هەگبەكەى نەوزاد هادى بۆ بەرد وەشێنەكانى بەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا توندترین مامەڵەى تێدا نەبوو!
Tuesday, 08/05/2012, 12:00
دوابەدواى بێ پرس بردنى بابەتێك دژ بە ئاینى پیرۆزى ئیسلام لە لایەن گۆڤارێكى نزیك لە پارتى، ناڕەزایەتى لە ناو كۆمەڵگاى كوردى بە گشتى، بە تایبەت مامۆستا ئایینیەكان بڵاو بوەوە.
دواتر ئەمڕۆ سێ شەممە خۆپیشاندێك بۆ بەردەم پەرلەمانى كوردستان رێكخرا و توندوتیژى لێكەوتەوە! كە لە ئێستادا بە پێى هەواڵەكان نزیكەى 100 هاووڵاتى لە لایەن دام و دەزگا ئەمنییەكانى پارتیەوە دەستگیر كراون و پارێزگاری هەولێریش وەك ئەوەى هەنگى لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە ئاماژەى بەوە داوە، كە بە توندترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستگیركراوانەدا دەكرێت!
بردنى بابەتەكە بە بێ پرس و بڵاو كردنەوەى لەو گۆڤارە و لەم كاتەشدا جێى پرسیارە! چونكە یادى دوو ساڵەى تیرۆركردنى شەهیدى قەڵەم (سەردەشت عوسمان) بوو! دەكرا ئەو گۆڤارە لەسەر ئەو كەیسە بابەتى بڵاو بكردایەتەوە، نەك بە بابەتێكى كۆنى كەسێك لە پرۆفایلی شەخسى خۆى بڵاوى كردووەتەوە! بۆیە گومانى ئەوە دەكرێت ئەم بەزمەى درووست كراوە لە لایەك بۆ سەرقاڵكردنى كۆمەڵگا و رۆژنامەنووسان بەم باسەوە، هاوكات لابردنى تیشكى رۆژنامەنووسان لەسەر بابەتى تیرۆركردنى شەهید سەردەشت.
بە پێى مێژووى كاری حیزبی پارتى دیموكراتى كوردستان، بە هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى، هەڵكشان و داكشانى زۆری بە خۆیەوە دیووە، هەمیشەش بۆ هاوسەنگكردنى بارى لار بووەوەى خۆى، سێ پایەى سەرەكى مرۆڤایەتى خستۆتە ژێر پێى، وەك كەلتوور، ئاین، ویژدان، هەمیشەش حاقد بوون بەرامبەر بەو كەس و لایەنانەى كە نەبوونەتە كۆیلەى ئەفكارە داڕزیوە دەرەبەگایەتییەكەیان، لە هەر ئان و ساتێكدا بۆیان گونجابێت زەڕبەى نامرۆڤانە و نا جوامێرانەی خۆیانیان لێ وەشاندووە!
ئەگەر بە بیری خوێنەرانى بێنمەوە، لە كاتى دەستاودەست كردنى كابینەى 5 بۆ 6، (دكتۆر دلاوەر) وەك وەزیری خوێندنى باڵا لەسەر لیستى یەكێتى دەستنیشان كرا، ناوبراو یەكەم كەس بوو، كە وێنەى (مەلا مستەفا)ى لە ژوورەكەى خۆى لابرد! ئەمەش بووە درووست بوونى حقدى پارتى لەو وەزیرە، هەرچەندە ئەم وەزیرە زۆربەى خوێندكاران گلەییان لە بەرنامەكانى بۆ خوێندن نەبوو، بەڵام هەمیشە پارتى لە رێى یەكێتى قوتابیانەوە لە هەوڵى درووستكردنى لەمپەر بوون لە بەردەمیدا، تا كار دەگەیشتە ئەوەى چەندین جار كۆمەڵێك كەسی پارتى خۆپیشاندان دژ بەو وەزیرە بكەن و پەلامارى وەزارەتەكەى بە تەماتە و هێلكە و بەرد بدەن! ئەى بۆ ئەمەیان بۆچى نەوزاد هادى نەیوت: "دەبێت توندترین مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت"؟!
دواتر لە گۆڕینەوەى كابینەى 6 بۆ 7، (ئەرسەلان بایز) وەك سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان لە لایەن یەكێتى نیشتیمانیەوە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كرا، وادیار بوو ناوبراو وانەى لە دكتۆر دلاوەر وەرنەگرتبوو، هەربۆیە هەستا بە لابردنى وێنەى (بارزانى)، ئەوەبوو وەك تۆڵەیەك (مەسعود بارزانى) لە كۆبوونەوەیەكیدا ناوبراوى بانگ نەكرد! لە ئێستاشدا ئەو خۆپیشاندانە دەبوو بەرەو رووى ئەنجومەنى وەزیران بكرایەتەوە، نەك پەرلەمانى كوردستان، چونكە بە پێى یاساى كاری رۆژنامەنووسى كە لە پەرلەمان دەرچووە، ئاماژە بەوە دراوە، نابێت رۆژنامەنووسان هێرش بكەنە سەر ئاینەكان! بەڵام بۆ ئەو خۆپیشاندانە برایە بەردەم پەرلەمانى كوردستان؟! ئەگەر دووبارە كردنەوەى هەمان سیناریۆى پارتى دژ بە وەزیری خوێندنى باڵا بەرامبەر سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان نەبێت؟!
دەكرێت نەوزاد هادى بزانێت، كە خەڵكى كاڵفام و كۆیلەى حیزبەكەى نین، كە نەزانن بۆ خۆتان ئەرحەمە راحمین و بۆ خەڵكیش شەدیدول عیقاب!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست