ئێستاش ئەوسایە
Thursday, 29/09/2011, 12:00
ئەو ئێستاش كە دەنگی فڕۆكە ئەبیستێ ،
لەجێدا دڵی خورپە دایدەگرێت و
پڕ دەداتە منداڵێكی سێ چوار ساڵە !
ئەو ئێستاش كە باڵای پۆلیسێ ئەبینێ ،
خەریكە زەندەقی بچێت و
چەند دەرگا لەسەرخۆی دائەخاو
دەخزێتە كونجوڕی ئەو ماڵە !
ئەو ئێستاش كە بۆنی میوەیەك
ـ بۆ وێنە كە بۆنی سێوێ دێ ـ
بە دەستێ بەتانی تەڕ ئەكاو
بەدەستێ منداڵێ هەڵئەگرێ و
نازانێ بەرەو كوێ ڕائەكا ؟!
ئەو ئێستاش خواردنی سێ ژەمەی هەرچی بێت
هەر تامی ڕەقەڵە سەمونی زیندانی ئەوسایە .
ئەو ئێستاش هەروایە ......
لەلای ئەو فڕۆكە هەر تەنیا
زمانی بۆردومان ئەزانێ و
پۆلیسیش پاڵەوانی لێدان و كوشتنە و
ئەو ئێستاش یەقینی وەهایە ؛
كەمیوە شوناسی یەكجاری كیمیایە !
ئەو ئێستاش بەغەیری زیندانی كولبەكەی ،
بەغەیری رەقەڵە كولێرەی سێ ژەمەی
نابینێ شوێنێ دی ،
نابینێ ژەمێ دی
لەسەر تا خواری ئەم دنیایە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست