کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پۆڵا سه‌عید، پرۆسه‌ی ژه‌هراویپێکردن

Tuesday, 05/01/2010, 12:00


ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ پێویستی به‌ سوته‌مه‌نییه‌ تاکو بتوانێت ئاشی به‌رده‌وامی خۆی بگێڕێت. ئه‌م سوته‌مه‌نییه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له‌تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. سوته‌مه‌نییه‌کان به‌گشتی قوربانیی مانه‌وه‌ی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سه‌رکرده‌ و به‌رپرسه‌کانه‌.
هه‌ندێ له‌ سوته‌مه‌نییه‌کان له‌داهاتی عه‌قڵی ڕۆشنبیران و نووسه‌رانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگای ئه‌مانه‌وه‌ وه‌ده‌ستی ده‌هێنیت. ڕۆشنبیری و هۆشیاری نوسه‌ران که‌هه‌ریه‌که‌ و له‌لایه‌نێکی ژیاندا شاره‌زاییان هه‌یه‌ ڕۆشنبیرییه‌کی تایبه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات پێشکه‌ش به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن. ئالێره‌وه‌ نرخی ئه‌وان له‌لای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی له‌ پێناویدا ده‌رده‌که‌وێت.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشووری نیشتیمانه‌که‌یدا به‌ قه‌یرانی نه‌بوونی باوه‌ڕی کۆمه‌ڵاگاکه‌یدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، که‌لێنێکی گه‌وره‌ که‌وتووه‌ته‌ نێوانیانه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام پێویستیی به‌ جارێکی تر کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ له‌ده‌وری خۆی. ئه‌م کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌رچووه‌ و ناتوانێت شیرازه‌ی تێکچوونی ڕایه‌ڵه‌کانی رابگرێت، بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سوته‌مه‌نییه‌کان. ئه‌و سوته‌مه‌نییانه‌ی ده‌توانن کاریگه‌ری له‌ هزر و بیرکردنه‌وه‌ی تاکه‌کاندا بکه‌ن. ئه‌م پڕکردنه‌وه‌یه‌ی پێداویستییه‌ش ته‌نها نووسه‌ران و ڕۆشنبیر و هۆشمه‌نده‌کان ده‌توانن وه‌گیری بخه‌ن.
نووسه‌رگه‌لێکی خه‌سیو به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات که‌ بێجگه‌ له‌ نووسینی نه‌زۆك داهاتێکی دییان نییه‌. نووسه‌رگه‌لێکی لاڵ له‌به‌رده‌م ئازاره‌کانی خه‌ڵکدا و، گوێ قوڵاخ له‌به‌رامبه‌ر سوچی دۆلاره‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا. نووسه‌رگه‌لێکی نابینا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژاران و برسی و بێ لانه‌کاندا و چاوکراوه‌ بۆ هه‌رچی زیاتر په‌یداکردنی سامانی ڕه‌ش. نووسه‌رگه‌لێکی ته‌وه‌زه‌ل و بێ به‌رهه‌م له‌ پانتایی نووسیندا و له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌کانی خه‌ڵکیشدا ڕێگرێکی به‌ ئه‌زموون.
ئه‌م نووسه‌رانه‌ بێگومان به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆیان ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نی. هیچ که‌سێك به‌زۆر په‌لکێشیان ناکات بۆ باوه‌شی خۆیان. ئه‌وان وا ده‌زانن هه‌ر کاتێك خزمه‌تی زیاتری ده‌سه‌ڵاتیان کرد و جاسووسییان بۆ کردن، ئه‌وا ناو و ناوبانگ ده‌رده‌که‌ن و ده‌بنه‌ کارێزما. بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی ئیتر ناشیرینترین ڕوویان هه‌یه‌ و قێزه‌ونترین ڕه‌وشتی ناو خێڵی حاکمیان کردووه‌ به‌ پێناسه‌ی خۆیان.
پۆڵا سه‌عید له‌ پاکانه‌که‌یدا وا ده‌رده‌خات که‌ ئه‌و به‌ویستی خۆی ئه‌و کاره‌ی کردووه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆی چۆته‌وه‌ بۆ ناو یه‌کێتی. لی ئه‌م ته‌سلیم بوونه‌وه‌یه‌ی پۆڵا سه‌عید ئاسایی ده‌بوو گه‌ر هه‌ستی به‌ ماندووبوون بکردایه‌ و پیرۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بپاراستایه‌ و ئیزدیواجییه‌تی نه‌کردایه‌ته‌ دیاری ده‌ستی بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ی.
قێزه‌ونترین کارێك که‌ مرۆ ده‌یکات خیانه‌ته‌. هه‌ر ئه‌و ووشه‌یه‌ی که‌ خودی ئه‌م نووسه‌ره‌ ڕۆژگارێك به‌گوێ ی هه‌موو که‌سێکیدا ده‌دا و حه‌مه‌سه‌عیده‌کانی به‌ خیانه‌تکار نیشان ده‌دا. لێ پۆڵا سه‌عید ئابڕوومه‌ند نه‌بوو، ئه‌و نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت نموونه‌ی مهاباد قه‌ره‌داخیش که‌ وه‌کو ژنێك به‌ئه‌نجامی گه‌یاند، درووست بگاته‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت سه‌ره‌تای تیره‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌که‌ی.
پۆڵا سه‌عید و پۆڵاکانی دیش که‌ ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نی سه‌ره‌ک خێڵێك و ده‌بنه‌ ده‌ستکه‌لای یاریکه‌رێکی به‌ئه‌زموون، خۆیان بکێشن به‌داردا و به‌به‌ردا هه‌رگیز ماندوو نابن و بۆ تۆزقاڵێکیش چییه‌ شه‌رم نایانگرێت له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژووی تاکێکی خێڵه‌کی که‌ خیانه‌ت له‌ خێڵه‌که‌ی خۆی ده‌کات.
سه‌یر نییه‌ پۆڵا سه‌عید نه‌خۆش ده‌که‌وێت و باری ده‌روونی خراپ تێك ده‌چێت، چونکه‌ ئه‌و نه‌یتوانی له‌به‌رامبه‌ر داهێناندا خۆی بگرێت. ئه‌و نه‌یتوانی خۆی له‌نه‌خۆشی بیرکردنه‌وه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی قوتار بکات. ته‌سبێحاته‌کانی پۆڵا سه‌عید به‌ده‌وری کوره‌به‌جۆشه‌که‌ی ده‌ستکه‌وتێکی بێشووماردا خستییه‌ داوی په‌شیمانبوونه‌وه‌وه‌. لێ په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ ڕاستی نه‌ك له‌هه‌ڵه‌ و کراری خراپ.
ئه‌م قوچاندنه‌ی پۆڵا سه‌عید و په‌له‌په‌له‌ی ئه‌و کردی زۆری پێ له‌بیر برده‌وه‌. ئه‌و له‌بیری چوو که‌ ڕۆژێك به‌دووی ئازادیدا وێڵ بوو که‌چی ئه‌مڕۆ خۆی ده‌بێته‌ ته‌ڵه‌ی ڕاوکه‌ره‌ به‌ئه‌زمونه‌که‌ی. ئه‌و ڕاوکه‌ره‌ی سه‌دانی وه‌کو ئه‌وی کرده‌ لاکی سه‌ر نوکی قولاپه‌ ژه‌هراوییه‌که‌ی.
پۆڵا سه‌عید جارێکی تر له‌ڕێگای ئه‌م کاره‌ ناهه‌موواره‌یه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای ژه‌هراوی کرده‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ پۆڵا سه‌عید وه‌کو پرۆسه‌ی ژه‌هراویپێکردن دیاری ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌ بۆ خه‌ڵکی کورد و یه‌که‌م ده‌ره‌نجامی کاریگه‌رییه‌که‌شی ڕووی له‌ پۆڵا سه‌عید خۆیه‌تی. ئالێره‌وه‌ پۆڵا سه‌عید نووسینی به‌رهه‌م نه‌هێنا له‌ناو ئه‌و باوه‌شه‌ گه‌رم و گوڕه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هێنا ژه‌هربوو.
پۆڵا سه‌عید هه‌ستی به‌ په‌له‌قاژه‌ی ئاغاکانی ده‌کرد، بۆیه‌ بۆ زیندوومانه‌وه‌یان که‌ نه‌بادا له‌سه‌ره‌مه‌رگیاندا ووره‌ به‌ربده‌ن گه‌یشته‌وه‌ ئه‌وێنده‌ر. تاکو بتوانن وه‌کو جه‌نگاوه‌رێکی به‌زیو له‌به‌ره‌ی جه‌نگی دژ به‌گه‌لدا به‌ترسه‌وه‌ نه‌مرن. به‌ڵکو هه‌ر هیچ نه‌بێت لێوه‌کانیان به‌ سه‌رکه‌وتنێکی درۆزنانه‌ ته‌ڕ بکه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە