خۆش خه‌یاڵی ژنان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
Sunday, 03/11/2013, 12:00
1596 بینراوە
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، که له کوردستان درووست بوو، له ژێر کاریگه‌ری ئه‌وه‌ی، که پێی ده‌وترێت به‌هاری عه‌ره‌بی دا جووڵاوه‌ته‌وه، که له دیدی منه‌وه، نه‌که به‌هاری عه‌ره‌بی نه‌بووه، به‌ڵکو له خه‌زانی به‌ها مه‌ده‌نیه‌کان کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی زیاتر نه‌بووه. بۆ نموونه، سرووتی نوێژکردن چۆن له دونیای عه‌ره‌بیدا له مزگه‌وته‌کانه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ شوینه گشتیه‌کان، به هه‌مان شیوه له کوردستانیش، سرووتی نویژکردن له مزگه‌وته‌وه هێنرایه سه‌ر جاده‌و شوێنه گشتیه‌کان، واته پێشتر له‌و وڵاته‌دا پنتێکی دیاریکراو هه‌بو بۆنوێژ، ئه‌ویش مزگه‌وت بوو، له کاتی خۆپیشاندانه‌کاندا، ئه‌و سرووته له لایه‌ن خۆپیشانده‌ره‌کانه‌وه هێنرایه شوێنه گشتیه‌کان، واته شوێنه گشتیه‌کانیش بوونه به‌شێک له مزگه‌وت، مزگه‌وتیش، هه‌م وه‌ک شوێن و هه‌م وه‌ک سمبوڵیکی ئاینی، سمبووڵی سه‌ره‌کی بیری پاتریارکی و په‌ره‌پێدانی ئه‌و بیره‌یه. بیری پاتریارکیش له ساده‌ترین پێناسیدا، واته هه‌یمه‌نه‌ی پیاو بچوکی وپله دووی ژن. له پێش ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌دا ، تا ڕاده‌یه‌ک گوتاری ڕۆشنبیری خزمه‌تی به دۆزی ژن کردوه و پشتیوانی ئه‌و دۆزه بوه، به‌ڵام له دوای ئه‌و خۆپیشاندانانه گوتاری ڕۆشنبیری زیاتر له خزمه‌تی بیری ئاینی پاتریارکیدابوه.
ئه‌گه‌ر چاوێک به مێژووی دروستبوونی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه و ڕه‌خنه‌کانیدا بگێڕین، له هه‌واڵه‌کانیان، به‌رنامه‌ی ڕادوێی، ته‌له‌فیزۆن، لێدوانه‌کانیان و پۆڵه‌سی سیاسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه، هیچ ئاماژه‌یه‌کی تێدا نه‌بوه، که پێمان بڵیت، ئێمه بزووتنه‌وه‌یه‌کی سێکیولارین و، گه‌ر له ئاینده‌دا ده‌سه‌ڵاتمان گرته ده‌ست، یه‌که‌م هه‌نگاومان بۆ جێکه‌وته‌بوونی دیموکراسی و نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی وچه‌وسانه‌وه‌ی ژنان ده‌بێت، وه له ئێستاداو پاش به ده‌ستهێنانی به‌شێک له متمانه‌ی گه‌ل، وا پیشانی بده‌ن، که له‌و ئامانجانه‌یان په‌شیمان بووبێتنه‌وه. لێره‌وه ژنانیش مافی خۆیان بیت، که ڕه‌خنه له‌و بزوتنه‌وه‌یه بگرن و به پشتیوانی بیری کۆنزێرڤاتیزمی ناوزه‌د بکه‌ن. هه‌ر هیوایه‌ک له‌لای هه‌ر که‌سێکه‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که له داهاتوودا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵ ده‌دات بۆ پاشه‌کشێپێکردنی بیری پاتریارکی ئاینی و فراهه‌م کردنی فه‌زایه‌کی سکیۆلارو دیموکراسی، ئه‌مه له خۆش خه‌یاڵی ئه‌و مرۆڤانه زیاتر نیه. چونکه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، نه له ئێستا‌و نه له ڕابردوو مژده‌و گوتاری له‌و شێوه‌ی له هیچ که‌ناڵیکی ڕاگه‌یاندنه‌وه ڕانه‌گه‌یاندوه.
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه بڵین، که تۆخبوونهوی هێله‌کانی بیری پاتریارکی ئاینی، به‌شێکی گه‌وه‌ره‌ی په‌یوه‌سته به خودی ژنانی چالاک‌و، هه‌روه‌ها ڕیکخراوه‌کانی ژنانه‌وه. تائێستا ڕێکخراوێک له کوردستان دروست نه‌بوه، ئه‌ندامه‌کانی بوێرانه بڵێن، پۆڵه‌سی ئێمه، هه‌وڵدانه بۆ پاشه‌کشێپێکردنی بیری پاتریارک ئاینی، چوونکه گرفته‌کانی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی، هه‌یمه‌نه‌ی پیاو، ئۆبجێکت بوونی ژن به پاشه‌کشێپێکردنی ئاین ده‌بێت له ژیانی گشتی و ئاین ده‌بێت چیتر نهشهرعێنرێت و نه بێته بنه‌مای یاساکان و دسپلینهکانمان. به پیجه‌وانه‌وه ژنان و ڕیکخراوه‌کانی ژنان هه‌میشه خۆیان له‌و بابه‌تانه به دور گرتوه، زیاتر هه‌وڵی خۆگونجانیان داوه له پاڵ پاتریارکی ئاینیدا، نه‌ک له پۆڵه‌سی ڕێکخراوه‌کان ئه‌مه نابینرێت، ته‌نانه‌ت به بابه‌تیش بۆچوونی ئه‌و خانمانه‌ی، که له کوردستان ده‌ژین نه‌بینی، که ڕه‌خنه‌ی بیری پاتریارکی ئاینی بکه‌ن و ره‌تیبکه‌نه‌وه.
ژنان و ڕێکخراوه‌کانی ژنان له بری خۆ سه‌ر قاڵکردن به و منداڵانه‌ی، که له هه‌ناوی پاتریارک ئاینیه‌وه دینهدهرهوه، که مه‌به‌ستم هه‌مو ئه‌و پارت‌و ڕێکخراوانه‌یه که له‌و کۆمه‌ڵگایه دینه بون، باشتر وایه خۆیان خه‌ریک بکه‌ن به ڕخنه‌کردنی بیری پاتریارکر ئاینی.
لێرەوە ژنان لە کوردستاندا جارێکی تر دەبێت خۆیان رێکبخەنەوەو لە ڕێکخراوی پشتیوانی له بیری پاتریارکی ئاینیه‌وه ببن بە بزووتنەوە. بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی. کاری ئەوان بە کورتی لە دوبەشدا خۆی دەبینێتەوە. یەکەم ڕەخنەگرتن لە سستمی پاتریارکی ئاینی، کە سستمی پاتریارکی ئاینی کوردی سستمێکە لە سەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەکاربردنی جەستە بۆ مەرامی سێکسی و چەسانەوە دامەزراەو. نمونه (قیوامەی پیاو لە سەر ژن، لە قەڵەم دانی ژن بە بێ ئەقڵ ودوان بە شایەتێک، سووژدەبردن و گوێ ڕایه‌ڵی ژن بۆپیاو، ژنان زەوی پیاوانن چۆنیان دەوێت لە ڕوی سێکسیەوە دەتوانن بیان کێڵن).
ژنان گەر نەتوانن زۆر بوێر‌و زانستیانە ڕەخنە لەم دیدە ئاینیە بگرن دەکرێت بڵێین، کە ئەوان ناتوانن دارێک بخنە سەر بەردێک بۆ ژن لە کوردستان، گەر ئەمەیان کرد، ئەو کات لە ڕیی پرۆسەی بەرزکردنەوەی پاشخانی فکری و دونیابینی مرۆفەکانی کۆمەڵگاوە (Conciseness raising ) دەتوانرێت زۆرێک لەو تێڕوانیانە بگۆڕین کە هەیمەنەی پیاو پلە دووی ژن لە کۆمەڵگادا پەرەپێدەدەن. گەر کۆمەڵگامان لە ڕووی ئەقڵیەوە ئامادەکرد، ئەوسا دەتوانن لە ڕووی یاساییەوە دەست بەگۆڕانی هەموو ئەویاسایانە بکەین کە پلە دووی ژن پەرە پێدەدەن.
دەرگیر بوونی ژنان لە گەڵ هەمووئهو گرفتانەدا کە بوونیان هەیە لە کۆمەڵگادا، بۆ نموونە لە ئێستادا گرفتی: گەندەڵی، چۆنیەتی سەرفکردنی مووچە، مامەڵەکردن بە چاڵە نەوتەکان وەک سەر چاوەی ئابووری، ڕەچاوکردن ولاساییکردنەوەی بازاڕی ئازاد بە بێهیچ یاسایەک، بەکاربردنی زەوی وزاری کشتووکاڵی بۆ جەنگەڵی کۆنکرێتی بە بێ هیچ پیلانێک، مۆنۆپۆڵکردنی شوێنەگەشتیاریەکان لە لان چەند کەسانێکەوە، پیسی ژینگەو ئاو‌و بە تەنگەوەنەهاتنی، نەبونی پلان بۆ چۆنیەتی خوێندن وبەتایبەت ئەوەی پێی دەوترێت خوێندنی تایبەت وناردنی خوێنکاران بۆ دەرەی وڵات، گرفتی ڕیگاو بان و هاتۆچۆ، گرفتی کەم ئەندامان ونیشتەجێ بوون، لاوان...هتد.
ئەمانە هەمو بابەت گەلێکن دەبێت ژنان ڕاستەوخۆ بە دێدێکی مرۆیانەو دوور له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی، که پارته‌کانی پاتریاری ئاینی هه‌یانه، خوێندنەوەو سەرنجیان بۆ ئەم بابەتانە هەبێت و به‌به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی خۆیانی له قه‌ڵه‌م بده‌ن.
خاڵکی تر، کە زۆر گرنگە ژنان لەسەری بوەستن، ئەویش بابەتی کردنی دیدی فێمینیزم بوونە بە شێوە ژیان، واتە لە بری ئەوەی دیدو ڕفتارمان سێکسستی بێت، هیومانستی و فێمینیستی بێت، کە ئەمەش دەبێت لە ڕێی پەرەوردەی منداڵەکانمانەوە، لە گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە، سەرلە نوێ نووسینەوەی چیرۆک و شعر‌و شانۆکانمانەوە، لە تێکەڵکردن و دانانی پەیکەری هەردوو ڕەگەز ولە سەر ڕێگاو ناو پارکەکانمان، هەوەها چاو خشاندنەوە بە ناوی شەقام‌و پردوو تەلارەکانمان، بە بەرنامەو زنجیرە دراما تەلەفیزۆنیەکان، ، بەو خانمە سێکسستە نەشارەزایانەی کە سەنتەرو ڕێکخراو ئەنجوومەنەکانی ژنان دەبەن بەڕێوە، چونکه مێ بوون مەرجی فێمینیزم بوون نیە، فێمینیزم بوون سیاسەت وفێر بوونە، پرۆسەیەکی کەلتووری مێژووییی و سیاسیه. پێم وایهیه ئه‌م هه‌نگاوانه تا ڕاده‌یه له ئامانجه‌کانمان نزیکمان ده‌که‌نه‌وه، نه‌ک هیوابه‌خشین و خۆخۆشخهیاڵکردن به‌و پارته سیاسیانه‌وه که له هه‌ناوی پاتریارکی ئاینی دینه ده‌ره‌وه.