حكومەت رووخا
Wednesday, 23/02/2011, 12:00
هەموو جار خێزانم پێم دەڵێت بە شەو پیاز مەخۆ چونكە شەو خەوى ناخۆش و سەیرو سەمەرە دەبینیت , لە راستى دا هیچ كات بە قسەم نەكردوە چونكە تۆزێك عەشایەرم و پێم عەیبە بە قسەى ژن بكەم , بۆیە هەموو جار پێی دەڵێم ئەم قسانە خورافاتە , بەڵام ئەم شەو تەواو بروام بەو قسەیە هێنا , چونكە تەڕە پیازى زۆرم خواردبوو , پاشان پێش خەوتنم ئەوەندە بەم بارودۆخە بێتاقەتم هەر بیر دەكەمەوە , بۆیە لە خەوما حكومەت رووخا .
لە خەوما شۆڕشەكە سەركەوتوو بوو حكومەت رووخا و لە ماوەى یەك هەفتەدا هەڵبژاردن كراو لیستە باشەكە كە خۆى بە خاوەن جەماوەر و شەهێدانَى ئەم ماوەیە كرد سەركەوتن , كە ئەویش لیستى بزتنەوەى گۆڕان بوو , لە بڕی یەكێتى و پارتى ئەم زۆرترین كورسى بە دەست هێنا , چوار حزبەكە كورسیەكانى خۆیان بە دەست هێنایەوە , تروكمان و ئاشور و یەزیدى و هەموو ئەو كەمینانە كورسیەكانى خۆیان وەرگرتەوە , یەكێتى و پارتى 25 كورسیان بە دەست هێنا , هەندێك لەو ئەندام پەرلەمانانەى پێشتر لە سەر لیستى كوردستانى ئەندام پەرلەمان بوون ئەمجارە لە سەر لیستى ئەمان بووبوونە ئەندام پەرلەمان , لە ماوەى پێنج كاتژمێردا حكومەتیان پێكهێنا .
بەڵام من هەر وەك خۆم مامەوە , موچەى چەند مانێكم فەوتا , زۆر بە زەحمەت گەڕامەوە سەر كارەكەم , ئەو قەرزانەى لە سەرم بوون زیادیان كرد و نەمدەتوانى بیاندەمەوە , بازاڕ گرانتر بوو , هەر بە قەرز شیرم بۆ منداڵەكەم دەكڕی , دەم و چاوى تازەم دەبینی بە ئۆتۆمبیلى تازەوە , بازرگان و دەوڵەمەندى تازە دەركەوتن , هەر رۆژەو كەسێك دەردەكەوت و چەندین دۆنم ئەرزى داگیر دەكرد , خەڵكى وا رژابووە وڵاتم لە هەموو تەمەنم گوێم لە زمانیان نەبووە , عەرەبەكان دژایەتى كران و هەموویان چوونەوە شارەكانى خۆیان , بەڵام خەڵكى كە لە شوێنیان هاتن كەسمان لە زمانیان حاڵی نەدەبووین , مووچەى وەزیر و مدیر عامەكان و مشتەشارەكان و ئەندام پەرلەمانەكان چەند قات بوو , چەندین وزارەتى سەیر سەیر دروست كرا , تەنها لە بەر ئەوەى خەڵكیان هەبوو جێگاى نەبوو ناچار وزارەتێكیان بۆ دروست دەكرد , دەزگاكانى پۆلیس و ئاسایش هەمان شێوە رەفتاریان دەكرد , بەندیخانەكان پڕ بوون لە گەنج , یاساى قەدەغەكردنى خۆپیشاندان پەسەند كرا , ئێمە هەر وەك خۆمان مایەنەوە , تۆڕە بووین و هاتینە سەر جادە , دووبارە شەهید و بریندارماندا , ماوەیەكى خایاند حكومەت و دەسەڵاتمان رووخاند , دووبارە هەڵبژاردن كرایەوە , ئەمجارە یەكێتى و پارتى هاتنەوە سەر حكم , هەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەم دەبینى لە هۆڵی پەرلەمان وەك ئەوەى بڵێیت تاپۆ كرابێت بە ناویانەوە , خوا هەڵناگرێت پیاو قسەیەك بۆ حەق بكات جار جار هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكان دەگۆڕان , هەرچەندە ئەندام پەرلەمانە تازەكان بە وراسە بۆیان مابووەوە , بەڵام هەر باش بوو پیاو دڵى پێ خۆش دەبوو , واتا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبووەوە من هەر وەك خۆم دەمامەوە , نەمدەتوانیم قەرزەكانم بدەمەوە , نەمدەتوانیم ببمە خاوەن سەیارەیەكى مۆدێل كۆن , نەمتوانى خانووەكەم بۆیاخ بكەم , بەڵام لە خوا بەزیاد بێت ئەمجارە منداڵەكەم تۆزێك گەورە بوو پێویستم بەوە نەبوو شیر بە قەرز بكڕم , ئەو كەسانەى وەك من بوون هەر وەك خۆیان مانەوە , بۆیە لە خەوەكەمدا دەموویست بە پەلە بگەمە مەیدانى ئازادی و هاوار بكەم و گەنجە نەگبەتەكان , كوڕی فەقیرو كەم دەرامەتەكان بە قسەى منى ریش سپی بكەن و بگەڕێنەوە ماڵى خۆتان تكاتان لێ دەكەم بكەنە خاتر خواى گەورە با رێژوانێكى تر لە دەست نەدەین . ئەمە ئەوە ناگەیەنێت من رەشبین بم , بەڵام زۆر دڵیشم بە بارودخەكە نیە .
تێبینی / فلیمى مسرى (بخیت وعدیلە) لە نواندنى (عادل امام و شیرین) كە هەوڵدەدەن ببنە ئەندام پەرلەمان , كاتێك دەنگ بە دەست دێنن و دەچنە پەرلەمان دەبینن هەمان ئەو كەسانەى پێشتر ئەندام پەرلەمان بوون یان كاتێكدا پێش هەڵبژاردن هەوڵیان دەدا ئەمان دوربخەنەوە لە هۆڵی پەرلەمان بوون وەك ئەندام پەرلەمان , ئەمەش نموونەیەكى جوانە لە سەر دەسەڵات و حزبە رۆژهەڵاتیەكان , بۆیە من ناڵێم وازبێنن لە داواكارى و خۆپیشاندان , بەڵام ویستم بڵێم بە قوربانتان بم ئاگاتان لە خۆتان بێت , كارێك مەكەن دڵۆپێك خوێن بڕژێت , بە تایبەت لە 25 ى مانگدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست