كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستان راگەیاندرا
Tuesday, 19/07/2011, 12:00
كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستان ئەمرۆ سێشەممە لەهۆڵى ئۆتێل چوارچراى شارى هەولێر لەكۆنگرەیەكى رۆژنامەنوسیدا راگەیاندرا.
لەكۆنگرەیەكى رۆژنامەوانید پێشنیوەرۆى ئەمرۆ سێشەممە بەئامادەبوونى ژمارەیەك لەئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستان راگەیاندرا.
لەسەرەتاى كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا هونەرمەند شوان عەتوف كەیەكێكە لەدامەزرێنەرانى كۆمەڵەكە بەیاننامەى ژمارە یەكى كۆمەڵەكەى خوێندەوە كەتیایدا هاتبوو" بە هۆى گرنگى و كاریگەرى هونەرى مودێرنى سینەما لە كایە جۆراوجۆرەكانى ژیانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و كارتێكردنى گەورەى لە سەر رەوشى سیاسی جیهاندا، دامەزراندنى كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستانتان پێ ڕادەگەیێنین، تاكو نوێنەرایەتى زۆرینەى سینەماكارانى كوردستان لە سەر ئاستى تێكڕاى كوردستان و جیهان بكات".
هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە " كۆمەڵەكە، كۆمەڵەیەكى سەربەخۆى ناحكومیە و بە نووسراوى ژمارە 29843 ى رێكەوتى 22/12/2010 مۆڵەتى لایەنى پەیوەندیدارى وەرگرتووە، تاكو هەوڵ بدات بۆ كۆكردنەوەى سینەماكارانى كوردستان".
بەپێى بەیاننامەكە ئامانجى كۆمەڵەكە بریتییە لە بایەخدان بە هونەرى سینەما و بوارى فیلمسازى" بە هۆى پێگەى سینەما كە ئامرازێكى كاریگەرە لە خزمەتكردنى پرسە مێژووییەكانى گەلى كوردستان و، هەروەها بە مەبەستى داكۆكى كردن لە مافەكانى سینەماكاران وەكو سەرمایەكى پڕ بەهاى مرۆڤى".
لەبەیاننامەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەى كە دواى "تاوتوێ كردنێكى زۆرى ئەم چەند مانگەى رابردوومان بۆ رەوشەكە و، دواى چەندین كۆبوونەوەى ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر لە شارە جیاكانى كوردستان و، راوێژ لە گەڵ پسپۆرانى خۆماڵى و بیانى و، دواى پڕ كردنەوەى فۆرمى بە ئەندام بوون بۆ دەیان كادیرى ئەم بوارەوە، وەكو ئەركێكى مێژوویى و ئاكارى بە پێویست زانرا ئەم هەڵوێستەمان رابگەیێنین".
دواتر حەسەن عەلى سەرۆكى كۆمەڵەكە گرنگى كۆمەڵەكەى بۆ رۆژنامەنوسان رونكردەوەو رایگەیاند كە دامەزراندنى ئەم كۆمەڵەیە گرنگى خۆى هەیە بۆ پەرەپێدانى بوارى سینەما لەهەرێمى كوردستانداو وتى"ئەم كۆمەڵەیە هەوڵ ئەدات زۆرینەى سینەماكارانى كوردستان لەخۆ بگرێتو كار بكات بۆ بەدەستهێنانى سیستەمێكى سینەمایى هاوچەرخو ئەوەش ببێتە بونیادێك بۆ كاركردنى زیاترى سینەماكارانى كوردستان".
دواتر هەر یەك لەفەرزین كەریم وتەبێژى كۆمەڵەكەو شوان عەتووفو حەسەن عەلى وەڵامى پرسیارەكانى رۆژنامەنوسانیان دایەوە.
ئەمەى خوارەوە دەقى بەیاننامەى ژمارە یەكى كۆمەڵەكەیە
بەیاننامەى ژمارە (1) ى كۆمەلەى سینەماكارانى كوردستان
هونەرمەند و چین و توێژو كۆمەڵانى خەڵكى هونەردۆستى كوردستان...
بە هۆى گرنگى و كاریگەرى هونەرى مودێرنى سینەما لە كایە جۆراوجۆرەكانى ژیانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و كارتێكردنى گەورەى لە سەر رەوشى سیاسی جیهاندا، دامەزراندنى كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستانتان پێ ڕادەگەیێنین، تاكو نوێنەرایەتى زۆرینەى سینەماكارانى كوردستان لە سەر ئاستى تێكڕاى كوردستان و جیهان بكات.
كۆمەڵەكە، كۆمەڵەیەكى سەربەخۆى ناحكومیە و بە نووسراوى ژمارە 29843 ى رێكەوتى 22/12/2010 مۆڵەتى لایەنى پەیوەندیدارى وەرگرتووە، تاكو هەوڵ بدات بۆ كۆكردنەوەى سینەماكارانى كوردستان، بە ئامانجى بایەخدان بە هونەرى سینەما و بوارى فیلمسازى، بە هۆى پێگەى سینەما كە ئامرازێكى كاریگەرە لە خزمەتكردنى پرسە مێژووییەكانى گەلى كوردستان و، هەروەها بە مەبەستى داكۆكى كردن لە مافەكانى سینەماكاران وەكو سەرمایەكى پڕ بەهاى مرۆڤى. بۆیەشە دواى تاوتوێ كردنێكى زۆرى ئەم چەند مانگەى رابردوومان بۆ رەوشەكە و، دواى چەندین كۆبوونەوەى ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر لە شارە جیاكانى كوردستان و، راوێژ لە گەڵ پسپۆرانى خۆماڵى و بیانى و، دواى پڕ كردنەوەى فۆرمى بە ئەندام بوون بۆ دەیان كادیرى ئەم بوارەوە، وەكو ئەركێكى مێژوویى و ئاكارى بە پێویست زانرا ئەم هەڵوێستەمان رابگەیێنین.
ئەم كۆمەڵەیە لە كاتێكدا بەم ئەركە مێژوییە هەڵدەستێت كە وێڕاى هەنگاوە جیدییەكانى فیلمسازانى كوردستان لە شوێنە جیاكانى جیهان، لە بە جیهانیكردنى پترى پرسە رەواكانى گەلەكەى و رەنگدانەوەیەكى زۆر گەورەى ئەم هەنگاوانە لە سەر ئاستى جیهاندا، بەڵام بە داخەوە بە هۆى زاڵبوونى بیروكراسیەت و نەبوونى رۆشنبیرى سینەمایى و بوونى سیستەمێك كە لە گەڵ راستى و باروودۆخى هەنووكەیى بوارى فیلمسازى ناگونجێت، كۆمەڵێك گیرو گرفت هاتوونەتە بەردەم ئەم هەنگاوە نەتەوەیى وستراتیجیكیانەوە.
بۆیەشە دەیەوێت رەوشێكى لە بارتر بۆ بوارى فیلمسازى بخوڵقنێت و، هاوكاریى ئەرێنیى دامودەزگاكانى پەیوەندیدار بەم پرسانە بكات و، هەوڵ بدات بۆ ئەوەى لە داهاتووشدا خەمخۆرانە، بە دروست كردنى سیستەمێكى گونجاو، زۆرترین بەرپرسیارەتى پەیوەست بە بوارى سینەما و فیلمسازى لە ئەستۆى خۆى بگرێت.
ئەم كۆمەڵەیە، لە پاڵ ئەوەى وەكو ئامرازێكى جیهانى دەڕوانێتە سینەما و، دەخوازێت پردێكى پتەوتر لە گەڵ سینەماى جیهانى دروست بكات، لە هەمانكاتیشدا چونكە سینەما كۆكەرەوەى تێكڕاى لقە هونەرى و وێژەیى و رۆشنبیرییەكانیشە، لە سەر ئاستى ناوخۆى كوردستانیش بە هۆكارێكى پەروەردەیشى دەزانێت ، بۆیەشە پەرەپێدانى كلتور و فەرهەنگى سینەمایى و دروستكردن و چاودێریكردنى هۆلى مۆدێرن و، خوڵقاندنى پەیوەندییەكى روحى لە نێوان خەڵك و سینەما، بە كوڵەكەى كارە بنەڕەتیەكانى دەزانێت.
كەواتە، بە هۆى رۆڵى سینەما لە هەموو كایە و لایەنە سیاسى و كۆمەڵایەتى و پەروەردەیى و رۆشنبیرى و ...تاد، ئەم كۆمەڵەیە نەك تەنیا هى هەموو سینەماكار و فیلمسازانى كوردستانە، لە هەمانكاتیشدا هەموو تاكێكى دڵسۆزى كۆمەڵگاى كوردستانیش دەتوانێت خۆى تێدا بدۆزێتەوە و خۆى بە ئەندامى بزانێت، بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوازێكى ئاكادیمى و بە كردنەوەى تەواوى دەرگاكانى دیالۆگ و خستەنەڕووى هەموو ئامانج و ستراجیەت و پرسە ماڵى و كارگێڕییەكانەوە، دەمانەوێت ئەو پەڕى شەفافیەت دروست بكەین تاكو ئامانجەكانى كۆمەڵە بێتەدى ، تا دواتر لە هەمبەر هەر هەڵوێست وەرگرتنێك لە پێشهات و رووداوەكانى پەیوەست بە ئەم بوارەوە، هەموو خەڵكى كوردستان پاڵپشتى لێبكات.
لە گەڵ رێزماندا.. دەستەى دامەزرێتەرى كۆمەڵەى سینەماكارانى كوردستان
19/7/2011
بۆ پەیوەندى كردن، نووسینگەكانى:
1- هەولێر 009647504541385
2- سلیمانى 009647705033505
3- دهۆك 009647504576458
4- كەركوك 096475032658680
یان ئیمێلى:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست