مەسعود، موئامەرە لەنێچیرڤان دەكات
Wednesday, 31/03/2010, 12:00
دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو یەكێك لەبازاڕەكانی هەولێر كەوتمە گفتوگۆكردن، ماوەی قسەكردنەكەمان هێندە كورت بوو بۆیە دەمویست بەو 15دەقیقە قسەكردنەی كە پێكەوە وەستابووین زۆرترین زانیاری لەسەر كاری داهاتووی نێچیرڤان ئیدریس مەلا مستەفا وەرگرم، ئەو بەشانازییەوە باسی لەوە دەكرد كە نێچیرڤان سیاسەت دەكات، ئەگەر ئەو قسانەی لەراگەیاندنەكانەوە باسی دەكەن هەمووشی جدی نەبن ئەوا زۆریان راستن و نێچیرڤان دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی بگەیەنێتە یەك پێگە كە ئەویش سەرۆكی پارتییەو تا بتوانێت ناهێڵێت ئەو حزبە دوو كەرت بێت، بەڵام بەدڵنیایی ئەگەر بۆی نەكرا ئەوا چارەنووسی پارتی لەیەكێتی جوانتر نابێت.
پرسیاری ئەوەم لێكرد ئەی رای مەسعود چییە لەسەری ئەویش بەوپەری روونییەوە وتی: بەر لەوەی باسی ئەوە بكەم دەمەوێت بڵێم هەڵبژاردنەكان ئەوپەڕی سەركەوتن بوو بۆ ئێمەو ئەوپەڕی ژێركەوتن بۆ یەكێتی، یەكێتی ئێستا ئیدیعای ئەوەش بكات كە ئێمە لەهەولێر و دهۆك تەزویرمان كردووە بۆیە ئەو دەنگە زۆرەمان هێناوە، ئەوا ئەوانیش لەكەركوك و كۆیە و كەلار تەزویریان كردووە و كۆمیتەی ناوەندی پارتیش خۆی ئامادەكردووە ئەگەر یەكێتی هەر قسەیەك لەسەر تەزوویر بكات ئەوا سەدان بەڵگەمان هەیە بۆ كەركوك و كۆیە و كەلار، ئێمە تەنیا ناتوانین لەسەر تەزویر وەڵامی گۆڕان و یەكگرتوو بدەینەوە، چونكە بەهەق ئەو دوو لایەنە لەهەردوو هەڵبژاردنەی 25ی تەمموز و 7ی ئاداردا تەزویریان نەكردووە و هەر ئەمەشە وایكردووە كە نێچیرڤان زۆر كاریگەر بێت بەسیاسەت و ستراتیجی گۆڕان كە دەنگەكانیان پێگەیەكی جەماوەری بەهێزی خۆیانەو پشت بەتەزویر نابەستن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی باسی ئەوەی بۆ كردم كە ئێستا پارتی 32كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە بۆیە هەقی خۆیەتی پۆستە سیادییەكانی بەغدا بەرێت و دووریش نییە چاوێك بەسیاسەتی هەرێم لەپۆستە سیادییەكاندا بخشێنێتەوە، چونكە بەحەق لەو 59 كورسییەی پەرلەمان كە 30 بە29 دانراوە لەو 29كورسییەی یەكێتی نزیكەی 8كورسی پەرلەمانی كوردستان موڵكی پارتییەو لای یەكێتییە بۆ ئەگەر ئەمساڵیش نەبێت ئەوا ساڵێكی تر ئێمە دوای كۆنگرەی 13ی پارتی كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ ببەسترێت، چاوێك بەو پۆستە سیادییانەی كوردستاندا دەخشێنینەوە بەتایبەتی وەرگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەو دارایی، بۆیە ئێستاش دوای ئەم هەڵبژاردنە هەقی خۆمانە كە پۆستە سیادییەكان كە بەكورد دەدرێت بۆ خۆمان بێت.
پێموت مەبەستت پۆستی سەرۆك كۆمارە، ئەو وتی نەخێر، بەپێچەوانەوە ئێمە زۆر حەز دەكەین مام جەلال ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار، چونكە كاك مەسعود پێی وایە مام جەلال لەبەغدا بێت هەم بۆ كورد و هەم بۆ عەرەب باشترە و بەكورتی دووریش دەكەوێتـەوە لەكوردستان.
وتم ئەی مەبەستت كام پۆستە سیادییانەن، ئەو وتی: پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق نادەین بەیەكێتی و كاك مەسعود كاك نێچیرڤانی بۆ داناوە، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نادەین بەیەكێتی، كاك مەسعود كاك سامی شۆڕش-ی بۆ داناوە یان هەر كەسێكی تر، هەروەها كاندیدكردنی هۆشیار زێباریش بۆ ئەوەیە پۆستی وەزارەتێكی سیادی بەرز كە بەر كورد كەوت، كاك مەسعود ئەو دەكات بەوەزیری.
بەو مەكتەب سیاسییەم وت، پێتوانییە ئەوە موئامەرە بێت لەنێچیرڤان، تا مەسعود دووری خاتەوە لەكوردستان، وتی: لەوانەیە لای هەندێ كەس موئامەرە بێت، بەڵام ئەوە پۆستێكی گرنگە، هەرچەندە كاتی خۆی ئێمەی پارتیش وامانلێكدایەوە كاتێك مام جەلال كە بەرهەم ێاڵح-ی بردە بەغدا موئامەرە بێت، لەبنەڕەتیشدا وابوو، بەڵام هەرچۆن بێت پێموایە كە پارتی ئەو پۆستانە نادات بەیەكێتی.
لێمپرسی ئاخر پێت وانییە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بێت و واپێویست بكات كە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەنێوان یەكێتی و پارتی دابەشبكرێت، ئەو ئەندامی مەكتەب سیاسییەی پارتی بەپێكەنیینەوە وتی: ساڵی 2010 ساڵی 2005 نییە، لەساڵی 2005دا كاتێك سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر سەرۆكی هەرێم بوو، ئێستا یەكێتی ناتوانێت باسی ئەوەش بكات، چونكە سەرۆكی هەرێم بەهەڵبژاردن لەلایەن خەڵكەوە لە25تەمموز ئەو پۆستەی پێدراوەو هەقی خۆیەتی، بەڵام ئەگەر ئێمە پشتگری لەمام جەلال نەكەین ناتوانێت ببێت بەسەرۆك كۆمار، چونكە ئێستا ئێمە 32كورسیمان هەیە ئەوان 13كورسی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست