کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وتاره‌ گشتگیره‌که‌ی کۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی هیچ له‌ راستییه‌کان ناگۆڕێت.

Saturday, 05/12/2009, 12:00


کۆسره‌ت ره‌سول له‌ رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ و ئاوینه‌ وه‌ڵامی نوسینێکی نه‌وشیروان داوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌م دواییانه‌ له‌ سایتی سبه‌ی بڵاوکرابۆوه‌.  وه‌ڵامی کۆسره‌ت زیاتر وتارێکی سۆزداری گشتیگیریانه‌یه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی وه‌لای بۆ مه‌سعود و جه‌لال دووباره‌ کردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌لای راستییه‌کاندا نه‌ڕۆیشتووه‌.راستییه‌کان دیاره‌ راستی ره‌ها نین و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ راستی قۆناخێکی مێژوویی نزیکی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و له‌ هه‌لومه‌رجێکی ناله‌باردا خوڵقاوه‌ ، ده‌کرێ دیدی جیاجیا هه‌بێت ، به‌ڵام له‌وه‌ زیاتر ده‌کرێ به‌ هاسانی له‌ نێو دوو توێی یا نیوان دێره‌کان راستییه‌کان بخوێنرێنه‌وه‌ ، ئه‌وکات خه‌ڵکی کوردستان حوکمی خۆی له‌سه‌رده‌دا.
کۆسره‌ت باسی له‌ دامه‌زراندن له‌ فه‌رمانگه‌کان کردۆته‌وه‌ که‌ جگه‌ له‌دامه‌زراندن وه‌ک خۆی ده‌ڵیت هیچی دیکه‌ نه‌بوو له‌ کاتی سه‌رۆکایه‌تیکردنی حکومه‌تدا تا پێشکێشی خه‌ڵکی کوردستان بکات ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر مرۆ شاره‌زای چۆنییه‌تی دامه‌زراندن نه‌بووبێت به‌ کاریکی زێده‌باشی داده‌نێت. لای خه‌ڵکی کوردستان شاراوه‌نییه‌ که‌ هیچ که‌سێ بۆی نه‌بوو و ئێستاش بۆی نییه‌ دامه‌زرێت ئه‌گه‌ر پارتی یا یه‌کێتی نه‌بووبێت ،هه‌موو یه‌کێتیه‌کانی لای پارتی و هه‌موو پارتییه‌کانی لای یه‌کیتی هه‌میشه‌ سانسۆریان خرابووه‌ سه‌ری بێ کاریگه‌ر  کرابوون و زۆر به‌هاسانی گه‌مه‌ به‌ که‌رامه‌تی مرۆڤی کورد ده‌کرا.
دامه‌زراندن چه‌نده‌ ده‌ستکه‌وت بوو بۆ که‌سه‌که‌ ده‌یه‌ها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستکه‌وتبوو بۆ خودی حزبه‌که‌ ، جا بۆیه‌ ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ی که‌ کۆسره‌ت وه‌ک ریزبه‌ندی بۆ خودی حکومه‌ته‌که‌ی خۆی و پارتی هه‌ژماری ده‌کات ، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ پێڕه‌وکردنی سیاسه‌تی نانپیدان(ارتزاق) و به‌خۆگرێدان ، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پێشێلکردنی مافی تاک وه‌ک مرۆڤ.
کۆسره‌ت وه‌ک ده‌زگای به‌دناوی راگه‌یاندنی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود ئه‌ویش تۆمه‌تی شارچێتی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی نه‌وشیروان که‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌ ئه‌گه‌ر راستییه‌کیشی تیابێت دیاره‌ کاتێ به‌زمانی دوژمنانی کورد دووپاتده‌کرێته‌وه‌ ،هیچ به‌هایه‌کی ئه‌وتۆی لای خه‌ڵکی کوردستانی نابێت. نه‌وشیروان پێویست ده‌کات بۆ خۆی وه‌ڵامی ئه‌و خاڵه‌ بداته‌وه‌ ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7 یش هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ زۆر ئه‌و قه‌وانه‌یان لێدایه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بوا بکرابایه‌ نه‌وشیروان له‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێده‌نگی نه‌نواندبایه‌ وباشتر لێیان بهاتایه‌ده‌ست.
هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له کاتی ده‌سه‌ڵاتی کۆسره‌تدا له‌ حکومه‌تدا ژیانیان کردووه‌ ، باش ده‌زانن که‌، کۆسره‌ت موڵکی گشتی به‌ خراپترین شێوه‌ خستبوه‌ خزمه‌تی به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له‌ نێو حزبدا. راستده‌کات کاتێ بۆ شارێک ده‌چوو خه‌ڵکی له‌ پێشوازی دابوون ، چونکه‌ خه‌ڵکی به‌شیوه‌یه‌کی گشتی جاویان له‌ چنینه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وت بوو ، ده‌یانزانی کێ بیگاتێ و دوو قسه‌ی له‌ ته‌کدا بکات پارچه‌یه‌ک زه‌وی یا بڕێک پاره‌ی وه‌رده‌گرت. ده‌یانجار جه‌لال و هاوکارانی بۆخۆیان ئه‌و راستییانه‌یان بۆ خه‌ڵکی کوردستان ئاشکراکردووه‌. جارێکیان جه‌لال زۆر بێشه‌رمانه‌ له‌ کۆیه‌ ووتی(ئه‌م گۆته‌یه‌ی جه‌لال له‌ ئه‌رشیفه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی کوردستان / کۆیه‌دا ده‌ستده‌که‌وێت): فه‌قێ عه‌بدوڵایه‌ک په‌یابوو ته‌کتول ده‌کات و کلکان گرێده‌دات ، ده‌بێ ئه‌و کلکه‌ببڕم. ئه‌مه‌ قسه‌ی خودی جه‌لاله‌ ،بۆیه‌ ئه‌م نموونه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ ده‌توانین بۆ په‌یوه‌ندی خراپی جه‌لال و کۆسره‌ت بهێنینه‌وه‌ ده‌ستی نه‌وشێروان تیانه‌بووه‌ ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ جه‌لال بوو هه‌ستی به‌مه‌ترسی ده‌کرد له‌ به‌هێزبوونی پێگه‌ی حزبی کۆسره‌ت له‌ نێو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان .. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ ده‌سه‌ڵات و پاره‌ له‌ده‌ست کێ بێت له‌نێو حزبێکی بێ پرینسیپ و بێ به‌رنامه‌ی وه‌کو یه‌کێتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌مه‌ ، ئه‌و کاتیش ده‌سه‌ڵات و پاره‌ له‌لای کۆسره‌ت بوو بۆیه‌ جه‌لال نه‌یتوانی به‌رگه‌ی ئه‌و پیگه‌ به‌هێزه‌بکات ،که‌وته‌ ته‌قه‌کردن له‌ کۆسره‌ت.
ده‌رهه‌ق به‌شه‌ڕی ناوخۆ پێویست ناکات هه‌مووان پاساوی بێ بنه‌ما بهێننه‌وه‌ ، ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌عس و تورک به‌ هه‌ماهه‌نگی پیاوانیان له‌ نێو خودی یه‌کێتی و پارتی هه‌ڵیانگیرساند ، ئه‌گه‌ر چه‌ند که‌سێک وه‌ک به‌هرۆز و سه‌عدی پیره‌ی موخابه‌راتی به‌عس له‌ ده‌وری کۆسره‌ت بوون و هانیانده‌دا بۆشه‌ڕ له‌دژی پارتی ، ئه‌وا له‌ نێو پارتیش خودی بنه‌ماڵه‌ بۆخۆیان له‌لایه‌ن هه‌ردوو ده‌زگای میت و موخابه‌راتی به‌عسه‌وه‌ هانده‌دران بۆ تاودانی شه‌ری ناوخۆ ، بنه‌ماڵه‌ بۆ چنگگیرکردن له‌ گومرگی ئئیبراهیم خه‌لیل و جێبه‌جێکردنی پیلانه‌کانی تورک و سه‌ددام شه‌ڕی ناوخۆیان به‌ باشترین ئامراز ده‌زانی ، بۆیه‌ ناکرێت به‌رخۆدانی یه‌کێتی له‌ شه‌ڕی ناوخۆ جا هه‌رکێ ئه‌نجامیدابێت بێ نرخ بکرێت و به‌ نه‌زه‌ری زۆران پیرۆز بوو بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلانه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی خیانه‌تکاری مه‌سعود. ئاخافتنه‌کانی نه‌وشیروان بۆ ته‌واوکردنی ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ که‌ له‌جه‌سته‌ی کورداندا هه‌بوو ،ده‌بوا ته‌واوبکرایا و ببڕایایه‌ته‌وه‌.‌. پاساو هێنانه‌وه‌ی کۆسره‌ت بۆ ته‌واونه‌کردنی شه‌ڕه‌که‌ و بێکاریگه‌رنه‌کردنی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود به‌ نێگه‌تیڤ بۆ وه‌ڵامه‌ گشتگیره‌که‌ی کۆسره‌ت حساب ده‌کرێت ، ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌شێکی زۆری بۆ بنه‌ماڵه‌ی خیانه‌تکاری مه‌سعود ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، نازانین به‌چ لۆژیکێک کۆسره‌ت خۆی ده‌خاته‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریکردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود؟!.
له‌شاخ مبادیو و له‌شار مه‌ساڵح ، گۆته‌یه‌کی به‌ناوبانگی کۆسره‌ته‌ ، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی نزیکن له‌ کۆسره‌ت ئه‌م گۆته‌یه‌یان له‌خودی خۆی بیستووه ، ئێستاش به‌ عه‌مه‌لی واده‌کات ، ئه‌وه‌تا جێگری دوو تاوانباره‌، جه‌لال و مه‌سعود ، که‌چی به‌ناوی داکۆکیکردن له‌ راستییه‌کان ، ده‌یه‌وێت راستییه‌کانب‌شێوێنێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی شاری که‌وتۆته‌ تۆمه‌تبارکردنی خه‌ڵکی دیکه. کۆسره‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ و له‌دادگایی ده‌ترسێت ، خۆ ئه‌گه‌ر تاوانبار نییه‌ بۆچی ئه‌و هه‌موو سووکاتییه‌ی جه‌لال و بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعودی قه‌بوڵه‌ ، بۆچی وه‌ک نه‌وشیروان خێڵی خیانه‌تکاران به‌جێناهێڵێت و نایه‌وه‌ته‌وه‌ نێو خه‌ڵکی کوردستان؟!.‌
ده‌کرێ شتی دیکه‌ش ده‌رهه‌ق به‌ کۆنگره‌ی دووی ینک بنووسین ، به‌ تایبه‌تی که‌ به‌نده‌ خاوه‌ن زۆر زانیاری ورده‌ ده‌رهه‌ق به‌ کۆنگره‌ی چه‌پڵه‌ی تاڵه‌بانی و ،ببێته‌ وه‌ڵامیکی کورت و پوختی دوایین دێره‌کانی وه‌ڵامه‌که‌ی کۆسره‌ت ، بۆ فورسه‌تێکی دیکه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە