ئەبوایە حکومەتی هەرێم ئیحراج ببوایە نەک کارمەندانی تەندروستی
Saturday, 14/07/2012, 12:00
جێگای داخە مانگرتنی سەرانسەری کارمەندانی تەندروستی کوردستان دوای تەنیا ٣ سێ ڕۆژ لە مانگرتنی بەرهەقی خۆیان بۆ داواکاری دەرماڵەی مەترسی کارکردنیان، بە ئیحراجیەوە ناڕەزایەتیەکەیان هەڵپەسارد! چونکە پێیانوایە کە هاوڵاتیان باجی ئەم هەڵوێستوەرگرتنەی ئەوان ئەدەن!!
لەکاتێکدا ئەبوایە حکومەتی هەرێمو دەسەڵاتدارانی کوردستان ئیحراج ببونایەو بکەوتنایەتە بەردەم هەڵوێستێکی شەرمەزاری بەرامبەر بە نادادپەروەریو نایەکسانی لە رێکخستنی مووچەکانو دەرماڵەکانی کرێکارانو فەرمانبەراندا. وە بە خێرایی هاوڵاتیانی کوردستان نەک ببونایە بە گوشار بەسەر مانگرتنی کارمەندانی تەندروستیەوە، بەڵكو پشتیوانی بێدرێغی خۆیان بۆ مانگرتنەکەی ئەوان ڕاگەیاندبایەو حکومەتیان ئیحراجو ناچاربکردایە کە دەسبەجێ وەڵامی داخوازیەکانی کارمەندی سەکتۆری تەندروستیان بدایەتەوەو بۆیان جێبەجێ بکردنایە!
جێگای خۆیەتی باسی مانگرتنی ١٠٥ ڕۆژەی"نەک سێ ڕۆژ!"ی کرێکارانی پاککەرەوەی سەر بە شارەوانی چوار شارە هەرە گەورەکەی هۆڵەندا(ئەمستردام، ڕۆتەردام، دەنهاغو ئوترێخت) بکەین کە لەژێر دروشمی؛ (schoon genoeg- زۆر زۆر خاوێنە!) دا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو وە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن فیدراسیۆنی یەکێتیە کرێکاریەکانی هۆڵەنداوە سازماندرابوو. لە ماوەی مانگرتنەکەیاندا ئەو چوار شارە بە تەواوی ببوون بەژێر دەریای زبڵو پاشەرۆکو خاشاکی دانیشتوانی ئەو شارانەوە کە نزیک بە تەواوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەبن. وە بۆگەنی زبڵو خاشاک هاوڵاتیانی بە تەواوی سەخڵەت کردبوو. بەڵام هاوڵاتیانی هۆڵەندا بەشێوەیەکی شارستانیانە پشتگیری خۆیان بۆ مانگرتنی کرێکاران ڕاگەیاندو بوونە فشارێکی ڕاستەقینەی دیکە بەسەر کۆمپانیاکانی پاککەرەوەو دەوڵەتی هۆڵەنداوە هەتا داواکاریە ڕەواکانی کرێکارانی شارەوانیەکان جێبەجێ بکەن. نە کرێکارانو رێکخراوەکانیان ئیحراج بوون بە مانگرتنەکەیان وە نە هاوڵاتیان بوونە گوشار بەسەر کرێکارانو مانگرتنەکەوە! بە کردەوە ئەم هەڵوێستە جێبەجێ کراو دەوڵەتیشیان ناچار کرد فشاری زیاتر بۆ کۆمپانیاکان بێنن کە وەڵامی داخوازیەکانی کرێکارانی مانگرتوو بدەنەوە، نەک ببن بە لەمپەر لەبەردەم خواستی ڕەواو بەرهەقی کرێکاران! پاش چەند مانگێک لە درێژەی مانگرتنی کرێکارانی پاککەرەوەی هۆڵەندا بە پاڵپشتی هاوڵاتیان سەرکەوتنیان مسۆگەر کردوو زۆربەی داخوازیەکانیان جێبەجێ کرا بۆیان!
بەمپێیە، کارمەندانی تەندروستی هەرێمی کوردستان پێویستە بەردەوام بن لە پێداگرتن لەسەر مانگرتنو داخوازیەکانیان وە هیچ شەرمو ئیحراج بوونێک قبووڵ نەکەن لە هیچ کەسێک! چونکە چەندین هەزار کەس لە کارمەندانو کرێکارانی تەندروستی مافی خۆیانە دەرماڵەی مەترسی یەکسانیان هەبێو بەهرەمەند بن لە مووچەو دەرماڵەی پێویست، هەتا بتوانن بە شێوازێکی هاوچەرخ وەکو هەمیشە خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن بە هاوڵاتیانی خۆیان! هاوڵاتیانیش هەق وایە پشتی مانگرتنەکەیان بگرنو گوشار بۆ حکومەت زیاد بکەن هەتا تەواوی خواستەکانیان جێبەجێ بکرێت نەک لە مانگرتن سارد بکرێنەوە!
بڕوانە هەواڵی خەباتی کرێکارانی پاککەرەوە لە هۆڵەندا لە ماڵپەڕی هاوپشتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست