كاریگەرى گرفتەكانى خوێندن و پەروەردە
Thursday, 13/12/2012, 12:00
بە خوێنداوار كردن و بە گەشەدان بە ڕەوتى زانست و فێربوون یەكێكە لە هەنگاوە هەرە باشەكان بە مەرجێك بە پلان و بەرنامەیەكى كردارى زانستى پەروەردەیى بێت,سوود لە گەشەى زانست و پەروەردەیى وڵاتانى پێشكەوتوو وەربگیرێت بەڵام ڕەچاوى ژینگەیى و قۆناغى كۆمەڵگەى كوردى فرامۆش نەكرێ,بە جۆرێك هەنگاوبندرێت بۆ گەشەى زانست لە كوردستان كە كۆمەڵگاى كوردى ئاراستەى پێچەوانە نیشان نەدا یاخود بێ ئومێدى پەروەردەیى باڵنەكێشێت بەسەر تاكى كوردى دا. گومان لەوەدانییە پەروەردەو فێربوون دوو چەمكى تەواوكەرى یەكترن,پرۆسەى پەروەردە كردارێكى تیۆرى و پراكتیكیە لە جێبەجێ كردندا پەروەردە پێش فێربوونە.لە قۆناغى ئێستادا خوێنەر و خوێندكارى كورد لەسەرجەم بەشەكانى فێركارى دا بێ ئومێدى بۆتە تارمایەك بەسەر هزرو ئەقڵێتى تاكى كوردى دا ,ئەمەش بەهۆى كاریگەرى هەبوونى گرفتە جۆراوجۆرەكانى خوێندن و پەروەردە كە ساڵانە زۆر جار هەمان شێوە گرفتى ساڵانى ڕابردوو دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە زۆر جار شوێنیان جیاوازە هەندێ جاریش هەمان شوێن و خوێندنگا و پەیمانگا و زانكۆیە كە گرفت و كێشەكانى ساڵانى ڕابردوو نمائیش دەكرێتەوە لەبەرئەوەى دڵسۆزانە چارەسەرى بۆ نەكراوە لەگەڵ هاتنى قۆناغى تازەى ساڵى نوێى خوێندن كێشە و گرفتى تازەشى بەسەردادێت.خوێندكار لە ژێر هەبوونى ئەم جۆرە كێشانەدا ناتوانێت خۆڕاگرێت بە نا چارى بەشێك لە وزە و تواناكانى بۆ كار كردن بۆ چارەسەرى كێشەكان تەرخان دەكات زۆر جار هەوڵ و كۆششەكانى بۆ چارەسەرى كێشەكانیان بێ ئەنجام دەبن واتە بە چارەسەر نەكراوەیى دەمێنەوە خوێندكار هێندەى تر بێ ئومێد دەكات لە سەركەوتنەكانى لە بوارى زانست و فێربوون و لایەنى پەروەردەیى دا. حكومەتى هەرێمى كوردستان لە قۆناغى ئێستادا بارى دارایى زۆر باشە,كەچى گرفتى پەروەردە و خوێندن هەر بەردەوامە و ڕۆژانە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەكانەوە بەر گوێمان دەكەوێ یاخود دەیان خوێنینەوە :قوتابیان و خوێندكاران لە فڵانە خوێندنگەیە یاخود پەیمانگایە یان زانكۆیە مانیان گرتووە یاخود خۆپیشاندانیان كردووە بە هۆى نەبوونى دەرماڵە و میلاك یاخود پەرتوك و پێداویستییەكانى هاتوچۆ ,قوتابخانەكان گرفتى پاكردنەوەیان هەیە,نەبوونى تاقیگە و ئامێر و كەلوپەل و ژوورى پێویست بۆ فڵان بەش لە خوێندكاران ,یاخود بێ ئاوى لە بەشێك لە قوتابخانەكاندا . لە ڕووى بیناوە بیناى خوێندنگەكان زۆربەیان كۆنن سەردەمییان بەسەر چووە,سەردەمێك دروستكراوە كە شێوەكەى لە بندینخانە دەچێت .بێ ئەوەى ڕەچاوى هیچ مەرجێكى تەندروستى كرابێت,بەهۆى ئەوەى بەشێك لە بیناى خوێندنگاكان كە زۆر كۆن بون دیوارەكانیان دەڕووخێت یان پاش نۆژەنكردنەوە بە چەند ساڵێكى كەم دووبارە دەڕووخێتەوە ئەمەش بەهۆى ئەوەى لە ژێر چاودێرى تەندروست و ئەندازەیى دروست ناكرێن .تەنانەت لە كاتى ڕووخانى دیوارى خوێندنگەدا قوتابێك بەداخەوە گیانى لەدەست داوە نموونەش ئەو خوێندكارەى كە لەهەڵبجە گیانى لەدەستدا بەهۆى ڕووخانى دیوارى خوێندنگەوە كە زۆر كۆن بووە دیوارەكە.دڵنییام ساڵانى پێشتر لە لایەن كەسوكارى قوتابیان و مامۆستایان وخەڵكى دڵسۆزەوە داواى دروستكردنى بیناى تازە یاخود نۆژەنكردنەوەى ئەو خوێندنگەیە كراوە بەڵام كەم تەرخەمى لە بەدواداچونى كراوە.ساڵانە بەخێو كەرى قوتابیان ڕووبەڕووى گرفتى وەرنەگرتنى مناڵەكانیان دەبنەوە لەبەرئەوەى ژوورى پۆلەكان پڕە لە قوتابى,لە بەشێك لە قوتابخانەكان دوو دەوامى یاخود سێ دەوامى تێدایە ,ژمارەى قوتابیان لە پۆلەكانى خوێندندا زۆرە .چەندین گوند هەیە لە كوردستان كە بەهۆى نەبونى قوتابخانە و مامۆستا خەڵگەكەى ئەو گوندانەى بەجێهێشتووە .یاخود بە هۆى ئەوەى كە ئەو خوێندكارە چەند پۆلى تەواو كردووە بەشەكانى ترى لێ نەبووە لەو گوندە .خوێندكاران پەیمانگاو زانكۆكان تەواو دەكەن بەڵام هەر بە بێكارى دەمێنەوە ناچار دەست بە دەربڕینى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان دەكەن بۆ ئەوەى دابمەزرێن .دیارە لە وڵاتانى پێشكەوتوو ئەو سیستەمەى ئێستا لە كوردستان پەیرەو دەكرێ هەمان سیستەم پەیرەو دەكرێ بەڵام بە پلان و بەرنامەى كردارى پێشكەوتوو كە بەباشى هەنگاوى بۆ دەندرێت . كەمى ژمارەى خوێندكار لە پۆلدا مەرجى سەرەكى یە بۆ سەرخستنى سیستەمى خوێندن,لەبەرئەوەى ئەم سیستەمەى ئیستا پێویست دەكات زۆر بەیاخ بەچالاكى خوێندكار بدرێت لە ناو پۆلدا.چەند گروپێك دروست دەكرێ بۆ گفتوگۆ كردن تایبەت بە وانەى ڕۆژ لە پۆلدا .مامۆستا دەبێتە یارمەتى دەرێك بۆ فێربونى قوتابى,نەك وەكو ساڵانى پێشوومامۆستا ئەفسەر و خوێندكاریش سەرباز لە ناو پۆلدا.ئەگەر بە ئومێدى سەركەوتنى ئەو سیستەمە تازەیە بین دەبوایە پێش پەیڕەو كردنى پلان و بەرنامەى زانستیانە بۆ داڕێژرابایە ئەویش بە زیاد كردنى بیناى قوتابخانەكان و پەیمانگاكان و زانكۆكان ,بە مانایەكى تر ژینگەیەكى هاوتا بەم سیستەمە تازە دابمەزرایە.بەڵام نەچووە بچێ ئەگەر حكومەت دەیەوێت كۆمەڵگەى كوردى خوێندەواربێت و پێشبكەوێت بەرەو شارەستانییەت و مەدەنى بوون بچێت پێویستە سەر جەم كێشەكانى خوێنكاران و مامۆستایان و پرۆسەى پەروەردە و خوێندن چارەسەربكات .ئەم سیستەمە بە ئاراستەیەك بەرێت خوێندكار بە عەشقەوە بەرەو قۆناغەكانى فێربوونى زانست و زانیارى بچێت .بە عەشقەوە پاش بە دەستهێنانى بڕوانامەى زانكۆیى و پەیمانگایى و دكتۆرایى بەرەو خزمەتكردنى كۆمەڵگەكەى بچێت نەك پاش بەدەستهێنانى ئەم بڕوانامانە بێ ئومێدى و ڕەشبینى باڵ بكێشێت بەسەر هزرو بیركردنەوەكانى تاكى كوردا. لەم سەردەمەى جیهانگەرایى و شۆڕشى زانیارییەكان چەرخى تەكنەلۆجیادا.پێویستە ئەقڵى كۆن لە كوردستان ئەمە قبوڵ بكات و گەنجانە بیربكەنەوە و خۆیان بگونجێنن و تەحەمولى رەوشەكە بكەن.دەرگا بۆ گۆرانكارى باشتر نوێتر بكەنەوە یاخود بەهیچ شێوەیەك ڕێگرنەبن لە تازەگەرى ئەمەش بەندە بە چەسپاندنى ماف و ئازادى بۆ سەرجەم ئینسانەكانى كۆمەڵگەى كوردەوارى.
عبدالرحمن رسول
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست