ناڕەزاییەكان لەبەرامبەر قەدەغە كردنی لیستی هیوا زیاتر دەبێت
Wednesday, 10/06/2009, 12:00
پشتگیرییەكان بۆ لیستی هیوا بۆ بەشداری هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبن. لیستی ئازادی وعەدالەت كە لەپارتی كۆمۆنیست، پارتی رەنجدەران و بزووتنەوەی دیموكراتی خوازان پێكدێت، ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر قەدەخەی لیستی هیوا نیشاندا و بەهەنگاوێكی نادیموكراتیان وەسفكرد.
سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دیار غەریب و بەرپرسی كۆمیتەی هەڵبژاردنەكانی لیستی هیوا سەردار ستار لەگەل نوێنەرانی لیستی ئازادی و عەدالەت لەشاری هەولێر كۆبوونەوەیەكیان سازدا و لەسەر ناوی لیستی ئازادی وعەدالەت دكتۆر هادی محمەد قسەیكردو گووتی: ئەو بڕیارە كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ بەشداری نەكردنی لیستی هیوا وەریگرتووە، بڕیارێكی دژە دیموكراتییەو بەشداری لە هەڵبژاردن مافێكی گشییە. هەروەها دكتۆر محمەد گوتی، لەدژی كاندیدەكانی لیستی هیوا هیچ بڕیارێك یان تاوانباركردنێك لەلایەن دادگا یان وەزارەتی ناوخووە نییە. لەبەرئەوە ئەم بڕیارە بڕیارێكی یاسایی نییە، بڕیارێكی سیاسییە. ئێمە وەكو لیستی ئازادی وعەدالەت قەدەخە كردنی لیستی هیوا بۆ هەڵبژاردنەكان شەرمەزار دەكەین. بانگەوازیمان ئەوەیە كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بڕیارەكەی پووچەڵبكاتەوە و بەربەستەكانی پێش بەشداری لیستی هیوا نەهێڵێـت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست