کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قادر عەزیز بەردەوام گرفتی لەگەڵ مەسعود بارزانی دا هەبووە

Wednesday, 25/02/2015, 12:00


ئەوەی رۆژێك لە حزبی زەحمەتكێشان بوبێت، باش دەزانێت كە زەحمەتكێشانی ئەو كات و، ئایندەی ئێستاش هەمیشە لەسەر سیاسەت و میزاجی كاك قادر عەزیز بەند بووە وهیچ رۆژێك ئەو حزبە لە سەر رێبازێكی سیاسی حزبی تایبەت دوور لە بۆچونی تاكەكەسی شەخسی یەكەم ، نەرۆیشتووە . من خودی خۆم وەك كادرێكی ئەو ساڵانەی ئەو حزبە، تا رادەیەك ئاگاداری چۆنێتی بەرێوەچونی سیاسەت و پەیوەندیەكانی ئەو حزبە بووم، لە زۆرێك لە وردەكاریەكانی كاروباری پەیوەندی ئەو حزبە هەندێك زانیاریم هەبوو . ئەوەی راستی بێت، زۆرێك لە مەكتەب سیاسیەكان هەمیشە گلەیی و گازاندەی ئەوەیان هەبوو كە قادر عەزیز لە قسەو باس و لیداونەكانی پشت بە بۆچون و میزاج و بەرژەوەندی شەخسی خۆی دەبەستێت و بە هیچ شێوەیەك بەرژەوەندیەكانی حزبەكەی لەبەرچاو ناگرێت، تەنانەت لە سەردانە هەستیارەكان بەتەنها دەرۆیشت بێ ئەوەی یەك مەكتەب سیاسی لەگەڵ خۆیدا ببات، بە تایبەتی بۆ لای مام جەلال و سەركردایەتی پارتی، بۆیە ئەندام مەكتەب سیاسیەكان بەردەوام رەخنە و قیرەقیریان لەسەر ئەوە هەبوو، تەنانەت رۆژێك بەڵێن عەبدوڵا كە ئەو كات ئەندامی مەكتەب سیاسی زەحمەتكێشان و شەخسی دووەم لە ململانێدا بوو لەگەڵ دوكتۆر سەردار لەسەر جێگرەوەی سكرتێری حزب، لە سەردانێكیان بۆ لای یەكێك لە حزبەكان، دوای گەرانەوەیان، لە لای ئێمە وەك كۆمەڵێك كادری نێو حزبەكە، گازندەی ئەوەی دەكرد كە كاك قادر چەند قسەی نابەجێی لەوێدا كردووە و، بەڵكو هیچ بوارێكی بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە لە روانگەی بەرژەوەندی حزبەكە گوفتار دەربرن و رەفتار بكەن، ئەمەش زۆر راست بوو، چونكو هەموو مەكتەب سیاسیەكان پشت راستیان كردەوە . تەنانەت كاك قادر لە هەڵوێستە هەستیار و زۆر گەروەكاندا جگە لە خۆی هیچ حسابێكی بۆ كۆی بۆچونی سەركردایەتی حزبەكە نەدەكرد . هەمیشە گیروگرفتی نێوان زەحمەتكێشان و حزبەكانی تر بە گرفتی نێوان خۆی و شەخسی یەكەمی ئەو حزبانە لەقەڵەم دەدا .
ئێستا كە هەمووان دەزانین، ئەو جیابونەوەی لە زەحمەتكێشان روویدا و دوو حزبی لێكەوتەوە، كە كاك قادر لە چاوی مەسعود بارزانی و حزبەكەی دەیزانی و بە پیلانی ئەوانی لەقەڵەم دەدا، كەچی خەڵكی تریش لەسەر لێدوانە زۆر و هەرەمەكیەكانی ئەوی لەقەڵەم دەدەن، ئێستا دێت و دەڵێت هیچ گرفتێكم لەگەڵ مەسعود بەرزانی دا نەبووە، دیارە بەم قسەیەی، هەم غەدر لە مێژووی ئەو حزبە و هەمیش لە كادر و ئەندامانی ئەو حزبە دەكات و ئەو هەڵوێستانەش كە مایەی شانازی بوون بۆ زەحمەتكیِشان بە دوو لێدوان و رەفتاری لەم جۆرە دەسرێتەوە .
لەم كاتەدا كە قەیرانی ئابووری و شەری داعش بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنی دەسەڵات، بەرپرسی یەكەمە لەم قەیرانە ئابووری و سیاسیە گەورەیەدا، چ وەك حزب یان دسەڵاتی یەكەمی هەرێم . لەو روانگەوە هەرچی لە قازانجی بێت بۆ راستكردنەوەی باری لاری خۆی دەیكات و بە تەكتیكیش بێت لەم كاتەدا دەیەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەمووان چاك بكاتەوە، لەوێشدا لەهەنگاوی یەكەمیدا، دەیەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ حزبی ئایندەی كاك قادردا ئاسایی بكاتەوە، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە بەم هەنگاوەی، پارتی؛ دەیەوێت پەیامێك بۆ حزبی زەحمەتكێشانەكەی كاك بەڵێن بنێرێت، كە بۆتان نیە بیر لە چونە نێو حزبێكی دیكە بكەنەوە و لە ئاستی ئێوە حزبەكەی كاك قادر حازر بەدەستە بۆ جێگرەوەتان و دەیەوێت: لەو دەنگۆیانە خۆیان ساغ بكەنەوە كە زۆرینەی زەحمەتكێشان نیازی چونە ناو حزبێكی تری هەیە نەك پارتی . بەم رەفتارەی پارتی ئەوە دەخاتە روو كە ئەگەر ئەو پرۆسەیەی زەحمەتكێشان روو بدات، ئەوە زەحمەتكێشان بەردەوام دەبێت . بۆیە پارتی لەم بەینەدا دوو چۆلەكە بە بەردێك دەكوژێت .
لای خۆشیەوە، بۆ كاك قادر فرسەتە، كە لە گۆشەگیری دەربچێت و لەم پەیوەندیەی لەگەڵ پارتی دووبارە بێتەوە نێو ساحەكە، ئەگینا نەك كاك قادر گرفتی لەگەڵ كاك مەسعودا هەبووە بەڵكو بەردەوام گرفتی حزبی زەحمەتكێشان هۆكارەكەی كاك قادر بووە كە لەگەڵ سەركردەی حزبەكانی تر دروستی كردون و هەر لێدوان و هەڵوێست و قسەكانی ئەو بوون بە هۆكاری تیكچونی پەیوەندیەكانی زەحمەتكێشان لە گەڵ لایەنەكانی تر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە