مەلا عومەرى حەمەى ئایش: كەسێكیان بەناوى سەردار عەبدوڵا لەجێگەى من كاندید كرد
Monday, 04/02/2013, 12:00
دیدارى :رایەڵ
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رایەڵ دا ، مەلا عومەرى حەمەى ئایش هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى گۆڕان، باسلەوەدەكات بڕیاربووە ئەو كاندید بكرێت بۆ پەرلەمانى عێراق ، بەڵام دواتر كەسێكیان بەناوى سەردار عەبدوڵا خستووەتە جێگەكەى.
ناوبراو ئاماژەبەوەش دەكات رێگەیان پێنەداوە خۆى بۆ سكرتێرى مەكۆى كەلارى بزووتنەوەكەى كاندید بكات دەڵَێت" دەستى خێرم هەبووە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و ئەنجامى هەڵبژاردنەكەشم پێقەبوڵ بوو، بەڵام ئەگەر رێگەیان پێبدایەم بەباشم زانى خۆم كاندید بكەم بۆ سكرتێرى مەكۆى كەلار.
رایەڵ: كاتێك باس لەبوونى كوتلە و كوتلەكارى دەكرێت لەناو مەكۆى كەلارى گۆڕاندا كوتلەكان بەكوتلەى مەحمودى شێخ وەهاب و كوتلەى مەلا عومەرى حەمەى ئایش ناودەبڕێت، كاتێك ئەمە دەبیستیت هەست بەچى دەكەیت؟
مەلا عومەر: پێموایە بوونى كوتلە و كوتلەكارى لەناو گۆڕان تەنها بەناو بووە ئەگینا ناوەڕۆكى نەبووە، بۆیە جارێك دەوترێت كوتلەى مەحمود و مەلا عومەر و جارێك دەوترێت كوتلەى گەنج و پیر و هەردووكى بە راست نازانم، لەناو گۆڕاندا كوتلە و كوتلەكارى نەبووە بەڵكو دوو ئاراستەى جیاواز هەبووە بۆ كاركردن، ئاراستەیەكیان پاشخانى كۆنى ناو یەكێتى پێوە دیارە و ئاراستەكەى تر سەردەمیانە بیرى كردووەتەوە تا ئایندەى گۆڕان لەمرۆى یەكێتى و پارتیدا وێنا نەبێتەوە.
رایەڵ: تۆ لەگەڵ كام ئاراستەیانى؟
مەلا عومەر: لەگەڵ ئەو ئاراستەیەم كە دەیەوێت جۆرێكى تر و فۆرمێكى تر لەسیاسەت كردن لەناو حزبى سیاسى كوردیدا بەرجەستە بێت بەتایبەت لەناو گۆڕاندا ، تا نەخەڵك فریو بدەین و نەدرۆیش بكەین لەگەڵ خۆمان دا.
رایەڵ: تۆ باس لەوەدەكەیت دژى ئاراستەى یەكەمیت كەئاراستەى سەركردە كۆنەكانى یەكێتییە، بەڵام تۆ پێشتر یەكێتى بوویت، ئایا بەرژەوەندى وایلێنەكردوویت كە بچیتە پاڵ ئاراستەى دووەم؟
مەلا عومەر: بەدرێژایى مێژوو بەرژەوەندى تایبەتى خۆمم نەدیووە و هەمیشە قوربانى بەرژەوەندى گشتى بووم ، برادەرانى ناو یەكێتى ئێستا و ئەوانەى ئێستاش ناو گۆرانن ئەم شاهیدیەم بۆ دەدەن كە ئەو شوناسەم پێبەخشراوە كەسێكى موزەحیم.
رایەڵ: تۆ خۆت بەقوربانیدەر دەزانیت، بەڵام دەوترێت لەناو گۆڕان دا زۆر هەوڵى بەدەست هێنانى پۆستت داوە؟
مەلا عومەر: تەنها جارێك بەفەرمى پێموتراوە بۆ ئەوەى كاندید بكرێم بۆ پەرلەمانى عێراق لەلایەن كەسێكى سەركردایەتى ئێستاى گۆڕانەوە، ئەوانیتر هیچى راست نین كەدەوترێت.
رایەڵ:ئەو سەركردەیە كێبوو داواى لێكردى كاندیدت بكات؟
مەلا عومەر:جەلال جەوهەر بوو.
رایەڵ:جەلال جەوهەر بۆ نەیتوانى كاندیدت بكات بۆ پەرلەمانى عێراق؟
مەلا عومەر: ناكرێت ورد و درشتى مەسەلەكان باسبكرێت ، پێشتر بەڵێن بەكەسێك درابوو بەناوى سەردار عەبدوڵا بەهۆى هەندێك ئیعتیبارات كە بۆ پەرلەمانى كوردستان دانەنرابوو، بۆیە ئەویان لەجێى من دانا.
رایەڵ: واتە سەردار عەبدوڵا جێى بەتۆ لەق كرد؟
مەلا عومەر: كەسایەتى خۆم لەپۆست دا نابینم بەڵكو لەتواناى خۆمدا دەیبینم.
رایەڵ: بڕیاربوو خۆت بۆ سكرتێرى مەكۆى كەلار كاندید بكەى، بەڵام دواتر كشایتەوە بۆ؟
مەلا عومەر:پێشتر زۆر هەوڵدرا تا هەڵبژاردن بكرێت لەكەلار، بەڵام سەركەوتوو نەبوون ، كۆى هەڵسوڕاوانى گۆڕان شایەتن كەمن زەمینەسازى باشم كرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەپێناو ئەوەى هەر چۆن و بەهەر نرخێك بێت تەنها ئەو نەنگەیەمان لەسەرشان لاچێت كەدووساڵە نەتوانراوە هەڵبژاردن بكرێت ، دەستى خێرم هەبووە بۆئەنجامدانى هەڵبژاردن و ئەنجامى هەڵبژاردنەكەشم پێقەبوڵ بوو، بەڵام ئەگەر رێگەیان پێبدایەم بەباشم زانى خۆم كاندید بكەم بۆ سكرتێرى مەكۆى كەلار .
رایەڵ : كێ رێگرى كرد لە خۆ كاندید كردنت؟
مەلا عومەر: ئەو رێگریە كۆمەڵێك هۆكارى لەپشتەوەبوو لەئەنجامى كاڵ فامى و هەڵە تێگەیشتن لەمن گوایە سەرپەرشتى باڵێك دەكەم یاخود تەكەتولێك دەكەم ، پێدەچێت ئەگەر هەڵە نەبم هەندێك خەڵك لەسەرەوە پێى قەبوڵ نەبووبێت.
بۆ بەرچاو شاردنەوەى خەڵكى خاوەن بیرى نوێ دەستى كەسێكیان گرت بەناوى كاوە محامى و بۆ ئەوەى رێگە بە من نەدرێت خۆم كاندید بكەم، رێگەیان بەوداو كارئاسانیان بۆكرد لەسەر بنەماى ئەوەى گەنجە و هێنایانە پێشەوە. بۆیە بڕیارمدا خۆم كاندید نەكەم پاش راوێژكردن بە خەڵكى خاوەن ئەزموون.
رایەڵ:ئەو خەڵكانە كێ بوون لەسەرەوە رێگریان لێكردى تا خۆت كاندید بكەى؟
مەلا عومەر: لەوانەیە من لەسەر گریمانە قسەم كردبێت، بەڵام بەپێى خوێندنەوەى خۆم ئەو عەقڵیەتەى دەیەوێت گوێ لەمشت و خەڵكانى خۆى بهێنێتە پێشەوە كەمتر رێگە دەدات بەكەسێك زیاتر سەربەخۆ و ئازادى خواز بێت تا بێتە پێشەوە.
رایەڵ: واتە تۆ خۆت بەئازادى خواز و ئەوانیتر بەپێچەوانەوە دەبینیت؟
مەلا عومەر: وا ناڵێم، پێموایە تەواوكەرى یەكترین و پێدەچێت ئێمە مانان جوانتر بیر بكەینەوە.
رایەل:ئێوەمانان كێن ؟
مەلا عومەر: بریتى نین لەگروپێك یان باڵێك بەڵكو بریتین لەو خەڵكانەى بەعەقڵیەتى نوێ و سەردەمیانە بیر دەكەینەوە.
رایەڵ:رەخنەیەك لەو خەڵكانە دەگیرێت كە تۆباسیان دەكەی بەوەى سەردەمیانە بیردەكەنەوە، كە زیاتر سەرقاڵى "قسەى زلن" و عەمەلى نین ؟
مەلا عومەر : تاحەدێكى باش ئەمە راستى تێدایە، چونكە ئەزموونیان نییە و سەبریان كەمە و پشوو درێژیش نین.
رایەڵ: سیاسەت خەڵكى ئەزمووندار و پشوو درێژى دەوێت ، پێتوانیە دوورخستنەوەى ئێوەمانان لەجێى خویدا بوو؟
مەلا عومەر: نەخێر ، بەڵكو دەكرێت لەپاڵ ئەوەدا ئەزمووندار و پشووشیان دریژەكان دەستى خەڵكى تر بگرن تا خزمەتى زیاتر بەبزووتنەوەكە بكەن ، نەك كۆسپیان لەبەردەمدا دروست بكەن.
رایەڵ: وەكو خۆت ئاماژە بە دەستەواژەى"ئیمەمانان كرد"پێشتر، ئێوە كە سەنگەرتان لەپشوو درێژەكان گرتبوو ، ئیتر چۆن داواى دەست گرتنیان لێدەكەن؟
مەلا عومەر: پێموانیە سەنگەر گیرابێت لەهیچ كەسێك ، سەنگەر گرتن بۆ دوو ئایدۆلۆژیاو دوو حیزبى جیاوازە ئەگەر هەبێت ئەگینا ئێمە لەیەك حزبداین ، هەرچەندە بزووتنەوەى گۆڕان هیچ ئایدۆلۆژیایەكى نییە و پەرچەكردارە بۆیە لەبەر رۆشنایى ئەمە پێناچێت وابێت ، دیارە نەمانتوانیوە یەكترى جوان بخوێنینەوە هەڵبەت بڕێك ترس و گومان و دڵەڕاوكێ هەبووە.
رایەڵ:روونیبكەرەوە بزووتنەوەى گۆڕان چۆن كردار نەبووە و پەرچە كرداربووە؟
مەلا عومەر : بزووتنەوەى گۆڕان لەدەرئەنجامى گۆمە مەنگەكەى كوردستان كە نزیكەى بیست ساڵە چەقى بەستووە هاتە كایەوە ، ئەویش تواناى كەسێكى تیابوو بەناوى نەوشیروان مستەفا و جگە لەو كەسیتر نەیدەتوانى گۆمە مەنگەكە بشڵەقێنێت ، بۆیە هەموو چین و توێژەكانى كۆمەڵگە لەم بزووتنەوەیەدا كۆبوونەوە. بۆیە دەڵێم ئایدۆلۆژیاى نییە، چونكە بۆكەس روون نەبووەتەوە گۆڕان چەپە یان دیموكراتە یان لیبراڵە یان رادیكالە.
رایەڵ: دواپرسیارمان ئەوەیە هەست بەنیگەڕانى تۆ دەكرێت لەگۆڕان ، ئایا برادەرانى یەكێتى ئەم نیگەرانیەى تۆیان نەقۆستووەتەوە و داوایان لێنەكردوویت بگەرێیتەوە؟
مەلا عومەر: برادەرانى یەكێتى بەخەونیش نایبینن من بگەڕێمەوە نەك داوا كردن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست