کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڤاری چرپە چی چرپاند بە گوێچکەماندا ؟

Thursday, 17/05/2012, 12:00


بڵاوکردنەوەی نوسینێک کە مێژوی نوسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢ ساڵ پێش ئێستا، بەبێ ئاگاداری نوسەرەکەی لە یەکێک لە گۆڤارەکانی کوردستاندا بەناوی (چرپە)، کرایە سەرچاوەی ئاڵۆزی و ڕوداو ڕوبەڕبونەوەی جۆراو جۆر، پەلاماردانی پەرلەمان، لێدان و هێرش و بریندارکردنی ڕۆژنامەنوسان، دەستگیرکردنی دەیان کەس، سوتاندنی دوکانی مەیفرۆشی، پەلاماری دەزگای ڕاگەیاندن و هتد!
بەبڕوای من کورت کردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانەی کە ئەم چەند ڕۆژە کوردستانی گرتەوە بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی نوسینێکی (هەڵمەت گۆران)، ناتوانێت بمانگەیەنێتە کەناری تێگەشتن لەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا ڕوو دەدات، بەهۆی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، بەردەوام سەرئەنجامی هۆکارەکان توانیویانە سایەیەکی فراوان و گەورەتر بەسەر سەرئەنجام و ئەنجامگیری ڕوداوەکاندا بکێشن، لە کاتێکدا لەڕووی ئسوڵی و زانستی سیاسەتەوە دەبێت پێچەوانەکەی ڕاست بێت.
کەواتە بۆچی بڵاوبونەوەی نوسینێک فەزایەکی ئاڵۆز و پێکدادان بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ ئایا دەلیلەکەی تەنها هەر ئەوەیە کە بەقەولی ئیسلامیەکان کۆمەڵگای کوردستان ٩٥% مسوڵمانە، هێرش و پەلاماردان بۆ سەر پیرۆزییەکان قبوڵ ناکەن؟ یاخود ئەگەر پێمانوابێت پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگای ئەم ئاڵۆزیانەوە دەیەوێت تیرۆرکردنی خوێندکار و ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لەبیرکۆمەڵگا بەرێتەوە و خرۆشانی جەماوەر بۆ بەرگری لە ئازادی پێچەوانە بکاتەوە، ڕۆژی ئازادی بکاتە ڕۆژی سەرکوت،
ئەگەر تەنها لەم گۆشە نیگایانەوە سەیری شانۆی سیاسی کوردستان بکەین، ئەو کاتە دەتوانین تەنها یەک پەردەی نمایش کردنی شانۆگەریەکە ببینین و تەواوی پەردەکانی تر فەرامۆش دەکەین و بەسەرماندا تێدەپەڕن، واقیعی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بەم جۆرەو بەم شێوازە بیخوێنیەوە بەتایبەت لەم چرکەساتە هەستیار و چارەنوسازەدا.
لەم چەند ڕۆژەدا کوردستان بەناو کۆمەڵیک ئاڵوگۆڕ و ئارایشتی تازەی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکاندا گوزەر دەکات، ئەم ئارایشت و جەمسەربەندیە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر واقیعی سیاسی کوردستان و ڕوداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی هەولێر، هەمانکات ئەم هەلومەرجەو دەرهاویشتەکانی جێگاوڕێگاو مەوقیعەتی هەر هێز و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا دیاری دەکات، چ وەک بەش لەداهات و چ وەک سایەیەی دەسەڵاتداریەتی بەسەر هەموو کایە کۆمەڵایەتیەکاندا.
کۆبونەوەکانی (گۆڕان و پارتی)، کۆبونەوەی پێنج قۆڵی (بارزانی، تاڵەبانی، نوجیفی، سەدر، عەلاوی) کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی (مالیکی) لە کەرکوک، سەردانی (عیماد ئەحمەد) بۆ کەرکوک ڕاستەوخۆ دوای مالیکی، کۆبونەوەی (گۆڕان و یەکێتی)، سەردانی (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتیەکان بۆ لای (نەوشیروان مستەفا)، سەردانی باڵیۆزی ئێران بۆ لای لایەنە سیاسیەکان، سەردانی (نێچیرەڤان بارزانی) بۆ تورکیاو ڕاگەیاندنی ئەوەی کە تورکیا هاوپەیمانی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، ڕاگەیاندنی (حکومەتی هەرێمی کوردستان) کە وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەداتەوە، سەردانی (مالیکی) بۆ ئێران، مانەوەی (هاشمی) لە تورکیا.
کەواتە ئەوەی کە باسمان کرد چ پەیوەندیەکی هەیە بەوەی کە لە هەولێر ڕوویدا؟ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر هەوڵیدا کابینەی حەوتەم کە (نێچیرەڤان بارزانی) سەرۆکایەتی دەکات، بپارێزێت لەو بارگاویبوونە سیاسیەی کە کۆمەڵگای کوردستان لە دوای نارەزایەتیەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بەخۆیەوە بینیویەتی، لەمبارەوە پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین هەنگاوی هەڵهێناو چەندین پیلانی داڕشت بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوبێت، لەلایەک بەشدارنەبونی ئەو لایەنانەی کە خۆیان ناوناوە (ئۆپۆزسیۆن)، لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتی خەڵک و گەڕان بەدوای هەر فرسەتێکدا بۆئەوەی بیکەنە کەناڵێک و داخوازیەکانیان بسەپێنن بەسەر دەسەڵاتداراندا، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی مەوقیعیەتی خۆی وەک ڕەمزی دەسەڵات لە کوردستان و بەکارهێنانی کابینەی حەوتەم وەک میکانیزمێک بۆ جێبەجێ کردنی مەرامەکانی، تەنها ڕێگای سەرکوت و سیناریۆ و زنجیرکردنی ئازادیەکانی بەدەستەوە مایەوە وەک پیشەی هەمیشەیان، بڵاوکردنەوەی نوسینەکەی (هەڵمەت گۆران) هۆکارێک بوو بۆ ئەو ئامانجەی کە ناوی (پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکانە).
ئەوەی لە هەولێر ڕوویدا ناکرێت وەک ڕوداوێکی لۆکاڵی پەیوەست بە نوسینێک و خۆپیشاندانێکەوە سەیری بکەین، ئەگەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق هیز و لایەنەکان ئیجبار بکات خۆیان بۆ ئاڵوگۆڕ ئامادە بکەن، ئەوا نمایشی هێز و خۆ بەرجەستە کردنەوە وەک ئەڵتەرناتیڤ دەبێتە سروشتی هەر ڕوداوێک یان هەر ئەگەرێک کە بڕیار بێت ڕووبدات، ئەمە یەکێکە لەو حەتمەیەتەی کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت و یەکێتی و پارتی خەڵکیان لەگەڵ ڕاهێناوە، ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بیری کردەوە یان چۆن نەخشەی کێشابوو لە پەیوەند بەم دۆسیە دروست کراوەوە، ئیسلامی سیاسیش بەوپەڕی توانای خۆیەوە هەوڵیدا کە لە چوارچێوەی ئەگەرەکانی داهاتودا لەڕێگای ئەم فرسەتەوە هێزی خۆی و توانای هەڵخڕاندنی ئیحساساتی دواکەوتوانەی خەڵك لەدەوری پرۆژەی خۆی تەوەرە پێببەستێت.
هەموو بینیمان کە چۆن مەلاکان لە مزگەوتەکانەوە هاواریان دەکرد و دەگریان، دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئیسلامی سیاسی داهێنانیان دەکرد بۆ وروژاندنی خەڵک، بانگخوازەکانی ئیسلامی سیاسی پەیامیان بڵاو دەکردەوە، پەرلەمانتارەکانیان گۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان سازدەدا، شیعار و بەرزکردنەوەی قورئان وەک ئەزمونی گۆڕەپانی ئازادی لە قاهیرە دووبارە بویەوە، لە فەیسبوک و پاڵتۆک و ماڵپەڕەکان هیچیان نەهێشتەوە کە ئەنجامی نەدەن، ئەم کردەوانە هیچی بەڕێکەوت نەبوو، هەر هەمووی کاری بەبەرنامە و ڕێکخراوی لەسەر کرا.
ئەگەر لەکۆیی گشتی ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە لە سەرجەم کوردستان بەگشتی و هەولێر بە تایبەتی ڕویدا سەیر بکەین و بیکەینە وانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوا بە کۆمەڵێک دەرئەنجامی ترسناک دەگەین کە دەبێت سەرجەم کۆمەڵگا لێی بەئاگابێتەوە و حیسابی جیدی لەسەر بکات، لەم چەند ڕۆژەدا تێگەشتین کە چارەنوسی کۆمەڵگا لە نێوان بەرداشی دەسەڵاتدارانی کوردستان و ئیسلامی سیاسیدا چارەنوسێکی ڕەشە، کێشمەکێش و ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی کوردستان و ئیسلامی سیاسی هیچی پەیوەندی نیە بە ژیان و گوزەران و ئازادیەکانی خەڵکەوە، بەڵکو ئەم هێزانە کار دەکەن بۆ ئەوەی هەرچیش بەدەستهاتوە وەک بەروڕەنجی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازان و خەڵکی ناڕازی هەمووی لەباربەرن، ئەم ڕوداوانە بیرەوەری تاڵی (حاشا لێکردنی) بیر هێناینەوە کە کلتوری بەعس بوو وەک دیاردەیەکی نائینسانی بۆی جێهێشتین، ئەم ڕوداوانە پێیوتین کە (تاڵیبانیزم) لە هەناوی کۆمەڵگای کوردستاندا بوونی هەیەو ئیسلامی سیاسی خەریکە وەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێش باوەشێنی دەکات، ئەم ڕوداوانە ئەوەی پێوتین کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگای سیناریۆسازی و سەرکوتی بێپەردەوە هەیمەنەی تەواوی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بکێشێت.
خەڵکی کوردستان دەبێت بە ئامادەیەک و بە هوشیاریەکی زیاترەوە لەم ڕوداوانە بڕوانن، نابێت ڕێگابدەین بە کڵێشە و فۆرمی شکڵی و سۆزدارانە سیناریۆی تاریک بەسەرماندا بسەپێنن، زۆر گرنگە خەڵکی ئازادیخواز، نوسەران و ڕۆشنبیران، یەکسانیخوازان و بەرەی مەدەنیەتی کۆمەڵگای کوردستان ببێتە قەڵغانێکی بەهێز و قایم بەڕووی پیلانەکانی ئیسلامی سیاسی و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا.
هیدایەت مەلا عەلی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە