تەنزى سیاسیى: قەزاتەنووسێكى جاسووس/ بۆ جەنابى عالیول مەقام رەئیس دەولە
Friday, 26/06/2009, 12:00
سهلام و ئیحترام و موحیبەت لە قەزاتەنووس و بەندە و موریدى خۆتان، كە تا دوێنێ سەر بە باڵى بەلشەفى جەیشى ئەحمەڕى هاوڕێیان بوو، ئەمڕۆش ریفاقى سەر بە تەریقەى نیزالى قەومیە و بەردەوامیش شیعارى قدوەى كورد.....! دەڵیتەوە قبوڵ بفەرموون.
مەوزوع/ تەحلیل لەسەر ئەوزاعی موجتەمەع
جەنابى عالیول مەقام، گەر ئیستغلالى وەزعى جەنابتانم نەگرتبێت و لەحزوورى فكر و تەزاكورتان گومانم دروست نەكردبێت، ئەوا دەكرێ لەحزەیەك لە ئەوقاتى خۆتان بۆ موتاڵاى ئەم تەقریرە موفەسەڵە بە نەزەرى ئیعتیبار لە ئەوزاعى ئەمڕۆى موجتەمەع تەركیز بكەن، لاكن لە دواییدا لە ئیخلاس و شوجاعەت و زەكى بوونى قەزاتەنووس لە حزوورى عالیتانا انشااللە لە تەقدیر و شوكرى مكافئاتى جەنابتان موەفەق دەبێت.
ئەوزاعى سیاسیی داخل: فەترەیەكى قەلیلە كۆمەڵێك هەستاون بە كارى شەغەب و دەیانەوێت غەڵبە غەڵب بە ناوى (تغیر) بەرپا بكەن، حەسەب تەقاریرەكانى خوار خۆمان ئێژێ: ئەو جەماعەتى شەغەبە سەر بە قائیمەى (تغیر)ن، كە ئێستا ئەم دەنگوباسە هەموو كوچە و شارعێكى وەتەنى گرتۆتەوە، لاكن بەندە توانیویەتى لەگەڵ جەنابى عالى (موتەسەریف) تەنسیق بكەین، بۆ ئەوەى مەجال نەدەین ئەم شەپۆل و بوحرانى شەغەبە كە بە ناوى (تغیر) لە ئەوزاعى ساحەى سیاسەتتدایە (عاسیمە) نەگرێتەوە، چونكە موستەقبەلەن تەئسیراتى خەتەرى دەبێت بۆ سەر مەشاریع و دارالمالى دەولە، لاكن ئێستا ئەوان واتە (تغیر) مجتەمەعیان وشیاركردۆتەوە كە گوایا مۆئەسەساتى ئیستسمارى حیزبمان بۆ هەر مەشروعێك لە 50%ى بۆ خۆى وەردەگرێت، هەر بۆ رێگرتن لەم وەزعە لەگەڵ عالى (موتەسریف) رێككەوتووین كە چەند قەزاتەنووسێكى حیزبى خۆمان بخەینە ناو موجتەمەع بە عام و خاسەتەن بۆ ناو موسەقەفین، بۆ ئەوەى لە نزیكەوە ئاگادارى وەزعى جوڵانەوەكان ببین، پێشمان وتوون جگە لە جەنابى عالیول مەقام جار جارە قسە بە خۆشمان بڵێن، لە پێناو ئەوەى بتوانن مەعلوماتى خەتەر ئیستنتاج بكەن، بۆ ئەم كارەش مەعاش و مكافەئاتى تەقاریرى ئەو قەزاتەنووسانەش شەهرى لاى خۆمان مەحفوزە.
ئەوزاعى ئیقلیم: ماوەیەكە چەند جەماعەتێكى (تمرد) بە ناوى نزالى قەومى لە حدودەكاندا كارى شەغەب دەكەن، كە ئەمەش دەبێتە مایەى تەخریبى موحیببەتى ئیقتسادى نێوان ئێمە و ئیقلیم، بۆیە چاكتر وایە حیزبمان تەماسى مەعلوماتى عەسكەرى لەگەڵ جەیشى ئیقلیمدا هەبێت، بۆ لەناوبردنیان، چونكە موستەقبەلەن ئەوانە خەتەرن بۆ پایە و مەقامى عالیتان.
ئەوزاعى ئەدیانەكان: بە پێى تەقاریرى (جامع)ەكانى عاسیمە، چەندین ئوستازی جامعی دینى لە خوتبەى جومعەدا تەكەللومى مەقالەكانیان لە ساڵحى موستەقبەلى سیاسیى و ئیقتسادى ئێمەدا نییە، نەبێ بە سنعاتى جاسووسەكان كە دەڵێن: چەندین ئوستاز و فەقێش تەئید لە حزوورى هاتنى بوحرانى (تغیر) دەكەن.
ئەوزاعى دەستوور: ئێستاكە جۆش و خرۆشێكى بێ وێنە لە داخلى موجتەمەع دەربارەى ئەم دەەستوورە ئەستوورەى كە لە ئەووەلەوە ئێوە بە حروفى شەمسى و حروفى قەمەرى كتوبتان كردبوو، بێ خەم و خەیاڵ لەسەر خەلە و خەرمانى بێ دەنگى لە گەنجینەى شوراى عالى و لەسەرو ئەو رەفانەوە داتاننابوو، كە چەندین قەرارى هەڵواسراوى ئەم چەند ساڵەى تەتبیق نەكراو داتاننابوو هەر كەسەێك گەرەكى بوایە وتاڵاى بكردایە، ئەبێ پانكەى ئەندۆلاى بۆ داگیرساندایە تا تۆزەكەى لەسەر لا دەچوو! حالییەن موجتەمەع ئێژن: حۆ ئێمە نەفام نین باش دەزانین كە دەستوورە ئەستوورەكەى هەرێم ئوممى قانونەكانە، خێرە 18 ساڵە ئەم دایكى دەستوورەى ئێمە سەرى خۆى هەڵگرتووە و ئێستا دەردەكەوێت؟! نەزەریان كردووە و قەسەمیان خواردووە و وتوویانە بە رەببى لەم یەزەل ئەسوات بەم دەستوورە ئەستوورە نادەین.
ئەوزاعى قەزاتەكانى وەتەن: لەم چەند رۆژەدا جنابى عالیتان لە چاوپێكەوتنى یەكێك لە قەزاتە بیانیەكاندا تەكەللومى عالیتان بەرامبەر بە قەزاتەى ئەهلى و قەزاتەنووسە غەیرە حیزبیەكان بە جاسووس حسابتان كردوون، كە ئەمەش دەنگۆیەكى ناڕەزایى لە ناو ئیتاری موسەقەفین و قەزاتەنووسەكاندا دروستكردووە، وە هەر لەم نەزرەوە ئەوان بە نیازن لە پێناو ئیخلاسیەتى وەتەن و موستەقبەلى موجتەمەع مەلەفى جاسووسى سەردەمى شەڕەكانى ئاوباریك و تەریقی هامڵتۆنیش و شالیار و گزیرەكانى پێشوو و ئێستاش هەڵبدەنەوە، كە ئەمەش كارێكى زۆر قورسە و بە نەزەرى ئێمە فریاى داپۆشینى ئەم هەموو مەلەفانەى یەكتر ناكەوین، وە ئێستا حاڵى حازر بەعزێك لە قەزاتە و موجەللەكانى خۆشمان یەدیان كەشف بووە، كە خۆمان بۆ شێوازى مەعلوماتى جاسووسى بەكارمان هێناون، بۆیە لە عالیتان داوا دەكەین لە تەكەللومى سابیقەتان ئیعتزار بۆ موجتەمەع و موسەقەفین بخوازن، ئەگینا عەمەلمان وابێت حاڵمان بە دەست قەزاتەنووسە ئەهلیەكانەوە حەلوەلا دەبێت.
ئیحترام و تەقدیرى قەزاتەنووس قبوڵ بفەرموون
هەر پایەدار بێت جەنابى عالیول مەقام
قەزاتەنووسى موخلیس
رەفیق فیدڵ تەحریفى
[email protected] تێبینى: گۆشەیەكى مانگانەیە لە گۆڤارى چاوگ بڵاو دەكرێتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست