ئایا لڤین نێچیرەڤان دەناسێت، یان دەیناسێت و خەڵکی فریو دەدات!؟
Wednesday, 14/03/2012, 12:00
هێمن باقر، کە جێگری سەرنووسەری گۆڤاری لڤینە، بە ناونیشانی(
ئەو کارەی نەدەبوو نێچیرەڤان پێی رازیی بوایە) کورتە نووسینێکی بڵاوکردۆتەوە، ئەمەی منیش وەڵامە لەسەر قسەکانی ئەو.
کارەسات تەنها تەنها ئەوە نییە، ئێمە سەرکردەی خائین و ناپاک، بەرپرسی دز و پیاوکوژ و مافیامان هەیە و وڵات بەڕێوە دەبەن. کارەسات ئەوەش نییە، ئێمە خوێنەوارمان نییە و ئاگاداریی سیاسەت و ئابووری و تەکنیک و دنیای دەرەوە نیین، بەڵکو کارەسات لەوەشدایە کە زۆربەی خوێنەوار و نووسەر و رۆژنامەنووسەکانیشمان، لەو نەخوێنەوارانە کڵۆڵتر و داماوترن، کاتێک دێن هەڵسەنگاندن بۆ پیاوەکانی دەسەڵات دەکەن، هەرچەندە من لەگەڵ کەسانی نەخوێنەواری وادا قسەم کردووە، بینیومە، لە زۆربەی نووسەر و رۆژنامەنووسەکان وشیارتر و بەویژدانترن و تێدەگەیستنیان بۆ پاشەڕۆژ هەیە و پێش روودانی کارەساتەکان پێشبینی دەکەن، زیرەکتر و عاقلانە لیکدانەوەیان هەیە! دەڵێن ماسی تەنها بۆ یەک دەقیقە بیرکردنەوەی لە جێی خۆیدایەتیی، واتە دوای دەقیقەیەک ئەوەی لە رابردوودا رووی دابێت لە بیری دەچێتەوە، بۆیە زوو دەبێت بە تەڵەی تۆڕەوە و دەگیرێت، نازانم خوێنەوار، یان نەخوێنەوارەکانمان کامیان عەقڵی ماسییان هەیە؟
زۆر جار هەندێک لە "نووسەر ڕۆژنامەنوسان" بە قسەی بریقەدار یان رەفتاری بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی فریو دەخۆن، بێئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کۆی رەفتار و ماهیەتی سیاسیی و پێشینەی پەیمان و وتەکانیان بکات یان سەیری نووسین و هەواڵ داگرتنەکانی میدیاکانی خۆیان بکەن، یەکسەر لە بۆنەیەکی تردا ئەوانە لە خەڵکی دەکەنە فریشتە ئەگەر بەشێکی ئەم رەفتارە، بە بەرنامە داڕیژراو بێت واتا سیاسەتی ماڵپەر یان رٶژنامەکە بێت، ئەوا بەشێکیشی لە نەخوێندەواری سیاسی یان لەهەلپەرستییەوە سەرچاوەی گرتووە. بەنمونە ئەو هەواڵەی ڕۆژنامەی روداو دایدەرێژێت بە ئاراستەی قازانجی (پارتی، نێچیر) دەروات و دەیەوێت بەخوێنەران بناسێنێ . بەلام بە پێچەوانەوە ئەوەی کوردستانپۆست بڵاوی دەکاتەوە ئەوا بەئاراستەی ریسوا کردنی (پارتی ونێچێر) دەیبات، ئەمەش ماهیەتی مالپەر و ڕٶژنامەکان دەردەخات، زوو دەزانرێت ئیتر کامیان سەر بە بەرەی گەلە، کامەش سەر بەدەسەلات و لە ژێرەوە خۆی فرۆشتووە، ئیتر با دروشمی بریقەدار لەسەر ماڵپەرەکانیان بنووسن یان سوێند و قورئان بخون کە کەسانی سەربەخۆن!
تالەبانی لە سالی ٩٢ تاکو ئێستا ٢٣ جار پەیمانی دا، وەک یەکێتی چاکسازی دەکات، کەچی هەموو جارێک دەردەکەوێت، کە قسەی رووتە و دەچیتە گیرفانی ئەم نووسەر و رۆژنامەنووسانەوە، چونکە قسەکان، بە چەند دۆلارێک رووتووش دەکرێت! بەلام لەگەڵ ئەو قسە و پەیمانانەی تالەبانی ساڵ بە ساڵ یەکێتی زیاتر نقومی گەندەڵی و بەمافیایی پوکانەوە دەبێت. پارتی و بنەماڵەی بارزانیش نمونەی خەڵکی چەواشەکاریان زۆرە و خاوەنی قسەی بریقەداری زۆرن، کە هەرگیز شەرمیان لە درۆ نەکردووە، ئەوەندە بێشەرمیان کردووە بەشی رۆژنامەنووس و نووسەرەکانیشیان لێداوە، بەڵام لە پراکتیدا بەردەوام بە پێچەوانەکەی ئەوەی دەیڵێن و وتوویانە ڕەفتار دەکەن . لێرەدا قسەی من لەسەر ئەو نووسەرە دەبل مٶرال یان هەلپەرستانە نییە کە بەپێی پێدانی نرخی پارە، بەشان و باڵی بەرپرس و لێپرسراوەکانی دەسەڵاتدا هەڵدەدەن، بەڵکو قسە و رەخنەی من لەوە دایە، کە چۆن دەکرێت میدیای ئەهلی و نووسەرە ئۆپۆزیسیۆنەکان رۆژانە تاوان و پێشیلکاریی و مافیابوونی ئەو دوو بنەمالڵیە دەبینن، کەچی بە شێوەیەکی تر بە خەڵکی دەناسینن، کەچی لە پڕیکا لە شێوەی داڕشتنی هەواڵێکدا، یان لە لێکدنەوەیەکی سیاسییدا دەکەونە خزمەت قسە و گفتێکی چەواشەکاریانەی بارزانی و تالەبانی و مناڵە سیاسیەکانیانەوە؟ نمونەکان زۆرن هێندە زۆرن، من لە حاڵی حازردا و لە هەگبەکەمدا چەند نموونەیەکم لە یادە!
لە گەرمەی بەناو چاکسازییەکانی ساڵی رابردووی بارزانی، بە داخەوە بەرێز د. فائیق گوڵپی فریودراو کەوتە نێو داوی ئەو هەڵەیەوە، کاتێک لە رۆژنامەی روداودا وتی "بارزانی جدیە لە چاکسازی" کەچی ئەوا دەبینن دوای ١١ مانگ لە پڕۆژەکەی کۆمەڵێک شتی گشتی بێ سزادان و بوونی ناوی ئەو هەموو جۆرە تاوانانەی باسیان کردوە بۆچەواشەی خەڵک بڵاوکردۆتەوە؟ هاوکات لە گەرمەی بەناو چیرۆک هەڵبەستراوەکانی پاراستنیش، کە ها بارزانی بە سەیارەیەکی تاکسی و لەشەودا خۆی کردۆتە بازارێک، دائیرەیەک، (ئەحمەد میرە) سەرنووسەری لڤین لە نووسینیکی وەک ڕۆژنامەنووسێک، وتی با بوار بدەینە بارزانی چاکسازییەکەی بکات. ئێمە نەمانزانی کاک ئەحمەد میرە مەبەستی لە بوار چەند ساڵ بوو؟ ئایا ٢١ ساڵ چەندەی بوارەکەی کاک ئەحمەد میرەیە، تا بە مەسعود بارزانی بدرێت؟! بۆیە لێرەدا دەبینین ئەم دوو لێکدانەوەیە هەرگیز لەگەڵ نووسین و هەڵوێستە جوان و بویرانەکانی ئەم دوو نووسەرەدا یەک ناگرێتەوە، بەڵکو دەتوانم بڵێم هەرچییەک لە رابردوودا و لە ئیستادا دەیکەن هەمووی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەو جۆرە هەڵویست و قسانە، دەچێتە خانەیەکی کەسایەتییەوە، کاتی زۆری دەوێت تا بڕوا و متمانە دروست دەبێتەوە! ئەرکی ئیمە ئەوەیە کە ئەم جۆرە سیناریۆ و چەواشەکاریانەی ئەو دوو بنەماڵەیە بەخەلک بگەینین، کە ٢١ی ساڵە بەو شێوەیە کۆمەڵگای کوردی چەواشە دەکەن کات دەکوژن تا درێژە بە تاوانەکانیان بدەن.
لە چەند ڕۆی رابردودا هیمن باقر، کە جێگری سەرنوسەری گۆڤاری لڤینە و لە بابەتێکی ماڵپەرەکە دەڵێت نەدەبوایە نێچیرڤان بارزانی رازیبوایە بەدانانەوەی هەمیشە وەزیری ناوخۆ کەریم سنجاری و بە ناو وەزیری پێشمەرگە شیخ جەعفەر، چونکە ئەوانە ڕۆلی خراپیان لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات بینیوە؟
سەرەتا لە کاک هێمن دەپرسم بەرێز تۆ چۆن لە نێچیرڤان گەیشتویت؟ سەیرە تۆش وەک یەکێک لە سەرنووسەرەکانی ڕۆژنامەی رۆژنامە (ئاودێر شیخ عومەر)، کە پێی وابوو نیچیر مۆدێلێکی جیایە و لە چاو بنەماڵەی بارزانی کەوتبووە بەشان هەڵدانی نیچیر، کارەساتەکەش لەوەدابوو سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی دەکرد؟ زۆر لە ئەرشیفی نووسەر و لە سەر ئەو بابەتە گەڕام نەمدۆزیەوە، پێدەچێت لە شەرمانا لای بردبێت؟ یان وەک پێشکەشکاریی بەرنامەی زمانی ژمارەکانی کەناڵی KNN (عەلی ساڵح) لە هەموو ئەلقەیەکی بەرنامەکەی، دنیایەک ناپاکیی و بەمافیابوونی نێچیرەکانمان نیشان دەدات، بەڵام کاتێک نێچیرڤان دێتە گردەکە و بەرامبەری دەوەستێ لە خۆشیانا دەمی دەگاتە ئاسمان تا وێنەیەک و تەوقەیەکی لەگەلدا بکات! لە کاتێکدا هەر ئەو نێچیرە لەکاتی دەسەڵاتیدا مافیابوونی خۆی و هاوڕێکانی گەیاندە لوتکە و زۆرینەی ئەو ژمارە تاوانانەی ئەو باسی دەکات نێچێرەکان و لە ڕێگای وەزیری سامانە سرووشتیەکانی دەیبەن و بردوویانە، ئاخر ڕۆژنامەنووس و کەسی ئازادیخواز هەقە هەرگیز تەوقەی خۆشیی لەگەل نێچیرەکاندا نەکات، چونکە هاوشیوەی سەدام شیعری ماچی پەشیویان لەمەودوا پێ دەوترێت؟
کاکی جیگری سەرنووسەری گۆڤاری لڤین، تۆ زۆر نەخوێندەوارانە لە نێچیر گەیشتویت، بچۆ سەر شەرەکانی ناوخۆ، کاتی دەسەڵاتی نێچیر، یان سەرکوتکردنی هەوڵەکانی خۆپیشاندان لە هەولێر لە ١٧ شوبات، براکەم ئەو نێچیرە لە شوێنی مام و خەزوری بریاری سەرکوت و ئەشکەنجەی گەنجانی دەدا، هەرخۆتان دەیان هەواڵتان لەم بارەوە بڵاوکردەوە؟ بۆیە کەریم سنجاری و شیخ جەعفەر مناڵی سیاسی بەردەستی تالەبانی و نێچیر و بارزانین، بێ پرس و تەلەفۆنی ئەوان مەحالە توانیبێتان کاری لەم شێوە بکەن و چیتر ئەو تاوانبارانە جوان مەکەن، چۆنکە خۆتان ناشرین دەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست