کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی سیستەمی سیاسی

Saturday, 16/06/2012, 12:00





سیستەمی سیاسی و دامەزراوەكانی
سیستەمی سیاسی دەولەتێك بە دەستور و كەلتوری سیاسی و ئەلیتە سیاسیەكەیەوە دیاری دەكرێت، هەروەها لە دابەشكردنی دەسەلاتە واقعیەكانە لەنیوان ناوەندەكانی بریاردا. سیستەمە سیاسیەكان و دامەزراوەكانی وەك (پەرلەمان، حكومەت، دادوەری)، دەولەت، حیزب و رێكخراوەكانی و ڕای گشتی و هاوبەشیی هاولاتی لەحكومەت و كارگێریدا، هەروەها رێكخراوە كۆمەلایەتیەكان، دەسەلات وهێز و پێشبركێیەكانی هەلبژاردن هەموو ئەمانە لەژێر چەتری سیستەمی سیاسیدا كۆدەبنەوە. سیستەمی سیاسی داینەمۆی دەولەت و ژیانی كۆمەلگایە، هەروەها ئەركی رێكخستنی كۆمەل دەگرێتە ئەستۆ. سیستەمی سیاسی زیاتر تایبەتە بەرێكخستنی شێوازو كاری دەسەلات و كۆمەل و كۆمەلە سیاسیەكان. سیستەمی سیاسی چەند دامودەزگایەكە لەكۆمەلگایەكی دیاریكراودا كاروباری بەریوەبردن دەگرنە ئەستۆ لەرێگای ئەو یاساو ریاسا مولزیمانەی كە لەئارادان، یان دانراوون لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی پەیرەوكراودا. بەلام سیستەمی سیاسی بەتەنیا بریتی نیە لە دامەزراوە حكومیەكان بەلكو لەهەموو پێكهاتە كۆمەلایەتیەكان بەهەموو لایەنە سیاسیەكانیەوە بە پێكهاتە تەقلیدیەكانیشەوە كەلەسەر بنەمای خزمایەتی و عەشیرەت دامەزراون. كەواتە سەرجەم دیاردەكان پێكەوە سیستەمێك پێك دەهێنن.

سیستەمی سیاسی و سیستەمی كۆمەلایەتی
سیستەمی سیاسی لەناو سیستەمی كۆمەلایەتی پەیدا دەبێت. هەموو گۆڕانێك لەسیستەمی كۆمەلایەتی كار لەسیستەمی سیاسی دەكات و ئەوانیش گۆرانیان بەسەردا دێت. كەواتە لەبەرئەوەی سیستەمی سیاسی تارادەیەك بریتیە لە سیستەمی كۆمەلایەتی بۆیە هەر جۆرە ناسەركەوتنێك لە سیستەمی سیاسیشدا دەبێتە هۆی دواكەوتنی سیستەمی كۆمەلایەتی. لەم بوارەدا حیزب و رێكخراوی سیاسی بە تایبەت گرنگیدان بە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبە رۆلی گرنگ دەبینێت و هێزێكی بەتوانایە بۆ گۆرین و بەمۆدێرن كردن. پێشكەوتنی سیستەمی سیاسی پێویستی بە هوشیاری كۆمەلایەتی هەیە كەیارمەتی كۆمەل ئەدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیستەمەكە. هوشیاری كۆمەلایەتی رێگا بۆ هاولاتیان خۆش دەكات لەزۆر لایەنەوە چاودێری ژیان بكەن لەبواری كۆمەلایەتی و كەسایەتی... تاد. كێشەی لەسەرخۆ گەشەكردنی كۆمەلگا لەبوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و فەرهەنگی دەمێكە لەلایەن زاناكان و كۆمەلناسەكان بایەخی پێدراوە. مێژووی مرۆڤایەتی ئەو راستیەی بەروونی نیشانداوە كە گۆرانكاری كۆمەلایەتی و سیاسی پرۆسەیەكی حەتمیە. هەموو ئەو كۆمەلگایانەی لەئاستی نزمی ئابوری و سیاسی و كۆمەلایەتیدان دەبێت بەو رێگایانە تێپەرن كە ولاتانی پێشكەوتوی جیهان پێیدا تێپەریوون. هەربۆیە دەولەتی عێراقیش بەهەرێمی كوردستانیشەوە بێبەش نیە لەم یاسایە. بەلام دیارە هەر كۆمەلگایەك بەگوێرەی خەسلەتی نەتەوەیی خۆی بەم پرۆسەیەدا تێپەر دەبێت. بەم پێیە پێكهاتەی سیاسی حیزبی سیاسی و سیستەمی سیاسی رەنگدانەوەی بارودۆخی كۆمەلایەتی ئەو كۆمەلگایە خۆیەتی. بەواتا بەرهەمی واقعی كۆمەلایەتیە. سەدام حسین هیچی تر نەبوو لە بەرهەمی واقعی كۆمەلگای عێراقی خۆی هەربۆیە توانیشی دیكتاتۆرتربێت لە دیكتاتۆرەكانی تر.

هەر كۆمەلگایەك تایبەتمەندی خۆی هەیە
بێگومان هەر كۆمەلگایەك تایبەتمەندی خۆی هەیە. بیروبۆچوونی هەر كۆمەلگایەكی مرۆڤایەتی دەربارەی دەسەلات و سیستەمی سیاسی لەگەل ئەوی تردا دەگۆرێ ئەویش بەپێی رەوشی تایبەتی هەر كۆمەلگایەك لەرووی مێژوویی و رەوشی ئابوری وكۆمەلایەتی و ئاستی هوشیاری و جیۆپۆلەتیكەوە كە بەهەمویانەوە باری سایكۆلۆجی و كۆمەلایەتی وهوشیاری سیاسی تاكەكانی كۆمەلگا دیاری دەكەن. ئەم فاكتەرانە بۆ نمونە لە ولاتێكی رۆژئاوای ئەوروپا بەپێی تایبەتمەندیەكانی خۆی شێوازێكی ترە بەبەراورد لەگەل ولاتێكی تری دواكەوتوو، یان تازەگەشەكردوو. واتا سیستەمی سیاسی پەیرەوكراو لەولات و دەولەتێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆرێ. لەهەر دەولەتێكدا رادەی هوشیاری سیاسی كۆمەل و بیروبۆچوونی مرۆڤەكانی دەبارەی دەسەلات لەسەر بنچینەی قۆناغە مێژوییە جیاجیاكان بەخۆوە وەردەگرێ كە دەولەتی پێدا رۆیشتوە.

سیستەمی سیاسی كۆمەلگای تەقلیدی
خەسلەتی كۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لەكردەوە تەقلیدیە كۆمەلایەتیەكان. واتا ئەو كردەوانەی كە لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، بەلكو لەسەر بنەمای ئەو كردەوانەی كەسەردەمانێك كاری پێكراوەو جێگیربوەو بەمیرات ماوەتەوە وەك شتێكی تەقلیدی. یەكێك لەخەسلەتەكانی كۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لەپێكهاتەیەكی داخراوی كۆمەلایەتی كەبەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆرانكاری بەتایبەت بەمۆدێرن كردنی هەرەمی سەرەوەی. جگە لەمانە زۆربەی ئەندامانی ئەم كۆمەلگایە سەربەخۆییان نیە، واتا بەستراونەتەوە بەنەریتی گشتی كۆمەلگاكە. لێرەدا هوشیاری ئاینی زالە بەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی كۆمەلگاكە. دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێكی حوكمی فەردیە تێیدا. بۆیە ئەم جۆرە كۆمەلگایە هەروەك ئاماژەم پێدا بەپێی سروشتی خۆی، خۆی كەمتر دەداتە دەست بەمۆدێرن كردن. زیاتر لەشوێنی خۆی دەچەقێ وگۆرانیشی كاتێكی دورودرێژی دەوێ كەئەمیش بەندە بەكۆمەلێك فاكتەرەوە. لەم سیستەمە تەقلیدیەدا ئابوری خزمایەتی وبارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندی شەخسی دروستدەبێت و رۆل دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەكردنی ئابوری گێڕ دەبێت و دەسەلاتەكە دەسەلاتێكی كلاسیكیەو هوشیاری كۆمەل لەئارادا نیەو دەسەلاتداری تەقلیدی وكلاسیك سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و دەشیەوێ كەش و هەوا كۆمەلایەتیە دواكەوتوەكە هەر بەم شێوە كۆنە بمێنێتەوە لەشێوەی داب ونەریتە تەقلیدیەكان. هەموو پێشكەوتن و هوشیاریەكی كۆمەلایەتی دەبێتە لاوازكردن و گۆرینی ئەو نەریتە تەقلیدیەی كەدواتر دەبێتە رێگر لەبەردەم دەسەلاتی دەسەلاتدارو سیستەمە سیاسیە تەقلیدیەكەدا. هەربۆیە بەگشت شێوەیەك ئەم لایەنە هەولی لەناوچونی پێشكەوتن ئەدات و دەیەوێ كۆمەلگا كۆنەكە كۆمەلگایەكی داخراو بێت و بەهۆی ناهوشیاری كۆمەلەوە بۆی بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر كۆمەل هیچی ترنەبینێت و بەم شێوەیە كۆمەل بێبەش دەكات لەمێژوش.

هیچ سیستەمێك نەگۆڕ نییە
لەو كۆمەلگایانەی كەهوشیاری سیاسی هاولاتیان كزو لاوازەو هەروەها رەوشی ئابوری و كۆمەلایەتی تیایاندا لاوازە، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیرەوكراو لەدەولەتدا سیستەمێك دەبێت كە لەسەر زەبروزەنگ وخۆسەپاندن بنیاد دەنرێت. لێرەدا پێشێلكردنی مافی تاكەكانی كۆمەل و سەربەستیەكانیان و بوارنەدان بەگروپی سیاسی جۆراوجۆر لەدەولەتدا شتێكی ئاسایی دەبێت. واتا لەدەولەتدا سیستەمی دیكتاتۆری پەیرەو دەكرێت. بەلام پەیرەوكردنی هەر شێوەیەك لەسیستەمی دەسەلات لەدەولەتدا شتێك نیە بەزۆر بسەپێندرێ، یان هەتا سەر بربكات و نەگۆڕ بێت. سیستەمی پەیرەوكراو لەولاتدا دەبێت زۆر نزیك بێت لە داب و نەریت وكەلتورو رادەی هوشیاری خەلكی ئەو ولات و دەولەتە. بەلام ئەگەر سیستەمە سیاسیە پەیرەوكراوەكە لەگەل باری سایكۆلۆجی وفكری و كۆمەلایەتی خەلكی ولاتدا گونجاو نەبوو ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زەمەنیش پەیرەو بكرێت بەلام وەكو ئەنجام هەر هەرەس دێنێت وئامانجی رێكخستنی دەولەت ناپێكێ كە لەراستیدا پێویستە بۆ خۆش گوزەرانی و سەقامگیركردنی رەوشی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابوری هاتبێتە كایەوە. روداوەكانی ئەم دواییەی هەندێك لە ولاتە عەرەبیەكان نەك هەر بەلگەیەكی بەرچاوی ئەم بۆچونەیە بەلكو پەیامێكی گرنگیشە بۆ دەسەلاتداران. مێژووی سیاسی بۆ ئەوەیە مرۆڤ لێی فێرببێت. دەسەلاتی تەقلیدی و كلاسیكی هەر هێشتا بەربلاوترین شێوەكانی دەسەلات و سیستەمە سیاسیەكانە چونكە دەسەلاتی یاسایی و ئەقلانی لەگەشە مێژوییەكەیدا زۆر درەنگ هاتۆتە دروستبوون.

كۆمەلگا پێویستی بە رێكخستن هەیە
كۆمەلگا بەبێ دەسەلاتی سیاسی رێكخراو مەحالە، لەبەر ئەم هۆیە پێویستی بەدەسەلاتێكی سیاسی، بە سیستەمێكی سیاسی رێكخراو هەیە تاوەكو بنەماكانی ژیان و گوزەران رێك بخات. دەزگاكانی دەولەت كە سیستەمە سیاسیەكە پێكدەهێنن وەك پەرلەمان وحكومەت و دادوەری رۆلی گرنگ دەبینن تێیدا. لێرەدا حیزبی سیاسیش گرنگ وپێویستە بۆ سیستەمی سیاسی كەبریتیە لەشێوازێك بۆ بەیەكەوە گرێدان وبەستنەوەی گشت پەیوەندیە سیاسی وكۆمەلایەتی وئابوریەكانی نێو كۆمەلگا، هەروەها ئەركی رێكخستنی كۆمەل و رۆلی بەرێوەبردن لەرێگای ئەو یاسایانەی كە هەن لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی پەیرەوكراودا دەگرێتە ئەستۆ. ئەو كۆمەلگایانەش كەپەیكەری دەولەتیان نیە دەكرێ دابنرێن كەسیستەمی سیاسیان هەبێت. زاراوەكە بەشێوەیەكی دیاریكراو لەزانستی سیاسیدا بریتیە لەكۆمەلێك پەیكەرو پرۆسەو دەزگا كە لەنیوان خۆیاندا كارلێك دەكەن. لەبەر ئەوەی زاراوەكە بەفەرمانەكانیەوە دەناسرێت ئەوا دەكرێت ئاماژە بدات بەو رێكخستنە سیاسیانەی دەولەت و نادەولەتیش.

كاریگەری كەلتوری سیاسی لەسەر حیزب وسیستەمی سیاسی
یەكێك لە كێشەكانی سیاسەت و كۆمەل بریتیە لە دواكەوتویی كەلتوری سیاسی بۆ بەها دیموكراتیەكان تەنانەت لەهەموو ناوچەكانی رۆژهەلاتی ناوەراستدا دیموكراسیەت تەنیا روكەش بووە. بەتایبەت دەسەلاتدارە دیكتاتۆرەكان هەرگیز ئامادە نەبوون دەستبەرداری دەسەلات بن، ئەمەش بەزیان گەراوەتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش. لەبەر رۆشنایی دواكەوتویی كۆمەل بەگشتی و كەلتورە سیاسیەكە هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنەكان لای خۆشمان ئۆپۆزیسیۆنێكی هاوچەرخ نین و هەموو بە دەسەلاتیشەوە بەرهەمی واقعی كۆمەلگاكەی خۆیانن هەربۆیە پەرینەوە بۆ كۆمەلگایەكی مۆدێرنتر هەروا ئاسان نیەو پرۆسەیەكی ئالۆزو درێژخایەنە، بەلام گۆرینیشی بەهەنگاوی زانستانەو بە بەرنامەو سیستێماتیك دەكرێت. من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمرۆ واقیعبینانە رەزامەندم لە هەرێمێكی كوردستاندا، لە عێراقێكدا بژیم لە 30% گەندەلی تێدا بێت وەك لە 90% بێت.

د. سالار باسیرە
(پسپۆر لەبواری زانستە سیاسیەكاندا)


سەرچاوەكان
de.wikipedia.org/wiki/Politisches_System.
Wolfgang Jung, Grundbegriffe aus Politik Gesellschaft, Wirtschaft, Frankfurt
Wolfgang Laskowski, Macht und Herrschaft, Seminararbeit, WS 2001/02, Manuskript
Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Tbingen
بەهادین ئەحمەد محەمەد، تیۆری دەولەت و سیستەمە رامیاریەكان، سلێمانی، 2002.
رێبین رەسول ئیسماعیل، سیستەمی سیاسی، چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری، شوێن نادیارە، 2003
نیگا، فەرهەنگی رامیاری، 2005.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە