کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


" کوردستانی نوێ " و " جەمال عەبدوڵلا " وەک تاوانبارلە تیرۆر کردنی کۆمۆنیستەکان

Tuesday, 20/09/2011, 12:00


شکایەت کردنی حیزبی کۆمۆنیست لە نەوشێروان موستەفا و چەند ئەندامێکی تری سەرکردایەتی نێو یەکێتی ئێستا یەکێکە لە هەواڵەکانی نێو میدیادا. هەڵوێست بەرامبەر ئەم شکایەتە چەند شێوازێکی وەرگرتووە :
یەکەم / ئەوانەی دژی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕەقیبی شەخسی نەوشێروانن لە بابەتی میدیای دەسەلات و هەوادارانیان ، بابەتێکیان دەست کەوتووە کە بتوانن شەڕی ئیعلامی پێبکەن . دەرکردنی کورتە دۆکۆمێنتەری بە نێوی ((سەردەشتەکانی نەوشێروان موستەفا)) ، بوار دان تەنیا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم شکایەتە لە میدیای دەسەڵات بەرامبەر دانانی سانسۆری تەواو دژ بە هەموو چالاکیەکانیتری ئەم ئەم حیزبە ، ئاوەڵا کردنی دەرگای یاسا لە بەرامبەریان ئەگەر شکایەت بکەن و قفڵ کردنی هەمان دەرگا ئەگەر بیانەوێ لە باری یاسایەوە داوای سڕینەوەی بە " قاچاغ " کردنیان بکەن لە دەسەڵات ، هەمووی هێما بۆ بوونی چاوەڕوانیەکی دیاری کراوی دەسەڵات دەکەن لە کردنەوەی ئەم دۆسیەی لە لایەن حیزبی کۆمۆنیست ، ئەمە تاوانبار کردنی ئەم حیزبە نیە بە " هاوئاهەنگی " لە گەڵ دەسەڵات چونکە سیاسەتی ئەنتی دەسەڵات ی ئەم حیزبەو ئەنتی ناسیۆنالیزمی ئەم حیزبە ((جا ئەگەر زۆربەشمان بە چەپڕەوی بزانین)) بواری نەهێشتۆتەوەو بۆ هاوئاهەنگی و ئێستاش بە رەسمی لە لایەن دەسەڵاتەوە دەرکردنی ڕۆژنامەو کردنەوەی ئۆفیس لە لایەن ئەم حیزبە قاچاغە، تەنیا خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بوو توانی گورز لە دیواری ئەم ‌قاچاغ کردنە بوەشێنێ .
دووەم / ئەو هەڵوێستانەی کە بێ سێ دوو خۆی دەکاتە موحامی نەوشێروان و کۆمۆنیستەکان دەکاتە بەکرێ گیراوی دەسەڵات ، ئەمەش بە تایبەتی ئەو قەڵەم بە دەستانە دەیکەن کە ناتوانن قبوڵی ئەوە بکەن کە نەوشێروان موستەفا بۆ ساڵانێک دوورو درێژ بەشێک بووە لە ئیدارەی ئەم دەسەڵاتەو لیدەری دووەمی دوای مام جەلال بووەو خۆی سەرپەرشتی ئەم ڕووداوەی کردووە ، هەروەها ئەمە ئەو نووسەرانەش دەگرێتەوە کە ئیسلامین و لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنن ئەگەر بۆیان بکرێ نەک تەنیا پێنچ هاوڵاتی " کۆمۆنیست " بەڵکو سەرتاپایان لە نێو دەبەن .
زوعفی نەوشێروان موستەفا لەم کێشەیە بەدەر لەوەی دیفاع کردن بێ لە ڕۆڵی خۆی لەم ڕوداوە ، غرورێکی پەردەپۆش کراوە لە" بێ دەنگی" لە بەرامبەر هەموو ئەو ڕوداوە مێژویانەی کە ئەو رۆڵی تیا هەبووە دژ بە حیزبە بچوکەکان ، ئەو ڕێگە دەداتە گۆڤاری " گوڵان " چاوپێکەوتنی 20-10 لاپەڕەیی لێ بکاو بوار بە پرسیاری زۆر حەساسیش دەداو خۆشی سەر لە نوێ لە سایتی " سبەی " بڵاویکردەوە ! ئەی بۆ وەڵامێک ناداتەوە لە سەر ئەم کێشەیە بۆ حیزبی کۆمۆنیست نا ، بەڵکو ئەو خەڵکەی کە ئەو بێ بەری دەزانن لەم ڕوداوە ولە دەیان شتی تر کە وەکو مولحەق بە شوێن ناوەکەیەتی ؟
زوعفی شکایەتی حیزبی کۆمۆنیست لەم شکایەت کردنە بریتیە لە نوقسانی ، ئەم شکایەتە تەواو نیەو نیوە شکایەتە . چەند تاوانباری سەرەکی و پەیوەندیدار لەم ڕووداوە هەیە کە فەرامۆش کردنیان ئەم شکایەت کردنە دەخاتە ژیر پرسیارەوە . حیزبی شیوعیش لە هەڵوێست لە بەرامبەر تاوانکاریەکانی " پشت ئاشان و قڕناقە " هەمان میسۆدی بەڕێوە بردووە کە تەنیا زەقی کردۆتەوە لە سەرنەوشێروان موستەفا .
تاوانباری ژمارە یەک لەم ڕووداوە کە ناوی نیەو قسەیەکی لەسەر نیە " جەلال تاڵەبانی " یە ، بە بێ فەرمان و گڵۆپی سەوزی مام جەلال مەحاڵە ڕووداوێکی وا لە نیو جەرگەی شاری سلێمانی ڕووبدا . تاوانباریتر کە ڕۆڵیان هەبوو لەم ڕوداوە خوێناویەو دەڕشانەوە بەسەر خوێنی 5 لاوی بنەماڵەی هەژاری سلێمانی ڕۆژنامەی " کوردستانی نوێ " یە کە زۆر فاشیستانە لە ڕێگەی نووسینەکانی ((جەمال عەبدوڵلا ، ستران عەبدوڵلا ، فەرید ئەسەسەرد ، لاوەند نەوزاد ، خالید بازیانی)) بە شوێن ڕاهێنانی خەڵکی سلێمانی بوون بۆ قبوڵ کردنی ڕوداوێکی خوێناوی کە ناڕازایەتیەکی زۆری دروست کرد لە نێو خەڵک و رۆشنبیرانی شار ، ڕۆشنبیران لە نامە ناڕازایەتیەکاندا زۆر بەڕوونی ئەم ڕووداوەیەن بە وەرچەرخانێکی پڕ مەترسی وەسف کرد بۆ " ئایندە " کە مێژوو سەلماندی ئەم مەترسیانە هەمووی راست دەرچوون .
ڕۆژنامەی " کوردستانی نوێ " و نووسەرەکانی تاوانبارن لەم ڕووداوە ، بە تایبەتی " جەمال عەبدوڵلا " کە دوای تیرۆر کردنی ئەم پێنچ لاوە چەندین نووسینی بەعسی ئاسای نووسی و بە سادەیی دەڵێ " موستەحەقیان " بێت ! مۆری فاشیستی ئەم نووسینانە لەوەدایە کە هەمان ئەم میسۆدە بەکاردێنێ بۆ جیا کردنەوەی گروپێکی بچووک لە هاوڵاتیان لە کۆمەڵگە ، لە سەر شێوازی بیروباوەڕیان ، لەسەر نفوزی کەمیان لە نیو خەڵک ، دەیکا بە دەلیل بۆ کوشتنیان ، جا دەلیل نەک تەنیا بۆ کوشتنی پێنچ دانە بەڵکو بەردەوام بوون لە " بێگانە " کردنیان و دەست وەشاندنی یتر لێیان .
لێرەدا ، بۆ ئەوەی لە باری مێژویی و یاسایی ئەم تاوانکاریە بە سەر " کوردستانی نوێ " و " جەماڵ عەبدوڵلا " تێنەپەڕێ ، بەشێک لەو نووسینانەی جەمال عەبدوڵلا دەخەیەن بەردەم خوێنەران کە کوردستانی نوێ بە مانشێتی گەورە بۆ بڵاو دەکردەوە .

 بۆ خوێندنەوەی نووسینەکەی جەمال عەبدوڵڵا کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/Jamal_Abdulla2.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە