پارتی و یەکیتی، هەوڵێکی زیرەکانە بۆ یاریکردن بە ئەنجامەکان
Tuesday, 24/09/2013, 12:00
هەوڵەکانی شەوی ٢٣/٢٤ ئەیلول بۆ دەستکاریکردن و یاریکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بە پێچەوانەى هۆکارە ئاشکرا سەرەتاییەکانی، دەکرێت ئامانجی گەورەتر و داڕوخێنەرتریان هەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە یەکیتی نیشتمانی بە پلەى یەکەم دۆڕاوی دیاری بوو.
وەک دیارە لە هەولێر، بە پێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان، نزیک بە ٥٠٠ سندوق سکاڵایان لەسەرەو دەکرێت پوچەڵ بکرێنەوە. گەر هەر سندوقێک سەر بە ویستگەیەکی ٤٥٠ دەنگدەرى بێت و تەنها رێژەى ٧٣% بەشداریان کردبێت، ئەوا کۆی دەنگەکان دەکەنە ١٦٤٢٥٠ دەنگ. گەر هەر کورسیەکیش بە ١٩٠٠٠ بشکێنرێتەوە، ئەوا بەو مانایە دێت کە ئەگەرى چوچەڵکردنەوەى نزیک بە هەشت کورسی و نیو لێدەکرێت. بەم جۆرە ریژەى دەنگەکانی پارتی بە ریژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
بە پشت بەستن بەو ژمارانە و بەوەش کە هەوڵەکانی ئەمشەو بە شێوەیەکی هەڵەشە ئەنجامدراون و بە ئاسانی دەزانرێت کە سفر لابردن و زیاد کردن کۆی ئەنجامەکان لاسەنگ دەکات لە تۆماری دەنگەکان، ئەوە دەردەکەوێت کە مەبەست و ئامانجی پارتی و یەکێتی ئەوەیە هەندێک لە دەنگەکانی پاریژگای سلێمانی بە بیانوی یاریکردن بە دەنگەکان و دەستکاری فۆرمەکانی هاوتاکردن بە پێی بەڵگە و شایەتی خودی ئۆپۆزسیۆن، پوچەڵ بکرێنەوە. بەو جۆرەش، لە پارێزگای سلێمانی، گۆڕان بە پلەى یەکەم و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن بە دواییدا زەرەرمەندی یەکەم دەبن.
بۆیە شوینی خۆیەتی بوترێت کە ئۆپۆزسیۆن هەموو تواناکانی بخاتە گەڕ تا نەهێڵدرێت ئەو هەوڵە بە هەردوو سیناریۆکەیەوە سەر بگرێت. پێویستە داکۆکی بکەن لە دەنگە دروستەکان لە سلێمانی و ئەو دەنگە تەزویرانەى هەولێریش پوچەڵ بکرێنەوە. گەر هەر یەک لەم دوو سناریۆیە سەربکەون، یان هەردوگیان، ئەوا ئەوکات چوار ساڵی داهاتوی کوردستان باشتر نابێت لە چوار ساڵی ڕابردووی، بەڵکو پێشبینی خراپتر بوونیشی لێدەکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست