لە پەراوێزى كۆبونەوەكەى كاك نەوشیروان و مام جەلالدا :ڕێكەوتننامەى ستراتیژى و گەڕاندنەوەى دەستور
Wednesday, 26/09/2012, 12:00
ئەگەر لە قۆناغێكدا ڕێكەوتننامەى ستراتیژى باشتر بوبێ لە شەڕى ناوخۆ ئەوا بۆ خۆى ئێستە كۆمەڵگاى كوردى گەشتوتە قۆناغێك كە پێویستە سستمێكى تر بكرێتە بناغەیەكى دەستورى بۆ ئەوەى پەرە بە بزاوتەكان و ململانێكان بدات و لەگەڵ گۆڕانى ناوچە و پێگەیشتنى نەوەیەكى نوێ بگونجێ كە ئەم ڕێكەوتننامەیە نەیتوانى خۆى نوێ بكاتەوە و ببێتە جێى ممتمانەى گشتى بە دیوێكى تردا ئێستە لەسایەى ئەم ڕێكەوتنەوە دنیایەك ڕەخنە و بێ متمانەیى هەیە بەرامبەر بە بەرهەمەكانى ئەم ڕێكەوتنە كە حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانى نێوان پارتى و یەكێتى كە هەر كابینەو دنیایەك دروشمى قەبەى بەرزكردوەتەوە كەچى بە پێچەوانەوە تا دێ گەندەڵى و حوكمى خێڵ زیاتر دەبێ و حیزب زۆر گەورەترە لە یاسا و حكومەت كە دەكرێ بە بەرهەمى ڕێكەوتننامەى ستراتیژى ناو ببرێت كە ناڕەزایەتیەكان گەیشتونەتە ئاستێك كە نامەیەكى ترسناك بداتە پارتى و یەكێتى كە سەردەمى ئەم جۆرە ڕێكەوتننامانە كۆتایى هاتوە ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێتى نەیتوانیوە شەریكە دەسەڵاتى پارتى بێت قورسایى خۆى لەدەست داوە ئەمەش لە ئەنجومەنى ئاسایشەوە بە ڕونى دەركەوت ئەم جگە لەوەى هەڕشەیەكى گەورەیە بۆ سەر ئەوەى پێ ى دەوترێت دیموكراتى و بە مەدەنى بونى هەرێم لەم نێوەندەدا دەستور كە ئێستە سەرۆكایەتیە دەكەوێتە كوێ ى ئەم ڕێكەوتنە وە دەكرێ بپرسین ئایا ئەم سستمى سەرۆكایەتیە بە پێ ى ڕێكەوتنامەى ستراتیژى بووە ...؟ خۆ ئەگەر وا بێت ئەوا بۆ خۆى یەكێتى بەردەوام لەبەردەم فاوڵێكى گەورەدایە بۆیە دەبێت هەموو هێزەكان دەرك بەوە بكەن ئێستە قۆناغێكى نۆى دروست بوە هەمویان لەبەردەم حوكمى بونیات نانى سستمێكن كە بتوانێت ببێتە هۆى بەرهەمهێنانى كۆمەڵگایەكى مۆدێرن كە ئەویش سستمى پەرلەمانیە واتا گۆڕینى ئەم سستمى سەرۆكایەتیە بە سستمى پەرلەمانى كە هەموو بۆچونەكان بەو ئاراستەیە دەچن كە ئەم ڕێكەوتنە ئەگەر وەك كارى سەرەتایى بمێنى كارە گرنگەكانى لێبسێنرێتەوە و پلاتفۆرمێك هەبێت كە بتوانێت هەرێم بەرەو ئاراستەیەكى گونجاوتر بۆ سستمێك كە بتوانێت دامەزراوەیى بێت و تاك هەست بە سەروەرى یاسا و ئەرك و مافى خۆى بكات و ململانێكان زیاتر بكرێت و سندوقەكانى دەنگدان دیارىكەرى ئەو پڕۆژانە بن كە دەسەڵات وەردەگرێت و دەستاو دەستكردنى دەسەڵات ببێتە نەریتێكى هەمیشەیى خۆ ئەگەر یەكێتى تا ئێستا قبوڵى بوبێت سستمى سەرۆكایەتى پەسەند بكات ئەوا ناتوانێت لەگەڵ ئەم قۆناغى نوێیەدا نوێ بێتەوە كە لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەرێم گواستراوەتەوە بۆ قۆناغێكى تر .
كۆبونەوەكەى كاك نەوشیروان و مام جەلال ئەگەر چى بۆ خۆى هیوا بەخش بوو بەوەى كە بتوانن دەنگەكانیان یەك بخەن و دەستور بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان هەموار بكرێتەوە بەوەى لە سستمى سەرۆكایەتیەوە بكرێتە پەرلەمانى ... بەڵام دەكرێت بپرسین ئەگەر یەكێتى ئەمەى كرد ئایا چى كاریگەریەكى دەبێت لەسەر ڕێكەوتننامەى ستراتیژى وە ئایا پارتى پەسەندى دەكات یەكێتى دەنگ بەو پڕۆژەیە بدات كە ئۆپۆزسیۆن داوایان كردوە ..؟ بە پێ ى چاوپێكەوتنەكەى كاك نەوشیروان و مام جەڵال بێت دەبێت ئەم كارە بكرێت ئەگەر چى یەكێتى بۆ خۆى داواى پێداچونەوە بە ڕێكەوتننامەى ستراتیژى دەكات خۆ ئەگەر گرنگى ئەم ڕێكەنتنامەیە كەم كرێتەوە كار بە بەرنامەیەكى تر بكرێت ئەوا بۆ خۆى دەبێتە مایەى دروست بونى سستمێكى نوێ كە دەسەڵاتێكى تەندروست و حكومەتێكى ئەكتیڤ و ئۆپۆزسیۆنێكى كارا و چاوەكانى چاودێرى فراوانتر بكرێت ئەو كات باشترین پڕۆژە و كردار دەبێتە جێ ى متمانەى تاك دەنگى پێویست دەهێنى دەستاو دەستكردنى دەسەڵاتیش دەبێتە كلتورێكى باش ..بەڵام با بپرسین ئایا یەكێتى دەتوانێت ئەمە بكات كە ئێستا تۆپەكە لە قاچى یەكێتیدایە تا چ ئاستێك دەتوانێت هەڵگرى بەرپرسیاریەتیەكى گەورە بێت بۆ ئەم قۆناغە هەرچەندە لەسەر ئاستى گشتى چاوەڕێ ى كردارن (وەك كاك نەوشیروان وتى) بەڵام هاوڵاَتى زۆر كەم باوەڕى بە یەكێتى ماوە ئەكرێت چاوەڕێ ى زەمەن بین بزانین چى دەگوزەرێ و هەگبەكەى یەكێتى و مام جەلال چى تێدایە كە ئێستە لە بەردەم چاوەڕوانى خەڵك و بەرپرسیاریەتى مێژودان .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست