كاندیدەكانى دەربەندیخان بەخەونیش ناگەنە پەرلەمان (تەنها لەبەر ئەوەى شارێكى یاخین , هەموولیستەكان فێڵێكى سیاسیانەیان لێكردین)
Sunday, 31/05/2009, 12:00
شارى دەربەندیخان گەرچى پەروازێزترین شارى كوردستانە و هێندەى ئەو سامانەسروشتیانەىكەهەیەتى و ئەو هەموخەباتە پڕلەشكۆمەندیەى ڕابردوى نەوكانى و قوربانى دانیان بۆ سەرخستنى خەونى نەتەوەى كورد , هێشتا لەلایەن دەسەڵاتى كوردیەوە وەك پێویست ئاوڕى لێنەدراوەتەوەو ئەگەرچی وەك مافى خۆیشى هەرشتێكى بۆكرابێت وەك هەرشارێكى ترى كوردستانى بەدەیان جار لەلایەن كاربەدەستنانەوە پێمان فرۆشراوەتەوە وەك ئەوەى بەپارەى گیرفانى ئەوان خزمەتى شارەكە یان كردبێت .
دەربەندیخان شارێكە جیاوازتر لەهەموشارەكانى ترى كوردستان بۆهەر سەردەم و هەر ساتێك جیاوازدەردەكەوێت و هەمیشە یەكەم شاربوە كە مل كەچى هیچ جەبەروتییەتێكى دەسەڵات نەبوە , شارێك بوە هەمیشە لەئاست ناعەدالەتیە كۆمەڵایەتى و سیاسیەكاندا دەنگى هەڵبڕیوەو گەنجە خوێن گەرمەكانى سەرشەقامەكانیان تەنیوەو لەئاست توندوتیژى و زۆردارى دەسەڵاتدا بێباكانە بەردەوام بون لەسەر كاركردن لەژێر دروشمە بەناوبانگەكەیاندا (نەوەیەك بەڕێوەیەدژى گەندەڵى شەڕدەكات).
دەربەندیخان لەماوەى دوخولى هەڵبژاردنى پەرلەماندا لەماوەى 17 ساڵى ڕابردودا شانسى ئەوەى نەبو كە نەوەیەكى خۆیى بباتە پەرلەمانى كوردستان و نوێنەرایەتى بكات و كێشەو گرفتەكانى بباتەناوپەرلەمانەوە , ئەگەرچى هەندێك جار لەڕێگەى ئەندامانى ترەوە ئەو كارەكراوە , بەڵام ئایادەكرێت شارێك لەماوەى دوودەیى ڕابردودا تائەمڕۆ نوێنەرێكى نەبێت لەپەرلەمانى كوردستاندا ؟ دەكرێت خەڵكى ئەم شارە هەمیشە لەپەراوێزى هاوكێشەسیاسیەكاندابێت لەكاتێكدا قورسایى لەسەر گۆڕانەكان هەیە ؟ ئایا لەدیدى حیزب و سەرۆكى لیستەكان و كاربەدەستەباڵاكانى كوردەوە, دەربەندیخانەیەكان شایەنى ئەوەنین كە كەسیان ببنەئەندام پەرلەمان ؟ یان لەوەدەترسێن كەدەربەندیخانییەك بڕواتەپەرلەمانەوە ئەندامە گوێگرەكانى تر فێرى یاخیى بون بكات ؟
لەپرۆسەى ئەمجارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان لەلیستى (كوردستانى) و لیستى (گۆڕان) سێ كەس بەناوەكانى (محمد حاجى فایەق) و (دڵشاد حسێن قادر) و (مستەفاشێخ براهیم) كاندید كراون , بەڵام چۆن كاندیدكردنێك , چۆن هەڵخەڵەتاندنێك , چۆن فێڵ لێكردنێك , چۆن ئیهمال كردنێك ؟! لەلیستى كوردستانی دا (محمد حاجى فایەق) لەلیستەكەدا لەژمارە (90) دانراوە كەژمارەیەكە وەك (سەراب) وایە بۆخودى (محمد حاجى) و هەرگیز چانسى ئەوەى نییە كە ببێتە ئەندامى پەرلەمان ؟!چونكە هەڵبژاردنى ئەمجارە جیاوازترەو پێشبینى دەكرێت لەبەر زۆرى لیستەكان لیستى كوردستانى لەو (100) كورسیەى كەماوەتەوە بەلایەنى كەمەوە (30) تا (35) كورسى لەدەست دەربچێت , كەواتە ژمارە (90) بۆ پاڵێوراوەكەى لیستى كوردستانى لەشارى دەربەندیخان خەونێكەوە هەرگیز نایەتەدى , بەڵام ئایا (محمد حاجى فایەق) لەبەرامبەر پێدانى ئەو ژمارەیەدا چى هەڵوێستێكى دەبێت ؟ لەكاتێكدا دەنگۆى ئەوەیە كە پێشتر لەژمارە (22) لیستى یەكێتیدا بوەو پاشان دورخرا وەتەوە بۆ ژمارە (44) و ئێستاش لە ژمارە (90) ى لیستى كوردوستانی دایە ؟!
لیستى گۆڕان (دڵشاد حسێن قادر) یان لەژمارە (30) دا داناوەو كە بەهەمان شێوەش ئەو ژمارە بۆئەو وەك خەونێك وایە ؟ چونكە وەك پێشبینى دەكرێت ئەگەر لیستى كوردوستانى (30 بۆ 35) كورسیى لەدەست بدەن , ئەوالیستى گۆڕان لەنێوان لیستى چوار حیزبەكەو لیستى چەپەكانى كوردستان و ئەوانى تردا لەكۆى ئەو چەند كورسییە ئایا دەبێتە خاوەنى (30) كورسیى ؟ بیگومان ئەوەیان پێشبینى یەكى دورەو بەو شێوەیەش دەتوانین بڵێن لەلیستى گۆڕانیشدا دەربەندیخان ناتوانێت ئەو نەوەیەى خۆى بباتە پەرلەمانەوە , هەروەها بەهەمانشێوە لەلیستى گۆڕاندا نەوەیەكى ترى دەربەندیخان بەناوى (مەستەفا شێخ براهیم) لەژمارە (35) دانراوە , ئەگەر ناوى ژمارە (30) ى لیستى گۆڕان خەونێكى دوربێت , ئەوا ناوى ژمارە (35) خەونێكى مەحاڵەكە بەدیبێت ؟! لەناولیستەكانى ترى وەك چاكسازى و لیستى چەپەكانیشدا چەند كاندیدێكى شارى دەربەندیخان دەبینرێن ,كە بەهەمان شێوە خاوەنى ژمارەیەكى دورن و وەك ئەوانى تر ناگەنە پەرلەمان , بەم شێوەیەدەتوانین بڵێن دەربەندیخان لەنێوان چەند كاندیدێكراویكدا ناتوانێت هیچ كامیان بباتە پەرلەمانەوە و ئەم جارەیش غەدرێكى تر لە خەڵكى شەرفمەندو تێكۆشەرى خەڵكى دەربەندیخان و چواردەورى كراو هەموو لیستەكان فێڵێكى سیاسیانەیان لێكردین , بەڵام ئایا دەكرێت خەڵكى دەربەندیخان تەنها لەبەر ئەوەى ناتوانێت ئەمجارەیش نوێنەر بباتە پەرلەمانەوە بەشدارى لەپرۆرسەى هەڵبژاردندا نەكات ؟ دەكرێت لەوادەى هەڵبژاردنى پەرلەماندا لەماڵەكانمان نەیەینەدەرەوەو مانبگرین لەبەشداریكردنمان ؟ بێگومان نەخێر ,چونكە بەشدارى كردن لەهەڵبژاردندا بەشێوەیەك لەشێوەكان بەشدارى كردنە لەپرۆسەى سیاسی داو دەبێت نەك هەرخەڵكى دەربەندیخان , بەڵكو تەواوى خەڵكى كوردستان بەشدارى چالاكانەبكەن لەپرۆسەى هەڵبژاردنەكاندا؟ چونكە لەڕێگەى سندوقى دەنگ دانەوە دەتوانین ئەداى حكومەت باش بكەین بەروەئاراستەكردنى ژیانێكى پڕلەسەربەرزى و خوشنودى بۆخەڵكى و كۆتایپێهێنانى پرۆسەى بەگەندەڵكردنى تەواوى كایەجیاجیاكانى كۆمەڵگەى كوردى , ئیدى دەنگ بەكێ ئەدرێت و كێ پەسەند دەكرێت ئەوەیان پەیوەندى بەسەربەستى و هوشیارى كەسى دەنگ دەرەوەهەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست