Credit card - بەشی دووەم
Sunday, 08/06/2014, 12:00
1810 بینراوە
کرێدت کارد لە ١٦ ژمارە پێك دێ و چەند جۆرێکی هەیە وەك(American express,visa,master card,discovery) و چەند جۆرێکی تر. لەسەر کاردەکە جگە لەو ١٦ ژمارەیە ناوی هەڵگرەکەی و ساڵ و مانگی بەسەرچوونی تیا بەدی ئەکرێ. لەپشتیەوە پشتێنەیەکی مووگناتیسی لەسەرە وەك قاوغە شقارتەی جاران ڕەنگی قاوەییەو هەروەها ٣ ژمارەش لەتەك شوێنی واژووی خاوەنەکەی بەدی ئەکرێ. ئەمە جگە لەوەی ژمارەی تەلەفونێکی لەسەرە لەکاتی دروست بوونی هەر کێشەیەك وەیان فەوتاندن و دزینی لەلایەن کەسێکەوە ئەتوانرێ لەبەکارهێنان بوەستێنرێ. وە ئەم کرێدت کاردانە لەزۆربەی ئەو ووڵاتانەی سیستمی ئابووری جێگیریان هەیە ئەتوانرێ بەکاربهێنرێ و پێوست بە بەکارهێنانی پارەی مفت (cash)ناکا. تا ئێرە بەکورتی ئەمە ئەو باسەیە لەسەر کرێدت کارد و ئەتوانین کۆتایی بەو باسە بێنین وبەچەند زانیاریەکی کورت توانیمان پێناسەی بکەین، بەڵام ئایا ئەوە مەبەستی ئەم باسەیە، وەیان ئێمە خوێنەری خۆمان ئەوەندە بە گێل و نەزان ئەزانین تا بێین باسی کرێدتی بۆ بکەین و وای دەرخەین کەوا ئەوان هیچ نازانن و بەم کورتە باسە فێری کرێدت کاردی بکەین؟! نەخێر، ئەوەی کە لەسەرەوە باسمان کرد شتێکی گەلێ ئاسانەو زۆربەی خەڵکی ئەیزانێ و شایەنی ئەوە نیە کاتی خۆمان و خوێنەری پێوە بفەوتێنین. ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لەم باسە دوو خاڵی گەلێ گرنگە،ئەوانیش:
یەکەم: بۆچی گرنگە هەر تاکێك لە ئێمە خاوەنی کرێدت کارد بین؟
دووەم: کاریگەری نزیك و دووری ئەم کاردە چۆنە؟
بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە پێم باشە لەئەزموونێکی خۆمەوە باس لە گرنگی و پڕبایەخی ئەم کاردە بکەم. وە باخوێنەر بزانێ کەوا ئەم کاردە وەیان هەر ناوێکی تری لێ ئەنێی چەند پێوست و گرنگە.
دوای ٣١ ئابی ١٩٩٦ و گەڕانەوەی سەدام بۆ هەولێر لەڕێگای مەسعود بارزانی و پارتیەوە کوردستان و سلێمانیم بەجێهێشت و ڕووم کردە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەو کات لەڕێکخراوی 4RS بەریتانی کارم ئەکرد وەك radio operator واتە بەکوردیەکەی خۆمان(عەدەد جیهاز). هەر لەگەڵ گەیشتنماندا بۆ ئێرە لەوولایەتی واشنتۆن ستەیت جێگیر بووین و درێژەمان بەژیان دا. تەنها دوای ٤٥ ڕۆژ لەگەیشتنمان دەستمان کرد بەکار.دیارە ماوەیەك ئەخایەنێ تا ناسنامەت بۆت ئەکرێ و ژمارەی نهێنی و تایبەت وەرئەگری تا بتوانی بە فەرمی ئیش بکەی، ئێتر هەر لەکاری(ماڵ پاكکردنەوە، کارکردن لە بەنزینخانە، بازاڕ و مۆڵەکان و ئوتێلەکان)و هەر کارێکی تر بۆمان ڕەخسابێ کردومانە و بژێوی خۆمان دابین کردوەو هەندێ جاریش یارمەتی کەسەکانی خۆمان داوە لەکوردستان. ڕەنگە ئەمە زۆربەی زۆرمانی گرتبێتەوە. وە هەموو ئەو کارەی کەئەمان کرد بە شێوەیەکی فەرمی باجمان لێداوەو هیچ جۆرە فێڵ و فەرەجێکمان تیا نەکردوە. هەر بۆیە لەسەرەتاوە ئەو کاتە بە ٦ دۆلار لەکاتژمێرێکدا کارمان کردوەو تا ڕاددەیەك بەرز بۆوە کەچوە نزیکەی ٢٠ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێك،بەتایبەتی دوای ئەوەی توانیم certificate لە A/C بەدەست بێنم کەلای خۆمان پێی ئەڵێن سپلیت. ئەمە کورتەی ژیانی کار و ئیش بوە لێرە وە ئەمەش بەچەندین نشێوی و ناخۆشی و کاتی زۆر و هەوڵدان بوە. لێرە کورد وەتەنی، کەس بە تڕێ نابێ بەکوڕێ.
هەر لەیەکەم ساتی کارکردنماندا چەندین جار لەڕێگەی پۆستەوە ڕۆژانە offerی ئەوەمان بەدەست ئەگەیشت کە ئەتوانن ببنە خاوەنی credit card. ئێمەش لەسەرەتادا ئەوەندە شارەزا نەبوین و ئەوەندەش نەمان ئەپەرژایە سەر ئەو جۆرە شتانە. پێمان وابوو تەنها ئەو پارەیەی لەکارەکانمان دەستمان ئەکەوێ و چنگمان لێی گیرببێ. ئێدی ئەیخەنینە بانك و دواتر لەڕێگای بانکەوە هەموو bill کانی لێ ئەدەین، وەك کرێی نیشتەجێبوون،تەلەفون،ئاوو کارەبا،کێبڵ. بەڵام چونکە خۆمان لەشتی تر نەئەدا ڕەنگە ئەو کات زۆر پێوستیمان بەو credit card نەبوبێ. دواتر و دوای ئەوەی کە کەوتینە سەر سەفەرکردن و کڕێنی هەندێ شت و مەکی وەك خانوو، ئوتومۆبیلی نوێ،ناوماڵ و شتی تر،پاشان زانیمان کەوا بەڕاستی پێوستیمان بەم جۆرە credit card هەیەو مەرجێکی پێوستە بۆ ئەوەی خۆتی لەگەڵدا ڕابهێنی.
ئەوەبوو چەند جارێك ئەو جۆرە لە credit card مان ڕەتکردەوە بە هەنجەتی ئەوەی پێوستە ساڵی ١٠٠ دۆلار بدەی تا بتدەنێ. تا دواتر وای لێهات بەبێ هیچ جۆرە annual fee توانیمان دەستمان بکەوێ و بەکاری بێنین.
باشی و خراپی credit card : بەرای من ئەوە تەنها شێوازی بەکارهێنان وشێوازی زانین و نەزانینە وا لەشتەکان ئەکا بەباشی دەرئەکەون وەیان بەخراپی. گەر بێتو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ هیچ پلانێك ئەم کاردە بەکار هێنرا ئەوا گەلێ بەخراپی و نێگەتیڤانە بەسەر خاوەنەکەیدا ئەشکێتەوە. لێرەدا باسی خراپ بەکارهێنان و مامەڵە پێکردن ئەکەین بەم card و با بزانین کەوا چۆن مرۆڤ تووشی نووشستی و ماڵ وێرانی ئەکا.
Credit card دوای ئەوە دێ کەوا تۆ بە ئاشکراو فەرمی کارت هەیەو باج ئەدەی. وە لەم ڕێگایەوە هەموو bill ت لەکاتی خۆیدا داوە. بۆیە ئەم مێژووە بۆت هەژمار ئەکرێ و بەو پێیە بانك لەڕێگای ئەو card وە بڕێك پارەت ئەداتێ بۆ ئەوەی بچێ شت و مەکی پێ بکڕی و دواتر لەشێوەی مانگانە و بڕ بڕ پارە بەکارهێنراوەکە بدەیتەوە. بۆ نمونە؛ ئۆتۆمۆبێلێك ئەکڕی و لەشیوەی(بڕ بڕ) واتە قست پارەکەی ئەدەیتەوە. با وای دابنێین کەوا نرخی دانراو لەسەر ئۆتۆمۆبێلەکە ٤٠ هەزار دۆلار بێ. بانك دێت و ئەو بڕە پارەیە ئەدا بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمۆبیلە بەمەرجی لە ٦% بۆ ماوەی ٧٢ مانگ و مانگانەی ٥٠٠ دۆلار. بۆ یەکێ کەوا ٣ تا ٤ هەزار دۆلاری لەمانگێکدا دەست بکەوێ ڕەنگە ئەو بڕە پارەیە زۆر کاریگەری لێنەکا. بۆیە ، بەکارهێنانی credit card لێرەدا شتێکی گەلێ باشە، ئەگەر چی تۆ کاتی دانەوەی نرخی ئۆتۆمۆبێلەکە ڕەنگە چەند هەزار دۆلارێکت وەك قازانج دابێ بە بانك، لێ ئەمە کارو مامەڵەی بزنس و بازرگانیەو کەس نیە بەخۆرایی ئەو پارەیەت پێبدا گەر سوو وەرنەگرێ.
کێشەکە لێرەوە دەست پێئەکا کاتێ سنووری خەرجیەکان لەڕێگای ئەم card وە گەلێ لە قەوارەی خۆی زیاتر ئەکا تا وای لێدێ هەموو مامەڵەکان و کڕێنەکان تەنها لەڕێگای ئەم card وە بێت و نەزانرێ بۆو بۆ چی مەبەستیك بەکار هاتوە. واتا کاتیك ئەوەی دەستت ئەکەوێ بەقەد ئەو قەرزانە نەبێ کەوا پێوستە سەری مانگان بدەیتەوە بە بانك. ئەو کات ئەکەویتە ژێر باری قەرز و هەرگیز واو هەرگیز پێی ڕاناگەیت بیان دەیتەوە. وە ئەمەش تەنها لەڕێگای نەزانی و بێ بەرنامەیی و بێ پلانیەوە ڕوو ئەدا، بەواتایەکی تر، خەتا لەخۆتە نەك لە credit card کە.
من (بەداخەوە)وەك تاکێکی بێسەرەوبەرو بێ بەرنامەو بێپلانی وەك میلەتی کورد بەباشی نەمزانی چۆن چۆن لە ناوەڕۆك و تێگەشتنی ئەم card بگەم و هەر وەك کوردی دۆ نەدیو بەکارم هێناو تا کار گەیشتە ئەوەی تا سەرو ئەژنۆم لەژێر قەرزی بانك و credit card بوو. وە کاتیك هەستم پێکرد ئێدی کار لەکار ترازابوو وەك ئەڵێن دەردەکە بە سەد حەکیم چارەسەر نەئەکرا. خۆشی بەم شێوەیە بوو؛ ئەو تێنەگەیشتنە بوو لەچۆنێتی بەکارهێنان و بڕی ئەو مانگانەی کەوەك پێوست ئەبوو بمدایەتەوە لەکاتی خۆیدا. یەکێ لەکێشەکان ئەوەیە کە هەموو دواکەوتنێك لەپێدان بڕێك لە fee ئەچێتە سەر نرخە سەرەتاییەکەو بەرزتر ئەبێتەوە، بۆیە کاتێ دێیتە سەر چۆنێتی دانەوەی ئەو هەموو bill ە و لەکاتی خۆیدا شتێکی گەلێ قورس و ئاڵۆزو دژوارە.
بەهەر حاڵ دوای ئەوەی کەوتمە ژێر باری قەرزی دانەوەی ٥٥ هەزار دۆلار لەکاتێکدا خۆم تەنها ٣ تا ٤ هەزار دۆلارێکم لەمانگێکدا دەست ئەکەوت کارێکی گەلێ ئەستەم بوو. لێرەدا بەکورتی ئاماژە بۆ قەرزەکان ئەدەم کەوا بریتی بوون لە قەرزی(ئۆتۆمۆبیل،ماتۆڕ،پارێزەر و چەندینی شتی تر) واتە بۆ ئەوەی بمتوانیبایە ژیانی ئاسایی بگوزەرێنم پێوستیم بە نزیکەی ٦ هەزار دۆلار ئەبوو. بۆیە ناچار دانم نا بەهەڵەکانی خۆم و خۆشم وەك کەسێکی دیارە نوشست خۆاردوو هەژمار کردوو هەستام بەوەی کەوا نابووتی خۆم ڕابگەیەنم.
ماویەتی