دواجار "مام"یش قسه‌ی‌ كرد!

Saturday, 21/08/2010, 12:00


له‌م گۆشه‌ به‌رته‌سكه‌دا، ده‌مه‌وێت به‌ كورتی‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك دیوی‌ بۆچونه‌كانی‌ به‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانی‌، كه‌ له‌ دوا‌وتووێژیدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوسدا كردیان، بكه‌م.
زه‌برو زه‌نگ یا دادگا
به‌ڕێزیان پێیوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شێوه‌یه‌كی‌ شارستانی‌ پێشان بده‌ین ده‌بێت له‌بری‌ زه‌بروزه‌نگ‌و كوشت‌و كوشتار، په‌نا بۆ یاسا ببه‌ین. له‌ راستیدا ماوه‌یه‌كه‌ به‌رپرسانی‌ كورد كار له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌رامبه‌ر هه‌ر قسه‌و ره‌خنه‌و نوسینێك كه‌ به‌ دڵیان نه‌بێت، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ په‌نا بردنه‌ به‌ردادگاكان ده‌كه‌ن، گوایه‌ ئه‌مه‌ كارێكی‌ شارستانی‌و سه‌رده‌میانه‌یه‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ چالاكوانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نیش ده‌ست خۆشی‌ ئه‌م شێوازه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌ هه‌نگاوێكی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌‌وه‌سف ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌‌وایه‌؟‌واته‌ تێگه‌شتنه‌ له‌ ئه‌رك‌و رۆڵی‌ یاسا له‌ كۆمه‌ڵگادا‌وه‌یا هه‌ڵبژاردنێكی‌ ناچارانه‌یه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ره‌كانی‌ تر بواری‌ جێبه‌جیكردنیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ماوه‌؟ به‌رپرسانی‌ كورد پاش كۆنترۆڵێكی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ هه‌مو بواره‌كانی‌ ژیان له‌هه‌رێمدا‌و سیخناخكردنی‌ هه‌مو ده‌زگاكانی‌‌وڵات به‌ كادر‌و گوێڕایه‌ڵی‌ حیزبیی‌،‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ یاسا كۆنه‌ به‌سه‌رچوه‌كانی‌ حكومه‌ته‌ شمولیه‌ دیكتاتۆره‌كان، ئێستا بۆ هه‌ر كه‌یسێك، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ په‌نا بردنه‌ به‌ر دادگا‌و یاسا ده‌كه‌ن.

له‌‌وڵاته‌ دیموكراسیه‌كاندا په‌نا بردن بۆ یاسا‌وه‌ك كارێكی‌ ئاسایی‌‌و رێزگرتن له‌ حه‌قیقه‌ت پێشان ده‌درێت، ته‌نها له‌م چه‌شنه‌‌وڵاتانه‌دا نه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌‌وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن باس له‌ یاسا ده‌كرێت، دیاره‌ ئه‌م ماسته‌ش بێموو نیه‌و جۆرێك له‌ دڵنیایی‌ له‌م هه‌نگاوه‌دا هه‌یه‌. به‌تایبه‌ت كار بگاته‌ ترساندنی‌ ئه‌و چه‌ند ده‌نگه‌ ده‌گمه‌نه‌ كه‌ خۆیان لێره‌و له‌وێش ‌وه‌ك نمونه‌یه‌ك بۆ دیموكراسیبونی‌ هه‌رێم‌و دڵگه‌وره‌یی‌ خۆیان به‌كاری‌ دێنن، ئه‌وا ئیتر ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌نگاوێكی‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ خنكاندنی‌ یاسا‌و عه‌داله‌ت‌و راستی‌ به‌ناوی‌ خودی‌ یاساوه‌.

به‌ڵام سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش، مام، چاوه‌ڕێی‌ دادگا ناكات‌و حوكمی‌ ره‌های‌ خۆی‌ ده‌دات‌و هیچ گومانێكی‌ له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ به‌ فیتی‌ دوژمن ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌ لایه‌ن ناحه‌زانی‌ كورده‌وه‌ ته‌مویل ده‌كرێن!

كێشه‌ی‌ ئه‌م سه‌ركردانه‌، له‌وه‌دا نیه‌ قانعی فه‌رد درۆی‌ فه‌رمووه‌و لڤین هه‌ڵه‌ی‌ كردوه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بوون‌و مانه‌وه‌و شه‌رعیه‌تی‌ خۆیان له‌ رابردودا بدۆزنه‌وه‌، ئه‌وان كه‌ ته‌نگه‌تاو ده‌كرێن‌و به‌ زۆری‌ زۆردار په‌لاماری‌ قاچیان ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێنه‌ سه‌ر زه‌وی‌‌و باس له‌ سه‌روه‌ریه‌كانی‌ ئێستامان بۆ بكه‌ن، هه‌ر زوو په‌لاماری‌ مێژو‌و رابردوو ده‌ده‌ن‌و قه‌وانه‌ سواوه‌كه‌ی‌ ئاره‌ق رشتن‌و ماندو بون‌وشه‌ق له‌ به‌رده‌كانیان، لێده‌دنه‌وه‌. ئه‌وان تاكه‌ حه‌شارگه‌یان رابردو‌و پیرۆزیه‌كانی‌ رابردویانه‌، بۆیه‌ كاتێك كه‌سێك، رۆژنامه‌نوسێك، لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ك، ده‌یه‌وێت باس له‌و مێژوه‌ بكات‌و بیخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ئه‌وا ئیتر ئاسمان كون ده‌بێت‌و، كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و قه‌وانی‌ پیرۆزی‌‌و گه‌وره‌یی‌‌و مه‌عسومیه‌تی‌ سه‌ركرده‌كانمان لێده‌درێته‌وه‌.

مێژوی‌ رزگاری‌ یان كورد كوشتن؟
پێموابوو دوا كه‌س به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی‌ له‌ لڤیندا بڵاوكرانه‌وه‌ بێته‌‌وه‌ڵام، مام جه‌لاله‌. ئه‌و ده‌كرا باس له‌ په‌یوه‌ندی‌ خۆی‌‌و قانعیفه‌رد بكات، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ بگاته‌ ته‌خوین كردنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌و حه‌ڵاڵ كردنی‌ خوێنیان ‌وه‌ك نۆكه‌رو ده‌سته‌مۆی‌ بێگانه‌‌و دوژمنان، به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌‌و حه‌په‌سانه‌. به‌ڕێزیان باسی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ مێژوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاری‌ خوازی‌ كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاخۆ گه‌ر رۆژێك لێكۆڵه‌ره‌وه‌یكی‌ بێلایه‌ن ئه‌م مێژووه‌ بنوسێته‌وه‌و ته‌نها باس له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ مام‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ بكات له‌ نێوان ساڵانی‌ 1961 بۆ 2003، ده‌بێت چه‌ند ساڵ (كه‌ مه‌علومه‌ به‌ ژماره‌ی‌ په‌نجه‌كانی‌ یه‌ك ده‌ست ده‌ژمێردرێت) ته‌بایی‌ له‌ نێوان هه‌ردولادا هه‌بوبێت؟ ئاخر له‌م ‌وڵاته‌دا كێ‌ هه‌یه‌ به‌قه‌د جه‌نابی‌ مام: دژایه‌تی‌، شه‌ڕ،‌وتار، ره‌خنه‌، هێرش، هتد، به‌ جه‌نراڵ به‌رزانی‌‌و بنه‌ماڵه‌كه‌و نه‌وه‌كانی‌ كردبێت؟ له‌ ژێر فه‌رمانی‌ مامدا چه‌ند ته‌ن بڵاوكراوه‌ كه‌ لێوان لێون له‌ جنێوی‌ سیاسی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و زاتانه‌ كراوه‌و نوسراوه‌؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوی‌ كوردستان به‌ نمونه‌ بهێنینه‌وه‌، ده‌بێ‌ بپرسین له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كێ‌ ‌وڵات بوو به‌ مه‌یدانی‌ موهاته‌رات‌و یه‌كتر سڕینه‌وه‌، چه‌ند نه‌وه‌و رۆژنامه‌نووس‌و نوسه‌ر‌وسیاسی‌ به‌و روحیه‌ته‌وه‌ په‌روه‌رده‌ كران‌و پێگه‌یه‌ندران؟ هه‌زاران لاپه‌ڕه‌، سه‌دان هه‌زار گولله‌،‌وێرانكردن‌و به‌دناوكردن‌و له‌تكردنی‌ شۆڕشێك، هه‌زاران قوربانی‌ لاو كه‌ به‌ ئومێدی‌ سه‌ربه‌رزی‌ نیشتمان رویان له‌ شاخه‌كان ده‌كرد‌و له‌وێ‌ ده‌كرانه‌ قوربانی‌ سه‌روه‌ری‌ سه‌ركرده‌كان، ده‌یان ساڵی‌ یه‌كتر قه‌تڵو عام كردن، شه‌ڕی‌ ‌وڵات ئه‌تك كردن، ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌وساو ئێستاماندا بوو یان به‌ فیتی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ ئازاو ئازاده‌كان؟ كێ‌ له‌و مێژوه‌ پڕ له‌ تاوان‌وشه‌رمه‌زاریه‌ به‌رپرسیاره‌: ئه‌وان یا سه‌حافه‌ی‌ ئه‌هلی‌؟

ئێستا ئه‌و مێژووه‌ له‌ گوڵ كاڵتری‌ پێنه‌وترێت‌و به‌رامبه‌ر چاوپێكه‌وتنێك، گۆڤار‌و كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوسی‌ گه‌نجی‌ ئازا، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دادگایی‌ كردن‌و تۆمه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ دوژمنان‌و ناحه‌زانی‌ گه‌له‌كه‌مان بخرێته‌ پاڵیان،‌واته‌ به‌ تاوانی‌ خیانه‌ی‌ عوزما دادگایی‌ بكرێن‌و لێره‌و له‌وێ‌ خوێنیان حه‌ڵاڵ بكرێت، ئه‌مه‌ ئه‌و‌واقعه‌ پڕ له‌ مه‌سخه‌ره‌یه‌ی‌ هه‌رێمه‌و پێموایه‌ ئه‌مه‌و ته‌نها ئه‌مه‌ش ده‌بنه‌ نه‌نگی‌‌و ریسوایی‌ بۆ هه‌رێم‌و ئه‌زمه‌نه‌كه‌مان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە