کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆنگرەی سێی یەكێتی یان كۆنگرەی تەوافقی باڵەكان؟

Sunday, 04/07/2010, 12:00


*دەست بەسەراگرتنی هێز و دارایی حزب هەمیشە وا دەكات تاڵەبانی وەك سەركردەیەكی بێ ركابەر بە سكرتێری یەكێتی دەربچێتەوە
*هێنانە سەرەوەی هێرۆ خان بۆ ئاستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ ئەوەیە رۆڵی مام جەلال ببینێت
*تاڵەبانی هەمیشە حەز بە جێگری لاوازی وەك بەرهەم ساڵح دەكات، چوونكە بەرهەم توانای هیچ بڕیارێكی سیاسیی نییە
*ئەو كۆنگرەیە لە هەموو شتێك دەچوو تەنیا لە كۆنگرەی حزبێكی سیاسیی تەمەن سی و پێنج ساڵی بەحیساب سۆسیال دیموكرات نەبێت

كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوای دوو هەفتە كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا، هەروەك ئێمە لەسەرەتاوە پێشبینیمان كردبوو، كۆمەڵێك سیناریۆ لەناو كۆنگرە و لە پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی سەركردایەتی بەڕێوە چوون كە لە شكۆ و میسداقییەتی كۆنگرەیان هێنایە خوارەوە و دۆخەكەیان بە جێگەیەك گەیاند نەك هیچ لە بارودۆخی پڕ لە قەیرانی یەكێتی نەگۆڕی، بەڵكو بەپێچەوانەوە هێندەی تر كێشە و تەنگژە ناوخۆییەكانی یەكێتی بۆ داهاتوو قووڵتر كردەوە، ئەمەش دروست سەد و هەشتا پلە بە پێچەوانەوەی هەموو ئەو دەنگانەی پێیانوابوو كۆنگرە بۆ یەكێتی دەبێتە وێستگەی نوێبوونەوە و رزگاربوون لەو قەیرانانەی ئێستا دەرگیری بووە. ئەوەی ئێمە لە رێورەسم و شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی سێیەمدا بینیمان هیچی تر نەبوو جگە لە مەهزەلەیەكی سیاسیی گەورە و دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆ سواوانەی لە چەند ساڵی رابردوو یەكێـتیان بەو دەردە برد كە هەنووكە خەریكە ژیانی لەناو دەبات.

تاڵەبانی سكرتێری بێ ركابەر
جەلال تاڵەبانی ماوەی سی و پێنج ساڵی رەبەقە سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە و لەمیانەی سێ كۆنگرەی حزبەكەشیدا هیچ ركابەرێكی نەبووە ململانێ و كێبڕكێی لەگەڵ بكات لەسەر پۆستەكەی. بۆیە هەمیشە بەچەپڵەرێزان و كۆی دەنگی بەشداربووانی كۆنگرەكانی یەكێتی وەك سكرتێری گشتیی حزب هەڵبژێردراوەتەوە، بەڵام ئەگەر لە قۆناغەكانی پێشوودا تاڵەبانی، چوست و چالاك، خاوەنی وزەیەكی سیاسیی گەورە، بە متمانەی هەموو ئەندامان و سەركردایەتی یەكێتی و بە كۆی دەنگ وەك سەركردەیەكی گرنگ و خاوەن كاریزما دەنگی پێدرابێت بۆ ئەوەی ببێتە سكرتێری گشتیی و "قاسم مشترك"ی تێكڕای باڵەكان، ئەوە ئێستا تاڵەبانی پیر و نەخۆش كە وزە و چالاكییە سیاسییەكەی جارانی نەماوە، لە رێی تەكەتولات و وشككردنی زەمینەی سەرهەڵدانی كاریزما و سەركردەی سیاسیی ترەوە، پۆستی سكرتێری حزبەكەی بەدەستدەهێنێتەوە.
لە راستیدا ئەوە تاڵەبانی نییە، هەمان ئەو سەركردە خۆشەویست و رادیكاڵەی جاری جاران بێت و كۆی یەكێتییەكان ئارەزوومەندانە و بەوپەڕی پەرۆشییەوە وەك سكرتێری حزبەكەیان هەڵیبژێرن، بەڵكو ئەوە دەست بەسەراگرتنی هێز و دارایی حزبە هەمیشە وا دەكات تاڵەبانی وەك سەركردەیەكی بێ ركابەر بە سكرتێری یەكێتی دەربچێتەوە، چوونكە تاڵەبانی لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان و دارایی حزب و فراوانكردنی خەتەكەی خۆیەوە "خەتی گشتیی" زەمینە بۆ خۆی دەڕەخسێنێ تا ئەو كاتەی لە ژیاندا ماوە هەروەك سكرتێری یەكێتی نیشتمانیی بمێنێتەوە.
بەلایەنی كەمەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی لەناو یەكێتیدا بە شێوەیەكی كردارییانە دەستپێبكات، تا رێگە بدرێت بەنەوەی نوێی یەكێتی چانسی خۆیان لە سەركردایەتی حزبەكەیاندا تاقیبكەنەوە، پێویستبوو تاڵەبانی و بەشێكی زۆری سەركردە پیر و كلاسیكییەكانی هەنووكەی یەكێتی خۆیان هەڵنەبژێرنەوە، یاخۆ دەبوو بەپێی پەیڕەو و پرۆگرام رێگە لەو سەركردانەی پێشووی یەكێتی بگیریایە جارێكی تر خۆیان بۆ سەركردایەتی هەڵبژێرننەوە كە بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرپرسیارن لەو هەموو نەهامەتی و قەیرانانەی بەسەر یەكێتیدا هاتووە. تاڵەبانی دەبوو یەكەم كەس و دەستپێشخەر بووایە لە راستای چۆڵكردنی پۆستەكەی بۆ نەوەیەكی تری حزب كە دەتوانن هەمان ئەرك راپەڕێنن، بەڵام دووبارە هەڵبژاردنەوەی مام جەلال وەك سكرتێری بێ ركابەر و هەمیشەیی یەكێتی، تەرجومەی ئەوەمان بۆ دەكات هێشتا یەكێتی هیچ ئیرادەیەكی بۆ گۆڕانكاریی جیددی نیشان نەداوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە سیناریۆكانی پێشوو دیسان وەك خۆیان و بێ هیچ دەستكارییەك دووبارە دەبنەوە.

قۆناغی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
ئەگەر جاران "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" تەنیا وەك خانمی یەكەمی عێراق و هاوسەری سكرتێری یەكێتی خاوەنی دەسەڵاتێكی سیاسیی و دارایی لە بن نەهاتوو بووبێت، ئەوە لە رێگەی كۆنگرەی سێیەمەوە دەسەڵاتەكانی ئەم خانمە شەرعییەتیان پێدەدرێت، تەنانەت بەدەستهێنانی پلەی یەكەمی دەنگەكانی كاندیدكراوانی سەركردایەتی لەلایەن هێرۆ خانەوە نیشانەیەكی ترە بۆ ئاستی پلە و پێگەی ئەو لە ناو بنكە و سەركردایەتی یەكێتیدا، كە بێگوومان ئەم بنكە و پێگەیەش بەو پارە زۆر و زەبەند و تەخشان و پەخشانە دروستكراوە كە یەكێتی خستوویەتییە بەر دەستی ئەم خانمە، بەڵام بۆ لەمەودوا ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەكی فەرمیی پیادە دەكرێت، تەنانەت هەوڵەكانی تاڵەبانی و خەتی گشتیی بۆ هێنانە سەرەوەی هێرۆ خان بۆ ئاستی مەكتەبی سیاسیی بۆ ئەوە بووە لە رێی ئەو دەسەڵاتە شەرعیی و یاساییەی لەناو حزبدا هەیەتی رۆڵی مام جەلال ببینێت بەتایبەت كە پێدەچێت تاڵەبانی بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتووش پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەدەست بهێنێتەوە.
ئیدی بۆ لەمەودوا قۆناغێكی تر دەستپێدەكات، ئێمە ناومانناوە قۆناغی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، چوونكە بۆ لەمەو بەپاش ئەو هەم مام جەلالی ناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە و لەكۆنگرەشەوە رەوایی وەرگرتووە وەك بەهێزترین و كاریگەرترین كاندید، هەم هەمان ئەو هێرۆ خانەی رابردووە كە خاوەنی دەسەڵاتێكی دارایی بەرفراوان بوو، تەنانەت ئەو خاوەنی سەرەكیی و یەكەمی گروپی كۆمپانیاكانی "نۆكان"ە كە ئیمپراتۆریایەكی گەورەی وەربەهێنانە و خاوەنی ملیارەها دۆلارە و تەنانەت یەكێتی بەبێ نۆكان حزبێكی رووت و رەجاڵە، بۆیەكا دەتوانین ئەوە بێژین ئەگەرچی مام جەلال لەچوار ساڵی داهاتوو لە بەغداد دەبێت بەڵام لە رێی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە هەمیشە ئامادەییەكی كاریگەر و بەرچاوی دەبێت، تەنانەت ئەمە هەموو نهێنیی هەڵبژاردنی ئەو خانمەیە بۆ پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، چوونكە بەدرێژایی ساڵانی و لە میانەی دوو كۆنگرەدا هێرۆخان نەك هەر خۆی نەپاڵاوتووە بەڵكو وا دەردەكەوێت ئامانجەكانی ئەو سیاسەت و حزبایەتی نییە ئەوەندەی كاری خێرخوازیی و رۆشنبیریی و بردنە پێشەوەی فەرهەنگی كوردییە.
لەگەڵ زانینی هەموو ئەو راستییانەی لای سەرەوە و لە سۆنگەی ئەوەی هێرۆ خان بۆ مومارەسەكردنی دەسەڵاتێكی رەها و فراوان خۆی ئامادە كردووە، تێدەگەین شەڕی راستەقینە و هەرە سەرەكیی ئەو خانمە لەگەڵ هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانی دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح كە بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو هێرۆ خان حەزی لە مامەڵەكردنی نزیكی تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكردووە، ئێستاش كە بەرهەم بۆ پاراستنی پێگەی خۆی رووی لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، هێندەی تر لاوازكردنی بووە بەیەكێك لە كارە هەرە لەپێش و سەرەكییەكانی ئەو خانمە، هەر لەم سۆنگەیەوە دەتوانین پێشبینی شەڕێكی سەخت بكەین لەنێوان باڵی گشتیی بەسەركردەیی هێرۆخان لەگەڵ باڵی كۆسرەت و خودی بەرهەم ساڵح، كە وەك پێشتریش وتمان ئەمە وا دەكات قۆناغەكە ببێت بە قۆناغی دەركەوتن و درەوشانەوەی هێرۆ خان لە چوار ساڵی دادێی ژیانی سیاسیی یەكێتیدا.

سەركەوتنی باڵی سەربازیی ئەمنیی
یەكێك لە ئەنجامە چاوەڕواننەكراو و هەرە نێگەتیڤەكانی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی لەوەدا خۆی دەرخست لە بری هێنانە پێشەوەی دەستەیەك گەنج و پسپۆر و خاوەن توانای سیاسیی، ژمارەیەكی بەرچاوی لێپرسراو و سەركردە سەربازیی و ئەمنییەكانی یەكێتی، ئەوانەی زۆرترین هەڵوێستی توند و دوژمنانەیان بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان هەیە هێنرانە پێشەوە و دەنگیان پێدراو و بۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی بێنە ناو سەركردایەتی نوێوە. تەنانەت سەركەوتنی ئەم ژمارەیە لە كاربەدەستی سەربازیی و ئەمنیی نەك جۆرێك بوو لە شۆك بۆ دەرەوەی یەكێتی و هەموو ئەوانەی چاویان بڕیوە ئەو كۆنگرەیە تا یەكێتی لە رێگەیەوە خۆی نوێ بكاتەوە، بەڵكو بۆ بەشێكی بەرچاوی بنكە و كەوادر و كاندیدكراوانی ناو یەكێتیش ئەگەرێكی چاوەڕواننەكراو و خراپ بوو، تا ئەو ئەندازەیەی ئەم پرۆسەیە هەموو ئومێد و ئەگەرەكانی نوێبوونەوە و رادەستكردنی یەكێتی بە نەوەیەكی هۆشیار و نوێتر بەگۆڕ سپارد.
ئەم سەركەوتنەی باڵی سەربازیی ئەمنیی یەكێتی وەك یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئەو كۆنگرەیە حیسابی بۆ دەكرێت، لەوە زیاتریش هەندێك كاندیدی سەرنەكەوتووی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەركردایەتی پێشووی یەكێتی كاری بۆ ئەوە كردووە ئەم دەستە سەربازیی و ئەمنییە بێنە پێشەوە و بگەنە ئاستی سەركردایەتی، بەتایبەت لە كاتێكدا هەموو لە نزیكەوە بە هەڵوێستی ئەو سەركردە سەربازیی و ئەمنییانەی یەكێتی ئاشناین و دەزانین لەهەر كەس زیاتر مامەڵەی توند و دوژمنكارانەیان بەرامبەر بە گۆڕان هەیە. تا ئەوەی زۆرجار هەست بەوە دەكرێت ئەم دەستەیە لە بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ دژایەتی زیاتری ئەو بزووتنەوەیە هێنراونەتە ئاستی سەرەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی كە خۆی لە كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییدا دەبینێتەوە.
من وەكوو خۆم، هەرگیز پێموانییە ئەوە كاری رێكەوت بێت، كە ئەو ژمارە بەرچاوەی كادرە سەربازییەكانی یەكێتی بێنە ناو كۆمیتەی سەركردایەتییەوە، لە هەردوو كۆنگرەی پێشووی یەكێتیدا هەمان ئەم كادرە سەربازییانە هەبوون و رۆڵی كاریگەرتریشیان هەبوو بەحوكمی ئەوەی یەكێتی لە سەروبەندی شەڕدا بوو، بەڵام نەمابینی ئەو كادرە سەربازییانە هێندە بەئاسانیی و بەدەنگێكی وەها زۆر بێنە ئاستی سەركردایەتی، بەڵكو هەندێكیان بیریان لەوەش نەدەكردەوە بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی خۆیان بپاڵێون، بێگوومان ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە كە تاڵەبانی حەز و ئیرادەیەكی زۆری هەبوو بۆ هێنانە پێشەوەی هەموو ئەو دەموچاوانەی لە بەرەو رووبوونەوەی گۆڕاندا دەنگێكی كاریگەر و توند و دیارن، ئەمە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە لە مەودای دووردا هێنانە پێشەوەی ئەم كەوادرە سەربازیی و ئەمنییانە چەند زیان بە پێگەی سیاسیی و جەماوەریی و حزبیی یەكێتی دەگەیەنێت، ئەمە بەبێ رەچاوكردنی هەستیاریی قۆناغەكە بۆ یەكێتی و ئەو قەیرانە ریشەیی و قووڵانەی لەهەموو لایەنێكەوە بەرۆكی ئەو حزبەیان گرتووە، ئەمە بەبێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بكرێت دۆخی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كوردستان چەند گۆڕاوە و ئەو سەركردانەش چەندە دەتوانن لەگەڵ قۆناغەكەدا بڕۆن و یەكێتی نەخەنە ژێر باری قورسی قەیران و كێشەی ناوخۆیی ترەوە.
ئەگەر بۆچوونەكانم لە چەند دێڕێكدا كورت بكەمەوە، ئەوە هێنانە پێشەوەی ئەو ژمارە بێشوومارەی كادری سەربازیی و ئەمنیی لە ژێر هەر بیانوویەكدا بێت، بۆ ئایندەی سیاسیی یەكێتی و بۆ ئەو تەحەدی و ململانێ قورسانەی لە رێگەیەتی، بە سوود ناگەڕێتەوە، چوونكە دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسیی باشووری كوردستان بە جێگەیەك گەیشتووە، دەمێكە دونیابینی ئەو دەستەیەی تێپەڕاندووە، ئەمە لەلایەك و لەلاكەی تریشەوە یەكێتی وەك ساتەوەختی بەستنی كۆنگرەی دووەم بێ كێشە نییە و وەك ئەو دەمانەش پێگەی جەماوەریی و حزبیی بەهێز نییە، هەموو ئەوەش دەزانین هێشتنەوەی سەنگی یەكێتی و گەڕاندنەوەی ئەو شكۆمەندییەی رابردوو یان هیچ نەبێت راگرتنی لە دۆخێكدا، بە سەركردەی سیاسیی لێهاتوو و گەنج و خاوەن جیهانبینی مودێرن دەكرێت، بەڵام كەوادری سەربازیی ئەمنی و جیهانبینی مودێرن و هاوچەرخی سیاسیی و حزبیی كوجا مەرحەبا.

كۆمیدیای هەڵبژاردنی دوو جێگرەكەی سكرتێری گشتیی
ئەگەر كەمێك لە فۆرمی هەڵبژاردنی هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانی "سكرتێری گشتیی" ورد بینەوە دیسان هەست بە كۆمیدیایەكی تری كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی دەكەین، چوونكە خودی سكرتێری گشتیی بەشێوەیەكی نا شەرعی و بە بڕیارێكی فیرعەونانە هەریەك لە "كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح"ی وەك جێگری خۆی هەڵبژاردەوە، دەبوو هەر یەك لەو دوو جێگرە وەك تێكڕای ئەندامانی تر خۆیان بپاڵاوتبایە بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی و پاشان بەدەنگی زۆرینەی كۆمیتەی سەركردایەتی بۆ ئەو پۆستەی ئێستایان هەڵبژێردرانایە.
ئەگەر لە هەڵبژاردندا و بەحوكمی دەستەكەی، كۆسرەت رەسوڵ شانسی ئەوەی هەبووبێت ئەو پۆستە بۆ خولێكی تر و تا كۆنگرەیەكی دیكە مسۆگەر بكات، ئەوە هەرگیز ئیمكانی نەبوو "د.بەرهەم" بتوانێت ئەو پۆستە بەو ئاسانییەی ئێستا بەدەست بخات، بەپێچەوانەوە زۆرێك لە بەشداربووانی كۆنگرە لەو بڕوایەدا بوون تەنانەت بەرهەم ساڵح نەیدەتوانی گرەنتی ئەوە بكات بایی ئەوەندە دەنگ دەهێنێت كە جارێكی تر پێی ببێتەوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی. بۆیە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح گزییەكی تری خودی تاڵەبانی بوو لە تێكڕای پاڵێوراوانی كۆنگرەی سێیەم.
بێگوومان تاڵەبانی لە پێدانەوەی ئەو پۆستە بەو دوو سەركردەیەی یەكێتی "كۆسرەت، بەرهەم" كۆمەڵێك ئامانج و مەبەستی سیاسیی هەیە، رەنگە ئێمە لە هەنووكەدا نەتوانین هەموو ئامانجەكانی تاڵەبانی وەك خۆی ببینین بەڵام ئەوەی دیارە، تاڵەبانی لەو رێگەیەوە پێشگیریی كرد لە ترازانی زیاتری ریزەكانی یەكێتی، بەتایبەت خەتی كۆسرەت رەسوڵ دەیانتوانی ئینشقاقێكی گەورە لە یەكێتی بكەن، ئینشقاقەكە ئەگەرچی نەدەگەیشتە ئاستی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و باڵی ریفۆرم، بەڵام ئەو هەنگاوە یەكێتی بەرەو لاوازییەكی چاوەڕواننەكراو دەبرد و بەتەواوەتی گۆڕەپانەكەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان چۆڵ دەكرد، ئەمە لەلایەك و لەسەرێكی دیكەشەوە تاڵەبانی هەمیشە حەز بە جێگری لاوازی وەك بەرهەم ساڵح دەكات، چوونكە بەرهەم نەتوانای هیچ بڕیارێكی سیاسیی هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ مام و نە لە هەڵوێستەكانیدا هێندە جەریئە مەترسیی بۆ سەر تاڵەبانی دروست بكات، بۆیە هەمیشە تاڵەبانی بەرهەم ساڵحی وەك داشێك بەكارهێناوە و لە كوێی گۆڕەپانەكە ویستبێتی لەوێ وازی پێكردووە.
جیا لەهەموو ئەمانە هەڵبژاردنی دوو جێگرەكەی سكرتێری گشتیی، لادانێكی ئاشكرا و روون لە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی و پرنسیپیەكانی كۆنگرەكە، تا ئەو جێگەیەی ئەو پرۆسەیە یەكێك بوو لە كۆمیدیاكانی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی، چوونكە بەبەرچاوی هەموو ئەندامانی كۆنگرە ویست و بڕیاری تاڵەبانی سەپێندرا بەسەر ئیرادەی كۆی بەشداربووانی كۆنگرە و هەموو ئەو دەنگ و سەدایانەی چاوەڕێی پرۆسەیەكی دیموكراتی و هەڵبژاردنێكی شەفاف بوون، لە بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتایەكی نوێ و بایەخدار لە راستای هاتنە پێشەوەی دەموچاوی تازە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەرپرسیارێتییە سیاسیی و حزبییانە. تەنانەت ئەو كۆمیدیایە بۆ بەشێكی زۆری كاندید و بەشداربووانی كۆنگرەكە موفاجەئەیەك بوو، چوونكە زۆرینەیان لەو باوەڕەدا بوون ئەمجارە هەموو پۆستەكان بەكراوەیی لە بەردەم پاڵێوراواندا دەبێت و هەر كاندیدێك بۆی هەیە و مافی ئەوەی پێ رەوا بینراوە خۆی بۆیان بپاڵێوێت، بەڵام ئەم نۆرمە لە مۆنۆپۆڵی هەندێك لە پۆستەكان تەنیا و تەنیا پێی وتین كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی هیچ نییە جگە لە كۆمەڵێك كۆمیدیای سیاسیی.

تەزویرات و تەوافقی باڵەكان
یەكێتی بەردەوام و لەهەموو قۆناغە یەك لە دوای یەكەكاندا باجی سیاسەتی باڵانس راگرتنی نێوان باڵەكان و تەوافقاتی دەستە و جەمسەرە دیارەكانی ناو ئەو حزبەی داوە، لە هەردوو كۆنگرەی پێشوودا باڵەكانی یەكێتی بەجیا كاندیدەكانی خۆیان بۆ ئاستی سەركردایەتی و ئۆرگانە باڵاكان سەرخستووە، بۆیە دەبینین كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی تائێستا بەپێی تەوافقاتی باڵەكان و بەشێوەیەك باڵانس لەنێوانیاندا رابگیرێت بوونی هەبووە، ئەم حاڵەتە دیسان لە كۆنگرەی سێیەمیشدا رەنگدانەوەیەكی كاریگەری هەبووە، ئەگەرچی باڵی ریفۆرم بەتەواوەتی لە یەكێتی هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە هەوڵ و ململانێیەكی سەختدا بوو، بۆ ئەوەی بەشێك لە كاندیدەكانی خۆی سەربخات بۆ ئاستی كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی.
كاتێك ئەنجامەكانی پرۆسەی هەلبَژاردنی كۆنگرە دەركەوتن و سەیری لیستی دەرچووانی سەركردایەتی یەكێتیمان كرد، زۆر بە زەقی پرنسیپی تەوافقی باڵەكانمان بەدی كرد، چوونكە بەسەرنجدانێكی كەم لە ئەندامانی نوێی كۆمیتەی سەركردایەتی، ئەو راستییەت لەلا بەرجەستەتر دەبێتەوە، ململانێی باڵەكان بە ئەندازە و قەبارەیەك بووە، بەخاتری لێكنەترازانی زیاتری ریزەكانی ئەو حزبە، دیسان كار بەهەمان مەبدەئی پێشووی تەوافقات كراوە، ئەگەرچی باڵی گشتیی هەوڵیدەدا باڵی كۆسرەت رەسوڵ تەسفیە بكات، بەڵام دۆخی هەنووكەی یەكێتی ئەوەی هەڵنەدەگرت، بۆیە لەپێناو پاراستنی ریزەكانی یەكێتی و دەستگرتن بەم قەبارەی ئێستا یەكێتی هەیەتی، هەموو باڵەكان بە چارەسەرێكی مامناوەندیی قایل بوون و بەپێی رێككەوتنی سەركردەی باڵەكان، هیچ لایەك بێبەش نەكرا لە دەسەڵاتە سیاسیی و داراییەكانی داهاتووی یەكێتی. ئەمەش ئەگەر لە رەهەندێكەوە پێویستی قۆناغەكە بووبێت و ژیانی حزبی یەكێتی لە هەنووكەدا ئەمەی خواستبێت، بەڵام لە جێگەیەكی ترەوە زیانی لێداوە و رێگریی كردووە لە هاتنە پێشەوەی سیما و دەموچاو و توانای نوێ بۆ ناو سەركردایەتی، وەلێ یەك دوو كەسی گەنج و تازە و چەند ژنێك سەركەوتوون بۆ ئاستی كۆمیتەی سەركردایەتی، بەڵام خراپییەكەی لەوەدایە ئەوەیش بەپێی هەمان پرنسیپی تەوافقی باڵەكان بوو.
بێجگە لەوەش هەندێك كاندیدی دەرنەچووی سەركردایەتی یەكێتی باس لە پرۆسەیەكی چڕوپڕی تەزویرات دەكەن لە دەنگەكاندا، بەشێك لەو كاندیدە سەرنەكەوتووانە رایدەگەیەنن بەڵگەیان لەلا هەیە كە ساختەكاریی زۆر كراوە بۆ بەرژەوەندیی ژمارەیەك سەركردەی پێشووی یەكێتی و لە دژی ئەو دەنگە نوێ و گەنجانەی ململانێیان لەگەڵ نەوەی پێشوو دەكرد بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستە باڵاكانی ئەو حزبە. لێ تائێستا هیچ بەڵگەیەك بڵاو نەبۆتەوە یان دزەی نەكردووە بیسەلمێنێت تەزویراتی زۆر كراوە و بۆ فڵانە كاندید كراوە، بەڵام هەندێك موفاجەئات لە دەرەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا روویاندا، گوومانی تەزویرات بەهێزتر دەكەن، چوون ژمارەیەك لەو كاندیدە سەركەوتووانەی ئێستا نەك لە خۆیان دڵنیا نەبوون، بەڵكوو هەر لە بنەڕەتەوە پێشبینی دۆڕان و سەرنەكەوتنیان بەڵگەنەویست بوو، هەربۆیە لەم روانگەیەوە و بەپشت بەستن بەو موفاجەئاتانەی باسمان كرد، ئەگەری تەزویرات بەتایبەت بۆ كاندیدەكانی خەتی گشتیی و نزیكی هێرۆ خان و مام جەلال ئەگەرێكی دوور نییە،. هەر لەم نێوەندەدا یەكێك لە كاندیدە گەنجە سەرنەكەوتووەكانی باس لەوە دەكات میكانیزمی هەڵبژاردن و فەرزی دەنگەكان لەناو تاریكییەكی زۆردا بووە و زۆرینەی ئەوانەی دەرنەچوون بەو ئەنجامە رازی نین و لێی دڵنیانین، بەپێچەوانەوە ژمارەیەك لەو كاندیدە دەرچووانە بەلای خۆیشیانەوە جێگەی بڕوا نەبوو لەو ئاكامەی بەدەستیان هێنابوو.

كۆنگرە یان مەهزەلەی سیاسیی؟
ئەگەرچی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هیوا و ئاواتێكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، ئەگەرچی ئەو كۆنگرەیە دەیتوانی دەرفەتێكی زیندوو و لەبار بێت بۆ سەرلەنوێ هەستانەوەی یەكێتی و تێپەڕاندنی ئەو قەیران و تەنگژانەی بەرەو روویەتی، دەبینین وەك وتەكە دەڵێت "شاخێك ژان گرتی و مشكێكی بوو"، بەپێچەوانەوە كۆنگرە هیچ ئیزافەیەكی پێنەبوو بۆ سەر ئەزموونی یەكێتی، هیچ رێگا چارەیەكی نوێ و كاریگەری نەخستە بەرنامەوە بۆ خستنەوە سەرپێی یەكێتی بەهەمان گوڕ و تینی جارانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو كۆنگرەیە لەهەموو شتێك دەچوو تەنیا لە كۆنگرەی حزبێكی سیاسیی تەمەن سی و پێنج ساڵی بەحیساب سۆسیال دیموكرات نەبێت، ئەو كۆنگرەیە هەموو شتێكی تێدا باسكرا جگە لە رێگاچارە جیددییەكانی رزگاركردنی یەكێتی لەو هەلومەرجە سەختەی تێیدایە، لەهەموو ئەمانەش حەزینتر ئەو كۆنگرەیە نەك كۆنگرە نەبوو بەڵكو جۆرێك بوو لە مەهزەلەی سیاسیی. ئاخر چۆن ئەوە مەهزەلە نییە حزبێك كە هەموو ژیانی باجی كۆمەڵێك سەركردە و هەنگاوی هەڵەی دابێت، دیسان هەمان ئەو سەركردانە بكوژ و ببڕی داهاتوو هەر خۆیان بن و هەمان ئەو هەڵانەی پێشووش وەك شانازیی و خەتێكی سیاسیی بۆ داهاتووش چاوی لێبكرێت؟.
چی لەوە گاڵتەجاڕتر هەیە حزبێكی وەك یەكێتی كە رۆژ لە دوای رۆژ لە رووی سیاسیی و جەماوەرییەوە بەرەو دواوە دێتەوە، ئەوەش بەرئەنجامی ئەو هەڵە كوشندانە بێت كە خودی سكرتێری گشتیی دەیانكات و كردوونی، ئێستاش هەمان سكرتێر نەك رەخنەیەكی لێناگیرێت بەڵكوو بەچەپڵەرێزان و بەبێ هیچ ركابەرێك وەك قائیدی زەروەرە هەڵدەبژێردرێتەوە بۆ پۆستی سكرتێری گشتیی حزب؟. چی لەوە مەهزەلەترە ئەندامانی پێشووی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی لە بری لێپێچینەوە لەگەڵیان، كەچی زۆرترین دەنگیان بۆ كۆدەكرێتەوە و دیسان عەینەن تاس و عەینەن حەمام، هەر خۆیان لە هەڕەمی دەسەڵاتن و ئەوانیتر هەمووی بۆ دۆزەخ؟. چی لەوە مەهزەلەترە دەیان سەركردە و كەوادری فاشیل كە بەئەزموون دەركەوتووە لە راپەڕاندنی ئەركە حزبیی و سیاسییەكاندا بە كەڵك نەهاتوون، ئێستا لەرێی كۆنگرەوە بۆ سەرووتر و ئاستی بەرزتر پایەیان بڵند بكرێتەوە؟ ئایا ئەمە لە لۆجیكی كام حزبی سیاسیی و لە قوتووی چ عەتتارێكدا جێگەی دەبێتەوە؟.
من ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە گەشبین نەبووم بەرامبەر بە بەستنی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی، بەڵام نایشارمەوە هەرگیزیش چاوەڕوانی ئەو مەهزەلەیە نەبووم، بڕواش ناكەم هیچ چاودێرێكی سیاسیی و هیچ ئەندامێكی یەكێتیش هەبێت، بڕوای كردبێت مەهزەلەكە دەگاتە ئەم راددەیە. بۆیەكا من قسەكانی خۆم كورت دەكەمەوە لەچەند دێڕێكدا و دەڵێم بەستن و نەبەستنی كۆنگرە بۆ یەكێتی هەر یەك شت بوو!!، ئایا ئێمە دەتوانین شاهیدی دوو قۆناغ بین، یەكێكیان بەناوی قۆناغی پێش كۆنگرەی سێیەم و ئەویتریشیان بەناوی قۆناغی دوای كۆنگرەی سێ؟. ئایا كۆنگرەی سێ یەكێتی خستە سەر كام شاڕێی خەباتی نوێ و مودێرن و هەڵسوڕانی سیاسیی هاوچەرخ؟. ئایا كۆنگرە چی گۆڕی و لە ئایندەشدا چیتر دەگۆڕێت؟. وەختێك بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێین نەك كۆنگرەت بەلاوە پرۆسەیەكی پووچ دەبێت، بەڵكوو لەگەڵیدا ئەو كۆمیدیا سەیر و عەنتیكەیەشت بۆ دەردەكەوێ كە لەناو پرۆسەی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا بەئاشكرا خۆی دەرخست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە