بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئەردۆگان لە سۆماڵ بۆ برسی دەگری و لە كوردستان برسی دەكوژێ!

Saturday, 20/08/2011, 12:00







نەمدەویست هیچ بڵێم، بەڵام كاتێك بینیم ئەمڕۆ ئەردۆگان سەردانی سۆماڵی كردو هاوسۆزی خۆی بۆ ئەو گەلە مسوڵمانە ڕەشوڕوتە دەربڕی كەلەبرسا دەمرن، نەمتوانی ڕەخنە لەو سەركردە نەگرم كەهاوسۆزی بۆ گەلانی مسوڵمان لە فەلەستین و سۆماڵ دەدەبڕێ بەڵام هەمان كات فڕۆكەكانی حكومەتەكەی ئەو بۆردومانی گەلی مسوڵمانی كورد دەكات لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا!!
هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە دادو گەشەپێدان پارتێكی ئیسلامییە، بەڵام تاچەند پەیڕەوی كیتاب و سونەیە ئەوە باسێكی ترەو مەبەستی ئەم نوسینە نیە، گرنگ ئەوەیە زۆركات بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكانداو كاریگەریی دروستكردن لەسەر كۆمەڵگەیەكی وەك توركیا كە پەیڕەوی دەستورێكی عەلمانی دەكات جێی شانازی زۆر لایەنی ئیسلامی بووە بەجۆرێكە قسە لەسەر سود بینین لە ئەزمونی دادو گەشەپێدان دەكرێ بۆ ئەم دەڤەرەی خۆمان!
بەڵام ئەوەی هاوسۆزی كورد لەگەڵ دادو گەشەپێدان تێكدەدات مامەڵەی ئەم حزبە حوكمڕانەیە لەبەرامبەر دۆزی كورد لەو وڵاتەدا، ڕەنگە زۆرێك پێیان وابێ ئەوەی لەسەردەمی دادو گەشەپێدان بۆ كورد دەستەبەر كراوە لەسەردەمی ئەتاتوركەوە كەس ئەوەی نەكردووە، منیش پێم وایە دادو گەشە پێدان كرانەوەی بەڕوی دۆزی كوردا هەبوو بەڵام لەو ئاستەدا نەبوو كەكورد كوژی و لەشكركێشی سەربازی و زیندانیی كردن و ئەشكەنجە لەسەر كورد لەباكور هەڵگرێ و لەباشوریش واز لەتەدەخولی سەربازی بهێنێ.
گەلی كورد وەك مسوڵمان و سونە مەزهەب، وەك هەوبوونی دۆستایەتی لەنێوان دادو گەشەپێدان و چەندین لایەنی كوردی لەباشور، وەك ئەوەی كە دادو گەشە لەناوچە كوردییەكاندا دەنگی باشی كوردانی بەدەست هێناوە لەهەر سێ هەڵبژاردنەكەدا كە دادو گەشە تێیدا زۆرینەی بەدەستهێناوەو حكومەتی تەشكیل كردووە، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەدا كە عەسكەر لەتوركیا بەرەو هەڵوەرین دەچێ و دەسەڵاتی هێور هێور كەم دەكات و كودەتای سپی دادو گەشە سەردەكەوێ، ئا لەو كاتەدا كە كورد هیوای بەوە هەبوو لەسێیەم سەرۆكایەتی كردنی دادو گەشەپێداندا دەستور دەگۆڕێ و مافی نەتەوەیی و كلتوری كورد هەنگاوی گەورە دەبڕێ، ئالەو كاتەدا كوردی باكور دۆخی بەرەو خراپتر دەڕواو جارێكی ترو لەم مانگی ڕەمەزانە پیرۆزەدا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دێنەوە سەر گوند نیشینەكانی ئێمەو بۆردومانمان دەكەن، وەك چۆن ئێران بەهەمان بیانو بۆردومانمان دەكات و تاكو ئێستە (2) هاوڵاتی شەهید بوون و (14) هاوڵاتی تر بریندار بوون و نزیكەی (20) گوند ئاوارە بوون و هەزاران دۆنم ڕەزو باخی خەڵكی هەژار سوتاوەو مەڕو ماڵاتیان فەوتاوە.
مافی خۆمانە وەك گەلێكی مسوڵمان لەئەردۆگان بپرسین لەكاتێكدا كە بانگەشەی دادپەروەری و ماف دەكەی بۆ ژیانی گەلانی تری مسوڵمان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەچی ڕێسایەك ماف بەخۆت دەدەی فڕۆكەكانت گوندو دێهات و ڕەزو باخ و ماڵ و ماڵاتی ئێمە بۆردومان بكات؟ مەگەر ئێمە وەك تۆ مسوڵمان نین؟ وەك فەلەستینیەكان مسوڵمان نین؟ وەك سۆماڵیەكان مسوڵمان نین؟ بەڵكو لەوانیش زوڵملێكراو ترین چونكە ئەو گەلانە هیچ نەبێت خاوەنی كیان و دەوڵەتی خۆیانن، ئەوە ئێمەین دەوڵەتمان بەخۆوە نەدیوەو خاكەكەشمان وەك میراتی لەنێوان 4 دەوڵەتدا دابەشكراوە، ئەوەی بۆ میلەتانی تری بەڕەوا دەبینین بۆ ئێمەشی بەڕەوا ببینن، ئەگەر نا بۆردومانمان مەكەن و خوێنمان مەڕێژن، ئەگەر تۆ بۆ گەلی برسی سۆماڵ دەگریت، ئەوا گەلی كوردیش برسی ئازادی و دادپەروەرییە، لەوە تێبگە فڕۆكەكانت ئەو گەلە مسوڵمانە بۆردومان دەكات.
هەرچەندە كە ئەم ڕەخنە دەگرم ئەوەم لەیاد نەكردووە كە بارزانی خۆی بەسەرۆكی ئەم هەرێم دەزانێ ئیدانەی تەقینەوەی بۆمبێك دەكات كە بەسوپای توركدا دەتەقێتەوە، بەڵام ئامادە نیە بە وشەیەكیش ئیدانەی ئەوە بكات شەوی پێشووتر چەندین فڕۆكەی تورك ئاسمانی كوردستانیان بەزاندووەو چەندین دێهاتیان بۆردومان كردووە! ئەوە لەیاد ناكرێ كە ئەردۆگان و بارزانی هەماهەنگن بۆ لەشكركێشی و بۆردومانی ناوچە سنوریەكان بەبیانوی بونی پارتی كرێكاران لەو ناوچانە وەك چۆن بەناوی حكومەتی هەرێمەوە لەتاران لەگەڵ ئێران ڕێكەوتوون تاكو ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوریەكان بكات بیەبیانوی بونی پەژاك لەو ناوچانە، سەیرە ئیدارەیەك كە خۆی بەحكومەتی خەڵكەكەی بزانێ لەگەڵ وڵاتێكی تر ڕێكەوتن ئیمزا بكات بۆ بۆردومان كردنی خاك و خەڵكەكەی خۆی!! لەوە سەیرتر ئەوەیە كە لەسنور ئێران و توركیا كورد دەكوژن ئیدارەی كوردی قسە ناكات، بەڵام لەجەلەولاو سەعدیە كورد دەكوژرێ هێزی چەكدار ڕەوانە دەكەن! بەمەرجێ خۆیان خاوەنی سەرۆكی ئەم وڵاتەن، لەحكومەتدا هەن، لەپەرلەمانن، لەسوپای عێراقدان!!
بۆیە گلەیی لەئەردۆگان و ئەحمەدی نەژاد دەخەینە پاش ڕەخنە لە تاڵەبانی و بارزانی!
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە