کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وا چاکه‌ نه‌به‌ز گۆران خۆی فێری جۆدۆوکاراتی بکات

Wednesday, 17/02/2010, 12:00


پاش ئه‌وه‌ی بۆ سێهه‌مین جار به‌ ڕۆژی ڕوناك و به‌به‌ر چاوی خه‌ڵکه‌وه‌، په‌لاماری ڕۆژنامه‌ نوس نه‌به‌ز گۆران درا به‌ مه‌به‌ستی تیرۆرکردنی، چاك وایه‌ ئه‌م به‌ڕێزه‌ هه‌رچی زووه‌ خۆی فێری کاراتی بکات و زۆریش ته‌ماشای فلیمی جاکی شان بکات! نابێت به‌ته‌ما بێت پۆلیس و دادگا مافی بۆ ه‌رگرێته‌وه‌و ئه‌و که‌سانه‌ی هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر بیان گرێ و عادلانه‌ دادگایان بکات! هه‌رچه‌نده‌ خوا نه‌یبڕێ ووڵاتمان ئاسایشه‌و سه‌رۆکه‌کانمان شایه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتین، پۆلیسیش هێنده‌ به‌توانان که‌ به‌تاڵێ موو ده‌توانن گه‌وره‌ترین تاوان که‌شف بکه‌ن!! به‌ڵام هێشتا نه‌توانراوه‌ که‌سێك به‌تاوانی ده‌ستدرێژی کردن بۆسه‌ر ڕۆژنامه‌وانان و کوشتنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ده‌ستگیر بکرێت!! له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌و کارانه‌ هه‌ڵده‌ستن ئیلیه‌ن بن و له‌ ئاسمان بێنه‌ خوارێ! ده‌نا بۆ ده‌ستگیر ناکرێن؟ بۆیه‌ باش وایه‌ نه‌به‌ز گۆڕان له‌گه‌ڵ کاك سه‌باح عه‌لی قاره‌مان و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ شکیان له‌ خۆیانه‌و ڕۆژێك له‌ ڕۆژان قسه‌یه‌کی ڕاستیان خستۆته‌ ڕوو، بچن خۆیان فێری کاراتی بکه‌ن و خۆ ئه‌گه‌ر ته‌مرینیش بکه‌ن له‌سه‌ر جۆری ڕاکردن و خۆ قوتار کردن له‌ده‌ست په‌لامارده‌ره‌کان ئه‌وه‌ چاکتره‌! ده‌بێت پشت ببه‌ستن به‌ هێز و بازوی خۆیان ده‌نا که‌س نیه‌ بیان پارێزێت!
ئێسته‌ که‌سێکی وه‌ك نه‌به‌ز گۆران که‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سێ جار هێرشی کراوه‌ته‌ سه‌ر، ده‌بێت حکومه‌ت حمایه‌ی بۆدابنێ و ژیانی بپارێزێت! یان سه‌باح عه‌لی قاره‌مان که‌ خۆی یه‌کێك له‌وانه‌ که‌ ویستیان بیفڕێنن ده‌ناسێت! که‌چی تا ئێستا دادگا نه‌یتوانیوه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکات! دیاره‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ ژیانی مرۆڤێك ئه‌و بایه‌خه‌ی نیه‌! ئه‌وه‌ له‌ به‌ریتانیا بیست‌وپێنج ساڵه‌ سه‌لمان ڕوشدی ژیانی ده‌پارێزرێ و ئه‌و ووڵاته‌ به‌ پاره‌و پۆلیس خه‌ریکی ژیان پاراستنی ئه‌ون. که‌چی لای ئێمه‌ حکومه‌ت خۆی ده‌ستدرێژی ده‌کاته‌ سه‌ر مافی مرۆڤه‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە