کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیكەرێك بۆ كوردناس (ئیسماعیل بێشكچی) دروست بكەن

Wednesday, 18/08/2010, 12:00




(ئەگەر 8 هەشت ملیۆن كورد لە ئەستەنبوڵ بژین ئەوێی پێ نابێتە كوردستان، بەڵام ئەگەر هەكاری یەك كوردیشی لێ نەبێت هەر كوردستانە، چونكە مەسەلەی كورد پەیوەندی بە خاك و خاكەكەیەوە هەیە) ئیسماعیل بێشكچی- ماڵپەڕی گوزارشت.
كوردناس و پرۆفیسۆری تورك (ئیسماعیل بێشكچی)، ئەو مرۆڤەی كە هەموو ژیانی خۆی بۆ پرسی كورد لە باكووری كوردستان تەرخان كردووە.
بیشكچی لە هەڕەتی لاویدا لەكاتێكدا لە نێوان ساڵانی 1962-1964 لە ناوچەكانی بەدلیس و هەكاری ئەركی سەربازی ئەنجام دەدا، بەچاوی خۆی گەلێكی دیكەی بینی دەوڵەت بە كوردە چیاییەكان ناویان دەبات، كەچی ئەوان نە توركن و نە زمانەكەیشیان توركییە، بەڵكو ئەوانە كوردن، ئیدی لەوكاتەوە بێشكچی كەڵكەڵەی ناسین و داكۆكی كردن لە ناسنامەو زێدی كوردان دەبێتە خولیاو ئەندێشەو لە مێشكی دەرناچێ.
ساڵی 1967 دكتۆرانامەكەی لەسەر رێكخستنی كۆمەڵایەتیی یەكێك لەو خێڵە رەوەندانەی كە لە زستاندا لەناوچەی سلیڤانی نیشتەجێ دەبن و لە هاوینیشدا روو لە چیای نەمرود وسوڤان دەكەن، پێشكەش بە زانكۆی ئەتاتورك لە ئەنقەرە كرد، كە بەهۆیەوە خوێندنەكەی لەدەستداو راپێچی زیندان كرا. لەو كاتەوە تا ئێستا ئیسماعیل بێشكچی بە تۆمەتی هاوكاریكردن و نزیكیی لە جوداخواز و ئەوانەى هەوڵی لەبەریەك ترازاندنی یەكێتیی وڵات دەدەن، زیاتر لە (150) ساڵ سزای زیندانی دراوەو (17) ساڵی تەمەنی لە زیندانەكانی رژێمی توركیا بەسەربردووە، تەنها لەبەرئەوەی داكۆكی لە كوردان كردووە.
بێشكچی خاوەنی (36) كتێبو توێژینەوەی ئەكادیمی و زانستی و كۆمەڵایەتی و مێژووییە لەسەر كورد. یەكێك لە گرنگترین كتێبەكانی (كوردستان كۆڵۆنیالییەكی نێودەوڵەتی) كە زۆر وردو زیرەكانە دۆزی رەوای كورد دەخاتەڕوو. لە كۆى سەرجەم نووسین و كتێبەكانی (32) كتێب و توێژینەوەی لە توركیا قەدەغەن.
ئەوەی زۆر گرنگیشە ئەوەیە كە بێشكچی لەسەردەستی تێكڕای رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی توركیاوە زیندانی كراوە، تەنها تاوانیشی نووسینەكانی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ بووە.
ئێمەی كورد كە ئێستا لە باشووری كوردستاندا خاوەنی نیمچە سەربەخۆییەكین، پەرلەمان و حكومەتی خۆمان هەیە، هەقوایەو پێویستە وەكو رێزلێنانێك بۆ ئەم مرۆڤە كوردناس و خەمخۆرە كە هێندەی سەركردەیەكی كورد خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمانی كردووەو سەرسەختانەش لەو پێناوەدا جەنگاوەو ئازارو ئەشكەنجەو سووكایەتیی زیندانەكانی بینیوە، كەچی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ كۆڵی نەداوەو خەمخۆرانە لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی داكۆكیدایە لە كورد، بەمەش هەقی خۆیەتی پەیكەرێكی شایستە بە نووسین و توێژینەوە گرانبەهاكانی بۆ دروست بكرێت و لە هەولێری پایتەخت و لە چەقی شارو شوێنێكی شایستەدا دابنرێت و هەر خۆیشی پەردەی لەسەر لابدات. مرۆڤێكی غەیرە كورد، هێندە شەیدای دۆزى رەوای كوردو خەڵك و خاكەكەی بێت، ئەی بۆچی ئێمەی كورد، پەیكەرێكی پێ شایستە نەبینین؟
هیوادارم نووسەران و رۆشنبیران و خەمخۆران، ئەوانەی لە واتاو مەبەستی ئەم نووسینەم دەگەن، بەنووسین پشتگیری ئەم داوایە بكەن، بەڵكو رۆژێك دێت و دەبێتە ئەمری واقیع و بێشكچی مامۆستاو ئەكادیمی بەر لە مردنی بەچاوی خۆی ئەو رێزە ببینێت كە كورد لێیدەنێت و رەنج بەخەسار نەبووە. خۆزگە ئەو رۆژەمان بەچاوی خۆمان دەبینی.. خۆزگە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە