خزمەتكار لەپاشا پاشترە...!!
Wednesday, 24/09/2014, 12:00
1434 بینراوە
لەپاییزی ساڵی"2012"ەوە دەوڵەتی توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیری گروپە ئیسلامگەرا توندڕەوەكانی سوریا دەكات و هانیاندەدات كە هێرش بكەنە سەر یەپەگە و گەلی رۆژئاوای كوردستان و دەسكەوتەكانیان لەناو بەرن. لە ساڵی"2012"گروپی جەبهەی نەسرەی سەر بەرێكخراوی قاعیدە لەخاكی توركیاوە و بەپشتگیری راستەوخۆی توركیا و بەبەشداری چەند تیمێكی سەربازی پارتە بەناو كوردیەكانی رۆژئاوا كەخۆیان پەیوەست بەرێبازی بارزانی دەبینن و سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراقن بەیەكەوە هێرشیان كردە سەر شارۆچكەی سەرێكانی و دوای شەڕێكی دژوار و بەخشینی قوربانی و ئەنجامدانی فیداكاریەكی زۆر شەڕڤانانی یەپەگە و خەڵكی سەرێكانی توانییان شارۆچكەكەیان لەتیرۆریستان پاك بكەنەوە.
هەر لەبەهاری ساڵی"2013"، بەڵگەیەك لەدەزگاكانی راگەیاندنی توركیا و جیهانی بڵاوبوویەوە كە بریتی بوو لەفەرمانێكی زۆر نهێنی وەزیری ناوخۆی ئەو كاتەی توركیا"موحەرەم گولە، كە دواتر بەگەندەڵیەكانی هاڵك بانگ راپێچی لێپێچینەوە كرا و ناچار بوو دەستبەرداری ئەركەكەی بێت" بۆ والی"پارێزگار"ی هاتای "ئەسكەندەرون" كە داوا دەكات بنكە و تەلارەكانی رێكخراوەكانی مانگی سووری توركی و رێكخراوەكانی دیكەی سەر بە"میت""هەواڵگری میللی توركیا" بۆ "موخاهدین" كراوە بێت كە شەڕ دژی پەیەدە و یەپەگە دەكەن!!. دواتریش چەندین جار وێنەی دیدارەكانی پارێزگاری ئورفا و قائیمقامی جەیلان پنار لەگەڵ "ئەمیرەكانی"جەبهەی نوسرە و داعشەكان بلاوبوویەوە و ئەمەش جگە لەبڵاوبوونەوەی وێنە و گرتەی فیدیۆیی سەربازگەكانی جەبهەی نوسرە و داعش لەناو خاكی توركیا و چارەسەركردنی بریندارەكانیان لەنەخۆشخانەكانی توركیا.
لەناو ڕاستی مانگی مایسی"2013" پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراق دەرگای سێمالكای نێوان باشور ـ رۆژئاوای كوردستانی داخست و وەڵامی ئەو گەمارۆیەی دایەوە كە هەریەك لەە رژێمی سوریا ـ چەتەكانی داعش و دەوڵەتی تورك خستبوویانە سەر گەلی رۆژئاوای كوردستان، دوای ئەوەش لەمانگی تەمموز جەبهەی نەسرە و داعش هێرشێكی هۆڤانەیان بۆ سەر سەرێكانی و چەند شوێنێكی دیكە ئەنجامدا كە خۆشبەختانە لەئاكامی خۆڕاگری گەل و قارەمانێتی شەڕڤانانی یەپەگە شاڵاوەكانیان تێكشكا.
ساڵی"2014" ساڵێكی پڕ لەهاوكاری و هەمئاهەنگی نێوان توركیا ـ داعش ـ پارتی بوو. توركیا و پارتی یەیەكەوە شانبەشانی قورستركردنی ئابلۆقە ئابووریەكەیان بۆ سەر رۆژئاوا ئەمجارە بەیەكەوە و هاوكات خەندەقیان لەنێوان باكور ـ رۆژئاوا و باشور ـ رۆژئاوا لێدا، دوابەدوای ئەو خەندەقانەش هێرشی چەتەكانی داعش بۆ سەر رۆژئاوا چڕبوویەوە. ئەمجارەش دوای رێككەوتنی نێوان توركیا ـ داعش ـ بەعسیەكان ـ پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق لەعەمانی پایتەختی ئەردەن و كەوتنەوەی رووداوی موسڵ و خیانەت و كارەساتە گەورەكەی شەنگاڵ شڵاوێكی هۆڤانەی چەتەكانی داعش بۆ سەر شاری كۆبانێ دەستی پێكردەوە.
چەند خاڵێك لەسەروبەند و كاتی ئەنجامدانی ئەو شاڵاوەی چەتەكانی داعش جێگای باسە:
1ـ بەرەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لەگەڵ داعش بێدەنگی و ساردییەك بەخۆیەوە دەبینێت وەك بڵێی ئاگربەستێكی رانەگەیەنراو لەنێوان پارتی و داعش لەئارادایە!.
2ـ سەفقەیەك لەنێوان داعش و دەوڵەتی توركیا ئەنجامدرا، لەبەرامبەر بەڕەڵاكردنی بەناو بارمتە توركەكانی دەست داعش. دەوڵەتی توركیا یارمەتیەكی راستەوخۆی چەتەكانی داعش كرد تا كۆبانێ داگیربكەن، شانبەشانی ئەوەش وەك خودی میدیاكانی توركیا باسیان كردووە، توركیا پەنجا لەئەندامانی بەندكراوی رێكخراوی ئەلقاعیدەی رادەستی داعش كردووە.
3ـ لەكاتی شەڕی كۆبانێ دەوڵەتی توركیا هێرشی سەر ئاوارەبوانی ئەو شارە كرد كە لەسەر سنوری توركیا بەئامانجی پەڕینەوە كۆببوونەوە.
4ـ دەوڵەتی توركیا ئامادە نەبوو و ئامادە نییە جێگای خۆی لەهاوپەیمانێتی دژی داعشدا بگرێت و بەپێچەوانەوە هاوكاریكردنی ئەو چەتانەی هەڵبژاردووە.
لەوەها دۆخێكدا نێچیروان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر كامیرەكان و بەبەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە، بەبێ ئەوەی لەیادی مابێ كە دوێنێ لەكاتی تەنگانە توركیا نەبوو كە پشتی تێكرد، بەبێ سڵەمینەوە و هیچ شەرمێك وەك نوێنەرێكی دەوڵەتی تورك بەرگری لەدەوڵەتی تورك دەكات و پاكانەی بۆ دەكات كە گوایە توركیا پشتگیری لەداعش ناكات.
راستیان ووتووە خزمەتكار لەپاشا پاشاترە، بۆ رازی كردنی پاشا لەو زیاتر داكۆكی لەساختەكاری و درۆو دەلەسەكانی دەكات!!.