کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با لەپلانی تیرۆرکردنی دانیال میتیران، د.فٶاد بابان بێتە سەر خەت

Thursday, 01/12/2011, 12:00




لە ڕۆژی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و ڕزگارکردنی ئەمنە سوورەکە و پاکردنەوەی لەبەعسیەکان، ماڵی دکتۆر فٶاد بابان تەنها دیوارێك لەیەکتریانی جیائەکردەوە. لەو ڕۆژە سەختەدا، ماڵەکەی دکتۆر جگە لەوەی لەسەربانەکانەوە شاڵاوی ڕاپەڕیوان پەیتا پەیتا لەئەمنەکە نزیك ئەبونەوە و هەر ئێستا نا ئێستا دەنگۆی ئەوە لەئارادا بوو کە ئەمنەکە بەتەواوەتی خۆی دابووە دەست، جوامێری کاك دکتۆر لەوەدا بوو، کە بەردەوام خەریکی کاری خۆبەخش و چارەسەرکردنی تیمارو بریندارەکان بوو. ڕەنگە ئەو کات بوێری و کوردپەروەری دکتۆر بەو شێوە دەرکەوت و دواجار ئەمەش هۆکارێك بوو لەو کاتەدا کە بەر شاڵاوی هێزی R.R نەکەوتن، ئەگینا زۆربەی ئەو ماڵانەی چواردەوری ئەمنەکە (بەماڵی خۆشمانەوە) بەتەمابوون تاڵانی بکەن، چونکە ئەو کات زۆربەی خەڵکی وای ئەزانی ئەو ماڵانەی لەنزیك ئەمنەکەن، ئەوا سەر بەو دەزگا بەدناوەن و پیاوانی بەعسن، ئەمەش لە ڕاستیەوە گەلێ دوور بوەو کاتێ ئەو ماڵانە لەوێبوون ، دیارە ئەمنەکە هەر دروست نەکرابوو. هەروەها هۆکارێکی تر، کە کاك دکتۆر بەو شێوەیە لەگەڵ تاڵەبانی و خانەوادەکەی ئەستێرەیان هەڵکشێتە ئاسمان و دواتر بکرێتە ئەندام پەرلەمانی لیستی کوردستانی لە بەغدا و تا نووسینی ئەم ووتارەش دیارە هەر لەوێیە، ئەو هەڵوێستانەی ئەوسای بوو.

لەدوای ڕاپەڕین، ئەگەر چی حکومەتی بەغدا هێشتا هەژموونی لەسەر کوردستان مابوو  تا دوای ڕاپەڕینی سێیەم ئینجا بەتەواوەتی دام و دەزگاکانی لە کوردستان کێشایەوە، ئەگینا ئەو کاتەی کە UN هاتە کوردستان و لەسلێمانی لە گەڕەکی عەقاری(شۆڕش) بنەکەیان دانا، ئێدی لەو کاتەوە کاری تیرۆر بەرانبەریان لەبەردەوامیدا بوو.. ئەوەندەی من ئاگاداربم لەو کاتەدا، چونکە وەك وەرگێڕ کارم لەگەڵدا ئەکردن، لەچەندین شوێن کاری تیرۆر یەخەیان ئەگرتن و تا وای لێهات لەبەر دەم بیناکەیان مادەی T.N.T یان لەناو سەیارەکانیادا دانا و لەکاتژمێر ٨ بەیانی لەرێگای کۆنترۆڵەوە توانیان جەزرەبەی خۆیان بوەشێنن و دواتر لەڕێگای ئاربیجی/٧ وە لەگردەکەی عەلی ناجی کە ئێستا ماڵی نەوشیروان مستەفای لێیە ، توانیان گورزی دووەمیش بوەشێنن و تا ئەو کاتەی توانرا هەندێكیان لێ بگیرێ و دواتر دانیان نا بەتاوانەکیان و پێم وایە سیان لەوانە هەمان ئەو کەسانەبوون بەو ناوانەی زەکی و ئیسماعیل لە ووتارەکەی بەڕێز د.سالار باسیرەدا هاتوە،، کەبەداخەوە ئەو کەسانە لەوەو پێش بەپارە لەچەمچەماڵ بەرەڵا کرابوون و گوایا وایان دەرخست کەهەڵهاتوون.

دیارە ئەو سەردەمە قادری حاجی عەلی پارێزگاری سلێمانی بوو، بەرەی کوردستانی هەبوو، لیژنەی ئەمنی شار پێك هاتبوو لەهەریەك (نەقیب ووشیار) کەخەڵکی سلێمانیەو نوێنەری پارتی بوو وە ئێستا نیشتەجێی ئەمریکایە، هەروەها هەریەك لە عیماد ئەحمەد کە نوێنەری زەحمەت کێشان بوو، لەگەڵ هەڤاڵ جوجەڵە لەنوێنەری حسك بوو.. کەبەداخەوە ئەمیان لای فلکەی دوور ئەمن تیرۆر کرد و دەستی تیرۆریش بۆ پارتی ڕائەکێشرێ، لێ من پێم وایە ، یەکێ لەو هۆکارانەی کە هەڤاڵ جوجەڵەیان پێ تیرۆرکرد،ئەوەبوو ئەیزانی کێێە لەپاڵ ڕزگارکردنی ئەو تیرۆرستانەی کەبۆ بەعس کار ئەکەن و دواتر بەشێوەی نهێنی دەرباز کران و رەوانە ئەکرانەوە بۆ کەرکوك.. جارێك سەردانی ئەو تاوانبارانەمان کرد لە ئەمنەکەی جادەی سالم، کەماوەیەك کرا بینای (ڕێکخراوە دیموکراتیەکان)ی سەر بەمەلا بەختیار کە نزیکی لقی چواری ئێستا(ئەمنە زەردەکە) کە ئەوسا بەرەی کوردستانی و پارێزگاری سلێمانی دەوامیان تیا ئەکرد، هەڤاڵ جوجەلە داوای لەمن کرد کە بەنوێنەری UN بڵێم با ئەوتاوانبارانە لای ئێمە نەمێننەوە، ئەگینا بەپارەو لەژێرەوە دەربازیان ئەکەن، بەڵام UN بەو پێشنیارە ڕازی نەبوو لەبەرئەوەی پرۆتۆکلی نێوان ئەمان و حکومەتی ناوەندی لەبەغدا ڕێگریان لێ ئەکات لەهەر کارێکی وا.

وەك کاك قادر نادر ئاماژەی پێکرد لەووتارەکەیدا سەبارەت بە خاتوو میتیران ،دیارە ئەو خانمە و خانەوادەکەی هەردەم خەمخۆرێکی گەلەکەمان بوون ، ئەوەتا میتیران وویستی کورد بگات بەئاواتی خۆیی و وەك میلەتان خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن، کەچی لەولاوە هەریەك لە تاڵەبانی و ووشیار زێباری هەموو ئەو دۆکیومێنت و نهێنی و لەوانەش خەریتەی کوردستان کە پێشنیار کرابوو،ڕادەستی تورکیای کرد .

کرۆکی باسەکەم لەوەدایە، ئەو ڕۆژەی کەخەریك بوو مەدام میتیران تیرۆر بکرێ، بۆ ئێوارەکەی بەشێوەیەکی نهێنی گەرانەوە بۆ سلێمانی و ئەو شەوەش لەماڵی کاك دکتۆر فٶاد بابان مانەوە، دیارە ئەوە شەرەفێکی گەلێ مەزنە کەسایەتیەکی خەمخۆری فەرەنسی ژیانی خۆی خستە مەترسی و وویستی ئەو کات مەسەلەی کورد لەقۆناغی سۆزەوە بەرێتە ئاستێکی سیاسی و دەوڵەوتی تا بتوانرێ مافەکانی وەك مرۆڤ و نەتەوە بناسرێ. ئەم شەرەفە بەر کاك دکتۆر و خانەوەدەکەی کەوت، بۆیە دڵنیان ئەو شەوە چەندین ووردەکاری و نهێنی ئەو هەوڵە تیرۆریستیە هاتۆتە باسکردن و بۆیە هەقی خۆیەتی وەك پاداشتێك بۆ ئەو مرۆڤە مەزنە ئێستاش کاك دکتۆر بێتە سەر خەت و هەندێ لەو نهێنیانەمان بۆ واڵا بکا، ئەمەش من دڵنیام هەم ویژدانی خۆی ئاسودە ئەکاو هەم بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە لەسەر شانی کاك دکتۆر بۆ نەوەکانی دوای خۆی.

چاو نووقاندن لە ڕاستی و نهێنیەکان گومان نەك تەنها لەسەر دڵسۆزی تاك درۆست ئەکا،بەڵکە بەشێوەیەك پەردە پۆشکردنی تاوانیشە، کێ ئەڵێ لێدوان و قسەنەکردن لەسەر ئەم تاوانانە هۆکارێکی بۆ ئەوەبێ کە بکەرەکانی سەر بەو گروپ و حزبانەی ئێستایە کە کاك دکتۆر نوێنەریانە لەپەرلەمانی عێراقی،،ئەگینا هەموان کارە تیرۆرەکانی جەبار فرمان ئەزانین و ئەشزانین چەند کەس بەدەستی چەند تاقمێکی تیرۆرستی ئەم حزبانە لەناو براوون، با کاك دکتۆر بێتە سەر خەت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە