کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانى لە 25-7 هێرۆش لە 7-3 سلێمانیان دۆڕاند

Friday, 02/04/2010, 12:00


بە پێى قسەى دۆست و لایەنگرانى خۆیان بە دەرەجە یەك بۆ خودى (تاڵەبانى) دەگەڕێتەوە، چونكە هەر ئەو بوو بۆ پیادەكردنى ململانێ كە خۆى بە نوێخواز دەزانى و پارتیشى بە بنەماڵە لە قەڵەم دەدا، كەچى ئێستا لە جوڵانەوەى (تاڵەبانى)دا وا هەست دەكرێت لە هزرى خۆیدا پێشبڕكێیەكى بێ وێنە دەكات بۆ سەپاندنى دەسەڵاتى بنەماڵەیى

راپۆرتى شیكارى: خێڵان بەختیار
لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى كوردستان رێككەوتى 25-7-2009 لیستى گۆڕان بە سەركردایەتى (نەوشیروان مستەفا) لە شارى سلێمانى دەنگى یەكەمى بە دەستهێنا، لەو كاتیشدا یەكێتیى نیشتیمانى لە دەرەنجامى ئەو هەڵبژاردنەدا تووشى شۆك بوو، ئیدى دەستى كرد بە هەندێ گۆڕانكارى لە بەرپرسە ئیدارى و حیزبیەكانى لە ناو شارى سلێمانى، وەك لابردنى (بەرزانى ئەحمەد كوردە) لە بەرپرسى مەڵبەندى 1ى رێكخستنى سلێمانى و لە برى ئەو دانانى (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) هاوسەرى (تاڵەبانى) بۆ ئەو پۆستە حیزبییە، ئەمەش بە تێڕوانینى یەكێتیى و مەكتەبی سیاسیى و خودى (تاڵەبانى) تاكە فاكتەرە بۆ لێسەندنەوەى ئەو شارە لە بزوتنەوەى گۆڕان! لێ لە دەرەنجامى هەڵبژاردنى 7-3-2010 بۆ پەرلەمانى عێراق دەركەوت، كە نەك ئەو شارە لە بزوتنەوەى گۆڕان نەسەندرایەوە، بەڵكو نەخشەڕێكەى مەكتەبی سیاسیى بە دانانى (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بە بەرپرسى مەڵبەندى 1ى رێكخستنى یەكێتیى نیشتیمانیى لە سلێمانى نەیتوانى هاوهێزیەك، یاخود بە شێوەیەك لە شێوەكان بارى لارى یەكێتیى لەو شارە راست بكاتەوە، ئەمەش ئەو معادەلەى كە یەكێتیى بۆ راستكردنەوە و گەڕانەوەى ئەو شارە لەو خانمەدا دەیبینى، زۆر كورت بینانە بوو، وەك لەوەى بە شوێن نەخشە رێیەكى گونجاو، یاخود عەقڵانى تردا بگەڕێن!
هەرچەندە (بەرزانى ئەحمەد كوردە) وەك بەرپرسى پێشووى ئەو مەڵبەندە بە كەسێكى جەماوەرى ناسرابوو، هاوكات دەرگاشى بە رووى میوانان و ئەندامان و لایەنگرانى یەكێتییدا ئاوەڵابوو، دواتر دانانى هاوسەرى (تاڵەبانى) و رۆژانە بینینى خەڵكانێكى زۆر لە لایەن خاتوو (هێرۆ)وە و بەڵێندان بە چارەسەركردنى كێشە و كەموكوڕیەكان و دابینكردنى پێداویستیەكانى هاووڵاتیانى ئەو شارە، لێ ئەوانەش نەبوونە هۆى سەركەوتنى یەكێتیى! كە خۆى لە خۆیدا دەبوو یەكێتیى بیزانیبایە هەر لە سەردەمى بەرپرسى مەڵبەندى پێشووەوە دركى بە لە دەستدانى جەماوەرى یەكێتیى لەو شارەدا بكردایە، چونكە بۆ سلێمانى بە گوتەى بەشێكى زۆر لە لایەنگرانى یەكێتیى (بەرزانى ئەحمەد كوردە) شیاوتر بوو، وەك لە كەسێكى تر، دیارە لایەنگرانى یەكێتیى لەم رایەیاندا پێیانوایە نەدەبوو هاوسەرى (تاڵەبانى) ئەو پۆستە حیزبیەى پێ بدرایە! چونكە پێشتریش خودى تاڵەبانى لەو شارەدا سەرپەرشتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى دەكرد.
دانانى سەگ بۆ پشكنینى كادیرەكانى ناو مەڵبەند و میوانەكان
مەڵبەندى 1ى رێكخستنى یەكێتیى لە شارى سلێمانى كە بە جێ نفوس و قەڵاى یەكێتیى هەژمار دەكرا، لە سەردەمى بەرزانى ئەحمەد كوردە كە بەرپرسى ئەو مەڵبەندە بوو، هاوكات بە سیستمى دەنگدان بووە بەرپرسى ئەو مەڵبەندە، دەرگاى مەڵبەندەكە بە رووى هاووڵاتیان و لایەنگران و دۆستان ئاوەڵابوو، بە وتەى كەسێكى نزیك لەو مەڵبەندە كە تایبەت بۆ (ساماڵ پۆست) لەو روەوە وتى: "ئەوكات بە بێ تەئخیركردن دەیانكردینە ژورەوە و رایاننەدەگرتین". لێ لە سەردەمى بوونى (هێرۆ خان) بە بەرپرسى ئەو مەڵبەندە نەك هاووڵاتیان تەئخیر دەكران، بەڵكو ناخۆشتر بۆ سەردانكەرانى ئەو مەڵبەندە ئەوەبووە، كە بۆ پشكنین (سەگ)یان داناوە، هاوكات هەمان ئەو كەسە نزیكە كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت، ئاماژەى بە شتێكى سەیردا كە لەو سەردەمەدا روویداوە كە بە سەرسوڕمانەوە و وتى: "(سەگ)یان هێنابوو بۆ پشكنینى ئەو كەسانەى كە سەردانى مەڵبەندیان دەكرد، تەنانەت كادیرەكانى ناو مەڵبەندیشیان بەو (سەگ)انە دەپشكنى، كە ئەوەش بووبووە جێى گلەیى و ناڕەزایى كادیر و دۆست و لایەنگرانى یەكێتیى لەو شارە".
دوێنێ دژى بنەماڵەچێتى و ئەمڕۆ پیادەكردنى
لە ساڵانى نەوەدەكان و تا راوەستانى شەڕى ناوخۆى نێوان یەكێتیى و پارتى، هەمیشە (تاڵەبانى) ئاماژەى بە بوونى بنەماڵەچێتى پارتى دەدا و رەخنەى توندى ئاڕاستەى پارتى دەكرد، بەڵام لە سەرەتاى دوو هەزارەوە (تاڵەبانى) كەوتە پیادەكردنى بنەماڵەچێتى و هەریەك لە كوڕەكانى پلەیەكى باڵاى پێدان، ئەوەش بەدەر لەوەى كە (خاتوو هێرۆ)ى هاوسەرى تاكە بڕیاردەر و راپەڕێنەرى ئیدارە و دارایى حیزبەكە و كۆمپانیاى نۆكانى یەكێتیى بوو! لەمەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە تاڵەبانى لەو رێیەوە كە لە سەرەتاى ساڵانى دوو هەزارەوە هەستى بە مەترسیەك كردبێت، بەوەى یەكێتیى لە دەست بچێت، بۆیە شوێن و پێگە هەستیارەكانى ناو یەكێتیی بەخشییە برازا و كوڕەكانى و هاوسەرەكەى! خودى چارەسەر نەكردن و بەرەو پێش نەچوونى یەكێتیى بە پێى قسەى دۆست و لایەنگرانى خۆیان بە دەرەجە یەك بۆ خودى (تاڵەبانى) دەگەڕێتەوە، چونكە هەر ئەو بوو بۆ پیادەكردنى ململانێ كە خۆى بە نوێخواز دەزانى و پارتیشى بە بنەماڵە لە قەڵەم دەدا، كەچى ئێستا لە جوڵانەوەى (تاڵەبانى)دا وا هەست دەكرێت لە هزرى خۆیدا پێشبڕكێیەكى بێ وێنە دەكات بۆ سەپاندنى دەسەڵاتى بنەماڵەیى، هەر ئەم هۆكارانەشە كە زۆرینەى ئەندامانى مەكتەبى سیاسیى ئێستا لاسایى رەفتارەكانى (تاڵەبانى) دەكەنەوە، ئەویش لە ژێر ناونیشانى كوتلە و كوتلەبازى، بۆیە لە ناوەندى بڕیارەكانیاندا كەس ئیمزاى یەكتر ناخوێنێتەوە.

شكستى هێرۆ و پوچەڵ بوونەوەى خەونى تاڵەبانى و مەكتەبی سیاسیى یەكێتیى
هەرچەندە یەكێتیى و خودى (تاڵەبانى) و مەكتەب سیاسیەكەى بێ هۆكارى خوێندنەوەى دۆڕانى پێشوویان لە شارى سلێمانى، كە خودى (تاڵەبانى) لەو شارەدا بووبوە پێشەنگى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان، لێ دۆڕانى یەكێتیى و لیستى هاوپەیمانى لەو شارەدا لێكەوتەوە و (تاڵەبانى)ش و هەڵمەتەكانیشى نەبووە هۆكار نەك بۆ سەركەوتنیان، بەڵكو راگرتنى باڵانسى لیستى هاوپەیمانى و بزوتنەوەى گۆڕان لەو شارە! كەچى یەكێتیى و خودى (تاڵەبانى) مەكتەب سیاسیەكەى بە هەموو بۆچوونێكیان دانانى خاتوو(هێرۆ) بە بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانى و لابردنى (بەرزان) بە تاكە هۆكار دادەنا بۆ شكست پێهێنانى لیستى گۆڕان لەم هەڵبژاردنە، لێ پێچەوانەكەى دەرچوو، ئەو خەون و لێكدانەوەیەى یەكێتیى زۆر هەڵە دەرچوو، ئەمەش بۆ ئەو قۆرخكاریەى بنەماڵەى (تاڵەبانى) دەگەڕێتەوە لە تەواوى بوارەكانى ژیان لەو شارە بە تایبەت، بە گشتى لە ژێر دەسەڵاتى سەوزدا، كە ئەمەش دەخوازێت جارێكى تر یەكێتیى بە جورئەتەوە محاسەبەى بەرپرسە باڵاكانى ناو مەكتەبی سیاسیى بكات لە چۆنیەتى هێنانى دەرەنجامەكانى هەڵبژاردن.
نامورادى باوك لە دەسەڵاتى دایك و كوڕ
لە دواى دۆڕانى یەكێتیى و لیستى هاوپەیمانى لە شارى سلێمانى بەرامبەر بە لیستى گۆڕان لە هەڵبژاردنى ناوخۆى 25-7-2009 وەك وتمان یەكێتیى كەوتەخۆ و هەندێ ئاڵوگۆڕى كرد، لێ ئاڵوگۆڕەكان ریشەیى و جەوهەرى نەبوون، هاوكات پێداچوونەوەیەك نەبوو بەسەر كەموكورتیەكان تاكو ئەو هاوكێشەی كە لاربوەتەوە راستى بكەنەوە، تا دواجار پلنیۆمێكى بەست، كە بە وتەى سەفینى مەلاقەرە جگە لە ئیحتیفالێكى جەماهیرى چیتر نەبووە، لەو ئاڵوگۆڕەدا كە لە بەرپرسە حیزبیەكانى خۆیدا لە شار و شارۆچكەكان كردى، گۆڕین و لابردنى (بەرزانى ئەحمەد كوردە) یەكێ بوو لەو گۆڕانكاریانە كە لە بەرپرسیارێتى مەڵبەندى 1ى رێكخستنى سلێمانى لادرا، لە بەرامبەریشدا دانانى خاتوو (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، وەك (تاڵەبانى) لە وەڵامى ئەوەى كە بۆچى (بەرزان) سەربارى ئەوەى كەسێكى كارا و جەماوەرى بوو لادرا؟ وتبووى: "قەیچێكا كوڕم لاداوە و دایكیم خستوەتە شوێنى"!
(تاڵەبانى) و مەكتەبی سیاسیى بە دانانى خاتوو (هێرۆ) دەیانەویست كە معادەلەكە بەلاى یەكێتیى دا بشكێننەوە، هاوكات شارى سلێمانى كە (نیللی) پۆش بوو (سەوز) پۆشى بكەنەوە، هەرچەندە وەك دەوترێت هیچ بەرپرسێك نەیتوانیوە تەداخولى ناو مەڵبەندى 1ى رێكخستنى سلێمانى لە شارى سلێمانى بكات، بەڵام لە دەرەنجامە سەرەتاییەكانى هەڵبژاردنى 7-3-2010شدا ئەو شارە رەنگى (نیللى) لە خۆى نەكردەوە، ئەگەر قەزا و ناحیەكان و چواردەورى سلێمانى نەبوایە و فریاى یەكێتیى نەكەوتایە، ئەوا وەك جارى پێشوو لیستى هاوپەیمانى بە تایبەت یەكێتیى حاڵى لە جارى پێشوو باشتر نەدەبوو، تەنها دەبوو بیوتایە (شەریفە باوكەڕۆ)، چونكە بە پێى دەرەنجامە سەرەتاییەكان ئەوەمان بۆ دەركەوت كە یەكێتیى لە چواردەور دەنگى باشترى بە دەستهێناوە وەك لە ناو مەركەزى شارى سلێمانى، ئەمەش ئەو هاوكێشەیەمان بۆ دەردەخات، كە (هێرۆ خان)یش سەربارى ئەوەى كە خێزانى (تاڵەبانى)ە و پێگەیەكى بە هێزترى لە ناو یەكێتیى دا هەیە، نەیتوانى هاوكێشەكە راست بكاتەوە، هەر بۆیە گەر لە رووى زانستى سیاسییەوە لێكى بدەینەوە، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتیى بە عەمەلیاتى سوغرا لە مردن رزگارى بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە