ناسیونالیزمی کوێر
Friday, 01/11/2013, 12:00
1733 بینراوە
" چەند کورتە ڕستەیەک بۆ "
لە ئەدەبیاتی زانستی خەڵکدا دەستەواژەی ئەوەندە جوان و رازاوە هەیە کە قەت ناکەوێتە بەر تۆفانی باو باهۆز تۆفی رۆژگار ، گەرماو گەرم سنگ بەسنگ پارێزراوە ، یەک لەو گوتنانە ئەوەیە کە دەڵێ : گاڕانیان بە خڕی دەبرد لە مانگا بەڵەکیان دەپرسیوە . لەتوانای مندا نیە شیکارییەکی ئاکادیمیانەو زانستی بۆ ناسیونالیزم بە تایبەت بۆ نەتەوەکەم بکەم . ئەوە کارێکی قورس وگرانە دەیسپێرمە دەست خامەچاک وتوانمەندی خۆی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەڵکەم خودای ڕاستان قۆڵی لێ هەڵماڵن وئێمەش سودی لێ وەرگرین ، مەبەستی سەرەکی لەو کورتە قسانەم ئەوەیە :
کاتێک کەلەشاری مهاباد دەڵێن / ساڵی شکاک / ئاماژە بە ساڵی ١٣٠٠هەتاوی (١٩٢١ز) یە کە / سمکۆی شکاک / هێرشی کردە سەر شاروهێزی ژاندرمەی لە تێکشکاند ، هاو کات جگە لەوکارە هێزەکانی شکاک مهابایان تاڵان کردوزیانێکی فرەی مادیو گیانیان بە خەڵک گەیاند ! تەنانەت بۆ راگوێستنی ماڵی خەڵک هەر لە خەڵکیان کەڵک وەرگرت وەکی بێگاری بەکاریان هێنان !
کوشتنی / مارشیمۆن/ بەدەستی سمکۆی شکاک (لە ماڵەخۆی کاتێک کە میوانیبووە لە پشتەوڕا بە دەمانچە لێیدا !) بەوردی لە زۆر پەڕتوکدا ئاماژەی پێ کراوە، بە وهۆیە زۆر کەس ئەو کارە بە کارێکی شۆڕشگێڕی لە قەڵەم دەدەن ، لەو بوارەدا پەڕتوکێک بەزمانی کوردی لە ژێر ناوی / بانگەوازێک بۆ روناکبیران لە نوسینی / مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف حەسەن / لە چاپخانەی کامران شاری سولێمانی لەساڵی ١٩٨٥ ز / بڵاو بۆتەوە .لەو پەیوەندیەدا / عەباس کوڕی مەحمود ئاغا دەڵێ : من چەند جار لە زمانی سمکۆی شکاکم بیستووە کە گوتویە : خۆزگە ماشیمۆنم نەکوشتبایە !؟ زۆر زۆر پەژیوانم .جەواد پاشای تورک ئەو کارەی پێ کردم ! و گوتی : ئەو کارەم بۆ بکە هەم کوڕەکەت ئازاد دەکەم وهەم دەبینە پشتیوانی تۆ دژی دەسڵاتی ناوەندی لە ئێران ! (پەڕاوی مێژووی مهاباد لە نوسینی / جەنابی موحەممەد سەمەدی / مهاباد چاپی ڕەهرۆ) .
تایبەتمەندی کۆمەڵگای کۆیلەو دواکەوتو ئەوەیە کە پێنوس بەدەستی نوسەری دێـمەکاری کورد پەروەردەدەبێ . ئێمە زۆر جار بیستومانە کە هاوار دەکەین کە کورد کەیانێکی سەربەخۆی نییە بۆیە پێش ناکەوێ .کەیانی سەربەخۆش بە نوشتەو نزاو پاڕانەوە ودەسەڵاتی هۆزو عەشیرە وبنە ماڵە پێک نایە . پێش هەنگی زاناو هوشیارو رێکخستنی بەتوانای گەرەکە . نەتەوەیەک کە گەورەو بچوکی جگە لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەی بە زۆرە ملی دەبێ بە زمانی فارسی عەڕەبی وتورکی دەرس بخوێنێ ولە هەمان حاڵدا پێشی پەروەردە ببێ زۆر ئەستەمە کە زانای هەڵکەوتەی لی بەدی بێ کە تاریفێکی سەردەمیانە بۆ پڕۆسەی مێژوویی ناسیونالیزم باوێتە سەر پەڕوای کۆمەڵگای کوردو وڕادەستی خوێنەری بکا .
نێوان پرسی مێژوو وراستی رووداوەکان جیاوازی یەکجار زۆرە ،بەتایبەت مێژووی نەتەوەی کورد ، ئەوەی کە رێگوزەری زەمان پێمان دەڵێ لە تاقەتی زانکۆ دیرۆکناس وحیزبی سیاسیدا بەدەگمەن وەدەست دێ .لەوەش بترازێ دەستی خامەی من لەو ئاستەدا نییە کە وێنەیەکی رون وئاکادیمیانە بۆ ناسیونالیزم ونەتەوەی ناسیونالیست بە پێوەری جەغڕافیاو ئابوری وکولتورو زمان بێنە ڕستەو هەڵیسەنگێنم . بەڵام لەچەند رۆژی رابوردوودا کەسانێک دەربارەی ئەوەی کە ناوی شەقامێک لەباشور بۆناوی / سمکۆ / دەبێ بگۆڕدرێ لەبەر ئەوەی کاتی خۆی مارشیمۆنی کوشتووە کەمینەنەکان بەوناوە هەستیارن . لەلایەکی دیکەوە نوسەرانی ئەو بابەتانە دژی ئەو کارەن ودەڵێن : شۆڕشی سمکۆ دەبێ لەبەر چاوان بگیرێ چون سەرهەڵدانێکی رزگاریخوازانە بووە بۆ نەتەوەی کورد .
ئەوە پێشەی روناکبیری کوردە ،لە حاند بێ بەختی نەتەوەکەمان قەڵەمبازان باوێن و وەدوای کڵاوی بابردەڵە بکەون .لە رۆژهەڵاتی وڵات بەردەرگای هەر ماڵێک پاسدارێکی لێیە (قزڵباشێک)و٣٤ساڵە پاشماوەتی سەفەویە کان بەکەیفی خۆیان ئەسپیان تاو داوە ودەستەدەستە گەنجاکانمان لەسێدارەدەدەن کەچی بارزانی وتاڵەبانی دەڵێن تاران ماڵی خۆمانە ! لەباکوری وڵات هەزاران زیندانی سیاسیمان هەیە کەچی دەسەڵاتی کورد دەفەرموێ :ئیللا بیللا ئەردۆغان فریشتەیەکە لە ئاسمانڕا کەوتۆتەخوارێ تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد !؟ لەرۆژئاوای وڵات بەکرێ گیراوەکانی ئالی سعودو هاوفکرەکانی خوێنو ناموسی کوردیان حەڵاڵ کردووە ،دەسڵاتی هەرێمی فدڕاڵ لەسەر خاکی کورد بەدەستی رۆڵەی کورد سنور لەسەر تێکۆشەری کورد دادەخەن !
مێژووی ٨٠ساڵی رابوردوومان خواستە یان ناخواستە مێژووی سەرۆک هۆزو حەڕەکەتی عەشیرەگەری بووە .مێژووی خۆ بەدەستەو دان و ملکەجکردن بووە بەرانبەر بە دەسڵاتی ناوەندی ، کەچی روناکبیری کورد لەسەر ناوی شەقامێک بۆ / سمکۆی شکاک/ خەریکە یەخە خۆی دادەڕێ . خاک سوتاو ، زمان بریندار ، کولتور شێواو ، مێژووسەراسەر پڕ لەشاردنەوە ، شاعیر سەقەت ، نوسەر گوێ لەمست ، خەڵک فەقیروهەژار ..........هەر ئەوەندەمان کەمە کە ناوی سمکۆی شکاک لە شەقامەکان نابێ لاچن !؟
جەعفەر کەریمی ١/ ١١/ ٢٠١٣