کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەكفری قایمقام و پۆلیس و ئاسایش و داواكاری گشتی و دادوەر خەوتوون

Saturday, 15/01/2011, 12:00


ئەوەی شەوی 15/1 لەكفری روویدا لەتەقاندنی هەزاران فیشەك لەكاتژمێر 8:30 تاوەكوو 11 شەڕ نەبوو، كودەتاو شۆڕش نەبوو، راوەدوونانی بەرپرس و هەڵتەكاندنی كورسییەكانیان نەبوو، بەڵكوو بردنەوەى تیپی تۆپی پێی عیراق بوو،. ئیدی نازانم ئەو كەلتورە كەی كۆتایی دێت و كەی رێگەی لێدەگیرێت هەى جەنابی ناحكومەتی هەرێم.
دیارە مەبەستی بەندە لەدیاردەى تەقەكردنەكە نییە كە بەرهەمی نەوەو ئەندامە كۆیلەكانی یەكێتی و پارتییە، كە جەلال تاڵەبانی دەبێتە سەرۆك كۆمار تەقە دەكەن، نەشتەرگەری دەكات هەر تەقە دەكەن، سەفەر دەكات تەقە دەكەن، لەهەڵبژاردندا 4 كورسی بەدەستدەهێنن هەر تەقە دەكەن، دەچێتە توركیا دەلێت دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیەو دەچێتە سەر گۆڕی ئەتاتورك هەر تەقەی خۆشی دەكەن، مەسعود بارزانی دەبێتە سەرۆكی هەرێم تەقە دەكەن، دەبێتە فیرعەون هەر تەقەو تەقەو تەقە، بۆیە ئێستا ئەو تەقەكردنە بووەتە دیاردەو كەلتورێكی باو كە ئەو دوو حزبەو حكومەتەكەشیان نایانەوێت كۆتایی بە چەكداریی و تەقەكردن بهێنرێت كە كۆتایهێنانی هێند ئاسانە.
بەڵام مەخابن لەئەنجامی ئەو هەموو تەقەكردنەدا یەك كەس دەستگیر نەكراوەو پۆلیس و ئاسایش خەویان لێكەوتووەو جەنابی قایمقامی كفریش لەبەر ئەوەی ماڵی لەدەربەندیخانە زۆربەى شەوانی هەفتە دەگەڕێتەوە دەربەندیخان و ئەو شەوە لەماڵەوە بووە، بۆیە مادامەكی لەئەنجامی تەقاندنی ئەو هەزاران فیشەكە هیچ كەسێك نەگیراوە، دڵنیام سەدان جاری دیكەش دیاردەكە دووبارە دەبێتەوە، دەستی پۆلیس و ئاسایش و حكومەتیش بە (چاومان).
جا بەو هۆیەوە سوێندم خوار كە قایمقام و پۆلیس و ئاسایشی و دادوەرو داواكاری گشتی لەكفری رایانكردووەو شاریان بەجێهێشتووە بۆ تەقەچییەكان یاخود حەبی ڤالیۆمیان خواردووەو خەوتوون.
ئەوەی زۆر سەیرو عەجایەبە تۆ بڵێی دادوەرو داواكاری گشتی كە ماڵیان لەناوەڕاستی كفریدایە خەوتبێتن؟!، كە دڵنیام سەد دەر سەد گوێ و ئاگایان لێبووەو سبەینێ هەر دەڵێی هیچ رووی نەداوە دەچنەوە بۆ سەر كورسییەكانیان و پاڵی لێدەدەنەوە، كە هەر یەكەیان هێندەى وەزیرێك مووچە وەردەگرن دەك نەگاتە ئەو رۆژەى بتوانن بیخۆن و بە حەرامتان بێت.
خەمی من بۆ ئێستا نییە، بەڵكوو خەمی من بۆ منداڵانی ئەمڕۆی نەوەكانی ئاییندەیە كە بە زرمەی فیشەك و ئاربیچی گوێچكەكانیان راهاتووەو هەر لەئێستاوە هیوایەتی گەورەیان كڕینی چەك و دەمانچەو كڵاشینكۆفی نایلۆنە كە لەئێرانەوە حكومەت رێگە بە هێنانی دەدات.. كەوایە هەر بژی سەرۆك و سەركردە نەزان و خەمنەخۆرەكانمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە