کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پارێزگاری کەرکوک یان دکتۆری سەرکردەکان

Friday, 28/12/2012, 12:00







کەسانی زۆر هەن کە بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان ئامادەن هەموو ڕێگەیەک بگرنەبەر بەبی حیساب بۆ بەها مرۆییەکان و ئەوەی گرنگە بەلایانەوە گەیشتنە بە ئامانجە تایبەتییەکانی خۆیان بەهەر نرخێک بێت. هەر ئەو جۆرە کەسانە هەوڵئەدەن ڕاستی مەرامەکانیان بشارنەوە و بە کۆمەڵێک ئیدیعا و دروشم و کردار بۆ چەواشەکردنی خەڵک و خۆپیشاندان بە سیمایەکی جوانتر. نمونەیەکی ئەو جۆرە کەسانە د. نەجمەدین عومەر کەریمی پاریزگاری ئێستای کەرکوکە.

بە هەر شیوازێک بوو خۆی نزیککردەوە لە جەلال تاڵەبانی، لەو کاتەیدا تالەبانی و حیزبەکەی لە پاشەکشەیەکی سیاسیدا بوو لە سلێمانی و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەگشتی دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٠ لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا تالەبانی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو شکستە ڕووبەڕووی حیزبەکەی بووەوە، هەموو هێز و توانای بردە کەرکوک و بۆ ماوەی مانگێکی تەواو بەغدای بەجێهێشت و لە کەرکوک سەرپەرشتی خۆ ئامادەکردن و دەستبەسەراگرتنی دۆخی هەڵبژاردن لە شارەکەدا و چۆنیتی بردنەوەی زۆربەی دەنگەکانی خەڵکی کەرکوک بە هەر شێوەیەک بێت. هەر بۆ ئەو مەبەستەش تاڵەبانی نەجمەدین کەریمی لە ئەمریکاوە بانگێشتکرد و دەستنیشانی کرد بەسەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەکەرکوک، پاشان دوای ئەوەی بۆیان چووەسەر وەک ئەندام پەرلەمان دەرچوو و پاشان هەر بە پلانی تاڵەبانی کرا بە پارێزگاری کەرکوک.





هەروەکو لەو دوو وێنەیەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا هاتوون دەرئەکەوێت، نەجمەدین کەریم دوای ٣٥ ساڵ ژیان لە ئەمریکا کە کە تەمەنێکی زۆر درێژە و گوایە لە ئەمریکا دانەبڕاوە لە کاری سیاسی. ئێستا لە پشتی سەری خۆیەوە لە ئۆفیسەکەی و ژووری کۆبوونەوەکانی پارێزگای کەرکوک گەورەترین وێنەی تاڵەبانی کە هەر یەکێکیان ڕێک بە قەوارەی خۆی ئەبن، کە لە هیچ فەرمانگەیەکی عێراقدا بەو گەورەیی و شیوازە نابینرێت تا لە بارەگا حیزبیەکانی یەکیتیشدا. لە ڕاستیدا ئەو دیاردەیە تەنیا وێنەکانی سەدام و دیکتاتۆرەکانی ترمان دەخاتە بیر ئەگەرنا خۆ ئەکرێت وەک هەر فەرمانگەیەکی تری عیراق یان کوردستان نەک ئەمریکا، وێنەیەکی ئاسایی و سادە وەک نەریتێکی فەرمی دابنرێت نەک بە قەوارە و شیوازە نائاساییە. تۆ بڵێ پاریزگاری ئێستای کەرکوک دوای ئەو تەمەنە درێژەی لە ئەمریکا بردوویەتی سەر ئەوەندەش گۆڕان بەو مینتالێتی تەقدیسکردنی کەسێتی و خۆپیوە هەڵواسینە فێرنەبووبیت، یان تۆ بڵێیت ئەم کلتورەی لە ئەمریکاوە وەرگرتبێت ئێمەمانان نەیزانین.

نەک تەنیا خەڵکی کەرکوک، هەموو تاکێکی کورد و بگرە هەموو چاودێرانی سیاسی عیراق و ناوچەکە و جیهان ئەزانن شاری کەرکوک لە چی دۆخێکی هەستیاردایە. بەتایبەت دوای ئەو کێشانەی ئەم دواییەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا بە هۆی دروستبوونی و دەستێوەردانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە ئەوەندەی زیاتر ئەو بارودۆخەی کەرکوکی ئاڵۆزتر کرد. پاریزگاری کەرکوک لەم کاتە هەستیارەدا هەر وەک چەند مانگێک لەمەوبەر بەهەمان شیوە بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە ئەڵمانیا، جارێکیتریش شارەکە بە جێدێڵێت بەرەو ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بەدیار تاڵەبانییەوە بێت لە نەخۆشخانە. ئەم هەڵسوکەوتە سەیرەی پارێزگای کەرکوک چەندین پرسیار ئەورژێنێت:

ـــ ئایا ئەو زەرورەتە چییە وا لە پاریزگاری کەرکوک ئەکات هەڵسوکەوتی وا بنوێنێت، ئایا تاڵەبانی کە لە ژێر چاودێری باشترین تیمی بزیشکییە لە پێشکەوتوترین وڵات، پێویستی بە شارەزایی و لێهاتووت پاریزگاری کەرکوک هەیە وەکو دکتۆرێک.

- ئایا کەسێک بەرپرسبێت لە ئیدارەی پارێزگایەک دانیشتوانەکەی یەک ملیۆن زیاتر بێت، شایەنی ئەو پۆستە هەیە کاتێک ژیانی تاکە کەسێک بە گرنگتر بزانێت لە ژیانی ئەو جەماوەرە ملیۆنیە.

- دانی ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەلایەن تاڵەبانییەوە بە نەجمەدین کەریم کە ڕۆژێک ئەندامی ئەو حیزبە نەبووە لەسەر چی بنەمایەکە. ئەگەر مەبەست لە کڕینی ویژدان نەبێت چیتر ئەگەیەنێت، ئایا ئەمە بێڕێزی نیە بەڕامبەر سەدان کادیری دڵسۆزی یەکیتی کە تەمەنیان لە زیندانەکان و خەباتی شاخدا بردەسەر.

ئەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستەی پارێزگاری کەرکوک زۆر بە ڕوونی ئەوە دەرئەخات، کە ئەو زاتە بە هەموو شێوەیەک لەهەوڵی ئەوەدایە وەفاداری نیشان بدات بە تاڵەبانی و لایەنگرانی تاڵەبانی و ئەوانەی چارەنووسی خۆیان بەستوتەوە بە مانەوەی تاڵەبانی و باڵەکەی لەناو یەکێتیدا.

نەجمەدین کەریم وەکو ناسراوە دکتۆری مێشک و دەمارەکانە ئەکرا لەو بوارە هەستیارەی خۆیدا خزمەتی بە هاوڵاتیانی شارەکەی و خەڵکی کوردستان بەگشتی پێشکەش کردایە و نەخۆشخانەیەکی دابمەزرانایە یان هیچ نەبوایە لە زانکۆیەکدا دکتۆری ڕابهێنایە لەو بوارەدا، نەک پابەندی کولتورێکی سەقەتی سیاسییە خۆبەزلزانەکان بێت و ئەبوایە ئەوەندە لە دونیای سیاسەتی ڕۆژائاوا کەڵکی وەربگرتایە.

تەنیا لێکدانەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوتەی پارێزگای کەرکوک ئەوەیە کە وەک لای هەموو کەسێکی بەئاگا و هۆشیار ڕوونە. دوای ئەو شکستهێنانەی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، تاڵەبانی پێویستی بە کەسانێک هەبوو گێانێکی نوی ببەخشێت بە حیزبەکەی و ئەو بازنەیەی دەروبەری خۆی زیاتر بە هێز بکات بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی. نەجمەدین کەریمیش لە مێژەوە کارئەکات بۆ قۆستنەوەی دەرفەتێکی ئاوا کە تاڵەبانی بۆی سازکرد. ئەو بۆ ماوەیەکی زۆرکەم بەر لە ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ دکتۆری مەلا مستەفا بوو، وادیارە هەر لە مێژەوە خولیای ئەوەیە وەک دکتۆرێک لە خزمەتی سەرکردەکاندابێت و لە پاشماوەیان بخوات نەک لە خزمەتی خەڵکی سادەی وڵاتەکەدابێت. هەر بۆیە ئێستاش سەرەڕای ئەوەی پلەیەکی سیاسی و ئیداری گەورەی هەیە، هەر بەلایە گرنگترە لە خزمەتی سەرۆکدا بێت، چونکە ئەزانێت ئەو نازونیعمەتەی لەبەر دەستیدایە، سەرۆک پێی ئەبەخشێت نەک خەڵکی ڕەشوڕووتی شارەکەی.

زۆر کەس باس لە کار و چالاکی پارێزگاری کەرکوک ئەکات، بەڵێ تا ڕادەیەک ڕاستە کەرکوک هەندێک گۆڕانکاری لە بواری خزمەتگوزارییەوە بە خۆیەوە بینیوە. بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانە ئەوەندەی ڕووکەشییە ئەوەندە بنچینەیی نییە بۆ شارێکی وەکو کەرکوک کە پرۆژەی پترۆ-دۆلاری هەیە. ئەوەشی باسی لێوەئەکرێت زیاتر زەقکردنەوەی کەناڵەکانی میدیای یەکێتییە کە زۆریان دوورن لە واقیعەوە و تەنیا بۆ دەرخستنی و هەڵنانی شەخسی پارێزگایە چونکە لەلایەن تاڵەبانییەوە دانراوە و بۆ پێڕەوکردنی سیاسەتەکانی ئەو و گوێڕایەڵی وپارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەو و حیزبەکەیەتی و ئەگەرنا بەخەویش ئەو پۆستە نائەبینی. ئەوەشی پێشانی ئەدات نەک هەر دڵسۆزی و وەفادارییە بۆ (وەلی النعمە) بەڵکو ئەچێتە قاڵبی کاسەلێسی و ماستاوچێتیەوە. بەو هیوایەی خەڵکی کەرکوک لە ڕاستی ئەو جۆرە کەسانە بە ئاگابینەوە و چیتر نەهێڵن خۆڵ بکرێتە چاویان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە