کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


کارەساتی پشتئاشان و بانگەشەی لیستی گۆڕان، لەگەڵ هەڵوێستی شیوعییەکان

Wednesday, 25/09/2013, 12:00

1759 بینراوە


بەڕێزێک نووسینێکی ناردووە بەناونیشانی (قەسابخانەی پشتئاشان و بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان)، کە تا ئیستا چەندین کەسی تریش لەو بارەیەوە و لە کاتی هەلبژاردن و دەنگدانەکاندا لەسەر هەمان مەسەلە قسەیان کردووە و داوامان لێدەکەن بۆیان بڵاوبکەینەوە. ئێمە پاش ئەوەی لە ناوەرۆکی نووسین و نووسەرەکە دەگەین و پشتەوەی مەرامەکەمان دەخوێنینەوە، ئەو نووسینانانە پشتگوێ دەخەین، ئیستا ئەو بەڕێزە ئێمە بەبێ لایەن نازانێت، داوامان لێدەکات ئەگەر ئێمە ئازادین با نووسینەکانیان بۆ بڵاوبکەینەوە.
ئێمە بەباشمانزانی لێرەوە وەڵامی ئەو بەڕیزەی سەرەوە بدەینەوە، وەڵامەکە بخەینە بەردەم خوێنەرە بەڕێزەکانیش، تا هەموو لایەک راو هەڵویست و خوێندنەوەی ئێمە لەسەر کارەساتی پشتئاشان بزانێت. ئەوەی خوارەوە وەڵامی کوردستانپۆستە بۆ ئەو بەڕێزە:
*************************
سڵاو کاکی نووسەر
داواتان کردووە ئەگەر کوردستانپۆست ئازادە با بفەرموێت ئەو نووسینە، کە بەناونیشانی (قەسابخانەی پشتئاشان و بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان)ە بۆتان بڵاوبکەینەوە.
ببورن ئێوە ناتوانن لە روانگەی خۆتانەوە وەک حیزبی شیوعی، یان وەک هەر لایەن و ریکخراوێکی کۆمۆنیستی هاوتای ئەو حیزبە، بڕیار بدەن، کە کوردستانپۆست ئازادە یان نا؟
پێناسەی کەسی ئازاد ئەوەیە، بە راسپاردە و بیرکردنەوە و بەرژەوەندی فەرزکراوی لایەنێکی تر، قسە لەسەر رووداوێکی مێژوویی نەکات، بۆ خۆشی سەر بە هیچ لایەن و حیزبێک نەبێت و دەستکاری مێژووەکە نەکات، ئەوسا بۆی هەیە وەک کەسێکی ئازاد بڕیار لە سەر پابەندبوون و ئازادیی لایەن و کەسێکی تر بدات.
ئەگەر تەماشای هەموو بابەت و نووسینەکانی کوردستانپۆست بکەن، دەبینن ئەو ئازادییەی ئێمە هەمانە، خوێنەر ناخاتە گومانەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئازادی ئێمە لەلای خوێنەر دەچەسپێنێت، ئەگەر ئێوە لە راو و بۆچوونەکانیشمان بڕوانن دەزانن ئێمە لەگەڵ گۆڕان و هیچ حیزبێکی تردا نیین. ئێمە لەگەڵ گەلی خۆمان و بەرژەوەندییەکانییداین.
کارەساتی پشتئاشان تەنها نەوشیروانی تێدا نەبووە، بەڵکو تاوانبارەکان جەلال تالەبانی و بەرپرسەکانی دیکەی ئەوسای یەکێتیی بوون.
ئەگەر بتەوێت لەسەر راستی رووداوێک قسە بکەیت دەبێت هەموو ئەوانەی، تێیدا هاوبەش بوون، هەروەها ئەوەی بووە هۆکاری روودانی ئەو کارەساتەکە، شی بکرێتەوە و باسی لێوە بکرێت، یەکێک لەو هۆکارانە ئەوە بوو، کە حیزبی شیوعی لەو سەردەمەدا دەستی لەگەڵ  قیادە موەقەتە تێکەڵ کردبوو لە هاوپەیمانییدا بوو، یەکێتییەکان گومانیان پەیدا کرد، کە شیوعییەکان لە ژێرەوە پلان بۆ بنەمالەی بارزانی دادەنێن، تا دەست لە یەکێتیی بوەشێنێت، ئەمە وای کرد یەکێتیی ئەوسا بڕیار بدات لە حیزبی شیوعی بدات، بەتایبەتیی بارەگانیان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتییدا بوو. چۆن دەبێت تۆ میوانی ماڵێک بیت، لەولاشەوە بچیت رێگا خۆشکەر بیت و پلان بۆ ناحەزەکەی دابنێیت تا هەڵکوتێتە سەر خانەخوێ؟ هۆکاری دیکە زۆر بوون، تەنها ئەمە وەک لۆگیک دەبێت بخرێتە بەرچاو، کە حیزبی شیوعی خیانەتی لە میواندارێتی خۆشی کرد، نەدەبوو  لەگەڵ بنەماڵەی بارزانییدا دەست تێکەڵ بکات و بچێتە بەرەی ئەوانەوە، جگە لەوەیش ئیستا حیزبی شیوعی خۆی لەو مێژووە خاوێن نەکردۆتەوە، بە ئاشکرا لە نێو باوەشی پارتییدایە، بۆیە ئەو مافەش لە خۆی دەسەندێتەوە، کە بتوانێت لەسەر کارەساتی پشتئاشان قسە بکات. کارەساتەکە ناخۆش بوو، ئێمە لەگەڵ روودانی خوێنڕشتن و لەناوبردندا نیین، حیزبی شیوعی، کە ئەزمونێکی سیاسیی دوور و درێژی هەیە، دەبوو خۆی لە دوو روویی و گرێی دەبڵمورالی رزگار بکردایە، تا ئیستاش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامە. ئێمە نازانین و سەرمان سوڕماوە، بۆچی کۆمۆنیست و شیوعییەکان هێندە عاشقی پارتیی و بنەماڵەی بارزانین و هەرچی بەرژەوەندی خۆیان هەیە کردوویانەتە قوربانی بۆ بنەمالەی بارزانیی و کاریان بۆ دەکەن؟ هەر ئەمەشە کاری کردۆتە سەر تێکشکانی شیوعییەکان، بۆیە ئەمڕۆ شیوعییەکان لە کوردستاندا ئەو رەواجەیان نەماوە و بەردەوام لە تێکشکاندان.
ئێمە دیسان نازانین، ئێوە تەمەنتان چەندە تا دەستکاری ئەو مێژووە بکەن کە تێیدا نەژیاون، یان چەندتان لەسەر ئەو رووداوە خوێندۆتەوە، تا چەند تاوتوێی کارەسات و رووداوەکانی مێژووی کوردتان کردووە؟ چەند ئاگاداری ئەوەن، کە ئەوەی بنەمالەی بارزانی و تالەبانی لە مێژوودا بە کوردیان کردووە و غەدریان لە چارەنووسی نەوەکانی داهاتوومان کردووە؟ ئێمە نازانین تا چەند دەتوانن ئێوە قسە لەسەر هەموو ئەمانە بکەن؟ دیسان نازانین بیرکردنەوەی سیاسیی ئێوە چەند قووڵ و بەرفراوانە، رێگاتان پێدەدات بە راستیی هەمووی بگێڕنەوە؟
ئەمانە رێگاخۆشکەرن، ئەگەر کەسێک  قسە لەسەر مەسەلەیەکی وا دەکات، دەبێت بە بەڵگەی مێژوویی و گێڕانەوەی راستگۆیانە بڕوا و قەناعەت بە خوێنەر بهێنێت و بەدرۆ نەکەوێتەوە؟! لە هەمووی گرنگتر ئەوەشە، کە دەبێت کات و سەردەم بۆ قسەکردن لەسەر رووداوێک دابنرێت.
ئیوەی بەڕێزی حیزبی شیوعی تەنها لە کاتی هەڵبژاردن و دەنگدانەکاندا باس لە مەسەلەی پشتئاشان دەکەن، بۆ بەرژەوەندی پارتی، ئەو باسە دەهێننە ئاراوە. ئەمە کارێکی جوان و باش نییە، کەمێک بیربکەنەوە بزانن چەند کەس ئەمەتان لێدەکڕێت؟!
نمونەی هاوشێوەی پشتئاشان لە مێژووی کورد و حیزبەکاندا زۆرن، تا ئیستا نەماندیوە ئەندامێکی حیزبی شیوعی قسە لەسەر ٣١ی ئاب بە ویژدانەوە بکات، قسە لەسەر هەکاریی و دەیان تاوانی دیکە بکات، یان هەر هیچ نەبێت بەراوردی یەکێک لەو تاوانانەی پارتیی بکات لەگەڵ ئەوەی پشتئاشاندا، نەماندیوە شیوعییەک لەسەر تیرۆرکردن و لەناوبردنی نەیارانی پارتی قسەی کردبێت و هەڵوێستێکی جەوامێرانەی هەبووبێت.
نەوشیروان مستەفا دەڵێت:
(پشت ئاشان رابردووە، هی من نییە، هی یەکێتییە).
ئێوە وەرن لەسەر ئەمە قسە بکەن. ئەگەر ئەو قسەیە نامەعقولی تێدایە لیرەوە دادگایی نەوشیروان بکەن و بڵێن تۆ چۆن یەکێتیی بەوە تاوانبار دەکەیت، چۆن بەڕێز تالەبانی تاوانبار دەکەیت بە روودانی پشتئاشان.
ئەو نووسینەی بەڕێزتان شایانی بڵاوکردنەوە نییە، پێشتر دەیان نووسین و وتارمان لەسەر پشتئاشان بلاوکردۆتەوە، هەوڵمان داوە نووسینی ئەوانە بێت کە بێلایەنن و بۆ خۆیان لەناو رووداوەکەدا ژیاون. یان بە ویژدانەوە قسەیان لەسەر کردبێت، بەبێ کاریگەریی و دەست تێوەردان و بەرژەوەندی لایەن و حیزبێکی تر، ئەمەش بێلایەنی ئێمە پیشان دەدات، کە ئێمە بە ویژدانەوە لەسەر ئەو رووداوە رێگامان داوە قسە بکرێت.
تێبینی: ئەو برادەرە ئەگەر شیوعییش نەبێت، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، تەنها ئەوە نەبێت، کە بیرکردنەوەی ئەو بەڕێزە وەک کۆمۆنیستێک لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای شیوعییەکانەوە نزیکە.

لەگەڵ ریزماندا
کەمال جەمال موختار
کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)