لەیلى تەڕابولسى و هێرۆى برایم ئەحمەد دوو دیوى دراوێكى قەڵبن
Monday, 17/01/2011, 12:00
یەكەم بزمار بەتابوتى دەسەڵاتە ستەمكار و گەندەڵەكەى زین العابدین بن عەلیدا داكوترا ئاشكرابوونى بەڵگەنامە نهێنییەكانى ویكلیكس بوو لەسەر رەفتارى رژێمەكەى بن عەلى ، ئەوەبوو پاشتر خۆسووتانى محمدالبوعزیزى جوانەمەرگ دوابزمارى جەرگبڕى داكوتیە تابوتە بۆگەنەكەیان كاتێ ئیسكى وردكردن ، پێش چەند مانگێ بەرلەئیستا لەبەڵگەنامەكانى ویكلیسدا و لەراپۆرتێكى نهێنیدا وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكى باس لە دەسەڵاتى رەهاى لەیلى تەڕابولسى هاوسەرى بن عەلى و بنەماڵەكەى دەكات بەتایبەتى براو و زاواكەى ، هەروەها باس لەوە دەكات كەچۆن هاوسەرەكەى بن عەلى خاوەنى دەسەڵاتێكى بێسنوورە لەو وڵاتەدا و چۆن بەدەستى راستى وەزیر دادەمەزرێنێت و بەدەستى چەپى دووریاندەخاتەوە ، هەروەها باس لەوەدەكات كەچۆن براكانى و زاواكەى دەستیان گرتووە بەسەر هەموو پرۆژە بازرگانیە گرنگەكانى ئەو دەوڵەتەدا هەر لە كۆمپانیایى فڕۆكەوانى و هێڵى مۆبایل و هاوردەكردنى كەلوپەلە بیانییەكان لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنى تەواوى گرێبەستە حكومییەكان لەناوە و لەدەرەوە ، دواتر بەوردى باس لە سامانى سەدان ملیۆنى تەرابولسى و كچ و برا و زاواكانى دەكات لەكاتێكدا كەسەدان هاوڵاتى تونسى هەلى كاركردنیان نیە و بەدەست هەژارى و كەم دەرامەتیەوە تاكو سەر ئێسقان دەناڵێنن ، ئەمە لەكاتێكدا ئەو سامانەى لیلى تەڕابولسى و بنەماڵەكەى لە تونس و پاریس و ئەمریكادا لافیان پێوەلێدەدا دوا قرشى موڵكى ئەو میللەتە ستەمدیدەیە بوو كە نانێكى گەرمیان نەبوو بیكەنە قووتى مناڵەكانیان ، كارەساتەكەش لەوەدابوو كە هەریەك لە تەڕابولسى و هاوسەرە گەندەڵە دیكتاتۆرەكەى و هەموو ئەندامانى بنەماڵەكەى ئەم راستییەیان زۆر باش ئەزانى بەڵام لەبەرئەوەى وەك كۆیلە و خزمەتكار بەچاوێكى سووكەوە تەماشاى هاوڵاتیانى خۆیان ئەكرد بۆیە هیچ كات خەمخۆریان نەبوون و ئاوڕێكیان بەدڵى بەزەییەوە لێ نەداونەتەوە .
لەهەرێمە گەندەڵخانەكەى ئێمەشدا خاتوو هێرۆ و ژنە مەنسوولەكان هەزار و یەك بۆڕیان بە لەیلى تەڕابولسى داوەتەوە ، خانمى یەكەم بەتەنها بەسەرپەرشتیكردنى ئیدارەى گشتى رازینەبوو كە دلیرى سەید مەجیدى وێنە ئەڵقەى هاوسەرگیریەكەى كردۆتە دەستیەوە و داهاتى ئەم ئیدارەیە و كۆمپانیایى نۆكان و پشكى ئاودیوكردنى نەوت و بودجەى حیزب و حكومەتى لابەلا هەر هەمووى بە جووڵەیەكى پەنجە توتەى دادە هێرۆ لەم كیسە دەچێتە ئەو كیسە و لەم حسابەوە ئەفڕێ بۆ ئەو حساب ، بەڵكە هیرۆ كۆنتڕۆڵى تەواوى دەزگا سەرەكییەكانى راگەیاندنیشى كردووە وەك كوردسات و گەلى كوردستان و خاك و دەیان گۆڤار و رۆژنامەى زەردى ئێرە و ئەوێ ، هەروەك وەك عادەتى هاوسەرى گەورە دیكتاتۆرەكان خۆشى كردۆتە ژنە باشەكەو سەرپەرشتى دەیان رێكخراو و دەستە و كۆمەڵە دەكات وەك منداڵپارێز و یەكێتى ژنان و هەتا دوایى .
لەهەمووشى گرنگتر وەرگرتنى باڵاترین پۆستى حیزبى بوو كە ئەویش ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى بوو بە زۆرترین دەنگى بێبەرامبەر ، ئەمە بێ لەوەى بووە بەرپرسى مەڵبەندى یەكى رێكخستن و لووتى لەهەموو گەورە و بچوكێك دەخنێ ، ئەوە باسلێوەكردنى دوو سەرسەریەكەى كوڕى بۆخۆى كارەساتێكى مەزنترە كە یەكێكیان لە واشنتۆن لە سوڵتانى برۆناى خۆشتر رادەبوێرێت و نوێنەرى حكومەتە ئیفلیجەكەشمانە ، ئەوى تریش جارێ لەدوبەى لەسەر ئوتمبیلى پێنج سەد دەفتەرى شەڕە چەقۆ دەكات و جارێكى تر وارەكەى قومارخانەى لاس فێگاس بەئەندازەى بودجەى ساڵێكى وەزارەتێك زەرەرى پێدەكات ، خوشكێكیشى نوێنەرى یەكێتیە لە بەریتانیا بەشەرتى بودجەى كراوە لە پاوەنى ئستەرلینى و برادوابڕاوەكەشى لەسوید و ئیمارات بازرگانیەكەى لەگەڕە و وەك ملیۆنەرەكانى قرتاج رادەبوێرێت .
نەگبەتى میللەتە خێرنەدیوەكەى ئێمە لەوەدایە كە لەتونس یەك تەڕابولسى هەبوو بەڵام ئێمە لێرە سەد هێرۆمان هەیە ، هاوسەرى ئەندام مەكتەب سیاسیەكان .. سەركردایەتى .. وەزیر و گوزیرەكان هەموویان لەپشت مێردە دەست و داوێنپیسەكانیانەوە بوونەتە لیلى تەڕابولسى و لەسەر كەتەلۆك قژ دەبڕن و پۆشاك ئەپۆشن ، سەروبارى ئەم جیاوازى و ستەم و دزییە كەچى مافیاكانى ئێمە .. بن عەلیەكانى ئێمە مافى خۆنیشاندانێكیش پێمان بەڕەوا نابینن .
هەربۆیە من گومانم نیە لەوەى كە توڕەبوون و نەهامەتى و ئەم میللەتە جۆرێ پڕ بووە و سەرڕێژى كردووە كە گورچكبڕانە لەناكاو پەلاماردەدات بەجۆرێ بوار بەسەركردە تاوانبارە چەتەكانمان نادات فریایى هەڵهاتنیش بكەون .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست