کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


خوێندكارانى تواناسازى لە فەرەنسا گەندەڵیەكانى خوێندنى باڵا ئاشكرادەكەن

Saturday, 24/11/2012, 12:00



لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەى سێ سەرۆكایەتییەكەى هەرێمى كوردستان و داواكارى گشتیان كردووە خوێندكارانى تواناسازى لە فەڕەنسا گەندەڵیەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى كوردستان دەخەنە روو. ئەمەیش بۆ چەندین جارە خوێندكارانى فەرەنسا كێشەكانیان دەخەنە بەردەست لێپرسراوانى خوێندنى باڵاى هەرێمى كوردستان و لێپرسراوە باڵاكانى هەرێم بەڵام تا ئێستا یەك هەنگاویش نەنراوە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانیان. ئەمەى خوارەیش دەقى بەیاننامەكەیە.
دەقی بەیاننامەیی قوتابیانی تواناسازی فەرەنسا بۆ دەسەلاتدارە بێ خەمەكانی وەزارەتى خوێندنی بالای هەرێم..!
دوایین یاداشتنامەی خوێندكاران و قوتابیانی تواناسازی لە فەڕەنسا بۆ:
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان.
بەڕێزان:
ئێمە، ئەو ناوانەی كە لە خوارەوە واژوومان كردووە و ماوەی ساڵێكە هەموو خوێندنەكەمان بووەتە گازەندەكردن لە دەست خەمساردی و نابەرپرسیارێتی ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زۆر باش دەرك بەوە دەكەین كە لە ئێستادا كوردستان بە قەیرانێكی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێ و لە ڕووی رۆحی كوردبوون و هەستی نیشتمانییەوە هیچمان كەمتر نییە لەوانەی كە ئێستا لە سەنگەرەكانی بەرگریدان و ئێمەش سەرباری سەختی خوێندنەكەمان هەمیشە دڵمان لە كوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هیچ به ‌شەرمی نازانین كە لەم یاداشتەدا دوایین هەڵویستی خۆماناتن لەبارەی ئاریشە و گرفتەكانمانەوە پێ ڕابگەیەنین و تكاتان لێ بكەین كە بە جیدییەوە بیروڕاكانمان وەربگرن و لەوە زیاتر بێدەربایستی مەنوێنن بەرامبەر بە مافەكانمان، چونكە لە كۆتاییدا ئێمە بەرپرس نابین لە هەر كردەوەیەك كە پاش شاندنی ئەم یاداشتە ئەنجامی دەدەین.
لێرەدا بۆ دوایین جار ناچارین ئەم داوا و ڕوونكردنەوانە لەسەر بەرپرسانی بەرنامەی تواناسازی و گریبەستەكانیان و چۆنێتی باری گوزەرانمان لە فەڕەنسا بخەینە بەردەستان:
1. داواكارین وەزارەتی خوێندنی باڵا گرێبەستی خۆی لەگەڵ ڕێكخراوی كامپوس فڕانس هەڵبوەشێنێتەوە و هەر یەكێكمان سەربەست بكا لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و خوێندنمان لێرە، چونكە ئەم ڕێكخراوە و ڕیكخراوی (كنوس)ی پێشویش جگە لە كۆمەڵێك خەڵكی هەڵخەڵەتێنەر و نابەرپرس بەرامبەر بە حكومەتی هەرێم و ئێمە هیچی تر نەبوون، هەر لەسەرەتای هاتنمانەوە بۆ ئێرە جگە لە‌ دروستكردنی كێشە هیچ كارێكی تریان بۆ نەكردووین، بۆیە ئێمە‌ گومانمان لە ڕاستگۆیی وەزارەت و پەیوەندی بەرژەوەندیخوازی و ژێرەوانكێ هەیە لەگەڵ ئەم ڕێكخراوانەدا، ئەگینا بۆ تا ئێستا سەرباری بەجێنەهێنانی بەڵێنەكانیان هێشتا وەزارەت پەیوەندی لەگەڵیان ماوە و گرێبەستێكی پڕ لە كەموكوری لەگەڵ نوێ كردوونەتەوە؟ ئەم ڕێكخراوانە‌ هەر لە سەرەتاوە وایان زانیوە ئێمە كۆیلەی ئەوانین و حكومەتەكەشمان زۆر لەوە نەزانترە كە بە فرت و فێڵەكانی ئەمان بزانێ!
2. ئێمە ڕاستەوخۆ هەریەكە لە بەڕیوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی خویندنی باڵا: دكتۆر ئامانج، دكتۆر گۆڤەند و دكتۆر ماهیر و هەروەها خەمان خانی نوێنەری حكومەت لە فەڕەنسا بە بەرپرسی یەكەم دەزانین لە كێشەكانمان و بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی حكومەت و ئێمە و ڕای گشتی لە شاردنەوەی واقیعییەتی گرێبەستەكان و كێماسییەكانی، بۆیە زۆر بە ڕاشكاوی ڕای دەگەیەنین كە هەموو خەرجییانەی كە تا ئێستا بە ناهەق دراوە بە ملی ئێمە و ئەوانەش كە بەناچاری بەهۆی هەڵەی ئەم بەڕێزانەوە گەڕاونەتەوە كوردستان یان لێرە لەسەر شانی خۆیان درێژە بە خوێندنی زمان دەدەن، لە ئەستۆی ئەواندایە. ئاخر چۆن دەكرێ ئەو هەموو كەموكوڕییە لە پرۆسەی تواناسازیدا هەبێ و تا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەك بەرامبەر ئەو كەسانە نەكرابێ كە هەر كاتێ ئێمە كێشەیەكمان هەبووبێ ئەوان بۆ خۆ دەربازكردن و شانی خۆ لێ خاڵیكردنەوە سەفەری دەرەوەیان كردووە! ئێمە دەپرسین كام لەم بەڕێزانە ئامادەن بۆ ماوەی دوو مانگ بەبێ موچە و ئیفاد لە شوێنەكانی خۆیان بمێننەوە و دەنگ هەڵنەبڕن؟! ئەی بۆ وەختێ ئێمە كە ئەوە بۆ چوار مانگ دەچێ پارەمان وەرنەگرتووە و خۆمان و كەسوكاریشمان خستووەتە ژێر قەرز داوای مافی خۆمان دەكەین ئەوان هەزار ڕاو و ڕێویمان بۆ دێننەوە و هەرجارەی لەژێر پاساوی شتێكدا بەجۆرێ دەمانخەڵەتێنن. ئایا وەزارەتێك كە دەسەڵاتی خەرجكردنی بڕی 55 ملیۆن دۆلاری هەبێت كە وەك لە ڕۆژی 22/11/2012 دا لە ماڵپەڕە فەرمییەكەیاندا باسی دەكەن، چۆن ناتوانێ كێشەی دارایی ئێمە چارەسەر بكات؟
3. بەهۆی ئەوەی لە 1/9/2012 پارەی مانگانەمان وەرنەگرتووە، هەموومان لە بارودۆخێكی دارایی دژواردا دەژین و كار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی كە كرێی خانووەكانمان پێ نادرێ و دەرمان دەكەن، چونكە چیتر ناتوانین قەرز لە كەسوكارمان بكەین ئەمە لە كاتێكدا كە وەزارەت بەپێی بڕیارێكی وەزارەت كە لە ڕۆژی (4/11/2012) لەسەر ماڵپەڕی وەزارەت بڵاو كراوەتەوە زۆر بێباكانە داوامان لێ دەكا ئەگەر نەمانتوانیوه قبوڵی زانكۆیەك پەیدا بكەین ئەوا بگەڕێینەوە! ئێمە بە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێین ئێوەیەك كە ماوەی 3 مانگ زیاترە ئێمەتان نانبڕاو كردووە و خۆتان نەتانتوانیوە ڕێكخراوەكانی كنوس و كامپوس فڕانس ناچار بكەن كە بەڵێنەكانیان ببەنە سەر، نازانن لە چی بارودۆخێكداین! ئایا پێمان ناڵێن چۆن پارەی بلیتی فڕۆكە پەیدا بكەین و تەسفیەی ئەو پارانە بكەین كە لێرە ‌قەرزاری خاوەن خانووەكانمانین؟ ئایا ئێوە دەتانەوێ باجی هەڵەی خۆتان هەروا بە ئاسانی بخەنە ئەستۆی ئێمە و بێ هیچ حسابكردنێك بۆ ساڵێكی ژیانمان‌ كە بەهۆی كەمتەرخەمی ئێوەوە بەفیڕۆ چوو بگەڕێینەوە سەر كام دەوام و ماڵ و حاڵ؟ لەكاتێكدا هەندێكمان بەر لە هاتنمان لە دەوامەكانمان فەسڵ كراوین و چەندێكیشمان ماڵەكانمان فرۆشتووە بۆ ڕۆژێكی ڕەشی وەك ئەمڕۆ؟ كارمان گەیشتووەتە ڕادەیەك كە ڕێكخراوێكی وەك (كاف) كە لێرە مانگانە بەشێك لە پارەی كرێ خانووەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە و ئێستا بەهۆی نەبوونی شوێن و قبوڵییەوە پێشنیاری ئەوەی بۆ هەندێكمان كردووە كە ئەگەر دەتانەوێ لە جیاتی پارە ئێمە دەتوانین خۆراكی مانگانەتان بۆ دابین بكەین! لە وەزارەت دەپرسین ئایا ئێمە بۆ سواڵكردن و ملكەچی هاتووینەتە ئێرە تا بەو جۆرە بەزەییان پێماندا بێتەوە و غرورمان بریندار بكەن؟ ئەمە بوو گرێبەستە گرنگەكەی ئێوه؟‌ كە ڕەنگە خراپترین و پڕكێماسیترین گرێبەست بووبێ لە مێژووی ئەم وڵاتەدا!
4. بەشێكمان خێزاندارین و بەهۆی دوولەتبوونی خێزانەكانمانەوە بۆ ماوەی ساڵێك كێشەمان بۆ دروست بووە چونكە لەمەشیاندا وەزارەت بەڵێنەكانی خۆیی نەبردووەتە سەر و نەیتوانیوە هیچ ئاسانكارییەكمان بۆ بكات بۆ هێنانی خێزانەكانمان بۆ ئێرە، لە كاتێكدا قوتابیانی وڵاتانی تر تەنانەت عەرەبەكانی ئێراقیش، زۆر بە ئاسانی دەتوانن هەر لە یەكەم ڕۆژی بورسەكەیانەوە خیزانەكانیان لەگەڵدا بێ. ئێمە زۆرباش دەزانین كە تا ئێستا وەزارەت ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵماندا و بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگەی لە هێنانی خێزانەكانمان گرتووە، تەنیا هۆی ڕاستەقینەش ئەوە بووە كە پارەیەكی كەمترمان بۆ خەرج بكرێ،

لە كۆتاییدا داواكارین كە بە زووترین كات و بەر لە داهاتنی پشووی سەری ساڵ لە فەڕەنسا كە ماوەی دوو هەفتە درێژە دەكێشێ، داواكارییەكانمان جێبەجێ بكرێ، ئەگینا ئیتر لەوە زیاتر ناتوانین چاوەڕێ بكەین و ناچارین لە وادەی چەند ڕۆژێكی كەم پاش بڵاوبوونەوەی ئەم یاداشتنامەیەوە دەست بەم كارانەی خوارەوە بكەین:
1. دەقی داواكارییەك بە زمانی فەڕەنسی دەدەینە پەرلەمان و وەزارەتی خوێندنی باڵای فەڕەنسا و ڕێكخراوەكانی بەرگریكردن لە خویندكارانی زانكۆ لە فەڕەنسا و هەموو ئەو غەدر و ناهەقییانەی تێدا تۆمار دەكەین كە تا ئێستا لەلایەن ڕێكخراوە فەڕەنسییەكانەوە لێمان كراوە.
2. مانگرتنێك لەبەردەم كامپوس فڕانس لە پاریس ڕێك دەخەین و هێندەی پێمان بكرێ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتەی لێ ئاگادار دەینەوە و ئەگەر گوێیان لێ نەگرتین ئەوا پەنا دەبەینە بەر بارەگای یەكێتی ئەوروپا لە فەڕەنسا و گازەندەنامەی خۆمانیان لە دەست وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكانی كنوس و كامپوس فڕانس پێ دەدەین.
3. ئەگەر هەر وەڵاممان وەرنەگرت ئەوا لە كۆتاییدا ناچارین هەموو شت و مەكەكانمان بگوازینەوە بەردەم نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە پاریس و لەوێدا دەست بە مانگرتنی درێژ بكەین.
ئەگەر ئەم كارانەش سەری نەگرت ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ كوردستان و داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكەین كە ناومان بردن و ئەو كاتەیش دەبێ وەزارەتی خوێندنی باڵا فاتیحەی مردن لەسەر تەرمی بەرنامەی تواناسازی لە فەڕەنسا بخوێنێ و دان بە هەڵەكانی خۆیاندا بنێن.

بەهیوای چارەسەركردنی گرفتەكانمان لە نزیكترین كاتدا

خوێندكاران و قوتابیانی تواناسازی لە فەڕەنسا
22/11/2012


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە