کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی كوردی كامەیە سنورەكەی ... تا ڕابگەێندرێت؟

Sunday, 27/07/2014, 12:00


كاتێك (جمال عبدالناێر)خۆماڵی كردنی كەناڵی سوێسی لە میسر ڕاگەیاند هەمووانی توشی شۆك كرد لە سەروی هەموویانەوە خودی(بەریتانیا)، كە داگیركەری ئەو ووڵاتە بوو؛ چونكە هەموو هەنگاوەكانی بە نهێنی ئەنجام گرتبوو تەنانەت لەچەند كەسێكی نزیكی خۆی زیاتر كەس بەم هەنگاوەی نەدەزانی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و باشوری كوردستان وێنەكە زۆر جیاوازە و ئێمەی كوردان لە شاشەی تیڤیە جیهانیەكانەوە دەیبیستین بە جۆرێك واپیشان دەدرێت كە هەموو هەنگاوەكان تەواو كراون و تەنها ڕاگەیاندنی فەرمی ماوە، بۆیە پرسیار دەكەین ئایا باس لەسەربەخۆیی كوردستانی باشور دەكرێت یان پێكهێنانی دەوڵەتێك، ئەگەر هەركامیان بێت سنورەكەی كامەیە، سەرژمێری دانیشتوانەكەی چەندە، سەرمایەی مرۆیی كامەیە، پێگەی سیاسی نێونەتەوەیی كامەیە. بواری بازرگانی لەچ ئاستێكدایە. خۆمان بڕیاردەری داخستنی سنورەكانین یان وڵاتانی دراوسێ، مافی هاووڵاتی لەچ ئاستێدایە، كێشەی خوێندن و فێركردن بەچی گەشتووە، یاخود كێشەی خزمەتگوزاری لە بوارەكانی(كارەبا، هاتووچۆ، تەندروستی، داهاتی تاك، سوتەمەنی، نیشتەجێ بوون، سەروەری یاسا)، یاخود پێگەی حزبی و پیرۆزی سیاسیەكان لە كام ئاستدایە. من دەڵێم بەئاستی پەرستن گەشتووە. لەڕووی خاكیشەوە ئێمە تا ئێستاش دەرەوەی سنوری هەرێم كە بەشی زۆری كوردستانە بەناوچەی جێناكۆك ناودەبەین و بەدرێژایی ساڵانی ڕابردووش لەژێر بەزەیی مادەیەكی شومی وەكو سەدوچلدا خەفە كراون.
دەوڵەتی كوردی موڵكی بەشێك نییە، جیاواز لەبەشەكانی تر؛ چونكە كاتێك كوردستانی گەورە دابەشكرا ئێمە یەك نەتەوە بووین، بەڵام ئێستا ئەگەر ناوی دەوڵەت لەهەر بەشێك بنێین ئەوا تەنها مەرامی وڵاتانی سەردەست جێبەجێ دەكەین نەك داخوازی نەتەوەكەمان. سەنتەری بڕیار لای خودی نەتەوەی كوردە نەك حزب، بۆیە وا پێویست دەكات ناوماڵی كوردی یەكبخرێت لەهەرچواربەشی كوردستان ئەوكات باس لە دەوڵەتی كوردی بكرێت. تەنانەت تاكی هەرێم وافێركراوە بەچاوی حزبی لە كوردستان بڕوانێت، بۆیە پێویستە بڵێین كوردستان تەنها باشوور نییە بەڕێزان؛ بەڵكو بەشێكی كوردستانی گەورەیە بۆیە دەكرێت ناوی خۆبەڕێوەبەری لێبنرێت، بەڵام دەوڵەت هەڵەیە بۆ بەشێكی كوردستان.
باشوری كوردستان لەڕووی سنورەوە زۆر جێی بەزەییە؛ چونكە سنوری سەربەخۆی نییە كە بەسەر دەریادا بڕوانێت. هەر بۆیە سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێت ئەوە لێكبداتەوە كە پەیوەندی بازرگانی ئێستای هەرێم بەپێی پرۆتۆكۆل نییە؛ بەڵكو ڕێكەوتنێكی حزبی سنوردار و مەرجدارە بە بڕیارە سیاسیەكانەوە. واتە توندكردنەوەی پەتی بازرگانی هەركات بڕیارێكی سیاسی دوور لە خواستی ئەوان وەرگیرا، بۆیە دەوڵەت ڕاگەیاندن پێویستی بەووردەكاری زیاتر هەیە نەك حەزێكی سەرپێی؛ چونكە ئێمە تا ئێستاش لە نەتەوەیەكگرتووەكان وەكو نەتەوەیەكی سەربەخۆ نەناسراوین، هەر هەنگاوێك بۆ سەربەخۆیی خوێندنەوەی تەواوی بۆ نەكرێت بەئاقاری میرنشینە كوردیەكاندا دەڕوات كە ئاشكرایە.
دواتر پەیوەندی باشور لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستاندا چۆنە، ئایا لەئاست داخوازی ئەواندا هەڵوێستی هەبووە و هاوكار بووە بۆ خۆبەڕێوەبەری و وەستانەوە بەڕووی تیرۆردا؛ بێگومان یەك ووتاری كوردان پایەی سەرەكی بیركردنەوەی كوردە لە دەوڵەت یان سەربەخۆیی بۆیە وتاری كوردان لەئاست ناوەندیش جیاوازە سەبارەت بە كێشە هەنوكەییەكان كە لەئێراقدا ڕوودەدەن.
ڕاگەیاندنی دەوڵەت بەسزای وڵاتانی دراوسێ پیرۆزبایی لێبكرێت. بێگومان تۆكمەكردنی بوارەكانی پیشەسازی و دارایی و كشتوكاڵی خۆماڵی دەخوازێت، بۆیە ئێمە لەم سێ بوارەدا پاشخانێكمان نیە تاوەكو داواكاریەكانی ناوخۆمان بۆ پڕبكاتەوە. دواتر ئەگەر هەربەشێك ناوی دەوڵەتی كوردی لە خۆی بنێت ئەوا لە داهاتوودا لەبڕی یەك دەوڵەت چوار(میرنشین)لە دایك دەبێت كە تەمەنی لە هەتیوكەوتن نزیكترە.
ڕەوەندی كوردی لە تاراوگە چینێكی لەبیركراوی كۆمەڵگەی كوردین چۆن لە هەڵبژاردنەكاندا بیریان لێدەكرێتەوە پێویستە بەهەمان شێوە پرس بەبۆچونی ئەوانیش بكرێت لەم ڕوانگەیەوە؛ چونكە ئەوان نوێنەرایەتی كورد دەكەن لە وڵاتانی خۆرئاوادا.
با ئەوەندە دڵخۆش نەبین بە وتەی بەرپرسانی ئەوروپی و ئاسیایی؛ چونكە ئەوان بڕیاری سیاسیان بەدەست نییە؛ بەڵكو ئەمریكا خاوەنی بڕیارە لە هەموو كاتێكدا. ئەگەر پشتگیری دەرەوەمان بوێت، چونكە وڵاتانی ناوچەكە كورد بەدێوەزمە دەزانن بۆ دەستەڵاتەكانیان. نەتەوەیەكی چل ملیۆنی تا ئێستاش بەپارچەكراوی ماوەتەوە بۆ ئەوەی ئیرادەی تێكبشكێنرێت و هەرپارچەیەك لەهەوڵی چارەسەری كێشەكانی خۆیدا بێت.
دەبێت سەركردایەتی كورد لەبیری هەستانەوەی نەتەوییدا بێت وەكو هەنگاوی یەكەم لەبڕی ڕاگەیاندنی دەوڵەت؛ چونكە ئێمە تا ئێستاش ئینتمای نەتەوەیمان لای تاكی كورد دروست نەكردووە؛ بەڵكو تاكێكی حزبیمان بەرهەم هێناوە، بۆیە دەوڵەتیش تاكە دەستمایەی بریتیە لە گەنجەكان نەك ئافەرینی ووڵاتان. تا ئێستا یاسا سەروەر نیە لە یەكلاكردنەوەی كێشەكاندا و تاوانبار لەژێر ناو و پێگەی حزبیدا پارێزراوە لە سزا.
یەكێك لە گرفتەكانمان باوەڕ نەبوونە بەتوانا و لێهاتوویی گەنجان لە بواری بەڕێوەبردندا، بۆیە دەرئەنجامەكەی نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بوو. بۆیە دەبێت ئێمە فەرهەنگی پیرۆزكردنی كەسەكان لە سیاسەتدا وەلا نێین ئەوكات باس لەسەربەخۆیی و دەوڵەت بكەین.
ئێمە كۆمەڵگەیەكی بەرهەم هێن نین؛ بەڵكو بەكاربەرین و هەرێمیش بازاڕێكی زۆر لەبار و گونجاوە بۆ ساخكردنەوەی كاڵاكانی وڵاتانی دراوسێ. كۆمەڵگەی بەرهەم هێن توانای بوون بەخاونداری دەوڵەتی هەیە نەك بەكاربەر. ئاشتەوای و تەبایی بەشەكانی تری كوردستان لەچ ئاستێكدایە، ئایا پرس وڕاوێژ هەیە لە نێوان سیاسیەكانماندا بۆ هەنگاوێكی وەها گرنگ. ڕۆژئاوا پێویستی بەهاوكاری ئێمە بوو دوای ڕاگەیاندنی كانتۆنەكان، بەڵام بەداخەوە لەبڕی هاوكاری دژایەتی كران، لەبڕی كردنەوەی سنور خەندەقیان بەرامبەر لێدرا، لەبڕی دانپیانان بەكۆمەڵگەی مەدەنیدا تاوانی تیرۆریان خرایە پاڵ. باشور دەبێت خۆی لە یاریەكی تەمومژاوی بپارێزێت، لەبڕی ڕاگەیاندنی دەوڵەت با هەنگاوی یەكگرتنەوەی باشور و ڕۆژئاوا فەراهەم بكرێت؛ چونكە ئەمەیان لە واقعەوە نزیكترە بەپێی لێكدانەوەی سیاسی و پێگەی كوردیش بەهێزتر دەكات لەناوچەكەدا و ئاستی بەرخودانیش بەرز ڕادەگرێت لەبەشەكانی تردا. سنوری كوردستانیش وەكو ئێمەی لەسەر گۆشكراوین بریتیە لە كوردستانی گەورە بۆیە وەلانانی بیری حزبی لە كاری بەڕێوەبردندا دەبێتە هۆكاری گەورەبوونمان لە ئاست كێشەی نەتەوەكەماندا بەمانایەكی تر دەكرێت هاوكاری یەكتری وەرگرین لە بەڕێوەبردنی ئەوشوێنانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆماندایە، واتە یەك ڕیزی كوردان لەتەبایدایە نەك دژایەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە