گەلەكۆمەكەی لقی 12
Thursday, 12/02/2009, 12:00
نازانم تاچەند"گەلەكۆمە"زاراوەیەكی گشتی یە،بەڵام جاران و رەنگە ئێستاش كاتێك كەسێك لە یەكێكیتر دەترسا و بەنەتها پێی نەدەوێرا،دەچوو كەسانی تری لەخزم وكەسوكاروهاوڕێكانی دەیهێناو دەیدا بەگژ كەسی ترسێنەردا،بەمەش كەسی ترسێنەر هەرچەند بەرگریشی بكردایە وئەوا دوانی تر لەپشتەوە پەلاماریان دەداو دواجار دەدۆرا،چونكە چەندكەسێك هاتبون بۆ كەسێك واتە گەلەكۆمەی لێكرابوو.وردبونەوە لە ژیانی زیندەوەرانیش بەداخەوە ئەم جۆرە دیمەنەمان بیردێنێتەوە،بۆیە لێرەوە ژیانی مرۆڤ بەم كردەوەیە لە مرۆڤایەتی دوردەكەوێتەوە.
لەم رۆژانەی رابردوودا پاش نوسینێكی "ناسیح عبدالرحیم "لە کوردستانپۆستدا لەسەر لقی 12 پارتی،لە هەڵەبجە(27) ئەندامی سنوری ئەو لقە بەتورەیەوە سكاڵایان دژی ناسیح تۆماركرد.
نامەوێت بڵێم ناسیح باشی نوسیوە یان خراپ،بەڵام نوسین چەند توندیش بێت دواجار چەند دێرێك تێپەرناكات و هەموو خوێنراوێكیش پێویستی بە كاردانەوە نی یە.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆحزبێك یەكێك بێت لەدوو زلهێزەكەی كوردستان وخاوەنی حكومەت وپێگەی جەماوەری بێت،بەهۆی مێژووەكەشیەوە بەشێك لەشكست وسەركەوتنەكانی ئەم كۆمەڵگایەی لەئەستۆدابێت،خاوەنی نەسریەیەكی بێشومارو راگەیاندنێكی فرەجۆربێت،كەچی بەچەنددێڕێك ئاوا قەڵس وتووڕە ببێت وبیەوێت هەرچ قسەیەكیش پێشتر كرابێت بەسەرئەو گەنجەدا ساغیبكەنەوە؟ ئەبێت لقی 12بیانەوێت لە دادگا چی بەرنەوە؟ راستی یان دۆسیەكە؟ئەی بۆ دادگا؟ لەم ماوەیەدا ئەندامێكی تریشیان دژی رۆژنامەنوسێكی تر سكاڵای تۆماركرد،ئایا ئەم پەنابردنە بەردادگا مۆدێلێكە بۆپیشاندانی عەقلیەتی نوێ یان مانۆرێكی بەشی یاسایی لقەكەیە؟باشە نەدەكرا ئەم خۆ بەپاكوبێگەرد زانینە لەرێی بەشی رۆشنبیری لقەكەوە بەچەند دێرێك پیشانبدرایە،لەبری رەحمەتی دادگا.
ئایا برادەرانی لقی 12 لەبیریاندایە،كە بردنەوەی شەرێك مانای بردنەوەی جەنگەكەنیە،لەم وڵاتەو بەتایبەتیش لە هەڵەبجەدا بردنەوەی دۆسیەی دادگا مانای بردنەوەی راستی نی یە.چونكە راستی شتێكەوە بڕیاری حاكمیش شتێكی تر.
كمالی سەید قادر بە بڕیاری حاكمێك 30ساڵ زیندانی بەبڕیاری حاكمێكی تر ئازاد كرا.
برادەرانی لق رەنگەبتوانن بیسەلمێنن كە هەموویان خاوەنی راستەوخۆی ئەو تۆمەتانەنین كە ناسیح باسی كردووە،چەندین كەسی دڵسۆزیشیان تیادایە،بەڵام ئایا بەبردنەوەی دادگا ئەتوانن هەندێك هەڵەی مێژووی كە پارتی وەك حزبێكی كوردی كە لە كاتی خۆیدا كردویەتی،لە بیری خەڵك بەرنەوە.
من بروام بەوە هەیە مرۆڤەكان بۆسەندنەوەی مافی خۆیان پەنابەرنە بەردادگا،بەڵام دەبێت سكاڵاكار بزانێت خۆی كێ یە؟دژی كێ؟ لەسەر چی؟ئینجا دەیەوێت چی بەرێتەوە؟
خەڵكی هەڵەبجە چاوەڕوانی گەورەتری هەبوو بۆ پارتی نەك ئەوەی هەموو لقەكە سەرقاڵی ئەوەبن بزانن پیاوی چاكن یان ناچاك.دەبوو لقی 12 لەبری ئەم سكاڵایە كێبڕكێی ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەی بكردایە،لە بری خۆخەریككردن بەشتەبچوكەكانەوە بیزانیایە بەو نەسریەزۆر وبارەگانوێیە پڕخەرجیەوە چەند دەنگی بۆپارتەكەی زیادكردووە،چەند توانیویەتی لە رێی تواناكانیەوە ئەوەی یەكێتی بۆشارەكەی نەكردووە ئەو بیكات،ئەوەی ئیسلامیەكان جەماوەری پێ كۆدەكەنەوە ئەم زیاتر بكات،لق دەبێت بزانێت تاچەند جێدەستی بەسەر رەوتی رۆشنبیری شارەكەوە دیارە.ئەمانە ئەركی گەورەی ئەو حزبەن،چونكە بە خزمەت كردن ئەتوانین وەڵامی رەخنەكان بدەینەوە نەك بە ئیمزایەكی حاكم،بە چاكەكانمان تۆمەتەكان بە درۆ دەخەینەوە نەك بە كاغەزی دادگا،ئەوەش مێژووە بڕیار بەسەر ناوبانگی مرۆڤەكاندا دەدات نەك حاكم.
دواجار دەڵێم پیاوی گەورە ئەوەیەگرفتی گەورە بچوك دەكاتەوە وپیاوی بچوكیش ئەوەیەگرفتی بچوك گەورە دەكات،هیوادارم بەرپرسانی لق لە جۆری یەكەمیان بن و بیریان نەچێت سەركەوتن لە گەلەكۆمەدا ئازایەتی نیە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست