کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


هەڕەشە و تۆمەتەكانی پارتی لە هەڕەشە تۆمەتەكانی قەزافی وستەمكارەكانی دی دەچێت

Thursday, 02/08/2012, 12:00






لە شۆڕرشەكانی دوو ساڵی رابردووی گەلانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقادا، كە رووخانی چەند ستەمكار و دیكتاتۆرێكی بەدوای خۆیدا هێنا، لە سەرەتای دیمەنەكانی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشانەدا ستەمكارەكانی ئەو ووڵاتانە لە كاردانەوە بەپەلەكانیاندا دەستیان كرد بە تۆمەت بەخشینەوە و هەڕەشە كردن لە خەڵكە شۆڕشگێرەكان، بەڵام ئەو هەڕەشەو گوڕەشانە نەیتوانی خەڵكی ستەملێكراو و شۆڕشگێری ئەووڵاتانە بترسێنێت، بەڵكو ئەوەندەی تر جۆش خرۆشی پێ بەخشین و بە گوڕ و تینێكیترەوە بەرنگاری ستەمكارەكان بوونەوە و سەر ئەنجام رووخانی ئەو ستەمكارانەی لێكەوتەوە كە چەندین ساڵ بوو بەناوی شۆڕشگێڕی و نیشتمان پەروەریەوە گەلەكانی خۆیانیان كۆمەڵكوژ دەكرد و زیندان وئەشكەنجەدەدا و ئەیان چەوساندنەوە.
ئەگەر هەڕەشەكانی قەزای بەهێنینەوە بیری خۆمان كە لە ناو زاكیرەی زۆربەی خەڵكدا جێگایەكی داگیركردووە، قەزافی زۆر بەتوندی قسەی دەكرد و بە شۆڕشگێڕەكانی وڵاتەكەی ئەوت ئەوانە كۆمەڵێك جرجن و تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و بەكرێگیراوییان ئەدانە پاڵ و هەڕەشەی ئەوەی لێ ئەكردن كە كۆڵان بە كۆڵان و خێوەت بە خێوەت و گەڕەك بە گەڕەك و شار بەشار شەڕیان لەگەڵدا ئەكات. ڕاستە قەزافی هەندێك لە هەڕەشەكانی هێنایە دی و تاوانی كۆمەڵ كووژی زۆر ئەنجامدام بدات، بەڵام سەرئەنجام ئەو ستەمكارە دەسەڵاتی لە دەست دەرچوو و بینیمان بە چی شێوەیەك كۆتای بە ژیانی هات.
لێ لە كوردستانیش كاتێك خۆپیشاندانەكانی 17 شوباتی سەرای ئازادی دەستی پێكرد و دواتر چەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستانی گرتەوە و خەڵكی داوای هەڵتەكاندنی ئەو سیتەمە ستەمكار و جووت حیزبی و تاڵانچییەی یەكێتی و پارتیان دەكرد، لە ئەنجامدا دەسەڵات بە گولە وەڵامی داخوازیەكانی خەڵكی دایەوە و چەندین كەسی لێ شەهید و بریندار كردن و چەندین كەسیشی ڕاپێچی زیندان وفەلاقەخانەكانی دەسەڵات كران و لەوێدا ئەشكەنجەو ئازاری زۆردران. دەسەڵات لە ماوەی دوو مانگ زیاتری خۆپیشاندانەكانی سەراكانی كوردستان بە هەمان شێوەی قەزافی و كەوتە تۆمەت هەڵەبستن و جارێك ئەیانوت ئۆپۆزسیۆنی لەپشتە جارێك ئەیانووت دەستی ئێرانی لەپشتە و چەندین سینارۆیان دەرهێنا، بەڵام هەموو تۆمەتەكانیان هەڵبەستراو بوون و بۆ چەواشەكاری و گەوجاندنی خەڵكبوون.
وەكو بینیمان شەوی ڕابردوو دوای دیدارێكی 29 دەقەی نەوشێروان مستەفا لە كەناڵی (كەی ئێن ئێن)كە تێدا هێرشی توندی كردە سەر دەسەڵاتی خێڵەكی بنەماڵەی هەزار گەمژەكەی بارزانی وتی: سەرکردایەتی پارتی لە بیست ساڵی رابردودا ستراتیژیەتێکیان هەبوە بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵە لە کوردستاندا بچەسپێنن، هەمیشە کارێکی وایانکردوە زۆرجار شەڕێکی دەرەکیان دروستکردوە، ئەم شەڕە دەرکیە جاری وا هەبوە لەگەڵ بەغدا بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ ئێران بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ تورکیا بوە، كێشه‌یه‌كی گەورە دروستدەکەن بۆئەوەی خەڵک داواکاریەکانی خۆی لەبیربچێتەوە، لە پەنای ئەمە مەرامەکانی خۆیان جێبەجێکردوە.
لە بەرامبەردا لە بەرە بەیان هەمان شەودا مەكتەبی سیاسی پارتی خۆی پێنەگیرا ڕۆژ ببێتەوە هەر بۆیە لە بەیاننامەیەكدا كە زۆر بە پەلە پرووزێی نوسیبوویان وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشێروان مستەفا دابوویەوە. وەكو پیشەی هەمیشەیان و بەهەمان عەقڵێتی خێڵەكی قەزافیانە دەستیان كردووە بە هەڕەشە و گوڕەشە. كە بەبۆچوونی من ئەو هەڕەشانە مایەی ترسێكی زۆری پارتی بنەماڵەیە لە خەڵكی ناڕازی شەقام و بزووتنەوەی گۆڕان هەیانە و ئەترسن بەدەردی قەزافی بچن، چونكە خۆیان باش ئەزانن كە خەڵك لە كوردستاندا ئێستا لە چی هوشیاریكدایە و بە قسە و قسەڵۆك و تۆمەت بەخشینەوە و درووستكردنی هێرشی دەرەكی وتێكدانی رێزەكانی كورد و ئەو جۆرە شتانە هەڵ ناخەڵتێت. كێشەی عەقڵێت و بیركردنەوەی ئەم ستەمكارانە ئەوەیە كە بەهەمان ئاخافتنی تەقلیدی سەردەمی كۆنیان بەیاننامە دەردەكەن وقسە دەكەن، خۆیان گێل دەكەن لەوەی كە نەوەیەكی نوێی هوشیار هاتووەتەوە مەیدانەكەوە، كە ئەو نەوەیە چیتر زوڵم زۆرداری پێ قەبوڵ ناكرێت و یاخی دەبێت لەو عەقڵە سەلەفی وچەقبەستوو وكۆنكریتیەی دەسەڵاتی بنەماڵەكان لە كوردستان، بەلای ئێمەیەلیشەوە هەڕشە و گوڕەشەكان و تۆمەتەكانی پارتی شتێكی ئاساین، چونكە دەزانین لەوەوە سەرچاوی گرتووە كە ئەو دەسەڵاتە خێڵەكیە ترسێكی زۆری هەیە وەكو قەزافی كۆتای بە ژیانی سیاسی و دەسەڵاتیان بێت.تەنها جیاوازی لە نێوان قەزافی و بارزانی ئەوەیە كە قەزافی ئالەتی سەركوتكردنی خەڵكی سەدان قات لە بارزانی زیاتر بوو،بەڵام بینیمان بەچی شێوەیەك لەلایەن شۆڕش گێڕەكانەوە كۆتای بە دەسەڵاتی نەگریسی ئەوستەمكارانەی هێنرا.

ئەمەوێت بەراوردێكیش لە نێوان دوو هەڵوێستی پارتیدا بكەم، ماوەی چەند مانگێك پێش ئێستا مالیكی چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ (كەناڵی ئێن ئاڕتی) هێرشی كردە سەر دەسەڵاتی بنەماڵە لە كوردستان كە چۆن خەریكی تاڵانكردنی نەوتی كوردستانن، لە بەرامبەردا پارتی دوای چەند رۆژێك وەڵامێكی لاوازی مالیكیاندایەوە. كەچی لە بەرامبەر قسەكانی نەوشییروان مستەفادا كە شەوی رابردوو كردی، پارتی خۆی پێنەگیرا و دوای چەند كات ژمێرێك وەڵامیان دایەوە. ئێوەی خوێنەر خۆتان ئەتوانن خوێندنەوە بۆ ئەو دوو هەڵوێستەی پارتیدا بكەن كە چەند بەپەلەبووە بۆ وەڵامدانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و چەندیش بە تەحمول بوو بۆ وەڵامدانەوەی مالیكی،ئیتر لێرەوە سایكولۆژیەتی پارتی بنەماڵەتان بۆ دەر ئەكەوێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە