یەكگرتوو لە بەرامبەر هێرشى پارتى و یەكێتى...
Friday, 13/02/2009, 12:00
1681 بینراوە
لێرە و لەوێ هەندێك كەس كە خۆیان بە كەسانى رۆشنبیر دادەنێن! دێن و بە شێوازێكى نا راست و دروست پەلامارى حیزبێكى ئیسلامى میانڕەوى وەك یەكگرتوو دەدەن، نەك كەسى رۆشنبیر و تێگەیشتو و ئەقڵ كامڵ و خاوەن هەڵوێست، بەڵكو لەو بڕوایەشدام كە خۆشیان باوەڕیان بە نووسین و رەخنەكانى خۆشیان نییە كە لەو حیزبە دەیگرن.
ئێستا بەهۆى نزیك بوونەوەى هەڵبژاردن هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى سێ پارێزگاكەى باكوورى عێراق، ترسێكى گەورەیان لە یەكگرتووى ئیسلامى نیشتووە و ئەو حیزبەش بۆتە مۆتەكە بە سەریانەوە، ئەوە هەر باسى لیستەكەى نەوشیروان مستەفا ناكرێت، ئیدى ئەو دوو دەسەڵاتەش بۆ راكێشانى سۆزى خەڵك و ناشرین كردنى یەكگرتوو پەنا بۆ هەموو شێوازێك دەبەت.
وەك بینیمان لە كاتى هەڵبژاردنى جارى پێشوو چەند ئەندامێك و كەسایەتیەكى ناو ئەو پارتە لە لایەن پارتیەوە لە دهۆك و زاخۆ تیرۆر كران، لێ ئەو كارە تیرۆریەى كە لایەنگرەكانى ئەو حیزبە بەرامبەر بە یەكگرتوو كردیان، زۆر بە سلبى لە لایەن ئەمریكا و وڵاتە پێشكەوتووەكان بەسەر پارتەكەیاندا شكایەوە و دەتوانم بڵێم پارتى ئەو سەنگەى خۆى گەر نسبەیەكیش بوبێت لە بەرامبەریاندا نەما، بۆ نموونە ساڵى 2006 لە ۆرگ شۆپێكدا داوەتكرابووم، كە كەسێكى ئەمریكى سەر بە دیموكراتەكان لەسەر دیموكراسیەت وانەكەى دەگوتەوە، باسى لەو تیرۆرەى كە لە لایەن پارتیەوە كرا دەرهەق بە یەكگرتوو كرد، زۆر بە شێوەیەكى ناشرین باسى لەم دەسەڵاتە و ئەو دیموكراسیەى كە پارتى باسى دەكات كرد.
خانمێكى نووسەر بەناوى تریفە شوانى، كە لەگەڵ هەورە بروسكەى لیستى جیاوازى نەوشیروان مستەفا و راپۆرتى چوار حیزبەكە وەك قارچك هەڵتۆقى، لە بابەتێكى دا كە زۆر بە حقدەوە نووسیویەتى و ئەندامانى یەكگرتوو بە (جوجەڵە) ناو دەبات، كە دەبوو ئەو خانمە وەهمییەى كە گومان دەكرێت لە لایەن یەكێك لە دەزگا نهێنیەكانى پارتى و یەكێتى درووستكرابێت، ئەو وشەیەى بە كار نەهێنایە، جیا لەوەش باس لە مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددین دەكات، كە لە كۆنگرەى قاهیرە بەشدار بووە و دواتر خۆى دانى بە هەڵەى خۆیدا ناوە. دەبێت ئەو (وەهمییە) خانە هیچكات هەستى بەوە نەكردبێت، كە هەریەك لە بارزانى و تاڵەبانى چەندین جار خیانەتیان لە گەل و نەتەوە كرد و هەڵەى گەورەیان لە سیاسەت بەرامبەر بە خۆشیان و بەرامبەر بە دوژمنەكانمان كرد، خێرە بۆ تەنها جارێكیش دانیان بە هەڵەى خۆیاندا نەهێنا و ئێستاشى لەگەڵدا بێت خۆیان بە ئاقڵ و حاكمى رەهاى گەل دەزانن!؟ گەر بە ئەقڵانى بیر لەو دانپێدانانەى ئەمیندارى یەكگرتوو بڕوانین و خوێندنەوەى بۆ بكەین، دەگەینە ئەو رایەى كە بەڕێزیان لە خۆشەویستى خۆیان بەرامبەر نەتەوەكەى دانى بە هەڵەى خۆیدا ناوە و بە نەتەوەكەى راگەیاندووە، كە لە ژیانى سیاسیدا بۆ تەنها جارێك هەڵەیەكى كردووە و چیتر دوبارەى ناكەتەوە، ئەمە لە لایەك لە لایەكى تریشەوە گەر تاڵەبانى و بارزانى كە خانمى دروستكراو بەرگریان لێ دەكات، دان بە هەڵە و خیانەتەكانیاندا بنێن، بە سەدان كتێب لە خۆى ناگرێت.
گەر بێلایەنانە سەیرى مێژووى یەكگرتوو بكەین دەزانین كە ئەو هەر لە سەرەتاشەوە وەك حیزبێكى چاكسازى خواز هاتۆتە ناو ساحەى خزمەت و خەباتەوە، جیالەوەى كە ئەو حیزبە تاكە كوردێكى بە دەست نەكوژراوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەندامانیان كەوتوونەتە بەر شاڵاوى رەشى تیرۆر و ئیهانەوە، بۆ تەنها جارێكیش ئەو حیزبە خیانەتى لە گەل و خاكەكەى نەكردووە، كە لە بەرامبەردا زۆر لە پارتە كوردیەكان لەسەر ئەساسى خیانەت كردن ئیدامەیان بە مانەوەى خۆیان داوە، هەر ئەمەشە كە واى كردووە حیزبێكى میانڕەوى وەك یەكگرتوو، قورسایى خۆى هەبێت.
[email protected]