چیرۆكی كوشتنی هاوڵاتییەك و كەمتەرخەمی پۆلیس و دادگا لە گرتنی تاوانباراندا، لەزاری برایەكی كوژراوەكەوە
Monday, 27/04/2009, 12:00
1850 بینراوە
چیرۆكەكانی تاوان و خراپە كارییەكان لە كۆمەڵگاكەماندا بە هۆی ئەو دۆخە
پاشاگەردانیەی كە ناوچەكەمانی گرتۆتەوە، ئەگەر ڕۆژانە ڕوو لە هەڵكشان
نەبێت ئەوا بێگومان ڕوو لە دابەزین نییە ئەمەش بە ڕوونی لە زیادبوونی
تاوانە كۆمەڵایەتییەكان و توندوتیژییەكاندا دەردەكەوێت...!؟
سازدانی/ كاروان سالار: دەزگا پەیوەندیدارەكان و ئیدارەی هەرێمیش نەك بە دواداچوونی جدی و بەرپرس بۆ ئەم پرسانە ئەنجام نادەن، بەڵكو وەك لەم ڕووداوەی خوارەوەدا كە برای كەسێكی قوربانی بۆمان باس دەكات، زۆرجار پۆلیس تاوانباریشی لەبەر دەستدا بووە كەچی دەسگیری نە كردووە، هەر ئەم ڕووداوە باس لەوەش دەكات كە هەوڵ و توانایی خۆیی و پارە سەرف كردن ماف نەسەنێتەوە نە دادگا و نە پۆلیس ئەو مافە ناسێنێتەوە، چونكە هەر لەم ڕووداوەدا دەردەكەوێت كە یەكێك لە تاوانبارەكان لەگەڵ ئەوەی فەرمانی گرتنی هەبووە، بەڵام لە كۆمپانیایەكی فەرمی كاری كردوە و ڕۆژانەش بە چەند بازگەیەكی ئاسایش و پۆلیسدا تێپەڕیووە بێ ئەوەی دەستگیر بكرێت... وە لەئەنجامدا برایەكی كوژراوەكە تاوانبارەكان دەدۆزێتەوە.
محەمەد عەبدوڵا، هاوڵاتییەكی شاری سلێمانیە و چیرۆكی كوشتنی براكەی لەلایەن چوار كەسەوە بەم شێوەیە باس دەكات: "شەوی 27/7/2005 كاتژمێر 10:30 دەقیقە بە باوكێك وسێ كوڕی لە ئەنجامی شەڕێكدا (كارزان)ی برامیان بە فیشەك كوشت... لە گەڕەكی شێخانی شاری سلێمانی...، لە پاش كوشتنی بكوژەكان كە بریتی بوون لە (ع، ك، ش، م) هەڵهاتن و خۆیان حەشاردا، بەڵام دواتر هەر هەمان شەو لەڕێی كەسێكەوە كە پێی وتبوون خۆتان حەشار مەدەن كارزان نەمردووە، ئەوەبوو خۆیان تەسلیمی بنكەی پۆلیسی ڕزگاریی كرد..."
محەمەد درێژەی بە باسەكەی داو ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە پۆلیس خەریك بووە تاوانباران ئازاد بكات "پاش ئەوەی لە ڕێگەی پۆلیسی بنكەكەوە دەزانن كە كارزانی برامیان كووشتووە، بۆیە هەوڵدەدەن كە لە ڕێگەی كەسێكی بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە بە ڕێكەوتن دەربازیان بێت، بەڵام بە هەوڵی خۆمان (كەسوكاری كوژراوەكە) ئەو پیلانەمان پوچەڵ كردەوە...، وە پاش ئەوە تەسلیمی بنكەی پۆلیسی ئیسكان كران..."
برای كوژراوەكە كە دەردەسەری و واستەی دادگا وەرسی كردبوو بەم جۆرە باسەكەی درێژ كردەوە "پاش دانیشتنەكانی دادگا بۆ ماوەی ساڵێك و سێ مانگ ئەوەبوو لەدوای ئەو فڕو فێڵانەی لە ڕێگەی پارێزەرەكەیانەوە ئەنجامیاندا بە پارە دادگا بڕیاریدا بە ئازاد كردنی سێ لە تاوانبارەكان و حوكمی دوانزە ساڵ زیندانی بەسەر یەكێكیاندا...، پاش ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە ئێمەش وەك كەسی كوژراوەكە داوامان لە دادگای تەمیز كرد بۆ پێداچوونەوە بەبڕیاری دادگادا و ئەوە بوو هەموو بەڵگەكانمان برد بۆ دادگای تەمیز، سەرەنجام خۆش بەختانە دادگای تەمیز پاش دراسەكردنی كێشەكە بڕیاری سزادانی سێ تاوانبارەكەی تری دەركرد بەزیندانی كردنیان بۆ ماوەی دوانزە ساڵ، كە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە لە دادگای سلێمانیدا لە ڕێگەی حاكمەكەوە بە پارە ئەو تاوانبارانە بەر درابوون...!؟"
چیرۆكەكە درێژەی هەیە و برای كوژراوەكەش باس لە كەمتەر خەمی پۆلیس دەكات لە دەستگیر كردنەوەی تاوانباراندا بۆ ئەوەی سزای تاوانەكەیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت و باس لەوە دەكات كە چەندین جار شوێنی تاوانبارانی دەستنیشان كردووە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی پۆلیسەوە هەڵهاتوون، باس لەوەش دەكات كە سێ لە تاوانبارەكان خۆی شوێن پێی هەڵگرتوون و دۆزیونیەتەوە "پاش بڕیاری دادگای تەمیز بۆ دەستگیركردنەوەی ئەو سێ تاوانبارە و حوكمدانیان بە زیندانی كردنیان بۆ ماوەی دوانزە ساڵ ئەوە بوو یەكێك لە تاوانبارەكان بە هەوڵی خۆمان شوێنیمان دەست نیشان كردو لە ڕێگەی بنكەی پۆلیسی ئیسكانەوە لەماڵەوە دەستگیر كرا، پاش چوار مانگی تر بەهەمان شێوە شوێنی تاوانبارێكی تریانم دۆزییەوە كە لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی بوو، لە ڕێی پۆلیسی سەد و چوارەوە توانیمان دەستگیری بكەنەوە. بەڵام تەنیا یەكێك لە تاوانبارەكان مابوو كە خۆی شاردبۆوە و جێ گۆڕكێی زۆری دەكرد و بە داخیشەوە پۆلیس كەمتەرخەم بوو چونكە هیچ بەدوادا چونێكی بۆ نەدەكرد و بۆیە زۆر ئەزیەتی داین"
تاوانباری چوارەم، پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا دەستگیر دەكرێت و لە كۆمپانیایەكی فەرمیش كاری كردووە و ڕۆژانەش بە چەندین بازگەدا هاتوچۆی كردووە، ئەمە لەكاتێكدا كە فەرمانی گرتنی هەبووە لە لایەن دادگاوە. محەمەد، بۆ گرتنی چوارەم تاوانبار بەم شێوەیە درێژەی دایە: "پاش پتر لە ساڵێك و شەش مانگ بەسەر بڕیاری گرتنەوەی و دوای ئەوەی چەندین جار بۆخۆم شوێنی تاوانبارەكەم دەستنیشان كرد، وە بەداخەوە پۆلیس هیچ هاوكار نەبوو لە گرتنیاندا و تەنانەت جارێك كە شوێنكەیم دەستنیشان كرد لەناو گەراجێكدا بوو كاتێك بە پۆلیسم گووت بۆ گرتنی دەیان وت دەمانچەی پێیە، یان نا!؟ بەم شێوانە چەند جارێك لەدەستمان دەرباز بوو تا دواجار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵم پێگەیشت كە لە كۆمپانیایەكی گواستنەوەی نەوت لە قادركەرەم كاردەكات، پاش ئەوەی بەپەلە گەیشتمە ئەوێ و لەوە دڵنیا بووم كە لەوێیە، دوای هیلاكیەكی زۆر توانیم ئەویش بەگرت بدەمەوە لە ڕێی پۆلیسی چەمچەماڵەوە و دواتر هێنرایەوە بۆ بەندینخانەی معەسكەر سەلام، بەڵام ئەوەی جێگەی سەر سوڕمان بوو لێرەدا، ئەوەبوو كە ئەم تاوانبارەیان لەگەڵ ئەوەی فەرمانی گرتنی هەبوو بەڵام لە كۆمپانیایەكی فەرمی كاری دەكرد و ڕۆژانەش بەتەنكەرەكەی بەچەندین بازگەدا تێپەڕیوە لە كاتی كار كردنەكەیدا بەبێ ئەوەی پۆلیس هیچ لێی بپرسێتەوە، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕایەی كە پۆلیس هیچ هەوڵێكی بۆ گرتنەوەی ئەو تاوانبارانەنەداوە...؟!"
محەمەد عەبدوڵا، لە كۆتایدا لەگەڵ دەربڕینی دەستخۆشی بۆ دادگای تەمیز و ئەوانەی هاوكاربوون لەدەستگیر كردنەوەی تاوانبارەكاندا، هاوكات ناڕەزاییەكانیشی بەم شێوەیە دەربڕی "بەداخەوە لە كۆمەڵگاكەماندا یاسا جێبەجێ ناكرێت و ئەوەی فەقیر بێت و بێ پارەبێت مافی دەخورێت، چونكە ئێمە لەم كێشەیەدا پارەیەكی زۆر كە زیاتر لە سێ دەفتەر دۆلار مەسرەفمان كردووە تاوەكو توانیومانە مافی خۆمان بەدەست بێنینەوە، تەنانەت بۆ دەست كەوتنی بچوكترین زانیاری لەسەر شوێنی تاوانباران بەبێ بەرامبەر نەبووە، جگە لەمەش بەداخەوە لێرە پیشەی پارێزەریش بۆتە بازرگانی كردن، هەر لەم كێشەیەی ئێمەدا پارێزەر هەبووە كە پارەیەكی زۆری وەرگرتووە كەچی بچوكترین ڕۆڵی نەبووە لە كەیسەكەدا...، ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە كە دەسەڵات دەتوانێ یاساو خۆشەویستی بگەرێنێتەوە بۆ كۆمەڵگا، بەڵام تا ئێرە ئەو دەسەڵاتە ئەوەی نەكردووە، وە ئێمە هەوڵ و توانایی خۆمان و پارە سەرف كردن مافی بۆ سەندینەوە نەك دادگا و پۆلیس، چونكە ئەو دوو شوێنە كەمتەرخەمی زۆری تێدایە و نەیتوانیوە بەتەواوی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.