کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕى (59.750.000) دینارى "پاركینگى مەخموور" دیار نییە

Monday, 15/08/2011, 12:00


دواى بڵاوبوونەوەى بڵاوكراوەیەك بەناوى شارەوانى مەخموور لەلاپەڕە (15)ى ئەم گۆڤارەدا باس لەپرۆژەكانى قەزاى مەخموور دەكات كە لەلایەن شارەوانى مەخموورەوە سەرپەرشتى كراون، وەكو دروستكردنى گۆڕەپانى وەستانى ئوتومبێل (پاركینگ) كە لایەنى جێبەجێكار پارێزگاى هەولێرەو بەگوژمەى 59,750,000 دینار لەساڵى 2006 جێبەجێكراوە، بەڵام ئەوەى شیاوى باس بێت تائێستا لەمەخموور نەزانراوە گۆڕەپانى وەستانى ئوتومبێل هەبێتو لەوكاتەى ئەندازیار (جاسم محەمەد ئەحمەد) بەڕێوەبەرى شارەوانى مەخموور بووە، هەر لەهەمان ساڵ ئەو نەماوەو دواتر ئەندازیار (نەشوان زێڕۆ) بووە بەبەڕێوەبەرى شارەوانى مەخموور.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم پرسەو چۆنیەتى دروستكردنى گۆڕەپانى وەستانى ئۆتۆمبێل لەمەخموور، ئەندازیار (ئەسعەد عەلى قادر) بەڕێوەبەرى ئێستاى شارەوانى مەخموور بەرۆژنامەى (دەنگى مەخموور)ى راگەیاند "من حەزم كرد شتەكان بەشەفافیەت بڵاو ببێتەوە لەو تێبڵەى كە لەگۆڤارەكە دانراوە، نامەوێت یەك شت لەخەڵكى مەخموور شاراوە بێت، ئەو تێبلەش لەكاتى ئامادەكردنى گۆڤارەكە هێنراوەتە بەردەستمو بەدواداچوونم بۆى نەكردووە، واشم بڵاوكردۆتەوە كە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێكراوە، ئەگەر جێبەجێ نەكرابێت، من لێى بەرپرسیار نیم، چونكە من لە 3/5/2010 دەست بەكار بوویمەو لەهەر روونكردنەوەیەك ئامادەم دواى ئەو رێكەوتە كەجێبەجێ كرابێت، یان لەژێر جێبەجێكردن بێت"، هەر سەبارەت بەم باسە، ئەسعەد عەلى وتى "سەردەمى ئەوە نەماوە شت لەخەڵك بشاریتەوە، هەر پڕۆژەیەكت كرد بەخەڵك بڵێى بەڕێزان من ئەوە دەكەم، فڵانە كۆمپانیایە، ناكرێ شتەكان بشاریتەوە لەژێر پەردە، ئەوەم لەبەشى هونەرى شارەوانى وەرگرتووەو لێرە بڵاوم كردۆتەوە، ئەگەر سەد لەسەد راستیش بێت ناتوانم بڵێم راستە، چونكە لەسەردەمى من نەبووە".
مەخموور هەمیشە بەدەست نەبوونى پاركینگ ناڵاندوویەتى رۆژانەش كێشەى بۆ هاوڵاتیانو شوفێرانو پۆلیسی هاتوچۆ دروستكردووە، بەڵام ئەوەى جێگاى پرسیارە، ئاخۆ كێ لەپشت شاردنەوەى ئەوەیە، ئایا تاچەند بەدواداچوونى بۆ كراوە یاخود بۆى دەكرێت، لەوبارەیەوە رائید (سەرباز عەبدوڵا) بەڕێوەبەرى كاروبارى ناوخۆیى مەخموور بەرپرسى دەستەى نەزاهەش راى خۆى هەیەو دەڵێت "ئەو پاركینگە هیچ زانیارییەكم لەسەرى نیە، لەگەڵ بەڕێوەبەرى ئێستاى شارەوانى مەخمووریش قسەم كردووە ئەویش زانیارى نیە، نازانین لەكوێ كراوەو نەمزانیوە پاركى وەستانى ئوتومبێل هەبێت، ئەگەر پرۆژەى وانەكرابێت ئێمەش هەڵوێستمان دەبێتو نووسراوێك دەكەین بۆ قایمقامیەتى مەخموورو ئەویش ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى دەكات، ئەوانیش وەڵامى شارەوانى دەدەنەوەو رەوانەى پارێزگاى هەولێر دەكرێت، تا بزانین چ زانیارییەكیان هەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیە، ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆژەیە ئەنجام نەدرابوو لەپارێزگا لێژنەیەك پێك دەهێنن لەسەر بەڕێوەبەرى ئەوكاتى شارەوانىو ئێمەش هاوكارییان دەكەین.
لەلایەن خۆیەوە (ئیبراهیم شێخەڵا) قایمقامى قەواى مەخموور بەوەكالەت گوتى "بێگومان ئەو پڕۆژەیەى لەخشتەى گۆڤارى شارەوانى دیارى كراوە، دەبێت لەساڵى 2006 جێبەجێ كرابێت، هەروەها دەبێت بەراییەكانى لەشارەوانى مەخموور هەبێت، بۆ ئەوى سەیرى بكەینو بزانین كەىو چۆن جێبەجێ كراوە"، هەروەها لەبارەى نەبوونى شوێنێك بەناوى پاركینگ لەشارۆچكەى مەخموور ناوبراو وتى "زۆرجار كێشە لەناوى پڕۆژەكان دروست دەبێت، هێشتا دڵنیا نین تا بەراییەكان نەبینین ناتوانین هیچ بڕیارى لەسەر بدەین، بەڵكو پڕۆژەیەكى ترەو لەشوێنێكە كە ئێمە ئاگامان لێى نەبێت، چونكە نەمنو نە بەڕێوەبەرى ئێستاى شارەوانى مەخموور لەساڵى 2006 لێرە نەبووینە، ئەگەر شتى وانەبێت دواتر نووسراو بۆ سەرووى خۆمان دەكەینو ئاگاداریان تا بەدواداچوونى لەسەر بكەنو رێوشوێن بگرنە بەر.

کلیکی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

ttp://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/projey_mexmur.jpg


کارزان غه‌مگین
مه‌خمور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە