تاڵەبانی بۆ تۆقاندنی یەکێتییە ترسنۆکەکان
Monday, 21/07/2014, 12:00
لە دوای رووخانی سەدام لەلایەن ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراقی عەرەبی، بۆ سەرۆک و دەست رۆیشتووەکانی ناو پارتە سیاسیە کوردیەکان لە باشووری ووڵات، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی، وەک دەستکەوتی زۆر مەزن چاوی لێدەکراو پروپاگەندەی زۆریشی بۆ دەکرا لە میدیای کوردی بە تایبەتی لە میدیا حزبیەکان. سەرەرای ئەوەی ئەو پۆستە بوو بە کۆسپێک لەپێش دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ مێژووی بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان لە باشوری وڵات چەند خاڵێکی گرنگی پۆزەتیڤی سەلماند و لە مێژوودا چەسپاندی.
یەکەم: پەردەی هەڵدایەوە لەسەر نەبوونی جیاوازی لە نێوان جۆری عەقڵیەتی بیرکردنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی، کە زەمانیکی زۆر بوو ناکۆکی و جیاوازیەکانی نێوان خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ بوونی جیاوازی لە جۆری بیرکردنەوەو ئایدولۆژیا!! تەنازول کردنی دوو قۆڵیان لە داواکاریە نیشتمانی و نەتەوەیەکان و لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی باشووری ووڵات بە درێژای بیست ساڵ.
دووەم: بوو بە هۆی نزیک بوونەوەیان لە یەکتری و نەمانی شەری براکوژی، گرژی و ناکۆکیەکانی نێوانیان کە بەردەوامی هەبوو تا وەکو ئەو رۆژەی ئەمریکا هەلی بۆ رەخساندن دوای ٢٠٠٣، بۆ ئەوەی پشکیان هەبێ لە پۆستە سیادیەکانی بەغداد و لە دەرامەتی عیراقی دەوڵەمەند. ئەوەش هۆکاریکی گەلیک بە هێز بوو بۆ ئەوەی هەر دوو لایەن، لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم و بەغداد، پارەو ئیماکاناتەکانی مادی و دەرامەتی نەوت کە پێش بینی دەکرا لە ئەنجامی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی بەغداد، دەست هەر دوو لا بکەوێت لە قۆناغی داهاتووی ئەو کاتی دوای رووخانی سەدام.
ئیمرۆ، دووبارە ناکۆکی و گرژی سەری هەڵداوە لە نێوان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردە پارە دارەکان و دەست رۆیشتوەکانی ناو ئەو پارتە بۆ ئەو پۆستە. لەو کاتە پڕ هەستیارە، هێرۆ بڕیاری ئەوەی دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبکاتەوە کە تاڵەبانی گەڕاوە سلێمانی لە ئۆتوموبیلێکی جام ڕەش کە کەس نەتوانی بیبێنێ!! گوێێ لە دەنگی بێت!! مانای بەدزیەوە! دووبارە هیرۆ و کورەکانی لاشەیەکی مردوو و سێبەری تاڵەبانی، بەکاردەهێنن بۆ ترساندنی کەسە ترسنۆکەکانی ناو ئەو پارتە بۆ ئەوەی بڵێن مام سامی هەر ماوە دەنگ بدەن بە کاندیدی ئەوان.
لە ناو یەکێتی هەتا تاڵەبانی زیندوو بوو!! کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد بڵێ من خۆم کاندید دەکەم، یان خۆم ئامادە دەکەم بۆ خۆ کاندید کردن بۆ پۆستەی سەرۆک کۆماری عیراقی عەرەبی، بەڵام ئیمرۆ دوو کەس بە رەزامەندی مەکتەبی سیاسی ئەو پارتە کاندیدە بۆ پۆستەی سەرۆک کۆمار، فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح و نەجمەدین بەبێ رەزامەندی ئەوان، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاڵەبانی زیندووە!.
تاڵەبانی ئەگەر مابێ! و توانای قسە کردن و را دەربڕینی هەبێ بۆ ئەو پۆستە!!!، ئەوا بێگومان و بە دڵنیایەوە، هەر وەکو جاران کاندیدی یەکەمی بێ ڕکابەر بۆ ئەو پۆستە هەر خۆی دەبێ، هەر وەکو جارانیش بە جۆش و خرۆشەوە هەوڵدەدا، بۆ لەحیم کردنی هەموو پێکهاتە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگای عیراقی و کوردی، بۆ پاراستنی یەکێتی عیراقی عەرەبی و بەجێهێشتنی پۆستە حزبی و ئیداریەکانی حکومەتی لۆکەڵی شاری سلێمانی بۆ هێرۆ و کورەکانی و دارو دەستەکانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست