ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ.. گاڵتەکردن بە ئەقڵ و داهێنان

Tuesday, 18/11/2014, 12:00


بیست و سێ ساڵه نەتەوەی ستەمدیدەی کوردانی کوردستانی باشوور بە بێدەنگی گیان و جەستەیان لەناودەچێت و لەگەڵ ئەمەشدا حاڵەتەکە زۆر ئاسایی بووە لای زۆربەی خەڵکان، رۆژانەو مانگانەو سالانە مۆدیلی نوێی بێ بەشکردن و چەوسانەوە بە باڵایان دەدوردرێت، وەك بڵێی دەستیان لە خۆیان و هیواو پاشەڕۆژ و سیاسەت شوشتووە، ئەو دوو پارتە سەرەکییەی کوردستانیان قۆرخ کردووە و جڵەویان بۆ شل کراوە لە رەگ و ریشەوە بوون و مافی هاوڵاتیان لەبن دەرکەن و هیچ ڕێگرییەکیشیان لێ نەکرێت
سلێمانی کە بووە بە گوندێکی گەورەو پڕ بووە لە پرۆژەی سەرمایەداریی بە ناو سیاسەتمەدارەکانی زۆنی سەوز، هیچ دیاردەیەکی خزمەتگوزاریی گشتی مەزن و دیاری تیا نابینرێت، هیچ دیاردەو پرۆژەیەکی ژیاریی بەرچاوی تیا نیە، جگە لە نهۆمە بەرزەکانی بەرپرسەکان، کە بێویژدانانە سەرو سامانی هاوڵاتیان بەتاڵان دەبەن و خەڵکیش وەك ئەوەی هەر چەپڵە لێدان بزانن، بێدەنگ بوون ،کەس داکۆکی لە مافەکانیان ناکات
بەشێک لەو فاکتەرانەی کە دژی ئەم دیاردانەیە و خەڵک هوشیار دەکاتەوە بریتیە لە ئەدەب و هونەر، کە بە داخەوە تەنانەت ئەو دوو پارتە ستەمکارە زۆربەی نووسەرانیشیان لە نێوان خۆیاندا بەش کردووەو کەسانی حیزبیی دەەزگاکانی ڕۆشنبیریی بەڕێوە دەبەن، کە ئەمە تەنیا لە دەوڵەتە تۆتالیتاریەکاندا بوونی هەبووە، چونکە هەمیشە ئەدەب و هونەری ڕاستەقینە لەگەڵ ویژداندایەو دژی چەوساندنەوەو بە نەفامکردنی خەڵک بووەو دەبێت
ئەمڕۆ ئەوەی قسەی لێوە دەکرێت و میدیاکانی پێوە سەرقاڵکراون، ڤیستیڤاڵێکی ناو گەورەو ناوەڕۆك بۆشە، سیایسەتمەدارێکی فاشیل بەڕێوەی دەبات کە یەکێك بووە لە پاڵەوانەکانی جەنگی ناوخۆ، لە شاخیش سەرچاوەی کێشەو ئینشیقاق بوو، سەری لە بنی دەزگاکانی ئیتلاعات و ئەوانی تر ...دەردەچێت و ئاشنایەتییەکی نزیکی پێیان هەیە، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی و ڕێکخراوەکنی کۆمەڵگای مەدەنیی و خەزورانی سەرۆکی پێشووی ئیراق و هەموو شتێك بووە!!، ئەوەی بۆنی هێزو دەسەڵات و توانا و قۆرخکاری لێبێت ئەڵێت هی منە، ئەو پاڵەوانەی تەنیا لە ئوستورەکانی ئیغریقیەکاندا هەیە،
یان وەك رۆبن هوود و ڕامبۆ و ئارنۆڵد ...چەندان جار کراوەتە ئامانجی تیرۆریی و وەکو پشیلەی حەوت رۆح رزگاریی بووە!!. نەك تەنیا تێوەگلاو لە تاوانکاریی کۆمەڵایەتی و ناپاکی و پاکتاوکردنی کەسانی دەوروبەری خۆی، نەك تەنیا دەست سوور بوو بە هەموو خوێنڕشتنێك حیزبەکەی بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو بەرامبەر رۆڵەکانی نەتەوەی کورد پێی هەستا بێت و بەندەیەکی گوێڕایەڵیش بووبن بۆ نەخشەو پیلانەکانی داگیرکارانی کورد و هەبوونی سەدان لاپەڕەی مەلەفی ناپاکی، لەگەڵ ئەمانەشدا مرۆڤێکی بێ بارو درۆزن، هەر ئەو بوو لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕایگەیاندو سوێندی بە
سمێڵی خوارد گەر کێشەی کارەبا چارەسەر نەکەن ئەوا خۆیان وەلا دەکەون، کەچی دەبینین نەك تەنیا کێشەی کارەبا وەك خۆی ماوەتەوە بەڵکو دەیان کێشەی تریش سەریان هەڵداوەو ئەوانیش لە جیاتی وەلاکەوتن بە پێچەوانەوە رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەست لە بینەقاقای خەڵکی رەش و رووت گیر دەکەن و سامانی هاوڵاتیان دەدزن و تەخشان و پەخشانی دەکەن
نەك تەنیا کەمئاستی و کاڵوکرچی و نا شیاوی بابەت و کەسانی بەشداربوو، بەڵکو ئەوانەش کە کە بە فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی ناوی دەبەن هیچ فڕێکیان بەسەر رۆشنبیرییەوە نییە، هەرچەندە بە حوکمی پارە توانیویانە کەسانێك بە کرێ بگرن بە شانو باڵیاندا هەڵبدات و خۆیان و کەسایەتییان کردووەتە چیلکەو چەواڵ بۆ گەرمکردنی کورەی ئاگردانی ئەو تاوانکارانەی مێژوو و وشەو خامەو مرۆڤایەتی نەفرینیان لێ دەکات
ئۆسلۆ ١٧/١١/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە