبوونەوەیەدا شەهیدێکی بە جورئەتی وەک شاکر فەتاحی تیا نەبوو. نەک بڵێ قوربان ئێوە خۆتان گەندەڵن! بەڵکو ئەو پرسیاری لێ بکات و بڵێ: ئەرێ سەرۆک کاتی خۆی مایکل رۆبن ووتارێکی بڵێو کردوەو و هەرایەکی گەورەشی نایەوە.، گوایە شەکری شکاندبوو و نوسی بووی بەرزانی و تاڵەبانی خاوەنی چەند ملیار دۆلارن لە بانقەکانی ئەوروپا! ئەوە ڕاستە. یا جارێ هەر شاراوە دەبێت، تا ئەو کاتەی چارەنوستان دیاری دەکرێ و ئەو کاتیش وەک پارە و سامانەکەی موبارەک و بنەماڵەکەی بلۆک ئەکرێ.
لەبری ڕاگەیاندنی بێ کرداربۆ چاکسازی و پاکسازی وخۆڵکردنە چاوی خەڵک ،چاکتر وایە ، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان مڵک و ماڵی داگیرکراو بگەڕێننەوە خەزێنەی گەلەکەی خۆیان و داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، لەبەر ئەوەی گەل سزای قورسەو دوو دەبابە بەری ناگرێ!
کورد وتەنی ماوەتەوە ئەوە بڵێم(لە دوای باران و تەڕ بوون، فەرەنجیمان بۆچییە!)

تێبینی:
(یەک-پارتی) مەبەستم کورتکراوەی یەکێتی و پارتیە.
شەهیدی نوسەرو ڕوناکبیر شاکر فتاح لە کۆبوونەوەیدا ڕوبەڕوی بەعسیەکان و بۆوەو داکۆکی لە مافی ڕەوای میللەت و نەتەوەکەی کرد و چەند ڕۆژێک دوای ئەوە نامەردانە شەهیدیان کرد.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە