سەركەوتنی ئامەد لەهەڵبژاردنەكاندا گەرەنتی گەڕانەوەی كەركوكە بۆسەر هەرێمی كوردستان
Friday, 27/03/2009, 12:00
1589 بینراوە
زۆربەی كێشە سیاسیەكانی كوردستان و تەنانەت یەكێتی زۆرینەی كوردان و چارەسەرییەكەشی ئاشكرایە كە لەباكووری كوردستاندایە. باكووری كوردستان لەچارەسەری كێشەكاندا رۆڵی كلیل دەگێڕێت. هەر سەركەوتنێكی باكووری كوردستان لەمەیدانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازیدا كاریگەری ئەرێنی دەكاتە سەر هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان. پێشەنگایەتی باكووری كوردستان لەچارەسەری كێشەكاندا، چارەسەری پارچەكانی دیكە بەدوای خۆیدا رادەكێشێت.
ئەو پێشەنگایەتییەی كە لە باكووری كوردستاندا بكرێت، دەبێت خاوەن كامە هێز بێت تا بتوانێت پێشەنگایەتی بۆ هەموو كوردان لەهەموو پارچەكاندا بكات؟ ئاشكرایە كە پارە و پشتیوانی ئەمریكا و هەرهێزێكی دیكەی وەكو ئینگلتەرا و ئیسرائیل نییە، چونكە ئەوان لەسەر بنەمای چەوسانەوە وداگیركاری خاوەن هێزن. هیچ هاوكاری یان پشتیوانییەك بێ بەدەل ئەنجام نادەن. باشووری كوردستانیش باشترین نموونەیە زۆرترین پارەی جیهان لەباشووری كوردستان كۆبۆتەوە و باشووری كوردستان وەكو بانكی لێهاتووە، بەڵام نەیتوانیوە تەنانەت ببێتە پێشەنگی شارێكی باشووری كوردستانیش، ئەوەش ئاشكرایە كە ئەمریكا پشتیوانی زۆری دەسەڵاتی باشووری كوردستان دەكات، بەڵام دیسان لەباشووری كوردستان ئەو ئەقڵ و رۆح و باوەرییە دروست نەبوو كە بتوانێت پێشەنگایەتی بكات.
توركیا راستەخۆ باكووری و ناراستەوخۆش باشووری كوردستانی داگیركردوە، شكاندنی ئەو داگیركارییە لەباكووری كوردستان و هەنگاو هەنگاو پووچەڵكردنەوەی سیاسەتی داگیركاری لەباكوور، كاریگەری دەكاتە سەر باشوورو دەرفەتی زیاتری بۆ دەرەخسێنێت. بەواتایەكی دیكە پاراستنی پێشخستن و سەركەوتنی باشووری كوردستان بەندە بەسەركەوتنی باكووری كوردستانەوە باكووری كوردستان راستەوخۆ رۆڵی لەپاراستنی باشووری كوردستان هەیە و گەرەنتی دەستكەوتەكانی باشووریش لەباكووری كوردستانەوە دەكرێت.
فشاری توركیا لەسەر دەسەڵاتی باشووری كوردستان هێشتی كە ماددەی سەدوچل جێبەجێ نەكرێت، شاری كەركوك نەگەڕێتەوە سەرهەرێمی كوردستان. بەڵام ئامەد رۆژی 29 ئەم مانگە لەهەڵبژاردنەكاندا ئەو سیاسەتە پووچەڵ دەكاتەوە و هێز و دەسەڵاتی حكومەتی ئاكەپە لە باكووری كوردستان دەردەپەڕێنێت. بەو شێوەیە دەرفەتێكی دیكە بۆ باشووری كوردستان دەڕەخسێنێت. شكاندنی سیاسەتی ئاكەپە لەكوردستان گەرەنتی گەڕانەوەی كەركوكە بۆسەر هەرێمی كوردستان. لەراستیدا حكومەتی ئێراق بەشیعە و سوننی خۆیەوە بەئەندازەی توركیا رێگر نیین لەگەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵگەی هەرە بەرچاویش پەسەند كردنی ماددەی سەدوچلە لەدەستووردا.
شكاندنی كابووسی سیاسەتی ئاكەپە باوەڕی لای دەسەڵاتی باشووریش دروست دەكات. دەستیان بەهێز دەكات بەلاوەنان و لادانی ئەو ترسە دەرفەتی سیاسەتی راست پێشدەخات. لە روویەكی دیكەوە باكووری كوردستان بەپێشەنگایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان مسۆگەر دەكات. كۆتایی ئەو مانگەش سەرەتایەكی نوێیە بۆ سیاسەتێكی نەتەوەیی راست و ئاشتی و دیموكراتییەكی بە ناوەڕۆك و هەمیشەیی لەتێكرا هەموو پارچەكانی كوردستاندا.