عێراقی بێ عێراقییە
Tuesday, 05/06/2012, 12:00
لەگەڵ هەموو ئەو بۆچونانەدام كە پێییان وایە لیستی (عێراقیە) كەسانێكی شۆڤێنی و داخ لەدڵ بۆ كورد و كۆنە بەعسییان تیا دایە، كەسانێكیان تیا دایە بڕوایان بە دیموكراسی و فیدراڵی نیە و ئاواز و حەنینی سەردەمی رابوردوو دەخوێنن، بەڵام دواجار بوونی ئەم لیستە ئەمڕۆ بووەتە واقیع و پێویستیەكی هەنوكەیی بۆ رێگەگرتن لە دروستبونی دیكتاتۆرییەتی زۆرینە لەعێراقدا.
وە نەبێت بە تەنها لیستی عێراقییە پڕی بێت لەو كەسانەی خەیاڵیان دژە كوردو دیكتاتۆرییانەیە، ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەیبینین ئەو كەسانەی كە پێشوتر لەسەردەمی سەدامدا كوردستان جێگای كردبونەوەو خۆیان تیادا دەشاردەوە، و ئەمرۆ بونەتە دەسەڵاتدار، دژی هەموو شتێكی كوردن و بۆیان بكرێت جارێكی دیكە كورد ئەنفال دەكەنەوە.
مالیكی ئەمڕۆ لەعێراقدا دوخێكی ترسناكی دروستكردووەو كە هەموو ئەگەرەكان بۆ تێكچونی دۆخی ئەمنی بەكراوەی هێشتۆتەوە.
ئەو كە سوپایەكی گەورەی بنیاتنناوەو چەندین دەزگای ئەمنی و سەركوتكەری دروستكردووە، نەك گوێ لەركابەرە سیاسییەكانی ناگرێت، تەنانەت خۆی بە قائیدی ئەوحەدی هەموو عێراق دەزانێت.
لیستی عێراقییە دوای لیستی هاوپەیمانی شیعەكان دووەم گەورەترین لیستە لە عێراقدا، هەر لەسەرەتای دروستبونی حكومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتی (نوری مالیكی) و بەپێی رێكەوتننامەی هەولێر، بڕیاربوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتیمانی ستراتیژی پێ بسپێردرێت، بەڵام مالیكی ئەو كارەی نەكرد و پەراوێزی خستن.
جیا لەمانەش لەسەرەتای دروستبونی حكومەتەكەی مالیكییەوە (وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی) بێ وەزیرن بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن كە بڕیاربوو بەسەر كوردو عێراقییەو شیعەكاندا دابەشبكرێت.
دواتریش فەرمانی دەستگیركردنی تاریق هاشمی سەركردەی دیاری سوننەكان و هەڵهاتنی ناوبراو بۆ هەرێمی كوردستان، مالیكی نەیارێكی سیاسی گەورەی لەكۆڵی خۆی كردەوە و ئەم رووداوەشی وەك نامەیەكی هەڕەشە ئامێز ئاراستەی هەموو نەیارەكانی دیكەی كرد.
سەرەتای ناڕەزاییەكان لەلایەن كوردەكانەوە نەبوو لەحكومەتەكەی مالیكی، بەڵكو سەرەتای ناڕەزاییەكان لەلیستی عێراقییەوە دەستی پێكرد.
ئەویش ئەو كاتەبوو كە عێراقییە بۆ ماوەیەك وەزیرەكانی لە حكومەتەكەی مالیكی كشاندەوە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كرد.
ئەم لیستەو بەتایبەتی وتەبێژەكانی ئەم لیستە وەك (حەیدەر مولا و مەیسون دەمولۆجی) هەمیشە رەخنەیان لەكارو ئەدای حكومەت وبە تایبەتیش خودی مالیكی گرتووە، ئەبێت ئەوەشمان بیرنەچێت یەكەمین كەسێك بەر لە(مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان مالیكی بە دیكتاتۆر شوبهاند (ساڵح موتڵەگ)بوو.
ئێستا زۆرینەی عێراقییەكان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئەوەیان بۆ دەركەوتووە مالیكی رووەو دیكتاتۆرییەت و دەوڵەتی شمولی و مەركەزی هەنگاو دەنێت، هەربۆیە هەوڵی لابردنی لە ئارادایە.
بەبڕوای من چەندە لیستی عێراقیە سود لەكورد دەبینێت بۆ لابردنی مالیكی و رەتكردنەوەی سیاسەتەكانی ، ئەوەندەش كورد سود لە عێراقییەو هەبونی عێراقییە دەبینێت لە عێراقدا بۆ دروستنەبوونەوەی دیكتاتۆرییەت.
هەبوونی عێراقییە بۆ عێراقییەكی زۆرینە شیعە و پڕ لە كەسانی لەجۆری مالیكی و محەمەداوی، نەوەك هەر پێویستییەكی سەرەكییە، بەڵكو دەبێت ئاواتەخوازی مانەوەشیان بین.
ئاخر بیهێننە پێش چاوی خۆتان ئەگەر (نوری مالیكی) هێزی سەدام حسێنی هەبوایە، تاك و تەنهای عێراق بووایە, ركابەری سیاسی لەجۆری عەلاوی و عێراقییە نەبواییە، چی بەكورد دەكرد؟.
ئەم وڵاتەی یپێ دەڵێن عێراق، هەمیشە مەزرای دروستبونی دیكتاتۆری بچوك و گەورەبووە، ئەگەر ئاواتەخوازبین تیادا وەك مرۆڤ بژین دەبێت هەمیشە دوعا بۆ ئەوەبكەین، كەس هێزی تەواوەتی نەبێت.
ئێستا بهیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر مالیكی تەنهای تەنهای عێراق دەبوو چی دەكرد؟.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست