گروپى گەنجانى گۆڕانخوازى سەربەخۆى كفرى /گەرمیان,ئەم ئاگادارییە بەپێویست دەزانێت
Saturday, 17/10/2009, 12:00
دواى ئەوەى بەیاننامەیەكمان بڵاو كردەوە و تیایدا هەڵویستى خۆمان لەسەر بارودۆخى نوێى فراكسیۆن و بزوتنەوەى گۆڕان خستە ڕوو, ژمارەیەكى زۆر لە هاوڕیێانمان و خەڵكانى بێلایەنى تر پەیوەندیان پێوەكردوین و هەندێكیان خراپ لە هەڵویستەكەمان گەیشتون, هەندێكى تر لە گۆڕانخوازەكانى كفرى و گەرمیان پەیوەندیان پێوەكردوین و داوا دەكەن لە گەڵماندا كاربكەن, بۆیە بە پێویستمان زانى ئەو بەڕێزانە لەم خاڵانە ئاگاداربكەینەوە:
1_بۆ ئەو بەڕێزانەى كە خراپ لە هەڵویستمان گەیشتون, بابگەرێنەوە بۆ بەوردتر خوێندنەوەى بەیاننامەكەمان و هەڵویستى جدیمان لە ئاست واقیعى ئەمڕۆى كوردستان و گەرمیان و عەفەویەتى بزوتنەوەى گۆڕان.
2_بۆ ئەوانەش كە داواى كاركردنمان لەگەڵدا دەكەن, پێمانباشە ئاگاداربن لەوەى ئێمە پەیوەندیمان بە بزوتنەوەى گۆڕانەوە نەماوە, لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێ تر نانیێن.
3_بۆ ئەوانەش كە ڕەخنەمان لێدەگرن و دەڵێن ئێوە سەرمەشق بون لە هێنانى وشەى گۆڕان بۆ كفرى و دەوروبەرى و ئێستا پاشەكشەدەكەن و پەشیمانبونەتەوە بەپێویستى دەزانین ئەو بەڕێزانە ئاگاداربكەین كە قۆناغى بانگەشەى هەڵبژاردنەكان زەرورەتى خۆى هەبوە و ئێمە بەپێى توانا و ئەو زەرورەتە كارمانكردوە وەكو قەناعەتى فیكرى خۆشمان, بەڵام ئێستا قۆناغێكى ترە و ڕەنگە چەند هاوەڵێكى ئازیزى تر پێى هەستێ, لاى ئێمە گرنگ ئەوەیە هێز و نەوەیەك بێتە پێشەوە , بتوانێ تێبگا كە چۆن پێكهاتەى تاك و كۆمەڵگەى كوردى هەژدە ساڵە وێرانكراوە و چۆن گۆڕانكارى تیا ئەنجام دەدرێ؟لاى ئێمە گرنگ ئەوەیە نەوەى دەروێش و كۆیلە دروست نەكرێ بەڵكو كۆتاى پێبهێنرێ, پێمانوایە دڵگەرمى خەڵكى بۆ بزوتنەوەى گۆڕان لەلایەكەوە خەریكە بە كپى بەرهەمێنانى دیكتاتۆریەتى لێدەكەوێتەوە و هەزمنەكردنى ڕەخنەى كەسانى دڵسۆز و باكگراوەند پاك لەناو بزوتنەوەكەدا هەمان ئەزمۆنى تاڵى حزبایەتى دوبارەدەكاتەوە لەلایەكى ترەوە.
لەكاتى پێویستى تردا ئێمە دەتوانین بۆچونى خۆمان بخەینە ڕوو دەربارەى میتۆدەكانى گۆڕانى سروشتى لە كوردستاندا, لەهەمانكاتدا ئاشكرا كردنى گومانى خۆمان لەسەر هەنگاوەكانى ئەم بزوتنەوەیە, تەنیا لەبەر ئەوەى بێزارى و توڕەى خەڵكى لەیەكێتى و پارتى وا نەكات دیكتاتۆریەتى تر دروست ببێت.خوێنەرانى خۆشتەویست ئاگادار دەكەینەوە لە ئایندەدا وێب سایتێكى سیاسى گشتى سەربەخۆ دادەنێێن.
گروپى گەنجانى گۆڕانخوازى سەربەخۆ, كفرى/گەرمیان
16/10/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست